باج گرتنی پیاوان لە ژنان بە ناوی نامووس وشەرەف

✍ژیلا ئەحمەدی

یەکێک لە دیاردە ناشیرینەکان کە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئێرانی گرتووەتەوە زەخت و زۆرێکە کە لە ژێر ناوی شەرەف و نامووس دەخرێتە سەر ژنان و دەبێتە هۆی ژێردەست مانەوەی ژنان و درووس بوونی ترس و دڵەڕاوکێ بۆیان.

سەرەڕای بەرەوپێشچوونەکان و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەکان دەسەڵاتی زیاتر لە ٤ دەیەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە دژە ژن بوون و سەرکوتی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو سیستمە بووە، دەوری زۆر خراپی لە دۆخی ژناندا بوو و ژنان وەکوو توێژێک ژێردەستە و بێماف ڕاگیراون ئەم ئاکارانەی حکوومەت کاریگەریی خراپی لە سەر کۆمەڵگا بووە و بۆچوونە نایەکسانانە و دژە ژنەکان چووەتە نێو تان و پۆی کۆمەڵگا. پەروەردە، مێدیا و یاسای دژە ژنی حکوومەتی ئێران وایان کردووە بیر و ڕوانینی کۆن لە سەر ژنان لە کۆمەڵگا بمێنێتەوە و پەرەبستێنێ و بەهێزتر بێ. بیرێک کە ڕێگە لە بەشداریی ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا دەگرێت و تەنانەت تاکەکەسیترین بابەتەکانی وەکوو پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، پەیوەندیی خۆشەویستان و پۆشینی جلوبەرگیشی گرتووەتەوە.

بەم دواییانە دیاردەی “ازدواج سفید” واتە پێکەوە ژیانێک کە یاسایی نییە و تەنها دوو کەسەکە بۆ خۆیان بڕیاریان داوە بووەتە باو. ئەم شێوەی ژیانە دژی هەموو تابوو و یاسا دواکەوتووانەکانی کۆمەڵگایە و لە بنەڕەتدا شێوازێکی مرۆڤانیی پێکەوە ژیانە بەڵام تەنانەت ئەم شێوازەش لە وڵاتێک کە یاسا و ڕوانینی زاڵی کۆمەڵگا نایەکسانە و مافەکانی ژنان پێشێل دەکا تەنانەت ئەم شێوە ژیانەش دەبێتە گرفتێک بۆ ژنان. زۆر ڕوودەدا کە لەو جۆرە پەیوەندییانەدا پیاوان بە گرتنی فیلم و وێنە و دواتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئەو فیلم و وێنانە، ژنان بخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە و تەنانەت ناچاریان بکەن پارەیەکیان پێ بدەن بۆ ئەوەی وێنەکان بڵاو نەکەنەوە. ئەم شێوازە هەڵسووکەوتە کە لەسەر بنەمای ڕوانینی پیاوسالارانەیە و تەنانەت لە پەیوەندییەکی لەو شێوازەشدا کە دەبێ لەسەر بنەمایەکی ئینسانی و یەکسان و بە دڵخوازی هەردوولایەنەکە و دوور لە یاسا و کولتووری دواکەوتوو بێ لە بەر کاریگەریی پاشماوەکانی ئەو ڕوانینە ژنان تێدا تووشی خەسار دەبن و ئاشکرابوونی ئەو پەیوەندییە یان ئاشکراکرانی لە لایەن پیاوانەوە دەتوانێ گرفتی گەورە بۆ ژنان دروست کا و تا ئێستا چەندین کەس بە هۆی بڵاوکرانەوەی وێنە و فیلمەکانی کوژراون یان هەوڵی خۆ کوشتنیان داوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پیاوانێک کە لەو پەیوەندییەدا بەشدارن ئەوە بۆیان بە خراپ و هەڵە نازانرێت و ئاشکرابوونیشی لانیکەم لە ناو کۆمەڵگادا کاریگەرییەکی زۆر خراپی بۆیان نابێ.

هۆکاری ئەم جۆرە هەڵسووکەوتانە دەگەڕێتەوە بۆ چەن شت. کۆمەڵگا بە شێوەی گشتی هێشتا ئەو ئامادەیی و تێگەیشتنەی لە مەسئەلەی یەکسانی و مافی ژنان بۆ هەڵبژاردنی شێوەی ژیانیان نییە و تاوانباری ئەو گرفتە دەسەڵاتداران و شێوەی ڕوانینیانە. بۆ ئەوەی ژنان و بە گشتی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا بتوانن بە ئازادی و ئارامی بژین پێویستە یاسایەکی ئینسانی لە کۆمەڵگادا ببێ کە پشتیوانی ئازادییەکانی تاکەکان بی هاوکات پێویستە سیستمێکی پەروەردە هەبێ کە لەسەر بنەمای یەکسانیی مافەکانی ژن و پیاوا وهەموو تاکەکان دامەزرابێ کە لە درێژماوەدا تاکەکانی کۆمەڵگا فێرکات کە نابێ دەستێوەردان لە ژیانی تاکەکەسی خەڵکدا بکەن و ئەوەی کە هەر ژن یان پیاوێک چۆن دەژی تەنها پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە.

لە حاڵەتی وادا چیدیکە پەیوەندیی خۆشەیستانە تەنها بۆ خۆشەویستیە و نابێ بۆ دەرفەتێک بۆ کەسانی قازانج پەرەست کە بە کەلک وەرگرتن لە بیری دواکەوتوو و بە پشتیوانی یاسای دواکەوتوو باج لە ژنان بستێنن یان تووشی دڵەڕاوکێ و ترسیان بکەن و ڕێگە نەدەن چێژ لە ژیان و پەیوەندییەکانیان وەرگرن.

خۆشەویستی و خۆشەویستی کردن تاوان نییە و کەس نابێ بە هۆی ئەوەی کەسی خۆش دەوێ یان پەیوەندییەک لە هەر جۆرێک کە خۆی دەخوازێ لەگەڵ کەسێک هەیە بە تاوانبار بزانرێ یان وەکوو مرۆڤێکی خراپ چاوی لێبکرێ یان بایەخە مرۆییەکانی بچێتە ژێر پرسیار. ئەو شتانە تاکەکەسین و مادامێک زەرەر و خراپەیان بۆ خەڵک نییە دەبێ پاراێزراو بن و کەس بۆی نییە بەریان پێبگرێ. ئەو یاسا و کولتوورە کە بەر بە خۆشەویستی و ژیانی ئازاد و یەکسان دەگرێ دەبێ بەمێنێ. ئەو کولتوورەی کە هەموو دەربیجەکانی چێژ وەرگرتن و خۆشی و شادی لە ژنان داخستووە دەبێ بگۆڕدرێ.