هزری ژن، هێزی گۆڕانە…!
عەزیز
ئەگەر بمانەوێ لە کوردستان قۆناغێکی نوێ لە مێژووی هاوچەرخ بۆ پێناسەی خەباتی ژنان بۆ وەدەستهێنانی ماف و ئازادییەکانیان دەستنیسان کەین، ئەوە شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن ژیان ئازادی لە مانگی خەرمانانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی، دەتوانێ دەسپێکی ئەم قۆناغە بێ بۆ خەبات و ئازادی و یەکسانی کە زۆر زوو بوو بە هێمای مافخوازیی نەتەنیا ژنان بەڵکوو گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگا.
شۆڕشی ژینا بە پێشانگەیەتی لاوانی نەوەی نوێ لە کوردستان سەریهەڵدا و بەخێرایی هەموو سنوورەکانی تێپەڕاند و وەک پێویستییەکی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش دەرکەوت. ئەگەرچی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان خاوەن مێژوویەکی دوورودرێژن، بەڵام ژن ژیان ئازادی توانی ڕەنگ و بۆنێکی تازە ببەخشێ بە بزووتنەوەی سەرتاسەری لە ئێران و ڕزگاری بکات لە دیسکۆرسی ئایینی و پیاوسالاری و بەتایبەت ئیسلاحخوازی دەوڵەتی.
پرسی یەکسانی لە کوردستان و بایەخدان بە بەشداری ژنان لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و لەوانە سیاسەت، بەشێکی سەرەکی لە ڕوانین و مێژووی خەباتی کۆمەڵە و ژنان و پیاوانی تێکۆشەری چەپ و سۆسیالیست بووە و دەورێکی گرنگی لە گەشەی پۆتانسیل و توانای ژنان بەتایبەت لە پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی گێڕا. شۆڕشی ژینا پەیوەستە بەو بەستێن و خەباتەی کە زیاتر لە چوار دەیەیە لە کوردستان دژی دەسەڵاتی دژە ژن و دواکەوتووی کۆماری ئیسلامیی بەردەوامە و درێژەی تێکۆشانی یەکسانیخوازانی کوردستانە بۆ ڕزگاری لە پیاوسالاری.
خەبات و بەرەنگار بوونەوە دژی سیاسەتە دژە ژنەکانی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە دەستی پێکرد و تائەمرۆش درێژەی هەیەو ناشی هەوێ لە وەستان کەوێ و تا گەیشتن بە ويست و خواستەکانی بەردەوام دەبێ.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان ئەو ڕاستییەی سەڵماند کە ژنانی کورد لە کوردستان دەتوانن پێشەنگ بن و ڕۆڵی ڕێبەر بگێرن و شان بە شانی پیاوان لە سەنگەردابن بۆ نەمانی بیری قێزەونی پیاوسالاری و لە گۆڕنانی دیکتاتۆڕەت و نەمانی داگیرکاریی لە کوردستان.
بە دڵنیایەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە بێ بەشداریی بەرینی ژنانی تێکۆشەر و خەباتکار لە شێواز و ئاستی جۆراوجۆردا نەیدەتوانی لەم ئاستەی ئەمڕۆدا بەردەوام بێ و ئەو دەسکەوتانەی ئەمڕۆی بەدەست بێنێ. بزووتنەوەی کوردستان بە بێ ئیرادە و خۆڕاگری ئەو دایکانەی کە وێڕای لە دەستدانی ڕۆڵەکانیان بە ورەی بەرزەوە راوەستاون و بوونەتە هیوابەخشی شۆڕش، خاوەنی ئەم سەربەرزی و شکۆی ئەمڕۆی نەدەبوو. کەم نەبوون و نین ژنانێک لە زیندانەکان خۆڕاگرانە ڕاوەستان و گیانیان بەختکرد، ئەو پێشمەرگە ژنانەی کە ئازایانە وەستانەوە و سەرەڕای هەموو ئاستەنگی و ڕێگرەکان لە خەبات بەردەوام بوون. هەموو ئەو ژنانەی کە لە ژێر دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامیی کۆڵیان نەداوە و پەرەیان بە توانا و هزری خۆیان داو بە تایبەت لە شۆڕشی ژینا حەماسەی گەورەیان خولقاندووە، خۆڕاگری دایکانی بەندکراوی سیاسی، دایکانی گیانبەختکردووان و هەوڵی بێ وچانیان لە زیندوو راگرتنی ورەی خەباتکارانە و تێکۆشانیان، خاڵی بەهێز و جێگەی شانازیی شۆڕشی کوردستانن.
کوردستان بۆ ئەوەی بگاتە ئازادی و سەربەستی و یەکسانی پێویستی بە هێزی مەزنی هەموو توێژەکانیەتی و ژنان دەورێکی یەکلاکەرەوەیان لە خەباتی ئەمڕۆ و داهاتووی کوردستان دەبێ و بەشداریی ژنان لە ڕێبەرایەتیی شۆڕشدا لە پێویستییە سەرەکییەکانی داهاتوویەکی گەش بۆ بزووتنەوەی کوردستان و کوردستانی پاش ڕزگاری لە دەستی داگیرکەرانە.
ئێمە وێڕای ڕێز گرتن لە مێژووی پرشنگداری ژنان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا، بە ئەرکی خۆمان دەزانین وەک هەمیشە بەشدار و ئاڵاهەڵگر و پاڵپشتی خەباتی ژنان بۆ یەکسانی بین و توانا و هێزی ئەوان لە هەموو ئاستەکانی کاری حێزبی بۆ سەرخستنی بزاڤی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان زیاتر لە بەرچاو بگیرین و دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێنین بە مافی خۆیان لەو بوارەشدا بگەن.
سەرکەوێ خەباتی ژنان بۆ گەیشتن بە مافەرەواکانیان.