ناکۆکی نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامی لە خولی دووەمی هەلبژاردنەکانی مەجلیسدا
کاوان موکری
لە ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ۲۱ خەرمانان، خولی دووەمی هەلبژاردنەکانی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی لە ۱۰ ناوچەی ئێران بەڕێوە چوو. ئاماری بەشداری کردنی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە هەلبژاردنەکاندا دەتوانێ سەرنج ڕاکێش بێت. بە پێی ئەو ئامارانە، کێشەی گەورەی کۆماری ئیسلامی، کەم بوونەوەی ڕادەی بەشدار بووان لەو هەلبژاردنانەدایە.
لە خولی یەکەمی هەلبژاردنەکاندا بە پێی ئامارە رەسمیەکانی حکوومەت لە حاڵەتی نێونجی دا لە سەتا ۴۶ خەڵکی ئەو ناوچانە لە هەلبژاردنەکاندا بەشداریان کردبوو بەڵام لەم خولەدا تەنیا لە سەتا ۱۹ بەشداری هەلبژاردنەکەیان کرد.
لە چوار ناوچە لەو ۱۰ ناوچەیە ئاماری بەشداربووان کەمتر لە سەتا دەی ئەو کەسانەیە کە دەیانتوانی لە هەلبژاردنەکاندا بەشداری بکەن.
بۆ نموونە لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ۸۶۸ هەزار کەس خاوەن دەنگی ئەو شارە تەنیا ۴۶ هەزار و ۳۵۳ کەس لە هەلبژاردنەکەدا بەشداربوون(لە سەتا ۵.۳ خاوەن دەنگەکان)، هەروەها لە پارێزگای ئەلبورز تەنیا ۴۱ هەزار و ۵۹۶ کەس لە یەک ملیۆن و ۷۵۰ هەزار کەس خاوەن دەنگی ئەو پارێزگایە لە هەلبژاردنەکەدا بەشداریان کرد.
بەڵام هۆی دابەزینی بەشداربووان لە هەلبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی دا چییە ؟
تا ڕادەیێک دەتوانین هۆکاری دابەزینی ژۆمارەی بەشداربووان لە نێو ئەو خاڵانەی کە لەم ژێرەدا باس دەکرێت بدۆزینەوە:
۱- نائومێدبوونی گەلانی ئێران لە هەلبژاردنەکان بە تایبەت لە دوای هەلبژاردنی سەرۆک کۆماری سالی ۹۶ هەتاوی؛
بە بێ گۆمان یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی پشتکردنی خەڵکی ئێران لە دەنگ دانە جیاوازەکان دەتوانین لە بەرەنجام و نەتیجەی هەلبژاردنی ساڵی ۹۶ هەتاویدا بدۆزینەوە. بەرەنجامی دەنگ دانی گەلی ئێران بە حەسەن ڕۆحانی بە دلنیایی زۆر جیاوازی لەگەڵ ئاواتەکانی خەڵکی ئێران بە تایبەت کەسانێک بوو کە هیوای گۆڕانکاریان لە رێگای سندووقی دەنگەوە هەبوو.
۲- ڕوون بوونەوەی زۆرتری فکر و بیری گۆڕان خوازەکان بۆ خەڵکی ئێران؛
بە تایبەت لە دوای لایەنگری گۆڕان خوازەکان لە حەسەن ڕۆحانی و نا ئومێد بوونی خەڵک لە گۆڕان کاری لە کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژ بە ڕۆژ خەڵکی ناڕازی لە فکر و بیری گۆڕان خوازەکان دوورتر بوونەتەوە و ئەو کەسانە بە حیزبێک بۆ لایەنگری لە حکوومەت و درێژە پێدان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دەبینن.
۳- ناڕەزایەتی ئابووری گەلی ئێران بە تایبەت لە چەند ساڵی ڕابردوودا؛
لە دوای سزای ئابووری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەسەر کۆماری ئیسلامی بە بۆنەی دەست تێوەردانی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و هەروەها گەندەڵی سیستەمی ئابووری سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی، رۆژ بە رۆژ بارودۆخی ئابووری ئێران روو لە خراپ بوونی زۆرترە و ئەو مەسەلە بۆتە هۆی ناڕەزایەتی زۆری گەلی بە تایبەت کرێکاری ئێران
۴- خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی رابردوو بە تایبەت خۆپیشاندانی خەزەڵوەری ساڵی ۹۸ و بێڕەحمی و کۆشتاری خەڵکی برسی و ناڕازی لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی؛
لەو خۆپیشاندانەدا بە پێی هەواڵی ڕویترز زۆرتر لە ۱۵۰۰ کەس لە خۆپیشاندەران لە لایەن هێزەکانی بێڕەحمی کۆماری ئیسلامیەوە شەهید بوون و چەند هەزار کەسیش دەست بەسەر کران کە هێشتا لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدان.
۵- لە سێدارەدانی بەند کراوان و ناڕازیانی دژ بە کۆماری ئیسلامی بە بیانووە جیاوازەکانەوە؛
کۆماری ئیسلامی وەک هەموو ژیانی ۴۱ ساڵەی خۆی، بۆ ترساندنی ناڕازیان و خەڵکی ئێران دەستی کردووە بە لە سێدارە دانی بەندکراوانی دژە کۆماری ئیسلامی هەتا بەو شێوەیە بتوانێ تەمەنی خۆی بۆ چەند ساڵێک درێژتر بکاتەوە. بۆ نموونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە داخەوە «نەوید ئەفکاری» یەکێک لە دەستگیرکراوانی خەزەڵوەری ۹۸ بە بیانووی کۆشتنی یەکێک لە هێزە ئەمنیەکانەوە(کە بە پێی قسەکانی خۆدی نەوید ئەفکاری، لە ژێر ئەشکەنجەیێکی زۆردا دانی بەو کۆشتنەدا نابوو) لە سێدارە درا کە ناڕەزایەتیێکی زۆری نێو دەوڵەتی و نێو خەڵکی لێ کەوتەوە و بوو بە هۆی دژایەتی زۆرتری خەڵکی ئێران لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
هەمووی ئەو خاڵانەی کە باس کرا و هەروەها چالاکیەکانی ئۆپۆزیسیون بوونەتە هۆکاری کەم بوونەوە و دووری خەڵک لە دەنگ دانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا.
یەکێک لە گرینگترین دەنگ دانەکان لە کۆماری ئیسلامیدا دەنگ دانی سەرۆک کۆماریە کە بۆتە پڕۆپاگەندەی حکوومەت لە ئاستی جیهانی بۆ نیشان دانی خۆشەویستی خۆی لە نێو خەڵکدا. گرینگی ئەو هەلبژاردنە لە حاستێکدایە کە هەر کات کە هەست بە لاواز بوونی دەکرێت خامەنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی بانگەشەی بەشداری بۆ هەلبژاردن دەکات.
بەو ڕادەی ناڕەزایەتیەوە و بە پێی بەشداری کردنی لاواز و کەمی خەڵکی ئێران لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا بە بێ گۆمان هەلبژاردنی ساڵی داهاتووی سەرۆک کۆماری زۆر بە لاوازیەوە بەرێوە دەچێت و ئەو مەسەلە دەبێتە هۆی بێ هێزتر بوونی کۆماری ئیسلامی لە داهاتووی ئەم وڵاتەدا.
هەر ئەو جۆرەی کە حکوومەت هەوڵ دەدا کە ڕێژەی بەشدار بووانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە جۆزەردانی ساڵی ۱۴۰۰ هەتاویدا بەرز بکاتەوە، دەبێ هەموو ئۆپۆزیسیونیش بە روون کردنەوەی رۆخساری راستەقینەو خوێناوی کۆماری سێدارە هەوڵ بدەن کە ئەو ئامێری پرۆپاگەندەیە لە دەستی کۆماری ئیسلامی بستێنن و بە هاندانی خەڵک بۆ نەچوونە سەر سندووقەکان بە هەموو جیهانی نیشان بدەن کە کۆماری ئیسلامی هیچ جێگا و شوێنێکی لە نێو گەلی ئێراندا نەماوە.