“توندوتیژی دژی ژنان سنوور ناناسێت”

✍ پڕشنگ محەممەدی

ژنان له هه‌موو شوێنه‌کانی کۆمه‌ڵگا تووشی توندوتیژی ده‌بنه‌وە. له ماڵی باوک و دایکیان، له لایەن باوک و برا ته‌نانه‌ت برای چکۆله‌تر له خۆیان. له ماڵی خۆیان له لایەن هاوسه‌ر و ته‌نانه‌ت کوڕی خۆیان. له شوێنی کار له لایەن خاوه‌ن کار و هاوکارانی پیاو. له شه‌قام و پارک و کۆڵانان کاتی پیاسه‌کردن و گەڕان و… و هه‌روه‌ها له لایەن ده‌سه‌ڵاتی حاکم به وڵات به‌ هۆی ئه‌و یاسا دژە ژنانەی دانراون و ژنان وەکوو ڕەگەزی دووهەم دادەنێن و مافیان پێشێل دەکەن. توندوتیژی دژ به ژنان ته‌نیا کوتان و لێدان و خوێناوی کردنی جه‌سته‌ نییه!

توندوتیژی دیاردەیەکی فرە ڕەهەندییە و نموونە دیارە و بەرچاوەکانی ئەمانەن:

جه‌سته‌یی:  ئازار گه‌یاندن به جه‌سته، پرچ کێشان، لێدان

دەروونی: گاڵته کردن به ژنان، جنێو ولاتاو، چه‌ند هاوسه‌ری و لێ ئه‌ستاندنی ئازادی که‌سی

ئابووری: دەسگرتن بەسەر ئابووریی خانەوادە لە لایەن پیاوان و بێبەشکردنی ژنان

ڕه‌گه‌زی: ناچار کردن بە سێکسی نابەدڵ له لایەن هاوسه‌رەوە، ده‌ست درێژیی سێکسی، بازرگانیکردن بە جەستەی ژنان.

سیاسی: بەرگرتن بە گەشە و پێشکەوتنی ژنان لە ڕێگەی دانانی یاسای دژ به ژنان.

زۆربەی دەروونناس و کۆمەڵناسان لەوبڕوایەدان توندوتیژی دژی ژن بە سێ شێوە دەکرێ:

۱- جەستەیی(کوتان و لێدان)

۲- سێکسی( دەست درێژی سێکسی یا بەزۆر پەیوەندی گرتنی سێکسی تەنانەت لەلایەن هاوسەریشەوە)

۳-دەروونی( قسە و نێو نیتەکە و ئازاردانی ڕووحی ژن)،

کە گەر لە باسەکە وردتر ببیەوە زۆرجار توندوتیژی دژی ژن لەباری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیش ڕوودەدات.

توندوتیژی، بێ‌باوەڕی و زەوتکردنی مافە ئینسانییەکانی ژنە لە لایەن بنەماڵە و کۆمەڵگاوە. توندوتیژی کاتێک ڕوودەدا کە کچێک ناچارە بۆ درێژەدان بە خوێندن، بۆ کارکردن ، بۆ چوونەدەرەوە لەماڵ و بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک ئیجازەی باوک و برا، تەنانەت برای چکۆلەتر لە خۆی وەرگرێت و ئەگەریش ژیانی هاوبەشی پێک هێنا ئیجازەی مێردەکەی! کاتێک ڕوودەدا کە لە کۆمەڵگادا کچێک کە نایەوێ یان بۆی نەڕەخساوە ژیانی هاوبەش پێکبێنێ سووک چاوی لێدەکرێ و بە قەیرە ناودەبرێ. توندوتیژی ئەو نێونیتکە و قسە ناشایستانەیە کە لە شەقام و کۆڵان بە ژنان دەکوترێ! ئەو نیگاهە هەرزانەیە کە وادەکا ژن نەتوانێ بە ئاسوودەیی هاتووچۆ بکات! ئەو بڕیارە تاک لایانەی کۆمەڵگەیە کە بێ ‌لەبەرچاو گرتنی ویست و تواناییەکانی ژن بۆ ئەنجامدانی زۆر کار بە شیاوی نازانێ و ڕێی لێدەگرێ!  ئەو کاتەی وێڕای زۆرتر بوونی ژمارەی ژنانی خوێندەوار لە دام و دەستگا ئیداریی و حکومییەکان کەمتر لە پیاوان وەردەگیرێن و موچەی مانگانەشیان لە پیاوان کەمترە! توندوتیژی کەڵک وەرگرتنی ئەبزاری لە ڕوخسار و ئەندامی ژنانە بۆ پەرەپێدان بە فرۆش و زۆر بوونی کڕیار! توندوتیژی ئەو قەفەسە تەنەگەیە کە بە نێوی سروشت و داب و نەریت و پشتیوانیی ئایین و دەسەڵات ژنانی تێدا یەخسیر کراون و ناچاری دەکەن بەو کارانەی کە بەدڵ پێی خۆش نییە بیکات: ئەوەی کە نەهێڵن دەرس بخوێنێت، نەهێڵن کار بکات، لە تەمەنی خوار ۱۸ ساڵ بە شووی بدەن، نەهێڵن بە دڵی خۆی پێبکەنێت، بگەڕێ، بیر بکاتەوە و بژی. توندوتیژی ئەو بێ باوەڕی و سنوور دانانە بۆ ژنانە کە وا دەکا خۆشیان خۆیان پێ کەم بێت! کاتێک ژنێک شکی هەیە بە خۆی و مرۆڤ بوون و تواناییەکانی و پێی وایە ئەگەر کوڕی نەبێ، مێردی نەبێ یان برای نەبێ بێهێز و زوڵم لێچووە و دەبێ بەزەییت پێیدابێت! کاتێک ژنێکی کورتەباڵا پێی وایە بۆ وەبەرچاو هاتن، پێویستە کەوشی ڕق و تەقی پاشنەبەرز لەپێ کات، یان بۆ جوانتر وەبەر چاو هاتن پێویستە ڕوخسار و لەشی خۆی بخاتە ژێر چەقۆی نەشتەرگەری! کاتێک ژنێک پێی وایە تەنیا خاڵی گرینگی ئەو وەک مرۆڤ ڕوخسار و لەش و لاریەتی و بۆ فڕێدانی زبڵیش دەبێ بچێتە بەر ئاوێنە و دەستێک بە ڕوخساری دابێنێ!  کاتێک کچێک بۆ بە دەست هێنانی دڵی کەسی بەرانبەری، پشت لە کەسایەتی خۆی دەکا و هەمووی وجوود و بیروباوەڕەکانی خۆی دەگۆڕێت!  توندوتیژی وەک پەتا وایە و لە کۆمەڵگە دا بڵاو دەبێتەوە، واتا بوونی توندوتیژی لە کۆمەڵگە و دەسەڵات دژ بە هاووڵاتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژی بە گشتی لە کۆمەڵگادا. توندوتیژی باوک ودایک دەبێتە هۆی توندوتیژ بار هاتنی منداڵان! جیا لە کاریگەری کۆمەڵگە و بنەماڵە زۆرجار لەوانەیە ڕووداوێکی سروشتی یان خراپی باری ئابووری و باری دەروونی( وەک ترسێک یان خەمێکی نادیار لەناخی مرۆڤ دا) ببێتە هۆی تووڕەیی و دڕندە خوویی کە بە توندوتیژی دژی مرۆڤەکان خۆی دەردەخات! بۆیەش یەکێک لەباشترین ڕێکارەکان بۆ پێشگیری لە توندوتیژی نەتەنیا گرینگی دان بە قوربانی بەڵکوو گرینگی دان بە تاوانبار و ڕوون کردنەوەی هۆکارەکانی ئەنجام دانی توندوتیژی لەلایان ئەو و پاشان ئیسلاحی کەسایەتیی توندوتیژیکەرە. توندوتیژی باوک و تەنانەت دایکیش ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مناڵەکان دادەنێت و لە زۆربەی حاڵات

 

دا کوڕانی توندوتیژ یان بە پێچەوانە ترسنۆک و بێ دەست و پێ وەبار دێنێت و دەبێتە هۆی بەخۆداشکانەوەی کچانی بنەماڵەکە و ترس لە پیاو.

توندوتیژی دژی ژن، مناڵ و بەگشتی دژی مرۆڤ تاوانە و جۆرێک نەخۆشی دەروونییە و هیچ کات، هیچ تاکێکی کۆمەڵگە نابێ دژی هیچ شێوەیەک لە توندوتیژی  بێدەنگ بێت، بەڵکوو پێویستە بێدەنگی بشکێنێت و کەسی توندووتیژکەر وەک نەخۆشێک دەرمان و چارەسەر وەربگرێت.

ژنان لە زۆربەی حاڵتدا بێدەنگی وەک چارەسەرێک لەبەرانبەر توندوتیژی هەڵدەبژێرن! زۆربەی ژنان، تووڕەیی و توندوتیژی پیاوەکەیان وەک ڕەفتارێکی ئاسایی پیاو لەبەر چاو دەگرن و لە بەرانبەری دا بێدەنگ دەبن، لە حاڵێک دا ئەو ڕەفتارانە بە هیچ شێوە ئاسایی نین و دەبێ بە هاوکاری دەروونناس ڕێگەچارەی بۆ بدۆزرێتەوە ئەگینا ئەو هەڵسوکەوتە نابەجێیانە لە درێژخایەن دا کاریگەری خراب لە سەر باری دەروونی هەمووی تاکەکانی ئەو بنەماڵەیە دادەنێت.

لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە ئەو پیاوانەی توندوتیژی دژ بە ژنان بەکار دەبەن کێشەی دەروونیان هەیە. ئەو پیاوانەی بە منداڵی توندوتیژی بەرانبەر بە ژنانی بنەماڵەکەیان کراوە، پیاوانی بێ مەسئولیەت و بێ‌تاقەتن و ئەو پیاوانەی هەست بە پووچی دەکەن، زۆرتر توندوتیژی دژ بە ژنان بەکار دەبەن. زۆربەی ژنان بەتایبەت له وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا، بێکار و بێ داهاتن و ژیانیان لەباری ئابوورییەوە بە پیاوانی خانەوادەکەیانەوە بەستراوەتەوە و ڕاوەستان لە بەرانبەر زوڵم و توندوتیژیی پیاوان مەترسیی بێبژیوی و ئاوارە بوونیان دەخاتەسەر. لە لایەکی دیکەشەوە زۆریەک لە بنەماڵەکان لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگای بە کولتوری کۆن تەنراودا جیابوونەوە لە هاوسەر بۆ کچان عەیب و ناشیرینە، کچەکانیان ناچاردەکەن درێژە بە ژیانێکی هاوبەشی نەخوازراو و پڕ لە زوڵم و توندوتیژی بدەن.

ژمارەیەکی دیکە لەو ژنانە لەبەر ئەوەی جیابوونەوە یان ڕاوەستان لەبەرنبەر هاوسەر ژیانی  منداڵەکانیان دەخاتە مەترسی، دم ناکەنەوە و هەمە جۆرە لەبەرانبەر توندوتیژی دا خۆ ڕادەگرن و ئاگاداری ئەوە نین کە لەوانەیە ئەو کارە کاریگەرییەکی خراپتر لەسەر منداڵەکانیان دابنێت. یەکێک لە خراپترین هۆکارەکان کە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان درێژە بەم جۆرە ژیانە بدەن ئەوەیە کە ژنانێک هەن کە پێیان وایە، توندوتیژی نواندنی پیاوان نیشانەی گرینگیدانیان بە ژنەکانیان یان خۆشەویستیی ئەوانە!! واتە ئەوە بە ڕەفتارێکی ئاسایی پیاوانە دەبینن!!

دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان لە کاتی شەڕ، جۆرێکی دیکە لە توندوتیژی دژ بە ژنانه کە له زۆربه‌ی شه‌ڕه‌کان دا وه‌ک شێوازێک بۆ بەجۆکداهێنانی بەرانبەر لە ڕێگەی بێڕێزی کردن و چکۆلە کردنەوەی ژنانەوە که‌ڵکی لێوه‌رده‌گیرێ. جه‌سته‌ی ژنان وه‌ک به‌شێک له گۆڕه‌پانی شه‌ڕ دێتە ئەژمار. زۆربه‌ی جار جه‌سته‌ی ژنان وه‌ک غه‌نیمه‌تی شه‌ڕ چاولێدەکرێ، یان لە ژێر ناوی خەسارە لاوەکییەکانی شه‌ڕ له‌ به‌ر چاو ناگیرێ. له شه‌ڕی جیهانی دوویه‌م نزیکه‌ ۱۴هه‌زار ژنی ئاڵمانی، ئینگلیسی و فەڕانسەوی لەلایان سەربازانی دوژمن  ده‌ست درێژی سێکسیان کرایه سه‌ر. له شه‌ڕی داعه‌ش، بە هه‌زاران ژنی کوردی ئیزدی له لایەن داعه‌شه‌وه ڕفێنران و بوونە کۆیلەی سێکسی و تا ئێستاش چارەنووسی ۳٥۰۰ کەس لەو ژنانە نادیارە. زۆربەی ئەو ژنان پاش تەواو بوونی شەڕ تووشی نەخۆشی دەروونی دەبن و ناتوانن وەک مرۆڤێکی ئاسایی درێژە بە ژیان بدەن. نەتەوە یەکگرتووەکان دەست درێژی سێکسی بۆ سەر ژنان لە کاتی شەڕ دا وەک، تاوان دژی مرۆڤایەتی باس دەکات.

دەبێت سەرنج بدەین کە گێڕانەوە و بەسزاگەیاندنی دەستدرێژیکار نابێت کۆتایی ڕێگا بێت، بەڵکوو ئامانجی ئێمە دەبێ بزووتنەوەیەکی بەکۆمەڵ بەرەو داخوازییە بنەڕەتییەکان بێ کە دەست لەسەر توتدوتیژی بنەمایی دژی ژنان دابنێت و ببێتە هۆی گۆرانکارییە پێکهاتەییەکان. گرینگ نییە کە توندوتیژی چۆن روو دەدات! چ لەباری جەستەیی، چ لە باری سێکسی ، چ بە قسە و چ لەباری ئابووری، توندوتیژی وێرانکەرە، نامرۆڤانەیە و دەبێ ڕابگیرێ.

توندوتیژی دژی ژنان بێ سنوورە، کات و شوێن ناناسێ و هەموو کاتێک و لە هەموو شوێنێک و لەلایان هەمووکەسەوە تەنانەت خودی ژنانیش ڕوو دەدات!

#نابۆتوندوتیژیدژیژنان

#بێدەنگی_بشکێنین

#بەرەو_یەکسانی