شکۆدار بێت ٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە!

٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژی گیانبەختکردنی هاوڕێ حەمەحسێن کەریمی سیمای ناسراوی شاری سەقز و یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، ڕۆژی ئاشکرا بوونی خەباتی کۆمەڵەیە.

٢٦ی ڕێبەندان ڕۆژێکی مێژووییە لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا و تەنیا ڕۆژی حزبێک نییە، بەڵکوو ڕۆژی هەموو بەشمەینەتانی کۆمەڵگای کوردستانە، ڕۆژی هەموو ئینسانێکی بیر ئازاد و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازە کە هەوڵ بۆ نەهێشتنی بێ مافی ژنان و ستەمی چینایەتی و نەتەوایەتی دەدەن.

دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران دژی ڕژیمی شا و هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی له‌ ئێران، ڕه‌وتی خه‌بات به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تی له‌ نێو ژناندا شێوازێكی دیكه‌ی گرتەخۆ. چونكه‌ ئه‌مجار ڕژیمێک هاته‌ سه‌ر كار كه‌  سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی مرۆڤیشی پێشێل ده‌كرد و ژنان زیاترین پشكیان لەو ستەمە به‌ركه‌وت. ژنانی كوردیش كه‌ لە ئاستێکی بەریندا له‌ بزاڤی رزگاریخوازانه‌دا به‌شداریان كردبوو، ئه‌مجار زیاتر له‌ جاران مافه‌ ئینسانییه‌كانیان له‌ لایه‌ن ڕژیمێكی دژه‌ ژنەوە زه‌وت ‌كرا و ده‌بوو خه‌باتی خۆیان چڕتر بكەنه‌وه‌ و خۆیان بۆ به‌ره‌نگاریی زیاتر تەیار بکەن.

ژنان له هه‌موو خۆپیشاندانه‌کانی دژ به ڕژێمی کۆماری ئیسلامی‌ و هه‌روه‌ها له شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی شاری سنه، زۆر ئازایانه به‌شداریان کرد و لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی شۆڕشگێڕانەی گەلی کوردیان بە کار و ئازایەتی و لێهاتووییان نه‌خشاند.  بەم شێوەیە دەورێکی نوێی بزووتنەوەی ژنانی کورد دەستی پێکرد و لە مێژووی کوردستاندا ئەم تابۆ شکێنییە بە ناوی کۆمەڵە و ژنانی کۆمەڵەوە تۆمار کرا.

کۆمەڵە وەکوو رەوتێکی چەپ لەو سەردەمەدا یەکێک لەو رێکخراوە سەرەکییانەی ناو بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوو کە لە بڕیارێکی شۆڕشگێڕانەدا ڕۆڵی خۆی گێڕا و بوو بە ئاڵا هەڵگری خەباتی ژنان و هاوکات لە گەڵ ڕاگەیاندنی هەڵسووڕانی ئاشکرای خۆی بڕیاری‌ ڕێكخستنی‌ ژنانی‌ له‌ ناو ڕیزه‌كانی‌ خۆی‌ دا‌ و ئه‌م بڕیاره‌ ئازایانه‌یەش له‌ ڕووی‌ لێكدانه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسی ‌‌و واقیعیەوە‌ بوو كه‌ پوتانسیلی‌ بزووتنه‌وه‌کەی‌  باشتر ده‌رده‌خست و کاریگەری لە سەر خەباتی ژنانی کوردستان و بە گشتی لە ئیران دانا.

گیانبەختکردنی سه‌دان ژنی تێکۆشه‌ر کە له ڕیزی ڕێکخراوی ئاشکرا و نهێنیی کۆمەڵەدا گیانیان فیدا کرد یان تێکۆشەرانێک کە لە ژێر کاریگەریی بیری چەپ و یەکسانیخوازنەدا لە ڕێگای ڕزگاری ویەکسانیدا گیانی خۆیان فیدا کرد، سەلمێنەری ئەم ڕاستییە مێژووییەن.

لەم ڕۆژەدا ئێمە لە هەر کوێ بین، لە شەقام و کۆڵانەکانی سەقز و سنە، یان لە گۆندەکانی شاروێران و دەشتی ساراڵ و داوێنی چیای چل چەمە، یان لەو شار و وڵاتانە کە تێیاندا ئاوارەین، ڕێز ئەگرین لە خەباتی بێ وچانی هەزاران تێکۆشەری ڕێگای ئازادی و کۆمەڵگای یەکسان، لە خەباتی شێلگیری هەزاران تێکۆشەری ڕێگای یەکسانیی ژن و پیاو، لە خەباتی سەخت و دژوار بۆ وەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی گەلان، لە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشان بۆ وەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.

ڕێز ئەگرین لە هەزاران ژن و پیاو کە بێ باکانە گیانی خۆیان لە پێناو وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە بەخت کرد، لەو کەسانەی بە بیر، بە قەڵەم، بە چەک دژ بە چەوسێنەران و ستمکاران ڕاوەستان،  لەو کەسانەی کە هەر ئێستا لە زیندانەکانی داگیرکەران و زۆرداراندا لە ژێر ئەشکەنجە و بێ مافیدان، لەو دایک و باوکانەی کە ڕۆڵەکانیان لە ڕێگای وەدیهێنانی ئامانجی مروڤایەتیدا لە دەستدا، ڕێز ئەگرین لە کەرامەتی ئینسان.

٢٦ی ڕێبەندان، ڕۆژی جێژنی چەوساوەکانی کوردستانە. لەم ڕۆژەدا جارێکیتر پەیمان نوێ دەکەینەوە بۆ وەدیهێنانی ئامانجی هەموو گیانبەختکردوانی ڕێگای ئازادی و سوسیالیزم لە کوردستان و بۆ گەشەپێدان بە دێموکراسی و یەکسانی.

 

 

پیرۆز بێت یادی سەرهەڵدان و خەباتی ئاشکرای کۆمەڵە!

سەرکەوێت خەبات بۆ وەک یەک ژيان!

رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد ۱۳۹۹/۱۱/۲۱