ئێعدام نیشانەی ترس

✍ئارمان ڕەجەبی

لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو، خەڵکی ئێران وەها هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامییان ناسیوە کە بە هەر ئاکارێکی ئەو ڕژیمە دەزانن بارودۆخی دەسەڵات چییە و چۆنە ولە چ حال و هەوایەکدایە. هەر کات دەسەڵاتداران باسیان لە بوژاندنەوەی ئابووری کردووە، هەموان هەستیان کردووە کە کێشە و گرفتی زیاتر یەخەی خەڵکی ئیران دەگرێت. ئەگەر باسیان لە دەسەڵات و هێزی سپا کردبێت خەڵکی ئێران خۆیان بۆ شەڕ و گەماڕۆی ئابووریی زیاتر ئامادە کردووە. بەڵام گرنگتر لە هەموو ئەمانە ئەوەیە هەر کات ماشینی سێدارەی ڕژیم کەوتبێتە خۆ، خەڵک زانیویانە کە ڕژیم هەست بە مەترسی گەورە دەکات  و بۆ داپوشینی ئەو ترسی خۆی وەها نیشان دەدات کە هەموو شت لە ژێر کونترۆڵی دایە و هیچ ترسێکیان بە وتەی خۆیان لە دوژمنان نییە و هەموو شتێک ئارام و لە ژێر دەستیاندایە. ئەم ڕۆژانە کە تیرۆریستەکانی ڕژیمی ئیسلامی ناوە ناوە لە وڵاتانی ئەورووپایی دەگیردرێن و زیندانی دەکرێن، ڕژیمی ئیسلامی تێدەکوشێت بە کەلک وەرگرتن لەو کەسە بێتاوانانەی کە خاوەنی شاروومەندیی وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکان و بەسەردان هاتوونەتەوە بۆ ئێران و بە دەستی دەزگا ئەمنییەتییەکانی حکوومەت دەسگیر کراون و زۆریشیان لە روانگەی زانستیەوە لە ئاستێکی باڵادان بۆ ئاڵوگۆڕ لەگەڵ تیرۆریستە بەکرێگیراوەکانی کەلک وەرگرێ و لەگەڵ ئەوان بیانگۆڕێتەوە. بەم دواییانە ناوی “ئەحمەد ڕەزا جەلالی” کە لەلایەن ڕژیمەوە دەستگیر کراوە، زیاتر لە هەموو کەس باسی لێکراوە، بەڵام تا ئێستە وڵاتانی ئورووپایی نەیانویستە لەگەڵ باڵوێزی تیرۆریستی ڕژیم کە بە تومەتی بومبدانان لە وڵاتانی ئورووپا گیراوە و تا ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی دادگایی کرانی بۆ بەدواداچوونی ئەم تومەتە بەڕێوە چووە بەڵام باڵوێزی ڕژیمی ئیسلامی ئامادە نەبووە بەشداری هیچ کام لەو کۆبوونەوانە بکات. ڕەنگە بەو هیوایە بێت کە فەرماندە و پشتیوانەکانی لە ئێران بتوانن ناوبراو لەگەڵ “ئەحمەد رەزا جەلالی” یا کەسانی دیکە بگۆڕنەوە و لە مەحکووم بوون لە دادگاکانی ئورووپا ڕزگاری بێت. بەڵام ئێستا وڵاتانی ئورووپایی ئامادە نین وەها بازرگانیەک لەگەڵ ڕژیم ئەنجام بدەن، لانیکەم تا ئێستا. بەڵام ڕژیمی ئیسلامی تێکوشاوە بە هەڕەشە کردن و هەوڵی ترساندنی وڵاتانی ئورووپایی بە باسی ئێعدام کردنی “جەلالی” و کەسانی دیکە، ئەوان ناچار بکات لەگەڵ ڕێبکەون. هەر لەم پەیوەندەدا و ئێعدام کردنی ” ڕۆحوڵڵا زەم” هاوکات لەگەڵ هەوڵێک بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک لە ناوخۆی وڵات، هوشدار و گوشارێکیش بوو بۆ سەر وڵاتانی ئورووپایی کە ئەوان ناچار بە دانوستان و سازان لەگەڵ حکوومەتی ئێران بکا. ڕژیمی ئیسلامی ڕەنگە نەوێرێ وەک جاران هێزەکانی خۆیی ڕاستەوخۆ لە وڵاتانی دیکە بۆ کاری تیرۆریستی وەگەڕ بخات، چونکا ئێستا شێوەی تیرۆرەکان گۆڕدراوە و لە تیرۆرە نوێکان ڕژیم کەلک لە مافیا و مرۆڤ کوژەکانی وڵاتانی دیکە وەردەگرێت. ڕژیمی ئیسلامی سەرەڕای بوونی گەماڕۆکان و گوشاری ئابووری کە کەوتوەتە سەر شانی دانیشتوانی ئێران، پارەی خەڵک بۆ تیرۆری نەیارانی دەنێرێت بۆ تیرۆریست و مرۆڤ کوژە نێودەوڵەتییەکان و کاری تیرۆر و ڕفاندنی نەیارانی حکوومەتیان پێدەسپێرێ. نموونەی بەرچاوی ئەم شێوە لە کارکردنە دزینی “حەبیب ئەسود” لە تورکیە لەلایەن قاچاخچیەکان و ڕادەستکردنەوەی بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بوو. ئەو هەوڵ و پەلەقاژانەی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامی دەری دەخا دەسەڵاتی خۆیان لە مەترسیەکی گەورەدا دەبینن و بۆ ڕزگار بوون لەو کێشانە هەموو هەوڵێک دەدەن و خۆیان لە هیچ تاوانێک ناپارێزن و لە هەر چەکێک بۆ خۆ دەربازکردن کەلک وەردەگرن. بەڵام لەوە دەچێ چیدی کاتێکی وها بۆ ڕژیمی ئیسلامی ئێران نەمابێتەوە و ئەو کارانەش نەتوانن لەم قەیرانەی ئەمجارە دەربازیان بکەن، چونکە هەموو جیهان ئەم شێوە لە کارکرد و تاکتیکی ڕژیمیان ناسیوە و چیدی ناکەونە داوی ئەو شێوە کارانەوە.