داعش و خۆ تەیار کردنەوە

✍محەممەد حەکیمی

دونالد ترامپ ڕۆژی ٦ی ژانویەی وەک ڕۆژی تەسویە حیساب ناو دەبرد، ڕۆژێک کە ترامپ و وتەبێژانی دەستیان کرد بە قسە و باسێکی گەرم ودروست کردنی گێژەلووکەیەکی گەورە کە هەموو تانوپۆکانی نە تەنها وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتەوە بەڵکوو وایکرد کە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک داعش لە حەوتەنامەی “ئەلبەنا” و ئەلقاعیدە لە گۆڤاری “ئومەت” دڵی خۆیان خۆش بکەن بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر دەسەڵات و داگیرکردنی خاکی تازە و ئابووری نوێ.

کێشەکانی ئەمریکا گەیشتە لووتکە و لەم ناوەدا چەندین وڵات ئەم هەلەیان قوزتوەتەوە و چاوەڕوانی ئاکامی ئەم کێشمە کێشمەی ئەو وڵاتەن و ڕمی ئیسلامیی ئێرانیش وەک داعش و ئەلقاعیدە چاوەروانە. لەم ناوەدا داعش و ئەلقاعدە تێدەکوشن کە خۆیان وەک پاڵاوانانی زوڵم لێکراو لە ئەمریکا نیشان بدەن و ئەو سناریویەش بۆ موسڵمانانی ئافریقاییە و ئەوان پێیان دەڵێن کە تەنانەت دێمۆکراتەکانیش پشتیوانیان نین و  ئەم وتانە لە گۆڤاری “ئومەتی یەکگرتوو” چاپ و بڵاو کراوەتەوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە سەرکردەی نوێی داعش تەنانەت ناوەکەشی دیار نییە و چەندین ناویان بۆی دیاری کردوە بۆ ئەوەی نەناسرێت کە کێیە و لە کوێدا دەژی و هەر بۆیە داعش دەیەوێت بە کەلک وەرگرتن لە دۆخی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیی رێک بخاتەوە و دەست بکات بە داگیرکردنی خاک و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئیسلامی.

دوابەدوای کێشە و گرفتەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، حەوتەنامەیەکی داعش بە ناوی ” ئەلبنا” باس لەو کێشە و ئاڵۆزیانەی نێوخۆیی ئەمریکا دەکات و ئەوە بە هەلێک دەزانێت کە ئەو گرووپە دەتوانن لە درێژ ماوەدا کەلک لەو ئاڵۆزیانە وەربگرن و ئەم بابەتە یەکەم کاردانەوەیانە بە ئاڵۆزیەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو بابەتە باس لەوە دەکات کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ماوەیەکی زۆر بە کێشە و گرفتەکانی ناوخۆیانەوە گیر دەخۆن و سەریان بەو شتانەوە مەشغوول دەبێت، ئەمە دەرفەتێکە بۆ داعەش کە خۆیان خڕ بکەنەوە بتوانن لە وڵاتانی ئیسلامی پێشڕەوی بکەن و دەست بگرن بە سەر خاکدا وەک ئەوەی لە ئێراق ڕوویدا و ڕەنگە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بیەوێت جارێکی دیکە شانسی خۆی لە ئێراق تاقی بکاتەوە و ئەمجارە ڕەنگە لە کەرکووک یا مەخموور ئەو ئامانجانەی بپێکێت، هەر بۆیە کورد دەبێت وەک خۆیی هەموو سەنگەرەکانی بەرانبەر بە ئەو شوێنانەی مەترسی سەرهەلدانەوەی داعشی لێیە قایمتر بکات چونکە دوور نییە لەو ئاڵۆزیانەی ئەمریکا و ناوچەکە ئەو هێزە جارێکی دیکە بیانەوێ هێرش بکەنە سەر کوردستان.

ئەم تاقمە تیرۆریستییە دەڵێن ئەو شتەی ڕووداوەکانی ئەمریکا بە ئێمەوە دەبەستێتەوە ئەوەیە کە خاج پەرەستەکانی ئەمریکا زیاتر لە جاران تووشی کێشەی ناوخۆیی دەبن. ناکۆکیی سیاسی لە ناوخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کە ڕێبەرانی ئەو وڵاتە کەمتر گرنگی بە کێشەکانی ناو وڵاتە ئیسلامییەکان بدەن و دەست بکەن بە بردنە دەرەوەی هێزەکانیان لە ناوچەکە و لە لایەکی دیکەشەوە وڵاتانی ناوچەکە خۆیان بە دەستی گەندەڵی وبێ ئۆتوریتەیی دەستەوەستان ماونەتەوە و ناتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و خەڵکەکەیان وەزاڵە هاتوون و داوای نەمانی ئەو رژیمانە دەکەن بە تایبەتی وڵاتی ئێراق کە گەندەڵی و زوڵم و زۆرێکی زۆری تێدایە و هێزەکانی حەشدی شەعبی لایەنە سوننەیان وەزاڵە هێناوە و ئەو ئەگەرە زۆرە کە هەر داعش یا هێزێکی دیکەی سوننە وەک ئەلقاعدە پەیدا ببێتەوە لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکێکی زۆر بە دەوریەوە کۆ ببێتەوە و سناریۆیەکی دیکەی وەک موسل و ئەو ناوچانە ڕووبدەنەوە.

ڕەوتی ڕووداوەکان وا نیشان دەدەن کە ڕێکخراوە تیرۆریستیەکان وەک تالیبان، داعش و ئەلقاعیدە خەریکی خۆ رێکخستنەوەن و بەو شێوە دەیانەوێت کە بەشێکی زۆر لە ناوچەکە بخەنە ژێر ڕەکێفی خۆیان و ئەگەر بۆشیان داگیر نەکرێت بە هۆیی ئاڵوزیی ئەو شوێنانە دەست بدەنە تەقینەوە و کوشتاری خەڵکی بێتاوان. قسەی ئاخر ئەوەیە ئێمەی کورد لەم کێشە و ئاڵۆزیانە لە کوێدا قەرارمان گرتووە و چ ئامادەکارێکمان کردوە و دەیکەین بەرانبەر بە ئەگەری ڕوودانی هەر دەسدرێژییەک لەلایەن ئەو هێزانەوە؟