توندوتیژی بەرامبەر بە ژنانی لە شوێنی کاردا

✍لاوان موحەممەدی

ژنانی دانیشتووی ئێران لە شوێنی کار و  لە کاتی کارکردندا بەردەوام لەگەڵ ئازاری جنسی و هەڵسوکەوتی نابەجێ و ناشایست بەرەوڕوو دەبن. ئەو هەڵسووکەوتانە تا ئەو ڕادە کاریگەری بەجێ دێڵن کە زۆربەی ژنان بە ناچار واز لە کارکردن دەهێنن و پەنا  دەبەنە خانەنشینییەکی نەخۆازراو.

توندوتیژیی سێکسی یان سێکسیسم لە کردار و گوفتاردا لەو دیاردانە دێتە ئەژمار کە تایبەت بە وڵاتێک نییە و بە دیاردەیەکی گشتیە.  ڕەنگە هەموو ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی ماڵەوە کار دەکەن وەها ئەزموونێکی تاڵیان هەبێت. بەڵام لە ولاتانی دواکەوتوو کە یاسا و ڕێسا و کولتووری دژە ژن باوە و ئایین بە سەر کۆمەڵگەدا زاڵە، ئەو دیاردە بەرینتر و بەرچاوترە و ئازار و زامێکی دەروونیی قوڵتر بەجێ دێڵێت، بە شێوەیەک کە دەبێتە یەکێک لە هۆکارەکانی پەڕاوێز کەوتن و خانەنشین بوونی نەخوازراوی ژنان.

باڵادەست بوونی پیاوان لە چاو ژنان لە کۆمەڵگای پیاو سالاردا کە دەسەڵات و پێگەیەکی بەهێزتری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی داوەتە پیاو، وادەکا زۆر جار لە شوێنی کاردا پیاوان بێ ترس لە ئاکام یان سەزا، بە شێوازی جۆراوجۆر سنوورەکان ببەزێنن و خۆاستی جنسیی خۆیان بەرامبەر بە ژنان دەربڕن یان حەزە سێکسییەکانی خۆیان بە قسە یان کردار بنوێن .

پیاوان لە ڕێگەی گاڵتەکردن یان مەتەڵەک وتن، بەکارهێنانی وتەی نەشیاو و توندوتیژی لەو چەشنە یان پێداگرتن لەسەر یارمەتی نەخۆازراو بە هاوکارانی ژن لە شوێنی کار، بەستینێک بۆ توندوتیژیی سێکسی ئامادە دەکەن. زۆربەی ئەم کردەوانە لە لایەن پیاوانێکەوە دەکرێن کە لە شوێنی کاردا لە چاو ژنان خاوەن پێگەیەکی بەرزترن. دڵەڕاوکێی لەدەست دانی کار، ترسی ئابڕوو چوون و بە تاوانبار ناسێندران لە لایەن دەورووبەر و کۆمەڵگاوە (کە خۆی دیاردەیەکی خولقێندراوی ڕوانینی پیاوسالارانە بۆ کنترۆڵی ژنانە)، دژواریی دۆزینەوەی کار و بەرتەسک بوونی دەرفەتی کار بۆ ژنان لە ئێرانی ژێردەسەلاتی حکوومەتی ئیسلامیدا وا دەکات زۆربەی ژنان لە بەرامبەر ئەو ڕەفتارانەدا ناچار بن بێدەنگی هەڵبژێرن. یاساکانی کۆماری ئیسلامی کە لەسەر بنەمای توندترین و ناڕەواترین بیر پیاوسالاریی ئایینی داڕێژراون نەک پشتیوانی لە ژنانی ماف خۆراو ناکەن بەڵکۆ بە پێچەوانەوە،  لە ئەگەری وەدەنگ هاتنی ژنان بەرامبەر بە توندوتیژیی سێکسی، ژنان  بە تاوانباری سەرەکی دەناسرێن بەو پاساوەی کە گوایە ژنان وروژێنەری هەستی پیاوانن.

لەبارەی ئاستی توندوتیژییەکان و بەرینایەتیی ئەو چەشنە کردارە لە شوێنی کار ئامارێکی ئەوتوو لە بەر دەست نییە، ئەوەش دەگەڕیتەوە بۆ بێدەنگیی ژنان لەو بارەوە و نەبوونی سیستمێکی یارمەتی و ناوەندهایەک کە بتوانن ئاماری ئەو مەسئەلەیە بەدەستەوە بدەن. بەڵام هەندێک لێکۆڵینەوە لە لایەن کۆمەڵناسانەوە لەبەر دەستن کە بەربڵاو بوونی ئەم دیاردە دەنوێنن.

بۆ نموونە یەکێک لەو لێکۆڵینەوانە لە وتووێژ لەگەل ٨٢ ژنی کارمەند یان کرێکار دەریخستووە  ٧٥ لە سەدی ژنان لە شوێنەکانی کار توندوتیژیی لەو چەشنەیان چەشتووە. ئەو لێکۆڵینەوە دەریدەخات کە توندوتیژی سێکسی بەرامبەر بە ژنان لە شوێنی کار دیاردەیەکی زۆر بەرین و گشتگیرە.

هەڵاواردنی ڕەگەزیی لە ناو بنەماڵەدا،  لە توێی هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە بەرامبەر بە مناڵانی کچ، پەیڕەونەکردنی یەکسانیی لە نێوان کچ و کوڕدا،  جیاکاری و جیاوازی دانان لە نێوان ژن و پیاو لەو هۆکارانەن کە دەبنە هۆی دابەزینی ئاستی بڕوابەخۆبوون لە ناو ژنان و کچاندا. هەروەها سیستمی پەروەردە لە خوێندنگەکان هاوشان لەگەڵ کەلتووری زاڵیی دژە ژنی باو  لە کۆمەڵگەدا و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کە بە پێی سیاسەتی دژە ژنی حکوومەتی ئێران کار دەکەن، پەرەپێدەری ئەو دیاردەیەن. لە وەها سیستمێکدا هەوڵ دەدرێ ژن لاواز و بێ هەڵوێست بار بێت، فێر دەکرێ بۆ پاراستنی بە ناو ئابڕووی بنەماڵە بەرامبەر بە توندوتیژی و تەنانەت دەستدرێژی سێکسیش بێ دەنگ بێت.