ژن خاوەنی جەستەی خۆیە!

✍سولماز دوروودی

هەموو مرۆڤێک ئەبێ مافی بڕیاردان لەسەر جەستە و لەشی خۆی هەبێ. ئیمکانی ئازادی بڕیاردان لەسەر لەباردنی مناڵ یەکێکە لە مافە سەرەتایی و سەرەکیەکانی ژنان .

سکپڕبوونی نەخوازراو و لەباربردنی مناڵ دیاردەیەکی ناخۆشە و بڕیارێکی قورسە بۆ خێو کە بەتایبەت بۆ ژنان گوشارێکی ڕۆحی و جەستەیی زۆر گەورەیە، بۆیە زۆر گرنگە هەوڵ بۆ کەمکرانەوەی لەباربردنی مناڵ بدرێ بەڵام ئەو کارە نەک لە ڕێگەی قەدەغە کردن و ئەستەمکردنی پرۆسەی لەباربردنی مناڵ بەڵکوو دەبێ لەڕێگەی زانیاری پێدان بە ژنان و پیاوان لەبارەی چۆنیەتی بەرگرتن لە دروسبوونی مناڵ و دابینکردنی پێویستییەکانی ئەو کارە بە شێوەیەک کە نەبێتە گوشارێکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی لەسەریان، بکرێ.

مافی لەباربردنی مناڵ بە شێوەی یاسایی بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ و لە چوارچێوەی مافی ژیانی تاکە کەسی و مافی لەشساغی مرۆڤدا دەگونجێ. قەدەغەکردنی لەباربردنی مناڵ نەبووەتە هۆی کەمکردنی ئەنجامدانی کارەکە بەڵکوو لەباربردنی مناڵ بە شێوەیەکی نایاسایی و لە ژێر دەستی کەسانی ناشارەزا و بە کەرەستەی نەشیاو و لە شوێنی نەگونجاو دەکرێ و زۆر جار دەبێتە هۆی زیانی هەتاهەتایی بۆ جەستە و ڕۆحی دایکەکە.  ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی جیهانیی تەندروستی باسی لەباربرانی نائەمنی ساڵانە بیست میلیۆن مناڵ و خەسارەکانی ئەو کارەساتە بۆ سەر ئەو بیست میلیۆن ژنە دەکا کە دەبنە قوربانی قەدەغە بوونی لەبەر بردنی منداڵ لە وڵاتانی جیهان. هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لە مردنی ١ میلیۆن ژن بەو هۆیەوە دەکەن.

بەدەستهێنانی مافی لەباربردنی منداڵ بە شێوەی یاسایی کە ئێستە لەو وڵاتانەی ژنان تا ڕادەیەکی باش لە مافەکانیان بەهرەمەندن، ئاسان نەبووە و خەباتی بۆ کراوە و یەکێک بووە لە دەستکەوتەکانی شەپۆلی دووەمی بزووتنەوەی فێمینیستی.

لەو ولاتانەی کە دین و ئایین دەسەڵاتی باڵایان هەیە لە دانانی یاسادا بە ئاشکرا ئەو مافەی ژنان پێشێل ئەکرێت، گرێدرانی یاساکان بە ئایین و دەسەڵاتێکی باڵاتر لە مرۆڤ وادەکا سەرپێچیکردن لە یاساکان سزای قورسی هەبێ و سزاکەش تەنها ئەو کەسە ناگرێتەوە کە بڕیاری لەباربردنی منداڵەکەی داوە بەڵکوو ئەو کەسانەش ئەگرێتەوە کە کارەکە ئەنجام دەدەن، بۆ نموونە لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران کەسانێک کە وەکوو دوکتور و پەرستار یارمەتیی لەباربردنی منداڵ بە شێوەی نایاسایی بدەن سزای تا ٥ ساڵ زندانیان بۆ دەبڕێتەوە، لە وەها دۆخ و شوێنهایەکدا هەوڵ بۆ سڕینەوەی ئەو یاسایانە زەحمەتترە و قوربانیدانی زیاتری دەوێ.

بە وتەی کارمەندانی دەزگاکانی تەندروستی لە ئێران دەسڕاگەیشتن بە کۆندۆم و حەبی جڵەوگیری و ئەو شتانەی کە بۆ بەرگرتن لە سکپڕبوون بەکاردەبرێت قورستر کراوەتەوە و تەنانەت مەسەلەی دانی زانیاری لە بواری خۆپاراستن لە سکپڕبوون لاوازتر کراوە و دەکرێ بڵێین ڕاگیراوە. هاوکات لەگەڵ هەموو ئەو بەربەستانە تێستی غربالگەری کە بریتییە لە تێستێک کە لە سێ مانگی یەکەمی سکپڕبوون بۆ ئەوەی بزانرێ مناڵەکە سڵامەت یان نە ڕاگیراوە. لە ڕێگەی مێدیاشەوە هەموو جۆرە رێکلامێک کە باس لە چۆنیتیی بەرگرتن لە مناڵبوون یان باس لەوەی کە مناڵی کەم باشترە راگیراوە. هەموو ئەم بڕیارانەش دوای هەوڵ بۆ زیادکردنی ژمارەی دانیشتووانی خەڵک لە ئێران دەستیان پێکردووە. لەوەتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران حکوومەت ئەکات بەردەوام لەم جۆرە بڕیارانەیان داوە بە شێوەی سیستماتیک دەخاڵەتیان لە ژیانی تایبەتی خەڵدا کردووە.

ئەم یاسایانە لە حاڵێکدایە کە ئاماری فەقیری و هەژاری لەو وڵاتە لە ئاستێکی بەرزدایە و باری ئابووری خەڵک بۆ بەخێوکردنی مناڵ لەبار نییە، قوتابخانە بەو رێژەیە کە پێویستە نییە، دەسڕاگەیشتن بە دەواو دەرمان لە ئێران ئاسان نییە و زۆر جاریش هەر دەست ناکەوێت. دانانی ئەم یاسایانە و لەم جۆرە بڕیارانە دەیان و سەدان گرفتی نوێ بۆ خەلک لەو وڵاتە دروست دەکات. دیسان لەم باسەش بەهۆی نەبوونی هۆشیاری و نەبوونی مافی هەڵبژاردن بۆ دروستکردنی منداڵ و نەبوونی مافی یاسایی لەباربردنی منداڵ، ژنانن کە زیاترین زەرەر دەبینن. بە دانران و جێبەجێکرانی ئەم جۆرە یاسایانە کۆمەڵگا بەرەو کۆنەپارێزی و ژن ئازاری زیاتر دەبەن.

کۆنترۆڵ کردنی ژنان لەلایەن ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە شتێکی تازە نییە و هەر لەسەرەتای هاتنەسەرکاریانەوە بەردەوام و بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی داخستنی هەموو دەرگاکان بە ڕووی ژنانیان داوە و هەموو شێوەیەکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی کردنی ژنان، بۆ بەرتەسک کردنی ئەرکەکانیان بە کاری مناڵ و ماڵ و ئەو کار و ئەرکانەی لە دنیای پیاوسالار بە کاری “ژنانە” ناسراون، گرتووتەبەر. کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو دەسەڵاتێکی دژە مرۆڤ و لە ئاستێکی بەرزدا دژە ژن دەورێکی بەرچاوی لە زەوت کردن و پێشلکردنی مافە سەرەتاییەکانی ژناندا بووە و هەوڵی داوە کۆمەڵگا بکاتە زیندانێکی گەورە بۆ ژنان و بەر بە پێشکەوتن و ژیانی ئازادیان بگرێ. لێ ئەستاندنەوەی مافی لەباربردنی منداڵ بە شێوەی پارێزراو یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو دەسەڵاتە بۆ ژێردەستە هێشتنەوەی ژنانە.

28 سێپتەمبر رۆژی جیهانی یاسای لەباربردنی مناڵ بە شێوەی پارێزراوە. لەم ڕۆژە و لە هەموو ڕۆژەکانی دیکەدا هەوڵی خۆمان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە درێژە پێدەدەین.

“ژنان خۆیان بڕیاردەدەن کەی ئامادەن منداڵیان بێ و چەند منداڵیان دەوێ و مافی خۆیانە زانیاریی پێویستیان هەبێ بۆ بڕیاردان لەسەر ئەو بابەتانە و بە هیچ شێوەیەک نابێ ئەو مافەیان لێ زەوت بکرێت. (کۆنڤانسیۆنی مافەکانی ژنان. ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان)”