✍شیروان موحممەدی

خۆکوشتن لە ‌زۆربەی كۆمەڵگاكان (پێشكەوتوو و دواكەوتوو) بە ‌ڕێژە و جۆری جیاواز و لە كۆمەڵگای جیاواز دەبینرێ؛ بە پێی تازەترین ئاماری تاوان لە جیهان، ڕێژەی خۆكوشتن لە سەرتاسەری جیهان ڕوو بە زیاد بوون چووە، زۆرێك لە توێژەرەوە كۆمەڵایەتی و دەروونی و چالاكانی بواری مافی مرۆڤ پێیان وایە ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزیی ژیان و زۆریی پێداویستییەكانی؛ هەروەك بڵاوبوونەوەی تەكنەلوژی و زیادبوونی ململانێ و گرفت وتەنگژەكانی پەیوەست بە گەشەكردنی ژیانی مرۆڤایەتی.

زۆرترین ڕێژەی خۆکوژی لە نێو کەسانی تەمەن ١٣ هەتا ٣٥ ساڵ ڕوو دەدات، بێکاری، کێشە کۆمەڵایەتییەکان، نەبوونی فەزای ئازاد بۆ ژیان و نەمانی پاڵنەر بۆ ژیان هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی خەڵکی ئێران بەتایبەت لاوەکانن.

نەبوونی سیستمێکی گونجاو و کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بە تایبەتی بێکاری، لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆتاییهێنان بە ژیان لە کۆمەڵگای ئێرانن.  خۆکوژییەکان لە ئێراندا زیاتر  مێرمنداڵان و لاوان لەخۆ دەگرێت و هۆکاری زیاتری بۆ بێکاری دەگەڕێتەوە.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان کە هەژاری، دەستکورتی و بێ هیوایی لەنێو لاواندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لەنێو مێرمنداڵان و لاوانە.

خۆکوشتن لەسادەترین پێناسەدا، بریتیە لە کردارێکی کوشندە کە مرۆڤێک بە ئەنقەست و بەویستی خۆی ھەڵدەستێ بە کۆتایی ھێنان بەژیانی خۆی جا بەھەر شێواز و وەسیلەیەک بێ، شێوازەکانی خۆکوشتن زۆر و جۆراوجۆرن پیاوان زیاتر شێوازە توندوتیژ و ترسناکەکان بەکاردێنن و خانمان شێوازهایەکی دیکە بەکاردێنن. بۆ نموونە پیاوان خۆھەڵواسین بەپەت، خۆھەڵدانە خوارەوە لەشوێنی بەرز یان بەکارھێنانی چەک بۆ خۆکوشتن لایان زیاترە بەڵام ژنان زیاتر بە دەرمانخواردن و خۆسوتاندن بەکاردێنن. شێوازەکانی خۆکوشتن زۆر فراوان و جۆراوجۆرن بەڵام ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا باوترین شێوازەکانن لە نێو خەڵک لە کۆمەڵگای ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا. کارکردن بۆ سنووردارکردن و کەمکردنەوە ڕێژەی خۆکوژی لە نێو خەڵکدا بە گشتی کارێکی کۆمەڵایەتییە و دەبێ دەسەڵات و ناوەندە تایبەتەکان هەوڵی بۆ بدەن و پلانی درێژماوەی بۆ داڕێژن.

ھۆکارەکانی خۆکوژی ژنان زۆرن و زۆر شت دەوری هەیە لەوەدا کە ژنێک بگاتە ئاستێک لە بێدەرەتانی کە خۆی بکوژێ یان خۆی بسووتێنێ بەڵام زۆربەی لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوونەکان دەری دەخەن کە چەن هۆکار دەوری سەرەکییان هەیە لەوانە کێشە کۆمەلایەتییەکان، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە تەمەنی کەمدا، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە نەبەدڵی و لە ژێر گوشاری خانەوادەدا،  پەروەردەی هەڵە و دوور لە کولتووری ئەمڕۆژی لە خانەوادەکاندا، هێرش کردنەسەر کەسایەتی و شکاندنی کەسایەتیی ژنان لە لایەن کەسانی خاوەن کولتووری پیاوسالار و ئاینییەوە لەبەر ئەوەی پەیڕەوی نۆرمەکانی ئەو کۆمەڵگایە ناکەن یان گوێڕایەڵی یاسا دژە ژنەکانیان نین، نەھاتنەدی ئاواتەکان و نەگەیشتن بە خواست و پێخۆشبوونەکانیان لە ژیاندا، دەستێوەردانی دایک و باب و کەسانی دیکە لە ژیانی هاوبەشیاندا، نادادپەروەری، مەحرووم بونی ژنان لەناو خێزان و کۆمەڵگە لە مافە سەرەتاییەکانیان، لەبەرچاو نەگرتنی ڕاوبۆچونی ژنان لەناو خێزان، کەم ئاگایی ژنان لە مافەکانیان، بێ هیوایی بە داهاتوو، لەدەستدانی کەسانی نزیک، نەخۆشیی دەروونی و چەندین ھۆکاری دیکە.

بڕیاردان لەسەر خۆکوشتن کارێکی زۆر ئەستەمە و ئەگەر پاڵنەر و ھۆکاری مەزنی لە پشتەوە نەبێ ئینسان ئامادە نابێ دەست بداتە ئەو کارە.

بەپێی توێژینەوە زانستیەکان دەرکەوتووە، زۆربەی ئەوکەسانەی خۆیان کوشتوە، لانی کەم جارێک ئاماژەیان بەوە کردووە کە بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە. ئەگەر هەر مەترسییەکی گەورە لەسەر ژیانی کەسێک هەبێت وەک هەبوونی بیری توندی خۆکوژی، یاخود هەوڵی خۆکوژی، پێویستە دەستبەجێ لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت، شارەزایان و پسپۆڕانی نەخۆشییە دەروونییەکان ڕۆڵی خۆیان دەبینن لە گۆڕینی بیر و ڕەفتاری خۆکوژی و هێورکردنەوەی، و هانی نەخۆش دەدرێت هەر بیرێکی ئاڵۆز یا خود شتێکی هەیە، بە ئازادی باسی بکات، تا بتوانرێت باشتر چارەسەری بۆ بکرێت. هەروەها دەبێت کەسرەستەی وا کە دەکرێ بۆ خۆکوشتن بەکار بێ لە بەردەس کەسەکەدا نەبێ و کەسەکە بخرێتە ژێر چاوەدێرییەوە بۆ ئەوەی دڵنیا بن کە هەوڵی خۆکوشتن نادا.

پێویستە لەسەر دایکان و باوکان چاولێکردنی بەرنامەی تەلەویزیونی و بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ منداڵەکانیان سنووردار بکەن بەجۆرێک ئەو بەرهەمانەی چاوی لێدەکەن لە ئاستی هزر و تێگەیشتنی ئەواندا بێت. پێویستە لەسەر کۆمەڵگا نەخۆشیی دەروونی وەک هەر نەخۆشیەکی دیکە چاولێبکا و بە شێوەی زانستییانە بەرەوڕووی بێتەوە و چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزێتەوە، تا ئەوانەی تووشی نەخۆشیی دەروونین خەمیان نەبێ و ترسیان نەبێ لەوەی بەدوای چارەسەردا بچن و داوای یارمەتی بکەن و شەرمیان لە باسکردنی ئازار و گرفتەکەیان نەبێت.

هۆکاری دەروونی: بەشێک لە دەروونناسەکان بڕوایان وایە کە ئەو کەسانەی پەنا دەبەنە بەر خۆکوشتن گرفتی دەروونیان ھەیە، ئەم گرفتە دەروونیانە وایان لێدەکات ھەست بە تاوان بکەن لەبەرامبەر ئەو ھەڵانەی ئەنجامی دەدەن و توشی خەمۆکی ببەن، ئەمەش وایان لێدەکات خۆکوشتن بە تەنیا ڕێگای دەربازبوون بزانن وە ھەروەھا فشارخستنە سەر لەلایەن کەسانی دەوروبەر یەکیکی دیکەیە لە ھۆکارەکان کە وادەکات دەروونی کەسەکە خراپ بێت و ھەست بەوە بکات نەبوونی لە بوونی باشترە.

ئەو هۆکارانەی بە گشتی دەروی تایبەت و خراپیان لە هاندان بۆ خۆکوشتن هەیە دەکرێنە چەند دەستە:

ھۆکاری کۆمەڵایەتی: پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان گرینگیی تایبەتی هەیە لە ژیانیاندا و بچڕانی ئەو پەیوەندییانە و لێکترازانی خێزان و ئەو گوشارە ڕۆحییانەی لە ئاکامی ئەو دابڕانەدا تووشێ مرۆڤ دەبن ھۆکارن بۆ ئەوەی مرۆڤ ھەست بە نامۆبوون بکات و گۆشەگیر بێت ئەمانە وادەکەن کە کەسەکە پەنابەرێتە بەر خۆکوشتن بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە ڕزگاری بێت.

ھۆکاری ئابووری(ھەژاری و نەبوونی و برسییەتی): بە یەکیک لە ھۆکارەکانی خۆکوشتن دادەنرێت  ھەندێک جاریش بەھۆی کەڵەکە بوونی قەرز و ئەوەی کە کەسەکە ناتوانی قەرزەکانی بداتەوە پەنادەباتە بەر خۆکوشتن.

نەخۆشییە درێژخایەنەکان: تووشبون بە نەخۆشینی درێژخایەن و نەبوونی چارەسەری وا لە مرۆڤ دەکات کە بۆ ڕزگاربوون لەو ئازار و خەم و خەفەتەی ھەیەتی پەنا بۆ خۆ کوشتن بەرێت.

تەنها بە کارێک لە ئاستی دەسەڵاتی سیاسی و بە داڕەشتنی پلانی درێژخایەن و چارەسەرکردنی گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەندوروستییەکان دەکرێ یارمەتیی تاکەکانی کۆمەڵگا بدرێ بۆ ئەوەی لەم دیاردە مەترسیدارە ڕزگاریان بێ.