هەناردە کردنی نەوتی ئێران

هەناردە کردنی نەوتی ئێران

✍ الف. م. س.

هەناردە کردنی نەوتی ئێران
لە ١٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا گەیشتووتە ١،٥٠٠،٠٠٠ بەرمیل (رۆژنامەی ڕۆیتێرز)

چەند ڕۆژێک لەمەوە بەر ڕۆژنامەی ڕۆیتێرز ئاشکرای کرد کە ھەناردەی نەوتی ئێران لە ڕۆژێ ١٠٠-١٥٠ ھەزار بەرمیلەوە گەیشتۆتە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل نەوت، ئەم ھەواڵە ڕەنگە دەرخەری ئەم دەنگۆیە بێ کە ڕۆژنامەی ئەلجەریدەی کویەتیش وێرای ڕۆژنامەی ڕۆیتێرز دەریانخستووە کە لەوانەیە دانوستانەکانی ئێران و ئامریکا بە نھێنی و لە پشت پەردەوە و دوور لە چاوی میدیاکانی جیھان دەستی پێ کردبێ و ئەم دوو وڵاتە ناکۆکە گەیشتبێتنە خاڵی پێکھاتن. ھیچ لە ڕاستییش بەدوور نییە چون حەوتوویەک لەمەوبەر ئایەتووڵا خامەنەیی لە نوتقێک دا وێڕای پشتگیری لە شەڕی ماڵوێرانکەری هەشت ساڵەی نێوان وڵاتی عێراق و ئێران، ئاماژەی بە بڕیاری ئەو سەردەمی ئایەتوڵڵا خومەینی کرد بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕ واتە “خواردنەوەی جامی ژەھر” کە ئایەتوڵڵا خامەنەیی ئەو کارەی ڕێبەری ئەوکاتی ئێرانی پێ کارێکی ژیرانە بوو و بە بڕوای عەلی خامنەیی ئەم ھەڵوێستە ھەڵوێستێک بووە کە بە پێی بیرکردنەوە بڕیاری بۆ دراوە(عمل مدبرانە). دەکرێ ئەم وتەیەی ڕێبەری ئێستای ئێران بە چرا سەوزێک دانێین لەسەر ڕەزامەندی کەسی یەکەمی ئێران بۆ دەستپێکردنی وتووێژ و دانوستانەکان لەگەڵ دوژمنە سەرەکییەکان واتە ئامریکا. ئەم جۆرە هەڵوێستە لەلایەن ڕێبەری ئێرانەوە چەن ساڵێک پێش ئێستا بۆ دانووستانەکانی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتانی پێنج زێدە یەک کە بە ئەنجامی بەرجام گەیشت، یەک لا کەرەوە بوو. ئەو کات ڕیبەری ئێران بە نێوی خاونواندنی قارەمانانە(نرمش قهرمانانە) چرای سەوزی بە تیمی ئێران دا بۆ پاشەکشێ کردن لەسەر پرۆسەی ئەتۆمی لەگەڵ ئامریکا و وڵاتانی ئوروپایی.
گەر بڕوانینە ئەم چەند ساڵەی ڕابردووی وڵاتی ئێران بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم وڵاتە کە سەردەمانێک بە پشتیوانی کردنی خۆی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و شەڕێک کە بە کەفالەت بە کەسان و گرووپانی تری دەکرد واتە شەڕی نیابەتی؛ چ ئاژاوەیەکی لە ناوچەدا نابۆوە و چۆن بە ئاڵۆزکردنی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین جێی خۆی کردبۆوە لە موعادلاتی ناوچەکەدا، ئێستا چۆن خراوەتە پەڕواێزەوە و چۆن دەستیان لە ھەموو شوێنێک بڕیوەتەوە. بارودۆخی نالەباری ڕامیاری و ئابووری بە ھۆی ھێنانەوەی گەمارۆکانی ئابووری لە لایەن ئامریکاوە وەکوو نەهێشتنی ھەناردەکردنی نەوت و گەمارۆی ئەو کەسایەتی و بانک و کۆمپانیانەی کە پەیوەندیان بە سپای ئێرانەوە هەیە و هەر وەها گەمارۆی هاوردە کردنی کەرەسەکانی ھەڵێنجانی نەوت و کەرەسەی تایبەت بە فڕۆکەوانی و ھەزاران پێداویستی تر لە لایەکەوە و بە هۆی یاسای نێودەوڵەتی (ئێی.ئێف.تی.ئێف) کە کوێرکردنەوە و بەستنی هەموو ئەو قاچاخە ڕێگایانە بوو کە ئێران پارە و شتومەکی شەڕ و تیرۆری بۆ گرووپە توندئاژؤکان و وڵاتانی تیرۆریستی ناوچەکە دەنارد لە لایەکی دیکەوە دزەی سیاسی ئێرانی لە عێراق و سوریە و یەمەن و و لوبنان و فەلەستین کەم کردەوە و پڕۆسەی هەناردە کردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی تا ڕادەیەکی بەرچاو تووشی گێچەڵ کرد ھەروەھا لە ھەموویان گرینگتر پێکھاتنی دوو وڵاتی ئێمارات و بەحرەین لەگەڵ دوژمنی دنیای عەرەب واتە ئیسراییل، ئێرانی لە ھەموو کات زیاتر خستە پەڕاوێزەوە و پتر بەتەنێ ھێشتۆتەوە و کاریگەرییەکی بووە لەسەر ناوچەکە کە تەنیا سەری ئێران بێ لەو بەینەدا کە بێ کڵاو مابێتەوە.
کۆی ھەموو ئەم ھۆکارانە وای کردووە کە ھیچ لە ڕاستی دوور نەبێ کە بۆ جارێکی کە ئێران لە بنەوە و بە نھێنی خۆی بە دەستەوە دابێ بۆ ھاتنە سەر میزی دانوستانەکان و پێشتریش ئەم ئەزموونە دووپات و دە پات بووتەوە و هەرکات ئێران هەستی بە مەترسی کردبێ و ئەسڵی نیزام بە قەولی دەستەڵات داران کەوتبێتە ئەگەری نەمانەوە، زۆر بە هاسانی لە ویست و داخوازیەکانی پاشەگەز دەبێتەوە و هەرجار بە جۆرێک یا قارەمانێکی نەرمی لێ دەردێت و یا جامی ژەهرێک هەڵدەقوڕێنێ و خۆی لە تەڵە دەرباز دەکا و تەسلیمی ویستی زلھێزێکی وەک ئامریکا دەبێ کە ئەوەش سەرەتای دۆڕاندنێکی دیکەیە بۆ وڵاتێک کە خەون و خولیای ئەوە بوو ڕێبەری دنیای ئیسلام بە عۆدە بگرێ و ھیلالی شیعی پێک بێنێ و ببێتە ئاڵاھەڵگری شەڕی دژی ئیمپریالیسم.