سەلەفی گەری لە کوردستان، هۆکارەکان و دەرئەنجامەکان

✍هێمن بایەزیدپوور

پێکھاتنی سەلەفی گەری، یەکێک لە گرینگترین ڕووداوەکانی ئیدئۆلۆژیکی، ھزری لە مێژووی ئیسلام و لە نێوان موسڵمانان دایە،سەلیفیگەری وەک جەریانێک کە باوەری بە پەیرەوکردنی یاساکانی شەرعی و دامەزراو لە لایەن دامەزرێنەری کائنات لە کۆمەڵگادا، بە تایبەت مەبەستی ئەوەیە لە بواری سیاسی گۆڕانکاری درووست  بکات و لەسەر ئەو باوەرەیە کە دین شیاوی و لێوەشاوەیی و کارامەیی ئیدارەی پێویستییەکانی کۆمەڵگا، سیاسەت و تاکی ھەیە.

مێژووی دامەزرێنەران و سەرچاوەکانی ھزری سەلەفییەت بۆ ئەحمەد بن حەنبەل دەگەرێتەوە و لە ابن تیمیە وەک بووژێنەری ئەو جەریانە دەتوانین ناو بەرین، ڕوانگەیەک کە دواتر لە رێگای محمد بن عبدالوھاب و وەھابییەکان درێژەی پێدرا.

پاش ڕووداوی ١١ی سێبتامبێر و ھێرشی ئامریکا بۆ ئەفغانستان و عێراق و سەرھەڵدانی گرووپە گەلی توندئاژۆ  وەک گرووپگەلە جۆراوجۆرەکانی سەر بە ئەلقاعدە و پاشان سەرھەڵدانی داعش لە جەریانی ئاڵووگۆڕەکانی وڵاتە عەرەبییەکان و لە فەزای ڕووخانی دەسەڵاتە ناوەندییەکان بە تایبەت لە عێراق و سوورییە وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی چالاکی گرووپە سەلەفییەکان لە جیھانی ئیسلام بە ئەژمار دێت.

ڕەوتگەلێک کە نەتەنیا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی سەقامگیر و حاکمی جیھان بەڵکوو تەنانەت لەگەڵ حکوومەتەکانی جێگیر لە ناوچەکەش دژایەتییان ھەیە و بە ڕوانگەی خۆیانەوە بە شوێن بونیاتنانی نەزمێکی نوێن و باوەڕیان ھەیە ئەو نەزمە لە کاتی دەسەڵاتی پێغەمبەری موسڵمانان و خەلیفەکانی پاش ئەو بوونی بوە و پێویستە بگەرێنەوە بۆ ئەو سەردەمە، بە واتایەکی تر بۆ چارەسەری کێشە و قەیرانەکانی کۆمەڵگای ئیسلامی وڵامێکی لۆکالی ھەیە ئەوەش گەرانەوە بۆ سەرەتاکانی ئیسلام، بنەما ئیسلامییەکان و سوننەت و لە کۆتاییدا پێکھێنانی یەکەیەک وەک ئومەتی ئیسلامین کە باوەڕی بە سنوورە جوگرافیاییە دیاری کراوەکان نییە.

ئەو گرووپانە لە چەن ساڵی ڕابردوو لە بەشێکی زۆری ڕۆژھەڵاتی ناوەراست، باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەندی سەریانھەڵداوە یان خود بەھێزتر بوون.

سەرھەڵدانی سەلەفییەت لە کوردستان

ھاوکات لەگەڵ کۆتایی ھاتنی شەری سارد و پاشەکشەی سوسیالێزم لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری و شکستی پرۆسەی مودێرنیزاسیۆن لە نێوان حکوومەتەکانی جیھانی ئیسلام، بەستێن بۆ گەشەی فکری جەریاناتی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەراست لە ژێر ناونیشانی ئسلامی خۆراگڕ ئامادەکرا.

ھەرچەن ئەو جەریانە سنوورە جوگرافییایی و نەتەوەیەکان لە سەرتاسەری جیھان لە خۆ دەگرێت، بەڵام بە ھۆی بەستێنی سیاسیی و ئایینی لە بەشێک لە ناوچەکانی جیھان بۆ سەرھەڵدان و گشە ئامادەیی زیاتر ی ھەیە

کوردستانی ڕۆژھەڵات لە ساڵانی ڕابردوو یەکێک لەو شوێنانە بوە کە لە بیری سەلەفییەت تێیدا پەرەی پەیدا کردوە و سەلەفی گەری وەک ئەکتەرێکی ھزری و سیاسی توانیویەتی خۆی ئاشکرا بکات، و بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان بتوانێ بەرەو خۆی ڕابکێشێت، بەشێک لەو گرووپانە مێژوویەکی کۆنتریان ھەیەو و تا ڕادەیەک لە چالاکییەکانی خۆیان میانەرەوترن کە لەوان دەتوانین ئاماژە بە : جەماعەتی دەعوەت و ئیسلاح و مەکتەبی قورعان بکرێت کە ئەو گرووپانە کەمتر چالاکی سیاسی دەکەن و زۆرتر جەختیان لەسەر تەبلیغ و تەشریعی ئایینییە.

چالاکی ئەو گرووپانە لە کوردستانی باشوور و ڕۆژھەڵات بۆ ساڵی ٢٠١١ی زاینی دەگەرێتە کە ھاوکاتە لەگەڵ درووستکرانی ئیماراتی ئیسلامی بیارە لە ناو باشووری کوردستان و لە ٥ کیلوومتری سنووری ڕۆژھەڵاتی کوردستان،  ئەو گرووپانە پاش ڕووداوی ١١ی سێبتامبێری ٢٠١١ و ھێرشی ئامریکا بۆ سەر ئیماراتی ئیسلامی ئەفغانستان و ڕووخانی دەسەڵاتی تاڵبان و کۆچی جیھادییەکان سەرەتا بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پاشان لە ڕێگەی سنووری مەریوان بۆ ناوچەی بیارە گەشەیەکی زۆریان بە خۆیان بینی، بۆ نموونە دەتوانین لە ابو موصعەب زەرقاوی ناو بەرین کە ماوەیەک لە سەقز و بانە ژیانی کرد و دواتر چووە مەریوان و پاشان بیارە دواتر القاعدەی عێراقی درووست کرد

پاش ھێرشی ٢٠٠٣ی ئامریکا بۆ سەر عێراق ئەو گرووپەش لە لایەن یەکێتی نیشتمانی و ئامریکا کرایە ئامانج و ئەندامانی ئەو گرووپانە بەرەو ئێران دەرباز بوون، ئەوەی جێگەی ئاماژەیە لە لایەن ئێرانەوە ھیچ بەربەستێکیان بۆ درووست نەبوو و تەنانەت ھاوکارییان کرا و شەوانە لە گرووپگەلی چەن کەسی گوازراونەتەوە ئێران.

ئەو گرووپانە لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٠ بە ئاسانی لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژ ھەڵات خەریکی تەبلیغ و بڵاوکردنەوەی کتێب و کاسێت و فیلم بوون، تەنانەت لە شاری بۆکان کە نووسەر ئەو کات لەوێ ژیاوە،لە دەیان شوێن خەریکی چالاکی و تەبلیغ بوون و کۆماری ئیسلامی ھیچ بەربەستێکی بۆ درووست نەدەکردن،

ئەوەی ئاشکرایە ئەوکات بە ئەلانیشەوە ئەو گرووپانە تا رادەیەک کە شیعەکان تەکفیر نەکەن لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە دەستییان بۆ ھەر جۆرە ھەلسووکەوتێک ئاواڵەیە، دەبێ لێرەدا ئاماژە بەوە بکرێت ھەر کات ئەو گرووپانە ھەنگاو دەنێنە  بازنەیەک کە ھێڵە سوورەکانی کۆماری ئیسلامی دەبەزێنن و بەرژەوەندییەکانی دەبەنە ژێر پرسیار دەکەونە بەر ئامانجی کۆماری ئیسلامی و دەستبەسەر و تەنانەت بە کۆمەڵ لە سێدارە دەدرێن

ئولیۆیە ڕۆا کۆمەڵناسی سیاسی  لەسەر ئەو باوەڕەیە جەریانی سەلەفیزم پاش شکست ھێنانی ئەزموونی ئیسلام خوازە سیاسییە لە جیھانی ئیسلام درووست بوو، بوونی حیزبە سوننەتییە ئیسلام خوازەکان و لاواز بوونیان لە چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان، دەبێتە پاڵنەرێک بۆ گەشەی ئەو گرووپانە،

ھاوژین بقاڵی لە وتارێک لە گۆڤاری توێژینەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئێران   سەرنج دەخاتە سەر ئەوە کە سەلەفیگەری وەک سەرچاوەیەکی پێکھێنەری جۆرێک شوناس لە کوردستان دێتە ئاراوە:

ئەو گرووپانە بە شێوازی ڕێکخراوەیەکی  دیاریکراویان نییە و بێ وڵاتە و ئەندامەکانی تەنانەت لە ڕێگەی ئیدئۆلۆژی ئایینی پێکەوە گرێ دەدرێن، بە گەشەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئاسانتربوونی پێوەندییەکان لە رێگای ئەو ئامرازە مۆدێرنانە پێوەندییەکانیان رێک دەخەن

بە باوەری ئەو گرووپانە جیھان بەسەر ٢ سێکتێر دابەش دەبێت:

سێکتێری داالکفر و سێکتێری دارالسلام، بە واتایەکی تر جیھانی شەر و جیھانی ئیسلام، لەو باوەرەش دان جیھانی ئیسلام بوونی نییە و ئەوان راسپێندراون ئەو جیھانە پێک بێنن

مانوئل کاستلز کۆمەلناسی ئیسپانییایی باس لە سێ جۆر شوناس دەکات:

١- شوناسی ڕەوایی دەر

٢- شوناسی بەرنامە دار

٣- شوناسی خۆراگڕ

دەتوانیین سەلەفییەکان لە ڕوانگەی جۆری سێھەمی شوناسخوازی یان خود شوناسی خۆراگر وێنا بکەین

لەو بەستێنەدا چالاکانی سەلەفی شوناسی خۆیان لەسەر بنەمای بەرخۆدان لە بەرامبەری بنەماگەلێک کە لە لایەن نەھادەکانی کۆمەڵگاوە پێناسە دەکرێن دەبیننەوە، سەلەفیسم

مانا ھاوبەشەکانی خۆی لەسەر ئەساسی بەر ھەڵەستی و لە چوارچێوەی ٣ کۆنسێبتی: 1- وەفاداری بە ڕابردوو

٢-بوونی کۆمەڵگایەکی  ئارمانی

٣- ڕەخنە لەباروودۆخی ھەنووکە جێگیر وەردەگرن و بەو پێیە لەگەڵ ھەرجۆر وێژمانێکی جیاواز دژایەتی دەکن

چۆنییەتی و چەندییەتی سەلەفیزم لە کوردستان جگە لەوەی جەوھەرێکی جەھانشموولی ھەیە و گرێدراوی فەزایەکی جوگرافییایی دیاریکراو نییە بەڵام زۆر پاڵنەر دەتوانن چۆنیەتی ئەو دیاردەیە تووشی گۆڕان بکەن سەلەفییەت لە کوردستان ، لە ساڵانی ڕابردوو لە ژێر کاریگەری راستەوخۆی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی توانیویەتی لە چەن قۆناغی زەمەنی خۆی تەیار بکاتەوە

لە کوردستانێک کە مێژوویەکی چەندین دەیەیەیی لە خەبات بۆ ڕزگاریخوازی و بەدەست ھێنانی مافەکانی ھەیە

یەکێک لە گرینگترین ھۆکارەکانی پەرەپێدرانی چالاکی سەلەفییەکان بێدەنگ بوونی کۆماری ئیسلامییە لەھەبەر ئەو گرووپانە

ھەر ئەو جۆرەی باسکرا ئەو گرووپانە لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ٢٠١٠ بە ئاسایی لە شارەکانی کوردستان چالاکییان دەکرد لە مزگەوتەکان خەڵک لە لایەن پێشنوێژە سەلەفییەکان بۆ پێوەست بوون بە گرووپە جیھادییەکان لە ئەفغانستان و عێراق ھان دەدران، کاریگەری کۆماری ئیسلامی تەنانەت لە میوانداری رێبەرانی ئەلقاعیدەش خۆی نیشان دەدات، دەتوانین کوژرانی یەکێک لە ڕێبەرە ناودارەکانی ئەلقاعیدە لە تاران لە ساڵی ڕابردوو وەک نموونە باس بکەین، کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی دەورووبەری دەستی داوەتە پشتیوانی ئەو گرووپ گەلە،  لە پشتیوانی لۆجێستیک و ماڵی تا پشتیوانی ئینسانی لە خۆ دەگرێت، جێگەی ئاماژەیە زۆر جاریش ئەو گرووپانە لە کۆنترۆڵی دەردەچن و ڕووداوێک وەک ھێرش بە مەجلیسی ئێران دەخولقێنن

دوایین وتە:

ئەمڕۆژانە مەریوان و پاشان سەقز نوێترین شوێن بوون کە سەلەفییەکان هێزی خۆیان نیشان بدەن. گەرچی لە مەریوان، بەپێچەوانەی شارەکانی دیکە لەگەڵ بەرەنگاریی خەڵک رووبەڕووبوونەوە. بەرخۆدانی خەڵکی شآری مەریوان لە دژ بەو گرووپانە بووە هێما بۆ کوردستان.

مەریوان لە ساڵانی رابردوو وەک شارێکی مەدەنی ناسراوە.  مێژووی خەباتی جەماوەری و بەرخۆدانێکی دوور لە توندوتیژی مێژوویەکی دێرینی هەیە، لە سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕش لە ئێران مەریوان بووە کانگا و سەنتەری کاری ڕێکخراوەیی، بوونی کەسانی وەک کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی و کۆمەڵە وەک ڕێکخراوەیەکەکی گەنچ بە بیریکی سەردەمیانە و یەکسانیخواز توانی ڕووداوگەلی وەک کۆچی هەزارانی کەسی مێژوویی مەریوان بخۆلقێنێت، بە دەیان ڕێکخراوەی سێنفی لەو شارە پێک هات و ژنانیش وەک بەشێکی گرینگی کۆمەڵگا هاتنە کایەی سیاسی بۆ بە دەست ‌هێنانی مافە سەرکوتکراوەکانیان،

لەم شارەدا ژمارەیەکی زۆر رێکخراوی مەدەنی و NGO چالاکبوون و چالاکییەکانیان لەنێو خەڵکدا کاریگەریی هەبووە. بۆیە چالاکی سەلەفییەکان و هەوڵدانیان بۆ بایکۆتی کەسانێک کە بیروباوەڕەکانی ئەوانیان قبووڵ نییە، جێی سەرنجە

ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر هێرشی سەلەفییەکان بۆ سەر گەنچێک بێدەنگ بوو، بۆ ئامانجی دیاری کراوی خۆی دەگەڕێتەوە، ئاژاوە نانەوە، تیکدانی ئاسایش و ئارامی شار و تەیارکردنی ئەو گرووپانە بە دژی هێز و حیزبە سێکۆلارەکان دەتوانی چەن ئامانجی دیاری کراو بێت.

ئەگەر ئەو شارە پێشەنگی بونیاتنانی دەیان ڕێکخراوەی ژێنگە پارێزی، زمان و گەیاندنی کۆمەک و یارمەتی ناردن بۆ تەنانەت شارەکانی دیکەش لە کاتی قیرانگەلی وەک بۆمەلەرزە و کۆڕۆنا و هتدە، لە بەرامبەر دا ڕژیمیکی کۆنە پەرەست و دژە ئینسانی ناتوانێ ئەو هێما پێشکەوتووانە قەبووڵ بکات و لەڕیگەی ئەو گرووپانەوە قین و کینەی خۆی دەڕێژێت.

ئەوەی بەڵام لە ئاکامدا بیندرا بەرخۆدان و بەرپرچدانەوەی خەڵک بوو لە بەرامبەریان

کۆماری ئیسلامی بە دەیان پیلان و بەرنامەی دژ بە سەقامگیری و پێکەوە ژیان لە کوردستان هەیە و وشیاری کۆمەڵگای کوردی ڕوشنبیران و هاوکات حیزبەکان پێویستیکی حاشا هەڵنەگرە، لە هەمبەر بەرپرچدانەوەی پیلانەکانی ڕژیم، داڕشتنی بەرنامەگەلی کلتووری، بیری و مەعرفەتی بۆ گەنجان، درووست کردنی کەمپەینگەڵی یارمەتیدان بۆ چینی هەژار و کەم داهات وەک چینێک کە لە سەفی یەکەمی هێرش و نفووزی ئەو گرووپانەن و هەروەها یەک رێزی و هاودەنگی حیزبەکان لەگەل بەرامبەر بوونەوە و هەڵسووکەوت لەگەڵ ئەو ڕەوتگەلە بە هەر ناوێک و بە هەر لێوێلێک لە میانەرو تا ڕادیکاڵ دەتوانێک هەنگاوێکی ستراتژیک بێت بۆ داهاتوو