خۆکوژی لە ئێران، ئاکامی نایەکسانی

خۆکوژی لە ئێران

سەرچاوە: بی بی سی
✍ وەرگێران لە فارسییەوە: سروە مستەفازادە
ئاماری خۆکوژی لە ئێران ڕوو بە بەرز بوونەوەیە، بە پێی ئاماری وەزارەتی تەندوروستی، خۆکوژی ھەموو ساڵێ ٪‏٥ زیاد دەکات و تەنیا لە ساڵی ١٣٩٧ نزیکی سەدھەزار ھەوڵی خۆکوژی بە فەرمی لە ئێران تۆمار کراوە. ئاماری خۆکوژی لەو پارێزگایانەی هەژاری تێیاندا بەرزترە لە چاو ناوچەکانی دیکە زیاترە و ھەروەھا لە نێوان ژنان دا زۆرتر لە پیاوان بووە. لەم ساڵانەی کۆتاییدا ھەموو ڕۆژێ ھەواڵی خۆکوژیی ژنان، کرێکاران و تازەلاوان دەبیسترێ.
بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی سەلامەتی دەروونیی وەزارەتی تەندوروستی، بێ ھیوایی بە داھاتوو یەکێک لە گرینگترین ھۆکارەکانی گوشاری دەروونی لەسەر خەڵکە. نەبوونی ئەمنییەتی کاری، قووڵبوونەوەی کەلێنی چینایەتی لە کۆمەڵگا، ھەڵاواردنی ئاشکرای ڕەگەزی، نەداری بەرین و لەخوارەوەبوونی ئاستی ئاسوودەیی گشتی قەیرانە سەرەکییەکانی ئەمرۆی کۆمەڵگای ئێرانن. خەڵک بە ھۆی نەدۆزینەوەی ڕێگای دەرچوون لەم قەیرانانە و نەبوونی دەرفەتی دەربازبوون لەو دۆخە ، ھەوڵی خۆکوشتن دەدەن. ئەم ڕاپۆرتانە نیشانەدەری ئەوەن کە ھۆکاری خۆکوژی لە ئێران، بەرلەوەی بە پێی بڕیاری تاکەکەس یا بارودۆخی دەروونی تاک بێت، دەگەڕێتەوە سەر پێکھاتەی لێنەھاتووی سیاسی-کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا. لە کۆمەڵگایەک کە پڕە لە گرفتی سیاسی-کۆمەڵایەتی، خەڵک بەرەو خۆکوژی پاڵپێوەدەنرێن.
شوێنێک کە نان و برسییەتی تێیدا وەک یەک دابەش ناکردرێن
نەبوونی، داماوی و مردن لە پەنای یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی سامان، وێنەی ژیانی ئەم ڕۆژانەی کرێکاران لە ئێرانە. لە دوای شەڕی ئێران و عراق، دانی پرۆژەکان بە کەرتی تایبەتی یان دانی بەشێک لە کارەکانی ناوەندەکان بە کەرتی تایبەت گرینگترین ھەنگاوی دەوڵەتان بووە. بەشی کرێکاران لە ھاوردەکردنی بێ حیسابی شتومەک، لاوازبوون و وەرشکست بوونی ناوەندە سەنعەتیەکان، دواکەوتنی مووچە و بێکاری بووە. ماوەیەک لەمەوبەر ژمارەیەک لە کرێکارانی دەرکراوی «ھفت تپە» بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە نەگەڕاندنەوەیان بۆ سەرکار، ھەوڵیاندا خۆیان ئاگر تێبەردەن بەڵام ھاوکارانیان ڕێگەیان پێنەدان. لێکۆڵینەوە لەو خۆکوژییانە سەرەڕای ئەوەی باسیان دەکرێ و بڕیاری لەسەر دەدرێ بەڵام لەبەر هۆکار و سەرچاوەکەیان دەبێتە مەسئەلەیەکی ئەمنییەتی و دەشاردرێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێرییەکانی ناخۆی ئێران خۆکوژی لە ئێران لە بەرز بوونەوەدایە و زیاد بوونی خۆکوژیی سەرشەقامی بەشێک لەم بەرز بوونەوەیە. لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی ١٣٩٨ نزیکی ٤٧ کەس هەوڵی خۆکوشتن لە شوێنە گشتییەکانیان داوە.
ئەم خۆکوژییانە نیشانەی کۆتایی ھیوا بە ژیانی کرێکارانێکە کە تاقەتی دڕێژەپێدان بەم شەڕە بێکۆتاییە هەموو ڕۆژەیان نەماوە و هاوکات لە ڕوانگەی سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە، دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو سیاسەت و ڕەوتەیە کە دەبنە ھۆی ئەم خۆکوژییانە. خۆکوژی لە هەموو جیهان وەکوو شێوازێکی دەربڕینی ناڕەزایی سیاسی شتێکی نامۆ نییە و زۆرجار لە مێژووودا ڕوویداوە. بە گشتی ئەم شێوازە خۆکوژییە، کردارێکی کۆمەڵایەتی- سیاسیی مانادار و خاوەن مەبەستە بۆ نواندی ناڕەزایەتی بەرانبەر سیاسەتی دەوڵەت و سەرکوتکاریی دەسەڵاتداران. یەکێک لە نموونە کارێگرەکانی ئەم جۆرە خۆکوژییانە لە مێژووداە، خۆسووتاندنی «دیچ کوانگ دوک» لە ساڵی ١٩٦٣ بوو، کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە ئازاردرانی بووداییەکان، دیکتاتۆری، گەندەڵیی ماڵی، نەبوونی دادپەروەری حکومەتی« نگودین دیم» سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ویتنامی باکوور لە شاری سایگۆن، خۆی لەبەر چاوی خەڵک ئاگر تێبەردا.
لە ڕاستیدا ڕووی ئەو خۆکوژییە ناڕەزایەتییانە نەک هەر دەوڵەت و دەسەڵاتداران بەڵکوو لە خەڵکیشن. ئەوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە کەمتەرخەمیی بیروڕای گشتی بەرانبەر بە بێ عداڵەتی و سەرکوتی دەوڵەت خۆیان دەکوژن. ئەم کەسانە دەیانەوێ بەو کارەیان ناڕەازی و تووڕەیی گشتی بۆ هەوڵ بۆ چاکسازی و گۆڕان هەڵخڕێنن. تەنانەت زۆرجار بەردەنگی ئەو ناڕەازییانە نەک هەر خەڵکی شوێن و وڵاتێک بەڵکوو ڕای گشتیی جیهانە کە ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکان دەوری گرینگیان لەوبارەوە دەبێ.
خۆکوژی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە ئێران؛ ئاخرین هەوڵی ناڕازیان
بە پێی یاساکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران خۆکوشتن و بەتایبەتی خۆکوشتن لە پێش چاوی خەڵک و لە شوێنە گشتییەکان تاوانە بەڵام سەرەڕای ئەوەش ئاماری خۆکوژی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
پاش هاتنەسەرکاری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دەوڵەتی نوێ بە پشت بەستن بە پڕوپاگەندەی بەهێزی خۆی، دەستی دایە سەرکووت، لەناوبردن و کوشتارێکی سیستێماتیکی بەرین. ڕەوتی خێرا و بەرینبوونی ئەو سەرکوتانە وای کرد کە ئەو خۆکوژییە ناڕەزاییانەی لەو ساڵانەدا ڕوویاندا نەکەونە بەرچاو و لە ئاکامدا ناڕەزایەتییەکی بەرچاویان بەرانبەر بە بە سیاسەتی دەوڵەت لێنەکەوتەوە. ژمارەیەکی کەم لەو خۆکوژییانەی کە دەنگدانەوەیان ھەبوو لە لایان کەسانێک بوون کە پێشینەی سیاسیان ھەبووە.
کەم بایەخ نواندنی ھۆکاری خۆکوژیی ناڕەزایەتی و پەیوەندیدانیان بە مەساییلی تاکەکەسی و کێشەی دەروونی تەنها هەوڵی دەوڵت و دەسەڵاتداران نەبووە، سڕینەوە و شاردنەوەی ھۆکاری گشتیی ناڕەزایەتێکان و ناساندنی ئەو کەسانە وەکوو نەخۆش و تاوانبار و سەر بە بێگانە و سەرکووتکردنیان بە بیانووی ھێرش بۆ سەر داموودەزگا یاساییەکانی حکوومەت و لە هەمانکاتدا هەوڵ بۆ نیشاندانی ئەو خۆکوژییە ناڕەزاییانە وەکوو کارێک بۆ بەرژەوەندیی تاک و نەک کۆمەڵگا، لە شێوازی باوەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانم. حکوومەتی ئێران لە رێگای پەرەپێدان و ئاسایی کردنەوەی تووندوتیژی لە کۆمەڵگا، وای کردوە کە ئەو خوکوژییانە نەبنە هۆی کاردانەوەی بەرین و دوروست بوونی شەپۆلێکی بەھێزی ناڕەزایی، لە فەزای گشتی کومەڵگادا.
لە کۆمەڵگا دێمۆکراتیکەکاندا بەھۆی ھەبوونی سیستمی دەنگدان و حیزبەکان، خۆکوژی ناڕەزایەتی شێوەیەکی باو و ئاسایی نییە. لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتە توتالیتێرەکانیشدا بە ھۆی ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زانیاری و لە ئاکامدا نەبوونی دەنگانەوە نێونەتەوەیی ئەم شێوازە زۆر کاریگەر نییە. لە ئێران لەم چەن ساڵی ڕابردوودا بە ھۆی سەرکووتی بەرینی سەندیکا کرێکارییەکان و نەبوونی ڕێکخراوەی ڕێکخراوەی سەربەخۆ بۆ داکۆکی لە مافی کرێکاران، خەساری جەستەیی و دەروونی لە شوێنی کار یەکجار زۆرن. لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکاندا کاریگەری ناراستەوخۆی ناڕەزایەتی پێوەندیی بە زنجیرەی درێژ و ئالۆزی «ھۆ و ھۆکرد» ەوە ھەیە. بۆ نموونە ڕێژەی کاریگەریی خۆکوژیی ناڕەزایەتی پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بڵاوبوونەوەی لە دەزگاکانی گشتیی ڕاگەیاندن و ئەو ناڕەزایەتییانەەوە هەیە کە لە فەزای مەجازیدا بەدوایدا دێن.
خۆسووتاندنی ژنان؛
بە ھۆی لێنەھاتوویی دامەزراوە مەدەنیە دەوڵەتییەکان وەکوو بێھزیستی و گوشاری سەر دامەزراوە ناحکوومەتییەکان لە ئێران و نەبوونی پشتگرتنی پێویست لە بنەماڵەکان لە ناوچە هەژارنشینەکان، ئاماری خۆکوشتن لەو ناوچانە زۆر بەرزە.
کۆتایی مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٩، ھەواڵی دڵتەزێنی خۆکوشتنی «زێنەب» مێرمنداڵی یازدەساڵەی ئیلامی بەھۆی نەداری، بڵاوبۆوە. ھۆکاری ئەسڵی ئەم خۆکوژییە نەداری و دەسکورتیی خانەوادەکەیبوو کە تەنانەت نەیانتوانی لە گۆڕستان قەبرێکی بۆ بکڕن و لە نزیک ماڵەکەی خۆیان ئەسپەردەیان کرد. بەڵام بەرپرسان گرینگییان بەو مەسەلەیە نەدا. تەنانەت بەرپرسی بێھزیستیی ئیلام ڕایگەیاند کە بە پێی قسەکانی خانەوادەی ئەو منداڵە، کچەکەیان نیشانەکانی خەمۆکی ھەبووە و چۆن بنەماڵەی لە سەر ئەو گرفتە زانیارییان نەبوو نەیانتوانیوە نەخۆشیی دەروونیی ڕۆڵەکەیان چارەسەر بکەن. ئەمە دەریدەخا کاتێک تەنانەت مناڵێک لە ناوچەیەکی هەژارنشێن خۆی دەکوژێ و کاردانەوەی بەرینیشی دەبێ، بەرپرسانی حکوومەتی بەبێ سەرنج دان بە کەلێنی چینایەتی و نابەرابەریی کۆمەڵایەتی، خۆی لێ گێل دەکەن و دەیانەوێ وەکوو گرفتێکی دەروونی بینوێنن. تەنانەت ئەگەر کەسێک کە خۆی دەکوژی گرفتی دەروونیشی هەبێ هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانەکانی ناو کۆمەڵگا. بنەماڵەکان بە ھۆی ڕێژەی کەمی داھات و نەبوونی ڕێگەیەک بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان، ناتوانن پێداویستیە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن، قووڵتربوونەوەی هەژاری خەڵک تووشی گرفتی ئەستەمتر دەکا.
ئاماری وردی خۆکوژیی ژنان لە پارێزگای ئیلام لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئاماری ئەو هەوڵە خۆکوژییانەی بوونەتە هۆی مردن لە ناو بێکاران و ژنانی ماڵدار زۆرترە. خەڵکانێک هەن کە دوای ساڵانێک تەحەمول و چاوەڕوانی جیا لە خۆکوژی و خۆسووتاندن، چارەسەرێکی دیکە بۆ ڕزگاری لەم بارودۆخە ئەستەمە نادۆزنەوە. خۆسووتاندنی ژنان بە مانای ویست و خواستیان بۆ مردن نییە، بەڵکوو ھاوارێکە بۆ داوای یارمەتی و تێگەیاندنی خەڵک لە گرفتەکانیان.
بارودۆخی نالەباری خانەوادەکان و کۆمەڵگا، ڕێخۆشکەریی زۆرینەی ئەم خۆکوژییانەیە، کە تاوانێکی بێدەنگە دژی ژنان و بۆتە ئاکارێکی باو. خۆکوژیی ژنان چ بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بێت یان نا، بابەتێکی چینایەتی و جنسییەتییە و قوربانییەکانی لە چینی هەژاری کۆمەڵگا و کەسانێکدایە نە دۆخی ئێستایان بۆ تەحەمول دەکرێ و نە هیوایەکیان بە گۆڕانی هەیە. ئەم خۆکوژییانە لە ڕاستیدا هاوارێکی ناڕەزایی و مافخوازانەیە بۆ گۆڕینی دۆخی کۆمەڵگا.
چەن نموونە لە خۆکۆژی ناڕەزایەتی لە ئێران کە کاردانەوەی لێکەوتووە؛
*٢١خاکەلێوەی ١٣٩٩؛ عومران رەوشەنی موقددەم، یەکێک لە کرێکارانی مەیدانی نەوتی «ھوەیزە» بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە نەدرانی تەنیا ٥٠٠ھەزار تمەن پێشەکی مووچەکەی، لە مەیدانی کۆمپانیای نەوت خۆی لە سێدارەدا.
*ساڵی ١٣٧٢ لە مەیدانی تەجریش لە تاران؛ خۆسووتاندنی ھوما دارابی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حیجابی زۆرەملی
* ساڵی ١٣٦٦ نیووشا فەرەهی یەکێک لە ئەندامی ڕێکخراوی فەداییانی خەڵق، کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە درێژەپێدرانی شەڕی نێوان حکوومەتەکانی ئێران و عێراق خۆی لەبەر دەم بینای فێدراڵی لۆس ئانجلێس، لە کاتی سەفەری خامنەایی سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران بۆ نیۆیۆرک ئاگرتێپەردا.
*خۆکۆژیی سەحەر خودایاری، کە پاش هەوڵی بۆ چوونە ناو ستادیۆمی فووتباڵ بۆ بینینی یارییەکی فووتباڵ دەسگیر کرابوو و دواتر کە زانی حوکمی ٦ مانگ زیندانی پێدەدرێ، خۆی سووتاند و گیانی لەدەست دا.