دووبەرەکیی نەتەوەیی لە ورمێ، کەڵکی سیاسی بۆ تاران

✍کاوان موکری

ماوەیەک لەمەوپێش بە بڵاو بوونەوەی کلیپێکی گۆرانیی کوردی و هەڵپەڕکێی گرووپی دیلان لە کاناڵی یەکی تەلەویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، کێشە و دووبەرەکیی نەتەوەیی لێکەوتەوە. ئەو کلیپە گۆرانییە لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تۆمار کرابوو کە هەر ئەو بابەتە بوو بە هۆی ڕەخنەی سەختی تورکە توندڕەوەکانی وڵاتی ئێران. بە بڕوای ئەو کەسانە ورمێ یەکێکە لە شارگەلی تورک نشین و کوردەکان وەک میوانێکی کۆچ کردوو بۆ ئەو شارە لە قەڵەم دەدەن و هیچ مافێک بۆ نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ئەو شارە بەڕەسمی ناناسن.

لە دوای ئەو هێرشەی تورکە توندڕەوەکان بۆ سەر کوردانی دانیشتووی پارێزگا و شاری ورمێ، کوردەکانی دانیشتووی ئەو شارە و هەر وەها هەموو کوردانی ڕۆژهەڵات بە هێنانەوەی بەڵگە مێژووییەکان کوردستانی بوونی ئەو شارەیان دووپات کردەوە و هەروەها لایەنگری خۆیان لە گرووپی هەڵپەرکێی دیلان ڕاگەیاند.

بەڵام جگە لە باسی مێژویی کوردستانی بوونی شاری ورمێ، پلانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سازکردنی ئەو ئاژاوەیە لە ئێستادا دەتوانێ چ بێت؟

لە دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ۹۶ هەتاوی وهاتنە سەر کاری حەسەن ڕۆحانی کاندیدای پەسەند کراوی گۆڕان خوازەکانە حکوومەتییەکان، دۆخی ئابووری و سیاسی وڵاتی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر بووە هەتا ئەو ڕادەیەی کە بڕوای خەڵکی مەدەنی ئێران بە گۆڕان خوازی لە ڕژیمی کۆماری ئێسلامیدا هەتا ڕادەیێکی زۆر کەم بۆتەوە و ئەو مەسەلە دەتوانێ ژومارەی دەنگ دەران لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆمار و شۆڕای گوندو شار هەر وەک هەڵبژاردنی پێشووی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی کەم بکاتەوە. ئەو مەسەلە بۆتە مەترسیێکی گەورە لەسەر دەسەڵاتدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و بە هەموو شێوەیێک هەوڵ دەدەن هەتاکوو ئەو ژومارەیە لە دەنگ دانی داهاتوودا بەرز بکەنەوە.

لە ڕابردووی هەڵبژاردنەکاندا بۆ بەرز ڕاگرتنی ئاماری دەنگدەران هەموو کات لە چەند شێوازێک کەڵک وەرگیراوە:

۱- یەک خستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار لەگەڵ شۆڕای گوندوو شار، هەتاکوو خەڵک بۆ دەنگ دان بە خزم و کەسوکاری خۆی لە کێبەرکێی شۆڕای شار بچێتە سەر سندوقی دەنگ دان و ژومارەی دەنگ دەران بەرز ببێتەوە. بە پێی ڕاگەیاندنی وەزیری نێوەخۆی کۆماری ئیسلامی لە سەتا ۹۱ ی کاندیداکانی شۆڕای گوندوو شار بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پەسەند کراون هەتاکوو پیلانی دەنگ بە خزم و کەس بە ڕێکو پێکی بەڕێوە بچێت.

۲- خراپ نیشان دانی یەکێک لە کاندیداکانی سەرۆک کۆماری بۆ هان دانی خەڵک بۆ دەنگ دان بە کاندیدایێکی دیکە، واتە هەڵبژاردن لە نێوان خراپ و خراپتردا.

لە چوار ساڵی پێشوودا خەڵک بەو دڵنیاییە گەیشتووە کە هیچ یەک لە کاندیداکانی پەسەندکراوی شۆڕای نیگابان هێزی گۆڕانکاری نییە و هەوڵ بۆ گۆڕانکاری لە سیستەمی گەندەڵ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامیش نادات و ئەو سیستەمە گشتخواز و دیکتاتۆرییە گۆڕان تێدا مومکین نییە.

ژومارەی کەمی دەنگ دەران لە هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا باس لە ئاگادار بوونەوەی خەڵک لە شێوازەکانی حکومەت دەکات، هەر لەبەر ئەو بابەتە ڕژیم هەوڵ دەدات بە شێوازگەلی جیاواز ژومارەی دەنگ دانەکان بەرز بکاتەوە.

ورمێ بە پێی ئامارە فەرمیەکان یەکێک لە ۱۰ شاری گەورەی وڵاتی ئێرانە و هەموو کات کۆماری ئیسلامی هەوڵی داوە خەڵکی دانیشتووی ئەو شارە بە پیلانە جۆراوجۆرەکان بۆ دەنگ دان هان بدات هەتاکوو ئاماری دەنگ دانەکان بۆ نیشان دانی گونجاوی خۆی لە میدیا جیهانیەکان بەرز بکاتەوە.

ڕاستییەکانی شاری ورمێ بەتایبەت ئەگەر ئەزموونی ژیان لەو شارەت بووبێ و سەرنج دانی پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی لە کاتی هەڵبژاردنەکان لەو شارە لە هەموو ساڵانی ڕابردوودا، بەو بڕوایەیەمان دەگەیەنێ کە ئاسان ترین شێوازی هان دانی خەڵکی دانیشتووی شاری ورمێ بۆ دەنگ دان لە هەڵبژاردنە جۆراوجۆرەکان، ساز کردنی ململانێ و دووبەرەکیی نەتەوەیی لەو شارەدایە، هەتاکوو دانیشتوانی ئەو شارە بە هەموو هێزوو توانیانەوە بۆ وەسەر خستنی کاندیدا پەسەندکراوەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو نەتەوەی کورد و تورک هەوڵ بدەن. ئاکامی ئەو هەول و کێبەرکێی نەتەوایەتیەش لە کۆتاییدا تەنیا پڕۆپاگەندای هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی لە میدیا جیهانیەکانی لێ دەکەوێتەوە.

بە بڵاو بوونەوەی کلیپی کوردی شاری ورمێ لە کاناڵێکی فەرمی کۆماری ئیسلامیەوە لە دوو مانگ بەر لە هەڵبژاردنەکان بە دڵنیایەوە دەتوانین پیلانی ئاژاوە نانەوە لە ورمێ بۆ کەڵکی سیاسی تاران و کۆماری ئیسلامی ببینین.

بە بێ گومان جگە لە بەرگری لە مافی گەلی کورد لە شاری ورمێ و سەلماندنی کوردستانی بوونی ئەو شارە، دەبێ هەموو چالاکانی نەتەوەیی و سیاسی  بە بانگهێشتی خەڵک بۆ پێکەوە ژیانی ئاشتی خوازانە هەوڵ بدەن ئەو پیلانەی کۆماری ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنەکان پووچەڵ بکەنەوە.