گەلی کورد و تاقیکردنەوەیەکی سیاسیی دیکە

✍مام ڕەحمان ـ سەقز

خەڵکی کوردستان پاش زیاتر لە ٤ دەیە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە باری سیاسی و کولتوورییەوە لە نەتەوە وشیار و ڕادیکاڵ و خەباتکارەکانی دژی دەسەڵاتی ڕەشی ئایینی لە ئێران بوون. لەگەڵ هەموو تایبەتمەندییە کولتوورییە دیارەکانی نەتەوەی کورد، کۆمەڵگای کوردستان تا ڕادەیەکی بەرچاو دوور لە دەمارگرژیی ئایینی و نەتەوەپەرەستانە بووە و ئەو خاڵە بەهێزانە وای کردووە کۆماری ئیسلامیی ئێران حیسابێکی جیاواز و تایبەت بۆ کوردستان بکا.

خەباتی ئازادیخوازانە و دموکراتیکی گەلی کورد تێچووی زۆری بۆ خەڵکی کوردستان بووە بەڵام گەلی کورد بۆ گەیشتن بە سەربەستیی نەتەوەیی، ئازادی، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی و مافە دموکراتیکەکان کە ئاواتی لە مێژینەیان بووە هەموو ئەو گوشارانەیان تەحەمول کردووە بە هیوای داهاتوویەکی گەش شانیان داوەتە بەر هەموو سەختییەکانی ئەو ڕێگایە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی قەد دەستیان لە سەرکوتی ئاشکرا، هەوڵ بۆ تۆقاندنی خەڵک، ئیعدام و زیندانیکردنی چالاکان و خەباتکارانی سیاسی و مەدەنیی کورد نەپاراستووە. لە هەموو ئەم ساڵانەدا بە دانانی سێناریۆی سیاسی جواوجۆر بە نیازی تێکدانی باڵانسی سیاسی بەرانبەر بە حیزبە سیاسییە خاوەن مێژوو و خەباتکاری کوردستان هێرشێکی هەمەلایەنەی دەسپێکردووە و بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی بەهێزکردنی لایەنە ئایینییەکان لە کوردستان دەدا و بە ڕێگەدان بە ڕەوت و لایەنە دواکەوتووەکان وەکوو لایەنگرانی موفتیزادە دەیەوێ فەزای سیاسی لە کوردستان بگۆڕێ. ئەم کارانە هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی خاتەمەییەوە دەستیان پێکردبوو و هاوکات بوون لەگەڵ ڕێگەدان بە ڕەوت و رێکخراوی سەر بە حیزبی کوردستانیی دیکە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە مەدەنییەکاندا، ئەمە سیاسەتی حکوومەت بوو بۆ بەرگرتن یان بەرتەسک کردنەوەی ڕەوتی چەپ و سۆسیالیستی کوردستان کە هێما سیاسییەکەی کۆمەڵە بوو. دەسەڵاتداران بە هیوا بوون بە ڕێگەدان بە دوو ڕەوتێک کە پێیان وابوو دەتوانن کۆنترۆڵ و سنوورداریان بکەن واتە ڕەوتی ئیسلامیی سەر بە موفتیزادە و لایەنی کوردیی دیکە جێ پێی حیزبە خاوەن مێژووەکانی کوردستان لێژ بکەن.

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای ئەو هەوڵەدا و لە دۆخی تایبەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا ئەو ڕەوتانە لایەنگرانی خۆیان کۆکردەوە و دەورێکی دیاریان لە ناڕەزاییە کۆمەڵایەتییەکاندا بوو بەڵام وشیاریی سیاسی و وریایی خەڵکی کوردستان بوونە هۆی ناسەرکەوتوو بوونی ئەم پرۆژە سیاسییە کە بڕیاربوو بێ بە ئاڵتێرناتیڤی ڕەوتی سیاسیی ڕاستەقینە و ڕەسەنی کوردستان.

لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدینەژادیشدا ئەم پرۆژەیە بە هەندێک جیاوازییەوە درێژەی بوو و ڕێگەپێدان و دانی دەرفەتی چالاکی بۆ ڕەوتە توندڕەوە ئاینییەکان و سەلەفییەکانی پێ زیاد کرا، ئەو ڕەوتانە دەستیان دایە هێرش دژی ڕەوتی چەپ و سوسیالیستی کورستان کە کۆمەڵە نوێنەرایەتیی دەکرد و لە ژێر ناوی مورتەد بوون و لە دین دەرچوون دژایەتیی کۆماری ئیسلامی دژی کۆمەڵە و چەپیان گرتە ئەستۆ، هەرچەن لە درێژەی ئەو ڕەوتەدا سەلەفییەکان کەوتنە دژایەتیی خودی حکوومەتی ئێران و دەزگا ئەمنییەتییەکان ناچار بوون لانی کەم بەشی چەکدار و توندوتیژی ئەو ڕەوتە سەرکوت بکەن بەڵام هێشتا بەشێک لەو ڕەوتە لە نێو شارەکان درێژە بە کاری خۆی دەدا.

دیارە ئەو مێژوویە لەم کورتە بابەتەدا لێک نادرێتەوە و ئەم بەشە لە مێژووی سیاسیی کوردستان و هۆکارەکانی ناسەرکەوتوو بوونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەو پرۆژەیەدا پێویستی بە لێکدانەوەی هەمەلایەنە و بیروڕاگوڕینەوە هەیە.

ئەوەی دیارە خاڵی بوونی جێگەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەورەیەکی تایبەتدا و ناکارامەبوونی سیاسەت و شێوازە خەباتکارانەکانیان لەو دەورەیەدایە کە ڕێگەی بە سەرکەوتنی ڕێژەیی ئەو پرۆژە و سیاسەتەی ڕژیم داوە. ئاڵوگۆڕ سیاسی کولتووری و کۆمەڵایەتیی ئەم چەند دەیەی دوای و پێداچوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان بە دەور و ئامانجەکانی خۆیاندا هەرچەند بوو بە هۆی هەندێک دابڕان و جیابوونەوە و کێشە لە نێو کۆمەڵە و دموکراتدا بەڵام هاوکات بەرەوپیشچوون و ئاڵوگۆڕی باشی لە نێو حیزبەکاندا لەگەڵ خۆی هێنا. بە دڵنیاییەوە هەر ئاڵوگۆڕێکی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی گۆڕانی کولتوور، ئابووری و زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵک و ئەم گۆڕانە کۆمەڵایەتییانە کاریگەرییان لە سەر حیزبە ڕەسەنەکانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێ. گەلی کورد هەموو کاتێک بە بوێری و وریایی و بەرچاوڕوونی بە داهاتووی خۆی ئەم تاقیکردنەوانەی سەرکەوتووانە تێپەڕکردووە.

حکوومەتی ئێران لە یەک دوو ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت بەمدواییانە هاوکات لەگەڵ ٤٢ هەمین ساڵڕۆژی ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی و شۆڕشی بەتاڵانچووی خەڵکی ئێران لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ دا، پرۆژەیەکی نوێی دژی خەڵکی کوردستان و حیزبەکانی دەسپێکردووە و بە بەکارهێنای سینەما و تەلەڤیزیۆن و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆی و مۆنتاژکردنی بە ناو فیلمی بەڵگەیی لە سەر مێژووی خەباتی گەلی کورد و دەور و نەخشی حیزبە سیاسییەکان و رووداوە سیاسی و نیزامییەکان لە کوردستان جارێکی دیکە هێرشی کردووەتە سەر گەلی کورد و خەباتەکەیان. لەم هەوڵەدا حکوومەتی ئێران دەیەوێ بە چەواشەکاری و هەڵدانەوەی هەندێک بە قسەی خۆیان پەروەندەی ناڕوون یان ڕووداوی بەسەرچوو هەڵدەدەنەوە و بە بێ ئەوەی لایەنی بەرانبەر بتوانێ وەڵامێک بداتەوە یان بەرگری لە خۆی بکا خۆیان دەبنە قازی و خۆیان وەکوو قوربانی دەنوێنن یان فرمێسکی درۆیینە بۆ خەڵکێک دەڕێژن کە دەیان ساڵ یەخسیر و قوربانیی سیاسەتەکانی ئەوانە.

سەرەڕای ئەوەی دەزانین ئەم پرۆژەیە بێئاکام دەبێ و شکست دێنێ بەڵام هەندێک ناڕوونی و پرسیار لای خەڵک دروست دەکا و لەوانەیە پێیان وابێ هەندێک شت هەیە دەبوایە کاتی خۆی باس بکرایەن و هەندێک بابەت هەیە کە لە مێژووی حیزبە سیاسییەکاندا دەبێ وەڵامیان بدرێتەوە.

لە لایەکی دیکەوە کەسانێک کە بە بێ هەست بە بەرپرسایەتی کردن و ئاگاداربوون لە ڕووداو و بابەتەکان لێکیان دەدەنەوە و بە دانانی لایڤی فەیسبووکی و … دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن و ئەم کەس و ئەو کەس و ئەم حیزب و ئەو حیزب بە بێ بەڵگە تاوانبار دەکەن، بێ ئەوەی خۆیان بزانن قسە و لایڤەکانیان دەبێتە دەسمایەی ئەو پرۆژەی حکوومەت. زۆرێک لەو کەسانە بەو شێوە کارە ئاکامێکی پێچەوانەی مەبەستەکەیان دەسدەکەوێ و لەباتی ئەوەی یارمەتی کاری ڕەخنەگرانە و بەرەوپێشبردنی خەباتی گەلی کورد و حیزبە سیاسییەکان بدەن و شتێک بیروڕای گشتی ڕوون کەنەوە، ئاڵۆزی و گرفتێکی زیاتر لە بابەتەکاندا دروست دەکەن.

پێویستە کۆمەڵە وەکوو ڕەوتێکی بەرپرس و خاوەن ئەرک بە پێداچوونەوە بە مێژوی سیاسی و بەتایبەت هەندێک ڕووداوی گرینگ لە خەباتی کۆمەڵە و گەلی کورددا، جیلی نوێی کوردستان لەگەڵ ڕاستییەکان ئاشنا بکا و پیلانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لاوان و بیر و زەینی ئەوانی کردووەتە ئامانج و هەوڵ بۆ نانەوەی دووبەرەکی لە خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵکی کوردستاندا دەدا، پووچەڵ کاتەوە.

خەڵکی وریا و ڕۆشنبیری کوردستان ناکەونە داوی فێڵ و پیلان و پڕۆپاگاندەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و لە مەیدانی خەباتدا گەلێک ئەزموونی پرشنگداری بۆ خۆی تۆمار کردووە و ئەمجارەش حکوومەتی ئێران ناتوانێ زەفەریان پێبەرێ و سووک و ڕیسوا دەبێ.

کۆمەڵگای کوردستان لە ئاستێکی کولتووری و سیاسیی وا بەرزدایە کە ئەم هەوڵانەی حکوومەت کاریگەریی لەسەریان نابێ بەڵام هۆشیاری و وەڵامێکی ڕوونی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بۆ بیروڕای گشتی هەنگاوێکی پێویستە و خەونی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران دەشڵەژێنێ.