وەڵامێکی پێشمەرگانە بە تەبلیغاتەکانی کۆماری ئیسلامی

✍ئاژوان.کرماشان

بە شایەتیی مێژوو هەر لە مانگی ئەوەڵی  بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی ،دوای ئەوەی بە فرتوفێڵ و درۆ بوونە خاوەنی سەرمایەی خەباتی دەیان ساڵەی کۆمەڵێک سازمان و ڕێکخراو و کەسایەتی دژ بە ڕژیمی گەندەڵ و وابەستەی ئەمپریالیزم، شەڕی دەسەڵات و شەڕی دژ بە خەڵک و سازمانە ئازادیخواز و چەپەکان کە نەیاندەویست بچنە ناو بازنەی تاوان و هێزیان دەستی پێ کرد. مەلاکان کە تا دوێنێ بڕیاریان ئەوە بوو دوای نەمانی ڕژیمی پەهلەوی بچنەوە سەر دەرس و وانە وتنەوە لە مزگەوت و مەدەرسەکانیان، کەوتنە خۆیان و دەستیان بە سەر سیاسەت و دەوڵەتداریدا گرت و ڕێگەیان نەدا تەنانەت ئەوانەی کە ببوونە پاڵپشتیان و ڕێگا خۆشکەریان بۆ ساتێکیش تامی دەسەڵات بچێژن. هەر لە سەرەتاوە جبهەی میللی و بازەرگان و قۆتبزادەیان تەفرو توونا کرد و هەموو میللی مەزهەبیەکانیان لە دەسەڵاتی حکوومی دوور خستەوە. دواتر لە ناو خۆیاندا بوون بە چەن بەش و “گرووپی فۆرقان” کەوتە تێرۆری بەشێکی بەرچاو لە ئیدۆلۆگەکانی سیستمی ئیسلامی سیاسی شیعی و “مۆفەتێح” و “مۆتەهەری” کە دوو مەلای دیار و بەناوبانگ بوون تیدا چوون. لە نێو دەفتەری مۆنتەزریدا  کە جێگری خومەینی بوو، مەهدی هاشمی برای زاواکەی کە فەرماندەیەکی سپای پاسدارنیش بوو بە تاوانی پیلان بۆ تێرۆری کەسایەتییە بە ناوبانگەکانی ڕۆحانییەت دەس بە سەر و دواتر تیرباران کرا. هەر لە ساڵی ٦٠ەوە بەنی سەدر کە سەرۆک کۆمار بوو و لە گەڵ مەسعوود ڕەجەوی ڕیبەری مۆجاهدینی خەلق کە تاکە جەرەیانی بە هێزی دینی شۆڕشگێڕ بوو لە زەمانی شاو و دەیان کەسی بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ئیسلامی لێکوژرابوو، کەوتنە بەر غەزەبیان و بۆ دەرەوەی ئێران ڕایان کرد و سەدان هەوادار و ئەندامی مۆجاهدین گیران و لە زیندان تیرباران کران. شەڕی ناوخۆیی و دەسەڵاتی ڕاست و چەپی رژیم هەر لەو ساڵانە لە نێوان بەشیکیان کە خۆیان بە بناژۆخواز و ئۆسوولگەرا دەزانی و ئەوانەیان کە گۆتفمانی چاکسازیخوازانەیان لە ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی هەبوو دەستی پێکردبوو. سازمانی موجاهدینی ئێقلابی ئیسلامی یەکێ لەو رێکخراوانە بوو لە شەستەکان لە حەڵقەی دەسەڵات دەرکران. کاتێ کە شەڕی ئێران و عێراق لە ئارادا بوو نێوان سەرکردەکانی سپا و ئەرتەش کێشەیەکی گەورە ساز بوو و مەسئەلەی هێز و دەسەڵاتی مۆدیریەتی شەڕ و دەسکەوتەکانی ئەو شەڕە ململانێیەکی زۆری لێکەوتەوە. فەرماندەرانی ئەرتەش کە پێیان وابوو خەریکە لە دەسەڵاتیان کەمتر دەبێتەوە و پاسدارەکان هەموو هێزی شەڕیان لە بەر دەست دایە ناڕازی بوون. کوودەتای “نۆژە” و چەندین هەوڵی تر بۆ کوودەتا و بە دەست گرتنی دەسەڵاتی چەکداری ئەرتەشی ئێران لە لایەن گرووپێکی سەر بە حێزبی “توودە” (ناخۆدا ئەفزەلی-فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەش) دژ کردەوەیەک بەرانبەر بە سپای پاسداران بوو. هەرچەنە کە ئەو تاقمە نەیانتوانی کارێک بکەن و یەک دوای یەک گیران و لە لایەن دەزگا قەزایی ڕژیمەوە مۆحاکمە کران و پاشان ئێعدام کران. ناکۆکی باڵەکانی ئەو ڕژیمە قەت کۆتایی نەهات وتا ئیستاش درێژەی هەیە. لە جیهان کەم دەسەڵات هەن بە قەد کۆماری ئیسلامی تراژدی شەڕی ناوخۆیی و دەسەڵات و ئاژاوەی بنەماڵەیی تێدا بێت. کام ڕژیم لە دۆنیا هەیە کە سەرۆک وەزیرانی و سەرۆک پاڕلەمانی لە زیندان  و حەسری ماڵەوە بن؟ کام وڵات هەیە کە سەرۆک کۆماری دوای تەواو کردنی ماوەی دەسەڵاتەکەی لە بەر چاو بکەوێت و تەنانەت ئێجازەی خۆ پاڵاوتن بۆ پاڕلەمانی پێ نەدەن؟ وەزیر و مشاور و جێگرەوەکانی دەسبەسەر و زیندان بکرێن؟ کام سیستم هەیە کە سەرۆک کۆمار، سەرۆک مەجلێس، سەرۆکی دەزگای تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامی خۆی وا ڕێسوا بکات، نەهێڵێت بۆ مەجلێس ناو بنووسێت، بۆ سەرۆک کۆماری نەهێڵن کاندید بێت و لە ئاکام دا لە مەلەوانگە بیخنکێنن؟؟؟؟؟ کوڕی خۆمەینی کە دامەزرێنەری ئەو ڕژیمە بوو کێ کۆشتی؟ کێ پیلانی گێڕا دەفتەری حێزبی جمهوری ئیسلامی بتەقێنێتەوە و “بەهەشتی” دەیان بەرپرسی دیکەی کۆماری ئیسلامی بکۆژێ؟؟

دژایەتی نێوان لایەن و تاقمە ناجۆرەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام ئاواڵدوانەی ئەو ڕژیمە بووە و تۆندی و لاوازیەکەی بە لەبەرچاو گرتنی ئەو گرفتانەی لەبەردەم ڕژیمدان دیاری کراوە. لەگەڵ ئەوەدا کە یەکێک لە کارکردەکانی بە ناو هەڵبژراردنەکانی کۆماری ئیسلامی وەک سووپات ئیتمینانی دەسەڵات بووە بە لەبەرچاو گرتنی هاوسەنگی نێوان باڵە حکومەتییەکان، بەڵام ئەو قەیرانانەی لەنێوخۆدا هەیە و بارودۆخی گۆڕاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ئاکام دا لەم چل ساڵە بە قازانجی ئەو سیستمە تەواو نەبووە و ئاژاوە ناو خۆییەکانی لە هەموو جیهان دەنگی داوەتەوە.

هەنووکەش کە سەرۆک کۆماریان حەسەنی ڕۆحانییە تاقەتیان نەماوە تا چەن مانگێکی تری دەسەڵاتەکەت تەواو بێت پێلانی بۆ درووس دەکەن و بە نیازن لە مەجلێس بانگی کەن و ئێستیزاحی بکەن. ئەمانە و سەدان نموونەی دیکە هەن کە نیشان ئەدەن کە ئەو ڕژیمە چەندە شێواوە و چەندە دووبەرەکی تێدایە. جا کاتێک کە  دێت بەرنامە لە سەر حێزبەکانی ڕۆژهەڵات درووس دەکات و بە بۆچوونی خۆی ناکۆکی و خاڵە لاوازەکانیان دەخاتە بەر چاوی خەڵکی کوردستان، کەس هەیە بپرسێ ئەی خۆتان چۆنن؟؟؟ ئایا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کە تا سەر ئێسقان هەست بە ئازاری بوونی ئەو ڕژیمە دژە گەلییە ئەکەن بڕوا بەم پڕۆپاگەندە قیزوەنانەیان ئەکەن؟

مەبەستی ڕژیم لەم کارە گرێ دراوە بە فەزای شێواوی ناوەوەی خۆیان. دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی لە هەموو بوارەکان دا بەرەو ڕووخانە. دەمێکە مەشرووعیەتی سیاسیی ناوەوە و دەرەوەی نەماوە. لە ناوەندە نێودەوڵەتی و نێونەتەوەییکان ئابڕوویەکی بۆ نەماوە. لە هەموو ناوچە تەواوی هەوڵەکانی بە بنبەست گەیشتوون. ئێسراییل هەموو رۆژێک هێزەکانیان لە سووریە بۆردمان ئەکات و چەندین عەمەلیاتی لە نێو ئێران ئەنجام داوە. گەمارۆی ئابووری دۆنیای لە سەرە بەڵام هێشتا ترسی گەورەی کوردستانە. ئەزانێ کە کوردستان ئاگری ژێر خۆڵەمێشە، ئەزانێ کە خەڵکی کوردستان و حێزبەکانی و ڕووناکبیرەکانی و …. ئامادەن هەر کات دۆخەکە لەبار لە ئاخێزێکی جەماوەریدا بێنە مەیدان بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی دموکراتیک لە کوردستان. ڕژیم ئاگای لە خۆشەویستی ڕۆڵە پێشمەرگەکانی کۆمەڵانی خەڵک هەیە، ئاگادارە کە ڕێبەرانی ئەحزاب پتر لە چل ساڵە کوڵیان بەو هێز و دەسەڵاتە پووشاڵیەی ئەوان نەداوە و لە هەموو پیلانەکان سەربەرزانە سەرکەوتوون. دەسەڵاتدارانی ڕژیم ئەزانن کە خەڵک خاوەنی ورەی شۆڕشگێڕانەیە و بە گرتن و لێدان سەری بۆ نەوی ناکەن، بۆیە ئەیەوێت بە خراپ کردنی ڕێبەران و کادرەکانی حیزبەکان لە ڕێگەی کەسانێکی نزم باوەڕەوە ئەو ورە تێکبشکێنێت، بەڵام فارس وتەنی “زهی خیال باطل”. بەرجستەکردنی ناکۆکییەکان و کەڵک وەرگرتن لە دیالۆگی فەزای مەجازی و پاڵتاکی بۆ تێکدانی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە کە خۆی بە شەخسەکانەوە گرێ نەداوە هەر وا ئاسان نییە، ڕژیم خیاڵی خاوە، خەڵک بە پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە، هەرکەی خۆش گەرەک نەوێت ،ئەوان خۆشیان گەرەکە. ئەوانەیش کە وا بێ شەرمانە و تۆندئاژۆ دژ بە هاوڕێیانی خۆیان درۆیان کرد خەڵک نایان باخشێت و دواتر ئەبێ وڵامدەری قەزاوەتی گەلەکەیان بن، لە بارودۆخێکی وا هەستیار کە گەل پێویستی بە یەکگرتن هەیە ئەوان چۆن دێن و زەنجیرەکانی گەل و بزووتنەوە لە یەک ئەکەن؟ خەڵک پرسیار ئەکات ئێوە چۆن کەوتوونەتە داوی ئەو مافیای ڕژیمە کە وا دژ بە سەرکردە و پێشمەرگە پێلان دەگێڕن؟ بە داخەوە لە بەر نەبوونی فەرهەنگی دیالۆگ نێوان دەنگە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەی کوردستان جار و بار پێش دێت کە کەسەکان لە جیاتی ڕەخنە، هێرش دەکەنە سەر یەک و پرەنسیپی جیاوازی بیر و کردەوە لە بەر چاو ناگرن و بیانوو دەدەنە دەس دۆژمن تا لە کاتی پێویست  دا بۆ پرۆپاگەندەی خۆی کەڵکی لێ وەر گرێت.

ماوەیەکی جارێکی دیکە و لە هەڵمەتێکی نوێدا ڕژیم بە چەن شێواز ویستوویەتی ورە و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان تاقی کاتەوە، لە بێ ڕێزی کردن بە جلوبەرگی کوردی، نمایشی چەندین سریاڵی تەلەویزیۆنی، دەسگیر کردنی نزیکەی سەد کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی تا پەخشی فیلمی دێکیۆمێنتاری لە سەر ناکۆکییەکانی ناو بزووتنەوەی دێمۆکراتیک و ئازادیخوازانەی گەلی کوردستان. ئەمانە هیچ کامیان بێ بەرنامە نین و فکرێک لە پشتی ئەواندایە کە دەیەوێت بە لێڵکردنی ئاواکە ماسی خۆی لێبگرێ. بۆیە وشیاری کۆمەڵگا و هێزی ئۆپۆزسیۆنی کوردستان ئەتوانێ بە وڵامێکی پێشمەرگانە و ستراتژییەکی لەبار ژیرانە بەرپرچی ئەو پیلانانە بداتەوە.