قەیرانی ئابووری و سەرکوتی سیاسی لە ئێران…..

0
محەمەد حەکیمی

شێرکۆ بێکەس لە کتێبی دەربەندی پەپوولە دەڵێت؛ لاوەکە! تەماشا! 

ئەم مێرگی غوربەتە ئازاری چەند سەوزە

چەند تەڕ و پاراوە ئالووزی گوڵ گوڵیی

ئەم مێژووی وڵاتی حەسرەتە. 

لاوەکە! بڕوانە

ساڵانێکە بە سەرکوت و سوکایەتی تێدەپەڕێ، سەرکوت بووەتە شتێکی باو لە ئێران و هەر کەس داوای مافی خۆی بکات، بە شێوەیکی زۆر دڕندانە سەرکوت دەکرێت، دوای شەڕی دوانزە ڕۆژەی رژیم لەگەڵ ئیسرائیل زیندانەکان پڕ بوون لە گەنجانی ئێرانی بە تایبەتی کورد. ساڵی ڕابردوو لانیکەم زیاتر لە ٢٥٠ ژن لەلایەن هێزە ئەمنیتیەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کراون و هەر دوای شەڕی دوانزە ڕۆژە زیاتر لە ٢٠هەزار کەس بە بیانووی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل گیراون و چەندین کەس لە دادگا ڕووکەشییەکانی ڕژیم تەنها بە بیانووی کارکردن بۆ ئیسرائیل لە سیاچاڵەکانی ڕژیم لە سێدارە دراون.

ڕژیمێک کە لەناوخۆدا بە دەست دەیان قەیران و کێشەوە دەناڵێنێت؛ لەلاێکەوە شەڕی باڵەکانی دەسەڵات لەسەر جێگرەوەی خامنەیی ٨٤ ساڵە چووەتە قۆناغێک، کە چەقەڵەکان کەوتونەتە گیانی یەکتر و کۆمەڵێک پشتیوانی لە حەسەن خومینی، مجتبی خامنەیی یا ڕۆحانی دەکەن، لەلاێکی دیکە کۆماری ئیسلامی ئێران کێشەیەکی جدی دیکەی هەیە  و ئەویش بریەتییە لە کەڵکەڵەی ڕژیم سەبارەت بە گرانی و ترس لە ڕاپەرین و هەروەها ترس لە شەڕێکی دیکە لەگەڵ ئیسرائیل، رژیم باش دەزانێت لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر شەڕێک، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆکاری لەناوچوونی و هەر بۆیە چەن ڕۆژی ڕابردوو دەستی دا بە مانورێکی نیزامی و دەیان موشەکی بالستیکی تاقی کردەوە و ئەوەش وایکردوە کە “نتانیاهۆ” مەترسی ئەو مانۆرە لەگەڵ ئامریکا باس بکات و ئەگەری هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران لە ئارادا بێت.

بەڵام پسپۆڕەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە شەڕی ناوخۆیی ڕژیم هیچ هێمایەکی چاکسازی ئابووری یان دەوڵەتداری تێدا نییە و هەر بەو شێوە کۆن و ناچالاکانەی جاران وڵات بەڕێوە دەچێت، بەشێکی زۆر لە شەڕی ئەمجارەی ناو باڵەکانی رژیم ئاماژەیە بە قەیرانی ئابووری و ئەوان باش دەزانن کە دۆخی خەلک تا ڕادەی تەقینەوە بەرز بوەتەوە و ئەوەش وادەکات خەڵک بێنە سەر شەقام و کۆماری ئیسلامی ئێران لەوە دەترسێت و جەماوەری ئێرانی بەهۆی دۆخی ئابووریەوە هیچی بۆ نەماوەتەوە و دواشتێک کە بۆی ماوەتەوە شەقامە و شەقام.

لەلایکی دیکەوە داڕمانی بایەخی دراوی ئێران و گران کردنی بەنزین وایکردوە کە هەموو شتومەکەکان چەندین قات گرانتر بن، هەڵبەت بەرزبوونەوەی دۆلاریش یەکیکی دیکە لە هۆکارەکانی گران بوونی شتومەکی خواردن و شتەکانی دیکەیە و گەمارۆکانیش بە هۆی سیاسەتی هەڵە و پشتیوانی لە گرۆپە نیابەتیەکانی بۆ خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران بوونەتە باری سەر بار. ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی ڕێژەیی بەرواردی نرخی شیر لە کاتی شۆڕشی گەلانی ئێران و داگیرکردنی ئەو شۆڕشە لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە هەتا زەمەنی ئێستا بکەین، دەبینین لە نرخەکەی ٣٥ هەزار بەرانبەر گرانتر بوە و هەر ئێستا لانیکەم ٤٠ بۆ ٤٥ میلیۆن ئێرانی ناتوانن شیر و ماست بکڕن و ئەوەش وایکردوە کە شیر و ماست ببێت بە خواردەمەنی گرانبەها. 

گوشت کە یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکانی خەڵکە لە چاو ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لانیکەم ١٦٠ هەزار بار گرانتر بووە، ئەوەی کە دەبینین نموونەگەڵێکن لە گرانی شتومەکی خواردن. هەروەها خانەنشینکراوەکان مانگانە لانیکەم دە تا پانزە میلیۆن مووچە وەردەگرن، رەقەمێک کە لە چاو دۆلاری ١٣٣هەزاریدا تەنها ١٠٠ دۆلار دەکات، هاوکات لەگەل دۆخی خانەنشینکراوەکان، هێڵی هەژاری ٥٨ میلیۆن تمەنی تێپەڕاندوە و خانەنشینکراوەکان تەنانەت ناتوانن دەوا و دەرمانی خۆشیان بکڕن. پسپۆڕان لەسەر ئەو باوەڕەن تا سەری ساڵی نوێی هەتاوی لانیکەم ٦٠ میلیۆن خەڵکی ئێران دەکەونە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

لەلایکی ترەوە؛ کاریگەری کۆمەڵایەتی ئەم سیاسەتەی ڕژیم وایکردوە کە خەڵک حسێب و بەرنامەی داهاتوو و پاشکەوتی خۆیان لە دەس بچێ و هیچ ڕۆچنێک بۆ دوارۆژی خۆیان نابیننن و بێ هیوایی بە سەر خەڵکدا پەرەی سەندووە. ناڕزایەتی هەمیشەیی مامۆستایان و خانەنشینکراو و کرێکارەکان لە شارە جیاوازەکان و وڵام نەدانەوەی رژیم و گرنگ نەبوونی ژیانی خەڵک بۆ ئەو ڕژیمە وایکردوە لە ئێران بە گشتی ژیان بوەستێت.

لە کۆتاییدا ئەم دۆخە وایکردووە دزی شتومەکی خواردن زۆر زیاد بکات، تەمەنی ڕاهاتوویی بە مادە سڕکەرەکان هاتووەتە ژێر ١٣ ساڵ، هەروەها لەش فرۆشی هاتووەتە ژێر تەمەنی ١٠ ساڵ و پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی منداڵان کە خودی ڕژیم پڕوپاگەندەی بۆ دەکات بەشێکن لەو دیاردە دزێو و ناحەزانەی بەرۆکی خەڵکی گرتووە. خەڵک ئێستا بۆ ئەوەی بتوانن لانیکەم لە ژەمە خواردنەکاندا شتێک لە سەر سفرەکانیان بێت بە قەرز شت دەکرن و تەنانەت باوکی و دایکی ئیرانی لە شەوی یەلدادا نەیانتوانیوە شەوچەرەیەک بکڕن و ئەوەش بووە بە بەشێک لە ژیانی زەنگینانە و خەون بۆ بنەماڵەی ئێرانی و ئەم گۆڕانە وایکردوە کە بەشێکی بەرچاو لە باوک و دایکانی ئێرانی نەتوانن شەوی یەلدا جەژن بگرن و وەک جاری جاران بە دڵخۆشی لە لای یەک کۆببنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *