پۆلێکی دیکە لە لاوانی خەباتکاری کوردستان بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون

. پاش نیوەرۆی رۆژی سێ شەممە ٢٥ی مانگی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی لە رێو رەسمێکی بەشکۆدا و بە بەشداریی ژمارەیەک لە هاورێیانی پێشمەرگە و بنەماڵەکانیان لە ساڵۆنی هاورێی شەهید ئێحسان فەتاحیان لە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی کۆمەڵە، پۆلێکی دیکە لە ژنان و پێاوانی خەباتکاری کوردستان کە بە مەبەستی پێشمەرگایەتی و درێژەدان بە خەبات لە پێناو ئازادی و سەربەستیدا لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە خۆیان گەیاندبووە بنکەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و،خۆلەکانی بارهێنانی سیاسی و نیزامیان لە فێرگەی پێشمەرگایەتی و لە پەلی فەرماندەی ناسراو و سەنگەرشکێنی کۆمەڵە هاورێی گیانبەختردوو خوسرەو رەشیدیان سەرکەوتووانە تێپەراندبوو،رەسمەن بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پەیوەست بوون. رێورەسمەکە بە سروودی بانگەواز مارشی رەسمیی کۆمەڵە دەستیپێکرد و پاشان بۆ رێزگرتن لە یادی ئازیزی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەقیقەیەک بێدەنگی راگیرا.پاش شکاندنی بێدەنگییەکە بە سروودێک،هاورێ خەلیل فەتحی یەکێک لە بەرپرسانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵە بە بۆنەی کۆتایهاتنی دەروەی راهێنانی هاورێیانی تازە پێشمەرگە و پەیوەست بوونیان بە رێزەکانی هێزی پێشمەرگە، قسەوباسێکی پێشکەش کرد. پاش قسەوباسەکەی هاورێ خەلیل فەتحی،هاورێیانی تازە پێشمەرگە چەک و کارتی پێشمەرگایەتیان لەدەست بەرپرسانی فێرگە وەرگرت و سرودێکیان بەم بۆنەوە پێشکەش کرد و، دواتر یەکێک لە هاورێیانی تازە پێشمەرگە بە بۆنەی پەیوەست بوونیان بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگە پەیامێکی خوێندەوە. لە درێژەی ئەو رێورەسمەدا ژمارەیەک لە کچان وکورانی کوردستان کە خوازیاری پێشمەرگایەتی کۆمەڵەن و لە بەشی پەزیرشی فێرگە چاوەرێی تەواو بوونی پرۆسەی وەرگیران و دەستپێکردنی خولی راهێنانی فێرگەن،بە بۆنەی پەیوەست بوونی هاورێیانی تازەپێشمەرگە بە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیامێکیان روو لەو هاورێیانە و ئامادەبووان خوێندەوە. رێورەسمەکە بە خوێندنەوەی پارچە هۆنراوەیەک لە لایەن هاورێ رێباز تورجانی یەوە درێژەی پێدرا و بە بڵاوکردنەوەی کورتەفیلم و سروود و گۆرانی شۆرشگێرانە و لە نێو شادی و خۆشی بەشداربوواندا کۆتایی پێهات.