ڕۆژی کۆمەڵە ڕۆژی خەباتی یەکسانیخوازانە

✍ئەسعەد دوروودی

لە ڕۆژی کۆمەڵە نزیک دەبینەوە و پێداچوونەوە بە مێژووی کۆمەڵە و باسی شانازی و خاڵە پرشنگدارەکانی مێژووی کۆمەڵە لە ئاستێکی بەرزتر لە ڕۆژانی دیکە، بووەتە بابەتی قسە و باسی ئەو کەسانەی بە شێوەیەک پەیوەندییان بە کۆمەڵەوە بووە.

هاتنە مەیدانی بەرینی ژنان، بە جیاوازییەکی زۆر لە ناوەرۆک و فۆرمدا لە چاو پێش دەسپێکردنی چالاکیی کۆمەڵە، یەکێک لەو خاڵانەیە کە بە درێژایی ئەم مێژووە و ئەو ساڵانەی یادی دامەزراندنی کۆمەڵە کراوە زۆری لەسەر وتراوە و دەوترێ.

ئەوەی چۆن سەرەڕای ئامادەنەبوونی بەشی زۆری کۆمەڵگای کوردستان لە باری فیکری و ڕۆشنبیریەوە، یەکسانیخوازی و بەرابەریی مافەکانی ژن و پیاو بوێرانە و بە دەنگی بەرز لە لایەن کۆمەڵەوە باسکرا. ئەوەی کە چۆن سەرەڕای دژایەتیی بۆچوونی ئایینی و زۆربەی نوێنەرانی ئیسلامی سیاسی و کولتووری، ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی بوێر و دلێر هاتنە ڕیزەکانی کۆمەڵەوە و لە هەموو بەشەکانی چالاکیی سیاسی و نیزامیی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا بەشدار بوون و پەنجەیان خستە پەنجەی دێوزمەی زەعیفەبوون و پیاوسالاری، لەو خاڵانەن کە بۆ هەمیشە بوونەتە بەشێک لە مێژووی خەباتی یەکسانی خوازانە لە کوردستان و لەگەڵ ناو و خەباتی کۆمەڵە تێکاڵاون.

ئەگەر بە ئینسافەوە بڕوانینە دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات ناتوانین نکۆڵی لە دەوری تایبەتی کۆمەڵە لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا لە سەر پێشکەوتنی خەباتی ژنان، جێگیرکردن و گەشەپێدانی کولتووری یەکسانیخوازانە لە کۆمەڵگادا و تەنانەت کاریگەریی لەسەر ڕادیکاڵیزەبوونی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و حیزب و لایەنەکانی لە بواری مەسئەلەی ژنان، بکەین. هەمووان دەزانن پێشمەرگە ژنەکانی کۆمەڵە نەک پشت جەبهە و پشتیوان، بەڵکوو پێشڕەو و لە ڕیزی پێشەوەی هەموو سەنگەرەکانی خەباتدا بوون و دەیان داستان قارەمانیەتی و خەباتکارانەیان تۆمار کردووە. ئاسەواری ئەم چالاکییانە، ئەمڕۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئاشکرا دەبینرێ و هەنووکە یەکسانیخوازی و بەرابەریی مافەکانی ژن و پیاو بە ناوی کۆمەڵەوە گرێدراوە و تەداعی دەکرێتەوە.

بەڵام سەرەڕای ئەوەی خودی کۆمەڵە ڕێکخەر و سازماندەری ئەو هاتنە مەیدانە بەرینەی ژنان بوو بەڵام هێشتا ڕەگەکانی پیاوسالاری و پاشماوەکانی ئەو کولتوورە ڕێگر و بەربەستێک بوون لە ڕێگەی گەشە و پێشکەوتنی پڕبەپڕی ژنان و پشکی ژنان لە چاو ئەو فیداکاری و لەخۆبردووییەی کە لە هەموو بوارەکاندا دەیاننواند لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵەدا کەمتر بوو و بەوەی کە دەبوا بگەن نەگەیشتن. ئەو بابەتە پێویستی بە لێوردبوونەوە و بیرلێکردنەوە و لێکدانەوەی زۆر ڕاشکاوانەیە و ئەم کارە نەک کەمبایەخکردنەوەی کاری کۆمەڵە لە بواری مەسئەلەی ژنان و نەک چکۆلەکردنەوەی ئەو کارە مەزنەیە کە بیر و هزری کۆمەڵە لەبواری یەکسانیخوازی و داوای مافی یەکسان بۆ ژنان و پیاوان لە کۆمەڵگای کوردستاندا کردووەیە و ئاسەوارەکەی لە ئەمڕۆ و داهاتووشدا دەمێنێتەوە بەڵکوو ڕێک لە درێژەی ئەو مێژووە و ئەو هەوڵە و ئەو ئاواتەیە کە هەموو یەکسانیخوازان بۆ نەمانی زوڵم و پێشێلکرانی مافی ژنان بوویانە و هەیانە و کۆمەڵە زیاتر لە ٤ دەیە دەنگی بەرزی ئەو تێکۆشانە و سیمای درەوشاوەی ئەو خەباتە بووە.