بەڕێوەبردنی کار و باری وڵات و پێویستی بە ڕای خەڵک

✍سەیران مستەفازادە

لە کۆماری ئیسلامی ئێران نەتەوەکان لە ڕێگای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، نوێنەرانی پاڕلمان و… لە کارووبارەکانی دەوڵەتدا بەشداری دەکەن. هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی 1400ی هەتاویی، سێزدەهەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە ئێرانە کە لە ڕۆژی 28ی جۆزەردان بەڕێوەدەچێت. بەپێی مادەی ۱۱۳ی یاسای بنەڕەتی ئێران دوای ڕێبەر، سەرۆک کۆمار پایەبەرزترین مەقامی فەرمی دەوڵەتە کە بەرپرسایەتی بەڕێوەبردنی یاسای لەئەستۆیە.

لێژنەی ناوەندی چاوەدێری هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمار کە لە ژێر چاودێری ئەنجومەنی پاسەوانی « شورای نیگابان» دایە. زۆربەی بەربژێرەکانی وەک لاریجانی و جەهانگیری ڕەت کردەوە و ئەو ئەنجومەنە ڕاستەوخۆ لە ژێر کاریگەریی ‌خامنەیی کار دەکات.

تا ئێستا لە ماوەی هاتنە سەرکاری ڕژیمی‌ ئیسلامی ئێران، هیچ ژنێک ڕێگەی پێنەدراوە بۆ سەرۆک کۆماریی ئێران، تەئیدی سەڵاحییەت بکرێن.

دوای بڵاوبوونەوەی ناوی تەئیدی سەڵاحیەت کراوەکان و ئەو کەسانەی کە ڕەت کراونەتەوە ئەحمەدی نژاد بە فەرمی   هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بایکۆت کرد و محەممەد خاتەمی بابی مەعنەوی ڕێفۆرمخوازەکان، بە فەرمی بڵاوی کردەوە کە ئەگەر دووپاتی بکەمەوە خەڵک بەشداری هەڵبژاردنەکان ناکەن و هیچ بەربژێرێکمان لە خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران نییە و بە توندیی لە ئەنجومەنی پاسەوانی ڕەخنەی گرتووە. کۆڕبەندی مامۆستایانی ئایینی خەباتکار بە ڕێبەریی محەممەد خاتەمی، هەروەها باس لەوە دەکەن کە هۆکاری ئەو بڕیارە دەگەڕێتەوە بۆ خۆ دوور خستن لە تەڵەیەک کە ئەندازیارەکانی هەڵبژاردن ڕێکیان خستووە.

ئەندازیاریی هەڵبژاردن، لە  باسی سیاسی ئێران، یانی دروست کردنی کەشووهەوایەک  کە دەنگدەرەکان بە بەربژێری پەسەندکراوی دەسەڵات دەنگ بدەن و ئاکامی هەڵبژاردنەکان پێش دەنگدان دیاری دەکرێت. هەروەها ڕۆژی ۲٨ی گوڵانی ۱٤۰۰،  دووسەد و سی و یەک چالاکی مەدەنی و سیاسی لە ٥۰ شاری ئێران لە نامەیەکدا داوایان لە خەڵکی ئێران کردبوو کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بەشداری نەکەن و هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆمارییان شانۆیی ناوبرد، هەروەها بنەماڵەکانی دەستبەسەرکراوانی سیاسی و قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی ۹٨ و قوربانیانی فڕۆکەی ئۆکڕاینی بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کرد و داوایان لە خەڵک کرد کە بەشداری دەنگدان نەکەن.

ئەو ڕۆژانە دووای ناساندنی بەربژێرەکانی سەرۆک کۆمار، ویدیۆیەک لە چل ساڵ پێش لە توڕە کۆمەڵایەتیەکان دەست بە دەست دەکرێت کە لەو ویدیۆیەدا سێ بەربژێری ڕەقیبی ئەسڵی خامنەیی لە شەوی هەڵبژارنی سەرۆک کۆماریی ئێرانی ساڵی ۱۳٦۰، خامنەیی وەک بەربژێری شیاوتر بە خەڵک ناسێندرا، خامنەیی بێ هیچ ڕەقیبێک دەنگی هێناوە. باروودۆخی ئەمڕۆی ئێران تا ڕادەیەک بیرخەرەوەی چل ساڵ پێشترە و چاوەڕوان دەکرێ چەند بەربژێر داوا لە خەڵک بکەن بۆ یەکێتی و یەکگرتوویی نەتەوەیی، ئیبڕاهیم ڕەئیسی وەک بەربژێری شیاو هەڵبژێرن و دەنگی پێبدەن و ڕەئیسی خۆی قەبوولی کردووە کە هیچ ڕەقیبێکی نیە و هەلوومەرجەکان بە شێوازێک درووست کراوە كە ڕەئیسی بێ کێشە ببێت بە سەرۆک کۆماری ئێران و تەنانەت لە لێدوانێکی کاناڵی ناوخۆی ئێران کە لەگەڵ ڕەئیسی کرابوو بە فەرمی پرسیار لە دەوڵەتی داهاتوو کە ڕەئیسی سەرۆک کۆماریەتی دەکرێت.

نزیکەی ٥۹ میلیون و ۳۱۰ هەزار و ۳۰۷ کەس لە ئێران دەتوانن دەنگ بدەن. بە پێی ئامارەکان کە لەلایەن ناوەندی توێژینەوە و هەڵسەنگاندنی ئامار و ڕادیۆ و تەلەویزیۆنی ئێران بڵاوکراوەتەوە لە سەدا ۳۲/٨ی خەڵکی ئێران وتوویانە کە لە هەڵبژارنەکان بەشداریی دەکەن. ئەو ئامارە لە حاڵێکدا  لەلایەن ئەو سازمانە بڵاوکراوەتەوە کە ئەو سازمانە درۆزنترین دامەزراوە لە چواردەیەی حکوومەتی ئیسلامی ئێراندا بووە کە هیچ جێگای متمانە و باوەڕ نییە، لە حاڵێکدا ڕادیۆ ئینتێرنەشناڵ لە ڕادەی بەشداریی خەڵک، لەسەدا ۲۷ی نیشان داوە و باس لەوە دەکات کە دوای وڵاتانی بنەماخوازەکان ، ڕادەی بەشداری خەڵک لە سەدا ۱٥ کەم دەبێتەوە. ناڕەزایەتیی خەڵک لە کردەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەموو حیزبەکانی ئەو نیزامە تا ڕادەیەک بەربڵاو و زۆر کەم بۆتەوە و بەرپرسانی حکوومەت وەک عەبدولڕەزا ڕەحمانی، حیسامەدین سالس، مەحموود سادقی، حەسەن غەفووری فەرد لەو باوەڕەدان کە ئەگەر لە سەدا ۲۰ی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی بەشداریی بکەن دێمۆکراسی جێگربووە و هیچ کێشەیەک نیە.

ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو هەڵبژاردنانە بە هۆکارگەلی جۆراجۆر وەک گەندەڵی، بەربڵاوی ماڵی و ئیداری، خۆپیشاندانی سەراسەری ساڵی ۹٦ و ۹٨، گەمارۆکانی ئامریکا، قەیرانی ئابووری، نائومیدی خەڵک لە وەدواکەوتنی داواکارییەکانیان لە چوارچێوەی ئەو نیزامە، نهێنی کاریی و نەبوونی مەشرووعیەتی قسەکانی بەرپرسیانی حکوومەت، هەڵبژاردنی شانۆیی و نا ئازاد، بەردەوامی سنوورداریی سیاسی و کۆمەلایەتی و هەروەها نەمانی متمانە بە کۆماری ئیسلامی کەم  بۆتەوە.

هەر چەند حکوومەت هەموو توانایەکی بۆ درووست کردنی دەنگ بە لەبەردەستدا بوونی چەند میلیون پێناسە، گوڕانی ژمارەکانی سندووقی دەنگدان و ڕێژەی بەشداریی خەڵک زۆرتر نیشان دەدات، ئەنجومەنی پاراستن بە فەرمی باس لەوە دەکات کە ڕێژەی کەمیی بەشداری خەڵک نیشاندەری نەبوونی مەشرووعیەتی کۆماری ئیسلامی نییە. لە کوتاییدا دەبێت چاوەڕوان بین بزانین کوتایی کێبەرکێی بەربژێرەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە کوێ دەگات و چەند درۆ دەکوترێت تا درۆکانی داھاتوویان بە سەر خەڵک دا قاڵب بکەن