پاراستنی کۆمەڵە و بەرگری لە بەهاکان

✍ شەهرام وەحدانی

لەم ماوەدا لە زۆر لاوە بە تایبەتی لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان لەبەرەی خەڵکی چەوساوەو بزووتنەوەی ڕەوای کوردستاندا پێناسە دەکەن، زۆر بە چڕی هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵە، ئەم نووسراوە دەڕوانێتە سەر ئەو بابەتە تا هۆکارەکانی ئەو هەڵمەتە بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوەو مەبەستەکان زیاتر ئاشکرا بکات. هەرچەند ئەوە بابەتێکی نوێ نییە و کۆمەڵە هەمووکات لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشەدا بووە بەڵام ئەوەی کە بۆ نووسەر گرینگە لایەنی هەنووکەیی دژ بە کۆمەڵەیە کە دەست وپەیوەندە ئاشکارەکانی ڕژیم نییە، بەڵکوو خەڵکانێکن کە بە ناوی بەرگری لە کۆمەلە و مێژووی ئەو ڕەوتە، دێن و کۆمەڵە لە هەموو بەهاکانی دادەماڵن و بەری دەکەن لەو پرەنسیپانەی کە هەزاران کەس لە پێناو چەسپاندن و جێ کەوتنی لە کۆمەڵگەدا گیانیان بەخت کردووە.  لێرەدا کاتێک ناوی کۆمەڵە دێت مەبەست تەنیا ئەو  ڕێکخراوانە نییە کە بە ناوی کۆمەڵەوە کار دەکەن بەڵکوو بە گشتی کۆمەڵەیە،واتە باڵی چەپی بزووتنەوەی کوردستان کە لە رۆژی یەکەمەوە بۆ پێکهێنانی ڕەوتێکی کۆمەڵایەتی یەکسانیخۆاز، دژی هەر چەشنێک لە چەوساندنەوەی مرۆڤ و هەر وەها خۆازیاری پێکهێنانی سیستمێکی دێمۆکراتیک و سێکۆلار لە دەسەڵات وبەرێوەبردنی کۆمەڵگە هاتە مەیدانی خەبات. هەر چەند دواتر و لە بڕگەی جیاوازدا  لە ئاکامی گەلێک ئاڵۆگۆڕی سیاسی و هاوسەنگی هێزەکان لە ناوچەکەدا، کە  لێکدانەوەو بۆچوونی جیاوازی لێکەوتەوە کۆمەڵەش تووشی لێکترازان و جیابوونەوە هات، بەڵام سەرەڕای بۆچوون و ستراتێژی جیاواز بۆ تێپەڕاندنی قۆناغگەلی جۆراوجۆر لە خەبات بۆ سەرخستنی بزووتنەوەی کوردستان، ئەگەر بە دوور لە دەمارگرژی چاوی لێ بکەین هەموو لایەنەکانی کۆمەڵە ئێستاشی لەگەڵ بێت بە هەندێک پرەنسیپ و خاڵی هاوبەشەوە گرێدراون کە وەکوو پێناسەی کۆمەڵە دێنە ئەژمارو لێی دوور نەکەوتوونەتەوە، لەوانە وەکوو بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ، بەرگری لە یەکسانی ژن و پیاو، تێکۆشان بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی، بەرگری لە مافی چینی کرێکارو زەحمەتکێشی کۆمەڵگە و هەتادوایی، هەڵسوکەوتی یاسایی و مرۆڤانە لەگەڵ دیل و برینداری دوژمن و…

کۆمەڵە وەک ڕێکخراوە بە هەوڵ و تێکۆشانی ژمارەیەک لاوی خوێندکاری سەربزێو، لە سەردەمێکدا هاتە مەیدانی خەبات کە بچووکترین نزیکایەتی هزریی لە بیری چەپ و سوسیالیسم و هەر وەها باسکردنی هەبوون یان هەوڵ بۆ سڕینەوەی ستەمی نەتەوەیی لە ئێراندا گەورەترین تاوانی سیاسی دەهاتە ئەژمار کە بە داخەوە ئێستەش هەروایە و دەکرێت لەو تایبەتمەندییە وەکوو یەکێک لە خاڵە هاوبەشەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی و ئیسلامی باس بکەین. لە وەها دۆخێکدا هەلسوڕاوانی کۆمەڵە یەک دەیە بە نهێنی تێکۆشان و  ڕیکخستنەکانیان پەرە پێدا، دواتریش لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئاکامی ڕاپەڕینی خەڵکانی ئێراندا بە ئاشکرا هاتنە مەیدانی خەبات و ڕەنگێکی نوێ و ڕەواڵەتێکی تازەیان بەخشی بە  جووڵانەوەی کوردستان و هەر ئەوەش بوو کە لە کورتترین ماوەدا بوون بە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی ئەو بزووتنەوەو توانییان متمانەی خەڵکی دەستەبەر بکەن. کۆمەڵەو تێکۆشەرانیی لە سەختترین بارۆدۆخدا ڕەوتێکی فکری، سیاسی و کۆمەڵایەتییان سازکرد کە ئێستا دوای نیو سەدە دەردەکەوێت کە سەرەڕای کێشەکان، گرفتەکان و یان هەڵەکان،  زۆربەی دروشمەکان و بنەماکانی کراون بە ئاڵترناتیو بۆ داهاتوو. ئایا دەکرێت باسی ژنی کورد و مافەپێشێل کراوەکانی بکرێت و  ناوی کۆمەڵە وەلا بنین؟ ئایا دەکرێت بە بێ کۆمەڵە باسی بەرگری لە ئازادی بیرو باوەر بکەین؟ ئایا دەکرێت ڕۆڵی کۆمەڵە لە کەمرەنگ کردنەوەی ڕۆڵی ئایین و بڕەوی یاسا ئیسلامییەکان لە کوردستان بکەین؟

بێ شک کۆمەڵەش وەکوو هەموو ڕەوتێکی سیاسی دیکە پێکهاتەیەکە بریتی لە مرۆڤەکان بە ئاستی تێگەیشتنی جیاواز، بیروبڕوای جۆراوجۆر و هەڵگری مۆڕاڵی ڕەنگاوڕەنگ کە هەندێک بیرو باوەڕ پێکەوە گرێی داون. ئەو باوەڕانە کە وەکوو بنەما لە کۆمەڵەدا ڕەنگی داوەتەوە بریتین لە ڕێزگرتن لە ئازادی بیروباوەر، بەرابەری نێوان ژن و پیاو، یەکسانی مرۆڤەکان، پاراستن و پەرەپێدان بە بەهاکانی سکۆلاریسم و دێموکراسی، بەشدارکردنی هەمووان لە دەسەڵات و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، بڕەودان بەو فەرهەنگەی کە هەمووان خۆیان لە ئاستی ژینگە، کۆمەڵگە، ئابووری و ئاڵۆگۆرەکانی دەسەڵات و  ڕووداوەکانی دەوروبەریان بە دەربەست بزانن و بەرپرسیارەتی بگرنە ئەستۆو. لەو چەشنە دەتوانین گەلێک نموونەو بابەت بهێنینەوە کە کۆمەڵە بۆ یەکەمجار لە کۆردستاندا ورووژاندوویەتی و هێناویەتیە ناو  جەرگەی کۆمەڵگەو خەبات. ئێستە دوای نزیک بە نیوسەدە بەشێک لەم باسانە بوونەتە گوتاری زاڵ بە شیوەیەک کە هیچ دەسەڵات و ڕەوتێکی سیاسی ناتوانێت نکۆلییان لێ بکات یان لە بەر چاویان نەگرێت. ڕاستە زۆرێک لەو بابەتانە لە زۆر شوێنی ئەو دنیایە یان باشترە بڵێین وڵاتانی ئوروپایی ئێستاکە وەکوو نۆرمێکی یاسایی و ئاسایی چاویان لێدەکرێت. بەڵام ئێمە لە بارەی کۆمەڵگەیەکەوە قسە دەکەین کە ئێستەش لە ژێر زەبرو دەسەڵاتی ئاییندایەو چوار دەوری گیروودەی دەستی کۆنەپارێزان و دواکەوتووترین دەسەڵاتەکانە و هیچ نموونەیەک وەکوو خۆی لەو دەڤەرەدا بەدی ناکرێت، تەنانەت لەو بابەتانەدا زۆر جیاوازترە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەکرێت بڵێین لە زۆر جار پێشەنگ و سەرقافڵە بووە. باسی کوردستانی ئێران دەکەین کە چل و دوو ساڵە بە هەموو شێوەیەک سیاسەتەکانی ڕژیمی ئێرانی بۆ زاڵکردنی ئایین و کەلتووری دواکەوتووی ئیسلامی بەرپەرچ داوەتەوەو سەرەڕای هەژاری و دواکەوتوویی ئابووری وپیشەیی کوردستان لە چاو زۆربەی بەشەكانی دیکەی ئەو وڵاتە، توانیویەتی بە شێوەیەکی باشترو سەردەمیانە خەبات بکات و سیمایەکی جیاواز لە خۆی بنوێنێت،کەس ناتوانێت حاشای لێبکات کە ئەوە کۆمەڵە بوو کە بە دروستی و بە بێ دوودڵی زۆرێک لەو شتانەی کە تابۆ بوون شکاندی و شێوەیەکی نوێی نواندووە.

بەتایبەتی لە بابەت ژن وەکوو نیوەیەکی پشت گوێ خراو لە کۆمەڵگە کە بەردەوام لە ژێر چەپۆکی ئایین و کەلتووری پیاومەزنیدا سەرکووت کراوە و مافەکانی پێشێل کراوە، ئەوە کۆمەڵە بووە کە باوەشی ئاواڵە کردووە بۆ هاتن و بەشدارکردنی ژنان لە خەبات بۆ گۆڕینی بارۆدۆخی زاڵی دژە ژن و دەرفەتی بۆ نواندنی ڕۆڵی ڕەوای ژن ڕەخساندووە. ڕوانینی کۆمەڵە ئێستەشی لەگەڵ بێت زۆر جیاوازترو سەردەمیانەتر بووە لە هەموو ئەو هێزانەی کە سەردەمێک دژی دیاردەی بەشداری ژنان لە خەبات و کاری سیاسی بوون و هەنووکە بە ناچاری لە بەرانبەر ئەو دیاردەدا سەریان نەوی کردووە کە بە هەوڵ و ماندوویی لە ڕادەبەدەری ژنان و پیاوانی کۆمەڵەیی ورووژاوەو مۆرکی خۆی بە سەر مێژوودا چەسپاندووەو هەروەها بە سادەیی و میکانیکی دەستەبەر نەکراوە. تێڕوانینی کۆمەڵە بۆ ژن چ لە ڕیزەکانیدا و چ لە ناو ماڵ و بەستێنی کۆمەڵگەدا زۆر جیاوازە لەو ڕوانینەی هێزێک کە ئێستەش تەنیا وەکوو شەڕوان چاو لە ژنی کورد دەکات و ژنی وا لێ کردووە کە واز لە هەموو ئازادییەکان و حەزە سروشتییەکانی خۆی بێنێت و  تەنیا شەڕوان بێت ئەگینا داوێن پیسە و بو نەمان باشە. ئیتر  لێرەدا هەڵسەنگاندنی کۆمەڵە لەگەڵ دەسەڵاتە کۆنەپەرەستەکان و ئەو مرۆڤ و لایەنانەی کە تەنانەت ژن بە مرۆڤی بەرابەر لەگەل پیاو نازانن و ژنی بێ ڕووبەندو چارشێو لایان شایانی بەردەباران و مەرگە بە پێویست نازانم. بە هەموو ئەمانەشەوە بێ گۆمان هیچ ڕەوتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئەزموونەکانی خۆیدا لە هەڵەو کەم و کوڕیش بێ بەری نابێت، کۆمەڵەش یەکێک لەوانە. بەڵام هەڵدانەوەی بڕێک بڕگەی کۆن لە پەیوەندی تاکەکانی ناو کۆمەڵە و گەورەکردنی ئەو بابەتانە لە میدیادا، ماسی گرتن لە ئاوی ڵێڵە. هاوتا نرخاندنی ڕێبەران، بەرپرسان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لەگەڵ داعش و پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەویش لە ژێر ناوی بەرگری لە مافی ژن، جگە لە دوژمنایەتی لەگەڵ ئەو گوتارە واتە یەکسانی ژن و پیاو نییە. مەگەر ئەکرێت لەگەڵ بەهاو پرەنسیپ تەبا بیت بەڵام هاوکات ئاڵاهەڵگر و خەباتکاری سەرەکی ئەو ڕێبازە بە دژی ژن بناسێنیت؟ بە بڕوای نووسەر ئەو کەسانەی کە  بە ناوی بەرگری لە بزووتنەوەی کوردستان، بەرگری لە مافی ژنان یان بەرگری لە چینی چەوساوەو زەحمەتکێشان لە هەموو شێوەیەک کەڵک وەردەگرن بۆ شکاندنی کۆمەڵە و بێ نرخ کردنی خەباتی ئەو ڕەوتە، لە بنەڕەتدا ئەو ئامانج و ئاواتەیان کردووەتە ئامانج کە خوازیاری کۆمەڵگەیەکی شایانی ناوی مرۆڤە. بە چاوخشاندنێکی ئاساییدا دەردەکەوێت یەکێک لە پێناسەکانی کەسێکی کۆمەڵەیی چۆنیەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ژن و پابەند بوون بەو پرەنسیپانەیە کە یەکسان بۆ ژن و پیاو ئەڕوانێت لە هەموو بابەتێکەوە. خەوشدارکردنی مێژووی کۆمەڵە لەو بابەتەدا بڕەودان و زاڵ کردنی دووبارەی ئایینەو لە کۆت و بەندکردنی ژنان. هەوڵدانێکە بۆ مایە پووچ کردنەوەی ئەو خەباتە مەزنە. زۆریش دەگمەن نییەو پێمان وا نەبێت بە بێ بەرگری کردن لەو ئەزموونەو خەباتی بەردەوام، کۆمەڵگە  بەرەو پێش هەنگاو هەڵدەگرێت. هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ئێستای ژنان لە کوردستانی باشوور، ئەفغانستان یان ئێران لەچاو چوار دەیە پێشتردا دەتوانێت بۆ ئەو نیگەرانییە بەڵگەیەکی سەلمێنەر بێت. بەرگری لە کۆمەڵە پاراستنی بەها بەرزەکانی مرۆفایەتی و پەرە پێدان بە فەرهەنگی یەکسانییە لە کوردستان.