گرفتەکانی منداڵان و بنەماڵەکانیان لە بەرەبەری کردنەوەی خوێندنگاکاندا

خوێندنگاکاندا

✍ سامان سنە

خوێندنی منداڵان لە ھەموو شوێنێکی ئێران و کوردستان بەگشتی بوارێکی پڕ لە دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بێ ھەژمارە بۆ بنەمالە کرێکاریی و زەحمەتکێشەکان و منداڵەکانیان. بنەمای کۆمەڵایەتی ھەموو ئەم نیگەرانیانە سەرچاوەیەکی چینایەتی و ئابووری ھەیە و پەیوەندیی بە دۆخی بژیو و داھاتی کرێکاران و ئەو کەسانەوە ھەیە کە حەقدەست وەردەگرن و لە دۆخێکی نالەبار بە حەقدەستێکی کەم و بژی و مەمر یان بێکارێدا ژیان تێدەپەڕێنن.
منداڵانیش بۆ خۆیان شەریکی ئەم گرفتەن کە لە سەر شانی باوک و دایکەکان کەڵەکە بووە و نیگەرانی ئەوەن کە لە خوێندن و قوتابخانە و ھاو تەمەنەکانیان بەجێ نەمێنن.
یەکەم کێشە پەیوەندیی بە پێگەی داھات و حەقدەستی کرێکاران و ئەو کەسانەوە ھەیە کە حەقدەست وەردەگرن. ئەمساڵ کرێکاران لەگەڵ دەرکردن و بێکاریی بەربڵاو لەگەڵ حەقدەستی کەم کە بژیوی ژیان و گوزەرانێکی نۆرماڵ و ئاسایی دابین نەدەکرد، بەرەوڕوو بوونەوە و ئەمەش داھاتووی خوێندنی منداڵی ئەم کرێکار و زەحمەتکێشانە لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو دەکاتەوە و ئەو کەسانەی کە لە ژێر ھێڵی ھەژاری و نەداریی دەژین، زۆر دژوارە بتوانن پێداویستیەکانی خوێندن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن.
بە پێی راپۆرتە فەرمیەکانی رژیم، ٥٠٪ لە منداڵانی بەجێماو لە خوێندن بە ھۆی نەخوێندەوار بوونی باوک و دایکەکانیان و دەستڕانەگەیشتن بە قوتابخانە و منداڵە کەمئەندامەکانن کە لە خوێندن بەجێ دەمێنن.
لە رژیمی کۆماری ئیسلامیدا داتا و ئامارێکی راست و دروست لە رێژە وازھێنانی منداڵان لە خوێندن و منداڵانی بێبەش لە خوێندن لە بەردەستدا نیە و ئەو ئامارگەلە کە لە دووتۆی وتار و توێژینەکاندا بڵاو دەبێتەوە، باس لەوە دەکەن کە ھەموو ساڵێک زیاتر لە ٤ میلیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش دەبن و تەنیا لە ساڵی ١٣٩٧ بە پێی راپۆرتی وزارەتی پەروەردەی رژیمی ئیسلامی ئێران، زیاتر لە ٣ میلیۆن و نیو منداڵ لە خوێندن بەجێ ماون.
کێشەیەکی دیکە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کوشندەی کۆرۆنایە کە، دۆخی خوێندنی بۆ منداڵان و بەتایبەتی منداڵانی بنەماڵە کەمداھات و کرێکارییەکانی دژوارتر لە ھەمیشە کردووە و ئەمەش بووەتە ھۆی پەرە سەندنی رێژەی ئەو منداڵانە کە وازیان لە خوێندن ھێناوە یان بێبەش لە خوێندنن.
وەگەڕخستنی تۆڕی پەروەردە بە ناوی کاناڵی شاد بۆ سیستەمی وانە وتنەوە لە رێگای دوور و بە شێوەی ئانلاین، بۆ خۆی کێشەیەکی جددیە بۆ منداڵان و خوێندەواران ساز کردووە و بە ھۆی ئەوەیکە بنەماڵە کرێکارییەکان توانای کڕین و کەڵک وەرگرتن لە کاناڵی شادیان نیە منداڵەکانیان لە خوێندن دوا دەکەون.
بە وتەی کاربەدەستانی پەروەردە و بارھێنانی رژیم، نەبوونی سیستەمی ئینتێرنێتی یەکپارچە و دەستڕانەگەیشتن بە پێداویستیەکانی بۆ بەرنامە تەلەڤیزیۆنیەکان لە سەرانسەر ئێران و بەتایبەت لە ناوچە پەراوێز خراو و بێ بەشەکان لە دێھاتەکاندا، ھۆکاری سەرەکی دواکەوتنی منداڵان و مێرمنداڵان لە خوێندنە.
خەبات بە خوێندنی بێ بەرامبەری منداڵانی بێ بەش و بنەماڵە کرێکاریی، بەشێکی بەرچاو لەو خواستە رەوا و بەرحەقەیە کە دەبێ پێداگریی لەسەر بکەین و بە ئامانجی بگەیەنین.
نابێ بھێڵین منداڵان واز لە خوێندن بھێنن و کەڵک وەرگرتن لە میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی ھەنگاوێکر گرنگ لە رێکخستنی خەبات بۆ خوێندنی بێ بەرامبەرە و بە ساز کردنی کاناڵەکانی تێلێگرام و ئینستاگرام، بەشێک لە خواستی منداڵانە لە چوارچێوەی خوێندن لە رێگای میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە و دەبێ ئەم خواستە بەجێ بگات.
بەداخەوە سیستەمی پەروەردەی رژیم لە رێگای کاربەدەستانی قوتابخانەکانەوە بنەماڵەی قوتابیانیان مەجبوور کردووە کە دەبێ بە ھەر شێوەیەک کە بووە دەبێ کەلوپەلی بێھداشتی لەوانە ژلی دژەگەن کردن، ماست و دەسکێش و ھتد… دابین بکەن و تەنانەت جلی خوێندنی تایبەتیشیان بۆ دابین بکەن و لانیکەم ھەفتەیەک دوو جار بەڕێیان بکەن بۆ قوتابخانە و ئەگەر ئەو کارە نەکەن یەک ساڵ لە خوێندن بەجێ دەمێنن و ئەم کێشەیەش بە بنەماڵەی قوتابیان و بەتایبەت بنەماڵە ھەژار و دەستکورتەکان لەم کاتی بڵەو بوونەوەی ڤایروسی کۆرۆنا نیگەرانی و دڵەڕاوکەیەکی زۆری بۆ ساز کردوون.