ڕاسییزم و سێکسیزم پێناسەی کۆماری ئیسلامین

✍ئەسعەد دوروودی

بەمدواییانە بڵاوبوونەوەی چەن گرتەی ڤیدیۆیی کە لە ڕوانگەی زۆرکەسەوە بێحورمەتی بە گەلی کورد و ژنانی تێدابوو کاردانەوەی بەرینی لێکەوتەوە، کاردانەوەکان هەم لەبابەت ئەژمارەوە بەرین بوون و هەم لەبابەت شێوازی ڕوانینەوە. هەر لە بۆچوونی توندڕەوانە لە دژی ئەو قسانە کە لەبەر ئەوەی کەسەکە بە فارسی قسە دەکا هێرشێکی ناڕەوایان کردبووە سەر نەتەوەی فارس تا دەگاتە بۆچوونهایەک کە مێژوویەک ستەمی نەتەوەیی و هەوڵ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد و ڕەشکردنی سیمای بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردستان و هەوڵ بۆ بە ژن کوژ و دژە ژنبوون ناساندنی لە لایەن حکوومەتەکانی زاڵ بەسەر کوردستاندا نابینن و وەکوو ئەوەی مێژوویەکی وەها نەبێ و نەبیندرا بێ بەلای بابەتەکەدا تێپەڕ دەبن.

لە ڕاستیدا هیچ جۆرە بەرگێکی نەتەوەیی و خەڵکی لە خۆیدا هەڵگری هیچ شانازی یان سەرشۆڕییەک نییە. بەرگی کوردی کە بەشێکی پێناسەی نەتەوەیەکە هەم نموونە بەرزەکانی مرۆڤایەتیی لە نێو کورددا پۆشیویانە و هەم کەسانێک کە لە ئەژماری خراپترین و نامرۆڤترین کەسەکانی سەر گۆی زەوین.

بۆچی خەڵکی کوردستان بەو ڤیدیۆانە تا ئەوپەڕی خۆی تووڕەن و دژایەتیی ئەو قسە و کردارەیان کردووە؟

خەڵکی کوردستان مێژوویەکی درێژی خەباتیان هەیە کە بە فۆرم و ناوەرۆکی جۆراوجۆر هەوڵی ڕزگاری لە ستەم و چەوسانەوەی داوە و ئێستاشی لەگەڵ بێ هێشتا ژێردەست و زوڵملێکراوە. دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانەی کە کورد تێیاندا نیشتەجێیە لانیکەم بەدرێژایی مێژووی هاوچەرخ بە شێوەی سیستماتیک هەوڵی تواندنەوەی گەلی کوردیان داوە، لە بەشێک کوردیان بە تورکی کێوی ناوبردووە و حاشایان لە بوونی کردووە و زمانەکانیان قەدەغە کراوە، لە بەشێکی دیکە کورد کراوەتە ئەسیلترین ئێرانی و مەرزداری غەیوور و هەوڵدراوە بە زۆر و لە ڕێگەی دەزگای تەبلیغی و پڕۆپاگاندای حکوومەتییەوە پێناسەکەی لێداماڵن، لە شوێنێکیش تەنانەت لە ناسنامەی ئەو وڵاتەبێبەشیان کردوون و لە ئەژماری دانیشتوانی وڵاتیشدا حیسابیان نەکردوون.

هاوکات و لە یەکێک لە گرینگترین هەوڵەکانی ئەو دەسەڵاتانەدا کە حکوومەتی دژە ژنی کۆماری ئیسلامی یەکێکیانە، ویستوویانە سیمای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان ڕەش بنوێنن و وای نیشانبدەن کە کورد بە گشتی مرۆڤی دژە ژن و ژن کوژ و دواکەوتوویە و ئەوە بە مافخوازی و خەباتی نەتەوەیی کوردستانەوە گرێ بدەن. بەداخەوە ئەم شیوازە بۆچوونە تەنها تایبەتی دەسەڵاتە داگیرکارەکان نییە و لە ناو بازە لایەنێکیشدا کە خۆیان بە چەپ دەناسێنن ڕەواجی هەیە و وەکوو ئامرازێک بۆ هێرش کردنەسەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان بەکاریدێنن. دیارە بەداخەوە لە کوردستانیش وەکوو زۆر شوێنی دیکەی جیهان دۆخی ژنان لەبار نییە و مافخوارن و ستەم لەسەریان لە ئاستێکی بەرزدایە و ژن کوشتن و دیاردەی نامرۆڤانەی دیکەیش بەرانبەر بە ژنان زۆرن بەڵام ئەمانە هیچیان پەیوەندییەکیان بە خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری لە ستەمی نەتەوەییەوە نییە. بەپێچەوانە ڕزگاربوونی کوردستان لە دەسەڵات دواکەوتوو و ئاینییەکان و کاریگەریی خراپیان لەسەر خەڵکی کورد، دەتوانێ و دەبێ ڕێخۆشکەری هەوڵ بۆ یەکسانی و دەستەبەرکرانی مافەکانی ژنان بێ.

پاش مێژوویەک لە بێمافی و ستەم و چەوساندنەوە و هەوڵ بۆ سڕینەوەی نەتەوەی کورد لە تەلەڤیزیۆنی یەکێک لە تاوانبارە گەورەکانی ئەو ستەمە واتە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کەسێک بە جلی کوردی دەڵێ جلی شوانی و پرسیار دەکا کە ژنانی کورد قسە دەکەن؟ ئەمە لە ڕاستیدا هەم هەوڵ بۆ حاشاکردن لە بوونی گەلی کورد بە پێناسەی کولتووریی تایبەتی خۆیەتی و هەم هێرشی یەکێک لە دژە ژنترین دەسەڵاتەکانی مێژووی هاوچەرخە بۆ سەر گەلی کورد بە ناوی دژن بوونەوە هاوکات ناوەرۆکی دواکەوتووانەی کولتووری دەسەڵات بەرانبەر بە توێژێکی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا واتە شوانەکان دەنوێنێ.

خەڵکی کوردستان و نەتەوەی کورد حەقیانە لەبەرانبەر ئەو شێوە سیاستماتیکەی هەوڵی دەسەڵاتدارانی ئێران و ئۆرگانە حکوومەتییەکانیان بۆ تەحقیر و بێحورمەتی پێکردن و بێماف ڕاگرتنی گەلی کورد، کاردانەوەیان هەبێ و قەبووڵی نەکەن. بەشی تێگەیشتوو و ڕووناکبیری کۆمەڵگای ئێمە شوانی بە عەیب نازانێ بەڵام دەزانێ ئەو کارە بەشێک لە هەوڵی سەدان ساڵەی ڕاسیستەکانە بۆ نکۆڵی کردن لە نەتەوەیەک و سڕینەوەی کولتوور و پێناسەی کولتووریی ئەو نەتەوەیە، بۆیە بە توندترین شێوە کاردانەوەی دەبێ و ملی بۆ کەچ ناکا. دیارە زۆر گرینگە کە لەم بەرەوڕووبوونەوەدا لە زمانێکی دوور لە ڕاسیسم و سێکسیزم کەڵکوەرگرین و هێرشەکەمان نەک بۆ سەر نەتەوەی دیکە بەڵکوو بۆ سەر ئەو سیستم و ڕوانینە بێ کە تەحەمولی ڕەنگاوڕەنگ بوونی کۆمەڵگا و بوونی کەسانی دیکە کە لەوان ناچن، ناکات.