تێبینێکی سیاسی لەمەڕ شەپۆلی نوێی کوشتنی خۆپیشاندەران لە ئێران و کوردستان

لە قۆناغێکدا کە قەیرانی ئابووری و کۆمەڵایەتی گەیشتووەتە بنبەست و ناڕەزایەتییە گشتییەکان لەهەڵکشاندان، دەسەڵاتی زاڵ بەسەر ئێران ڕێگایەکی تری بۆ مانەوەی دەسەڵات هەڵبژاردووە: ئەویش سەرکوتکردن و کوشتن و بڕینی خەڵکە بە قێزەونترین شێوەکان. بەپێی هەڵسەنگاندن و زانیارییە کۆکراوەکان، هەزاران خۆپیشاندەر ـ کە ژمارەیان لە ١٢ هەزار کەس زیاتر تێپەر دەبێ ـ ژیانیان بە دەستی هێزەکانی رژیمی ئیسلامیی و بەکرێگیراوانیان لەدەستدا. ئەم کوشتنانە لە سەرتاسەری ئێران بە ڕادەیەکی زۆر ڕوویداوە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاو، گەنج و پیر و منداڵ نەکراوە.
بەپێ هەواڵەکان کە بە سەختیش سنورەکان دەبەزێنن و لە تۆرەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو دەبنەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومتی خوێنڕێژی ئیسلامیی لە ترسی ڕوخان دەستیان نەپاراستووە و دڕندانە دەستڕێژیان لە خەڵکی راپەڕیو کردوە. ئەو جینایەتانەی رژیمی ئیسلامیی بە جۆرێکە کە لە ناو گیانبەختکردواندا مێرمنداڵ و تەنانەت منداڵیش دەبیندرێ. ناڕهزایهتی و ڕاپهڕینی بەرفراوان له زۆربهی شارهکانی ئێران و کوردستان رویانداو و سات بهسات بەربڵاوتر بوون. لاوانی ڕاپهڕیوی شارەکان ڕووبهڕووی هێزهکانی ڕژیم بونهوه و ڕێگا سهرهکیهکانی شاریان کۆنتڕۆڵ دەکرد و بەمجۆرە تا لە توانایان دابوو پاشەکشەیان بە هێزی سهرکوتکهری ڕژیم دەکرد.
رۆژهەڵاتی کوردستان تێکڕا و وەک ئەرکی هەمیشەیی خۆیان بۆ پاڵپشتی نوێترین نارەزاییەتییەکان مانیان گرتوو بازارو شەقامی رۆژهەڵات نوقمی بێدەنگی بوو.دانیشتووانی زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بازاڕ و دووکانەکانیان داخست و لە ماڵەوە مانەوە، شەقام و کۆڵانەکان چۆل بوون و ئەوەی بەدی دەکرا، هێزێکی زۆری سەربازی و ئەمنیی بوون. بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لەلایەن چالاکانی مەدەنییەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاودەکرانەوە، مانگرتن و داخستنی دووکان و بازاڕ لە هەموو شارەکانی کوردستان بەڕێوەچووبوون. بە دوای کۆتایی هاتنی مانگرتن لاوان و ژنان و پیاوانی شۆرشگێری کوردستان بە دەنگی دلێری خۆیان مانگرتنیان شکاندو لە ماڵەکانی خۆیان هاتنەدەرەوەو لە دووهەمین چالاکی خۆیان شەقامیان لە ئامێز گرت و وێڕای خەڵکی ناڕازی لە سەرتاسەری ئێران دروشمی نا بۆ دیکتاتۆریان وتەوە و روخانی دەسەڵاتیان بۆ جارەکی تر کردە ئامانج.
هەڵسووکەوت و سەرکوت و کوشتن و بڕینی خەڵک لە لایەن هێزە دژە شۆرشەکانی کۆماری ئیسلامیی کە زۆربەیان لە هێزە نیابەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە وڵاتانی هاوسێ پێکدەهاتن، ناتوانرێت تەنها وەک «هەڵەی ئەمنی» یان «هەڵوەشاندنەوەی ناڕەزایی» تێبگەین. ئەمە بەرهەمی سیستەمێکە کە ژیانی مرۆڤ تێیدا نرخی نییە و پاراستنی دەسەڵات لەسەر هەموو شتێک پێشترە. سیستەمێک کە هێزی سەرکووت و ئایدیۆلۆژی فاشیزم و سامان لە یەکدا کۆبوونەتەوە بۆ سەرکوتکردنی زۆربەی کۆمەڵگا.
ئەوانەی هاتنە سەر شەقامەکان، نە هێزی دەرەکی بوون و نە ئامانجیان تێکشکاندنی کۆمەڵگا بوو. زۆربەیان خەڵکی زەحمەتکێش، خوێندکار، مامۆستا، ژنان و گەنجانی بێداهاتوون. داواکارییان ڕوون بوو: ژیانێکی شیاوی ئینسانی، حورمەت، ئازادیی رادەربرین و کۆتاییهاتن بە چەوساندنەوەو هەژاری بوو. بەڵام لە وەڵامدا، حکومەت زمانێکی تری بەکارهێنا: زمانی کوشتن بە چەکی قورس و نیوە قورس.
کوشتن لە شەقام، تیرباران کردنی بێئاگاداری، دەستبەسەر کردن و مردن لە زیندان، ئەم شێوازە نیشان دەدات کە دەسەڵات هیچ باوەڕێکی بە چارەسەری سیاسی و گفتوگۆ نییە و تەنها هێز دەناسێت. لەو شوێنەدا کە دەوڵەت دەبێت پارێزگاری ژیانی هاوڵاتیان بێت، خۆی بووتە سەرچاوەی ترس و مەرگ.
لە چوارچێوەی شیکردنەوەی چینایەتی، ئەم کوشتنانە ئامانجیان بێدەنگکردنی چینە زەحمەتکێشەکان و کوژانەوەی دەنگی ناڕازی هاووڵاتیانە . دەسەڵات دەزانێت کە هەر کاتێک ئەم چینانە یەکگرتوو بن و داوای مافی خۆیان بکەن، بنچینەی دەسەڵاتەکەی لە مەترسی دەکەوێت.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، زۆر دەوڵەت و دامەزراوە قسە لە مافی مرۆڤ دەکەن، بەڵام کردارەکان پێچەوانەن. بێدەنگی و نیوەهەنگاویان ڕوون دەکات کە لە جیهانی سەرمایەداری، ژیانی مرۆڤ زۆرجار لە ژێر بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکاندا دەشکێنرێت.
یادەوەری ئەوانەی ژیانیان لەدەستدا نابێت تەنها بە خەم و ماتەم سنووردار بێت. ئەم یادەوەرییە دەبێت ببێتە هێزێکی هۆشیارکەرەوە، هێزێکی ڕێکخستن و هاوپێچی. خوێنی خۆپیشاندەران بە تۆمارێکی مێژوویی دەگۆڕدرێت کە نیشان دەدات گۆڕان، هەرچەند قورس و درێژخایەن بەڵام لە دڵی بەرگری و خۆڕاگریدا دەست پێدەکات. ئەم تێبینییە بانگێکە بۆ ئەوەی تاوان لەبیر نەکرێت، چونکە لەبیرکردن یەکسانە بە دووبارەبوونەوەی تاوان.
