کۆرۆنا دەردێکی بەئازار بۆ خەڵک و دەرفەتێکی زێرین بۆ کۆماری ئیسلامی

✍ ئارام مودەریسی

لە یەک ساڵی رابردوودا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ویروسی کۆڤید١٩ رێژەیەکی بەرچاو لە  دانیشتوانی گۆی زەوی گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بوون و لەگەڵ تەشەنەی زیاتری ئەم پەتایە وڵاتانی جیهان بە پێی توانا و پێشکەوتنە زانستیەکانی خۆیان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندە تەندروستیە جیهانییەکان و لە وانە رێکخراوی جیهانی تەندروستی و وەرگرتنی زانیاری و هاوکاریی جۆراوجۆر لەم پەیوەندییەدا،هەموو هێز و توانی خۆیان بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان وکەمکردنەوەی خەسار وزیانە ئینسانییەکانی ئەم پەتایە تەرخان کرد.

ئێران لە ریزی ئەو وڵاتانەدایە کە زۆر زوو تەشەنەسەندنی ئەم پەتا کوشەندەیە تێیدا چووە قۆناغێکی مەترسیدار و،تا هەنووکەش ئێران لە ریزبەندنی وڵاتانی سوور واتە مەرتسیدار دا پۆلین کراوە.تەنانەت بە پێی ئامارە رەسمیەکانی حکوومەت کە هەتا ئێستاش لە لایەن هەموو ناوەندە رەسمییە جیهانییەکانەوە راست ودروستبوونیان پەنجەی گوومانی لەسەرە،بە هەزاران کەس گیانیان لەدەست داوە و دەتوانین بڵێین بەو داڕمانە قورسە ئابووریە کە سەرەرای هەموو نەهامەتیەکانی تر بەرۆکی خەڵکی ئێرانی گرتووە،رەوتی ژیان و هەناسەی کۆمەڵگا بەرەو وەستان رێچکەی بەستووە و،بێگوومان کۆماری ئیسلامی خوڵقێنەرانی سەرەکی ئەم تراژیدیایە.

دەسەڵاتدارانی خۆسەپێن بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم پەتایە و دەرکەوتنی نیشانەکانی تەشەنەسەندنی ویرووسەکە،بە ئامانج و مەبەستی  سیاسی و ئەمەنییەتی دەستیانکرد بە شاردنەوەی راستیەکان و بە ئاشکرا و لەزاری گەورە بەرپرسانی رژیم و لەسەرووی هەموویانەوە خامنەیی،حاشایان لە بوونی پەتاکە لە ئێران کرد و کەوتنە گاڵتەکردن ودەمەلاسکەی ئەو کەس ولایەنانەی کە باسیان لە مەترسیدار بوونی دۆخەکە دەکرد و بە پیلانگێریی دژی رژیم و ئەمنییەتی وڵات تاوانباریان دەکردن و،بەمجۆرەش لەوپەری بێ کیفایەتیدا بوونە هۆکاری بڵاوبوونەوەی بەرینی ئەم پەتایە لەنێو کۆمەڵگادا.پاش ئەوەیکە پەتاکە وەک شێرپەنجە بە هەموو جەستەی کۆمەڵگای ئێراندا بڵاو بووە و، لەگەڵ چوونەسەری ئامار ورێژەی گیانلەدەستدانی رۆژانەی خەڵک و سەرهەڵدانی  دۆخی ترس ودڵەراوکێ، وەک پیشە وخەسڵەتی هەموو دیکتاتۆر و حکوومەتە داسەپاو و دژی خەڵکییەکان دەسەڵاتدارانی ستەمکاری ئێرانیش لە لایەکەوە بڵاوبوونەوەی پەتاکەیان کردە بیانووی کپکردن و حەولدان بۆ دامرکاندنەوەی نارەزایەتییە جەماوەرییەکان و زاڵبوونەوە بەسەر کۆمەڵگادا و کۆنترۆڵکردنی جووڵەی جەماوەر و تەسفیەحیساب و هەرەشەی تووشکردنی زیندانیانی سیاسی بەو پەتا کوشەندەیە بە تایبەت لە  زیندانەکانی کوردستانداو،لە لایەکیترەوە خەڵکی ئێرانیان لەو دۆخە مەترسیدارەدا کردە بارمتەی گوشار هێنان بۆسەر دنیای دەرەوە و بە تایبەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی سەر خۆیان.شایانی باسە کە رەچاوکردنی ئەم سیاسەتە چەپەڵەی رژیم لە کاتێکدا بوو کە بە ئاشکرا و چەندین جار لە لایەن ئامریکا وە راگەیەندرا کە گەمارۆکانی سەر رژیمی تاران بواری دەرمان و تەندروستی ناگرێتەوە کە ئاکامی ئەم دەستشلکردنەش بۆ رەخساندنی ئیمکاناتی دەرمانی بۆ رووبەرووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا،سەرهەڵدانی قاچاخچێتی دەرمان و شاردنەوەی ئەو ئیمکاناتە و قۆرغکردنیان لە لایەن سپای پاسداران و بە کارهێنانیان لە کات وبۆ مەبەستی دیاریکراوی سیاسی بوو.بەمجۆرەش جێگەی هیچ گوومانێکیان نەهێشتەوە کە تەنانەت بێهداشت و دەرمانیش لە ئێران لە پاوانی تاقم وباندەکانی مافیای دەسەڵاتدایە و لە پێناو پاراستنی خۆیاندا گاڵتە بە ژیان و سڵامەتی خەڵک و کۆمەڵگا دەکەن.هەر بوونی ئەو راستییەشە کە بۆتە هۆی سەرهەڵدان و پەرەسەندنی بێ متمانەیی بەرامبەر بە بەشی دەرمان ونەخۆشخانەکان و،تەنانەت پێکهاتن و بەهێز بوونی دەنگۆ و مەترسی سەرهەڵدانی دیاردەی دەرهێنان و قاچاغچێتیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤەوە کە بەداخەوە ئەو بێ متمانەیە بووەتە هۆکارێکی کاریگەر کە خەڵک لە کاتی نەخۆشیدا سەردانی نەخۆشخانەکان نەکەن و بەمجۆرەش گەلێک کەس گیانیان لە دەست داوە.

لەکاتێکدا کە کۆمەڵگای ئێران بەدەست دەسەڵاتدارانی ستەمکاری ئیسلامییەوە گیرۆدەی ئەم دۆخە ئاڵۆز و ترسناکەیە،دونیا چۆتە ناو قۆناغی کووتانی پێکووتە(واکسێن)ی دژە کۆرۆنا.

ئەم قۆناغەش بۆ سەرانی ئیسلامی ئێران بووەتە دەرفەتێک بۆ پێلانگێری و بەرەوپێش بردنی سیاسەتە چەپەڵەکانی خۆیان.سەرەرای تەرخانکردنی بەشێکی بەرچاوی بووجەی وڵات بۆ جێبەجێکردنی پلان و سیاسەتی شەرەنگێزانەیان لە ناوچەکە،لە زاری حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێرانەوە دەڵێن کە توانای کرینی پێکوتەی دژەکرۆنایان نییە وداوای هاوکاریی نێۆدەڵەتیان کردبوو کە وەڵامی رەدیان وەرگرتەوە.هەروەها هەوڵی هەکەرەکانیان بۆ دزینی فۆرمۆڵی ئەم پێکوتەیەش ئاشکرا بووە و لەم بوارەشدا ریسوا و دەستبەتاڵن. لە لایەکیترەوە و لە کاتێکدا کە بە لەبەرچاوگرتنی ئیمکانات و پێشکەوتنی زانستی پزشکی و تێکنۆلۆژی ئەم بوارە روون وئاشکرایە کە ئێران هیچ شانسێکی بۆ سەرکەوتن لە بواری دروستکردنی پێکوتەی دژەکۆرۆنادا نییە،حەسەنی روحانی باس لە هەوڵەکانیان بۆ دروستکردنی پێکوتەی دژەکۆرۆنا دەکا.هەموو ئەمانە نیشانی دەدەن کە لانیکەم بەمزووانە رژیمی ئێران هیچ هەوڵێکی جیددی بۆ دابینکردنی پێکووتەی دژە کۆرۆنا نادا. بێگوومان ئەوەش جارێکیتر و وەک ئەزموونە سەرکەوتووەکانی رابردوو ئەرکی بەرەنگاری و هەولدان بۆ پاراستنی گیانی هاونیشتمانیان دەخاتە سەر شانی چالاکان و رێکخراوە سیاسی و مەدەنی و فەرهەنگییەکانی ناوخۆی وەڵات کە بە تایبەت لە کوردستان خاوەنی پێشینە وئەزموونی سەرکەوتون.