ئێران لە داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نوێ
پەرویز رەحیمزادە
لە ساڵی 1357ی هەتاویی و چەند مانگێک پێش رووخانی رژیمی شا، وێڕای ئەوەی کۆمەڵگای ئێران لە نێوان تەم و مژێکی گەورە و هاوکات هەستان و راپەڕیندا بوو، دەرکەوتنی رەوتی ئیسلامی سیاسی وەک یەکێک لە ئاڵترناتیڤەکانی داهاتوو خۆی دەرخست. گەندەڵی و بارودۆخی نالەباری ژیان، نەبوونی دێمۆکراسی و ئازادی رادەربڕین، خولقاندنی کەش و هەوای تۆقاندن و دڵەڕاوکێ لەوەی هەرکەس دژی دەسەڵات هەڵوێست بگرێ بەرەوڕووی هەڕەشە دەبێتەوە، لە سیستەمی ساواکدا رەنگی دەدایەوەو رەچاو دەکرا. ئەگەر بمانەوێ کۆی فاکتەرەکانی شۆڕش لە ئێران و بە دەسەڵاتی گەیشتنی رەوتی ئیسلامی سیاسی بدەینە بەر لێکۆڵینەوە، پێویستە جیا لە بارودۆخە ناوخۆییەکە، هاوسەنگی هێز لە ئاستی جیهانی و ناوچەکەش بخەینە ژێر تیشکی خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە. بەو پێیە و لە وێنەیەکی گشتیدا کۆمەڵگای جیهانی و بە تایبەت زلهێزەکان چیدی لەوە زیاتر نەیاندەویست ئێران دەسەڵاتی بەرفراوانتر بکاتەوە کە لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵ بەسەر بازاڕی نەوت بەدەستی هێنابوو، هۆکاری گرینگی دووهەمیش ئەوە بوو زلهێزەکان چیدی لەوە زیاتر قبووڵیان نەدەکرد کە رژیمی شا کە تا ئەوکات ئاڵقە لە گوێی ئەوان بوو، ئێستا دەیەوێ سەربەخۆ و لە دەرەوەی ئیرادەی ئەوان بڕیارگەلێک بدات. ئەم دوو فاکتەرە دەرەکیە لە هەمانکاتدا کە رژیم لە ناوخۆ تووشی قەیران و ئاڵۆزی گەورە هاتبوو، پاڵی بە زلهێزەکانەوە نا بۆ ئەوەی بیر لە ئاڵترناتیڤێک بکەنەوە و رەوتێک گەورە بکەنەوە کە ئەگەرچی لەگەڵ ئیدە و پرۆژەکانی ئەوانیش ناتەبا بێ، بەڵام جۆرێکیش نەبێ کە بکەوێتە باوەشی چین و رووسیەی ئەو سەردەم کە جیهان بەسەر دوو بەرەی گەورەدا دابەشکرابوو. بەمشێوە رەوتی ئیسلامی سیاسی وەک روانگەیەکی سێهەم لە ئێران دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت و هەر لە سەرەتاشەوە بانگەوازی دژایەتی لەگەڵ رۆژئاوا لە لایەک و روسیە و چینیشی لە لایەکی دیکەوە بەرزکردەوە. ئەم سیاسەتە ئەگەرچی دواتر و لە ساڵانی پاش سەقامگیری دەسەڵات گۆڕانی بەسەردا هات، بەڵام وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ بونیاتنانەوەی رێبازێکی نوێ لەم ناوچە سەریهەڵدا.
لە بیر و روانگەی ئیسلامی رژیمی ئێران ئەوان سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامیان کردە ئامانجی سەرەکی خۆیان و موژدەی سەرکەوتنی رووناکیان بەسەر تاریکی بۆ هەموو جیهان دەنارد. هەست و کاکڵەی زێدەخوازی و فراوانبوونی دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی بۆ سەرتاسەری جیهان ئەم رژیمەی لەبەردەم ئەو بژاردە دانا کە سەرەتا دوژمنانی سەرەکی و لەمپەرەکانی بەردەم ئەم پرۆژەیە دیاریی بکات. لەم نێوەدا ئەمریکا وەک دوژمنی دوور، ئیسرائیل وەک دوژمنێکی نزیک و کۆی بەرەی ئازادیخوازانیش وەک دوژمنێکی ناوخۆیی پێناسە بکات. چارەنووسی بەرەی ئازادیخوازانی ناوخۆ کە لە دەستی ئەواندا بوو وە هەموو کەرەسەکانی سەرکوتی ئەوانیان بەدەستەوە بوو، بەڵام بۆ گەیشتن بۆ دوو ئامانجی لەناوبردنی ئەمریکا و ئیسرائیل گەلێک رێگە و پلان سەرپێخران. هەوڵدان بۆ بەڕێکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ رۆژئاوا لە رێگەی دامەزراوەگەلی ئایینی، پێکهێنانی گرووپهەلی چەکدار لە وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵی وڵآتانی دەوروبەر و یارمەتیدانی هەمەلایەنەی سەرجەمی ئەو گرووپانەی بە هەر جۆرێک دەتوانن دژی ئیسرائیل بوەستنەوە. لەم نێوەدا ئەڵبەتە گرینگترین پرۆژە بۆ کۆتاییهێنان بە پرۆژەی لەناوبردنی دوژمنی نزیک واتە ئیسرائیل درووستکردنی چەکی ناوکیە بۆ ئەو دواڕۆژەی بڕیارە ئەو وڵاتە و دانیشتووانی بۆ هەمیشە لە سەر زەوی بسڕێنەوە.
بەڵام پاش نزیک 50 ساڵ لە دەرکەوتنی رژیمی ئیسلامی لە ئێران و کۆی ئەو هەوڵانەی بۆ بردنە پێشەوەی ئەو پرۆژە ئەنجامدرا، ئێستا دەبینین کە ئەو بیرۆکەی کە رژیمی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارێتیدا خۆی بۆ تەرخانکردبوو نەک بەدی نەهات بەڵکوو رووداوەکانی پاش 7ی ئۆکتۆبر و لێکەوتەکانی، نیشانیدا کە نەک سیاسەتی فراوانخوازی و هەناردەی شۆڕش بۆ سەرتاسەری جیهان نە تەنیا وەک بڵقی سەرئاو بوو، بەڵکوو لە ئێستادا داڕشتنەوەی رۆژهەڵاتی نوێ وەک پڕۆژەیەکی سەرەتا ئیسرائیلی لە ناوچەکە هەم دەست و باڵی رژیمی لە وڵاتانی دەوروبەر کۆتا کرد، لە لایەکی دیکەشەوە پڕۆژەی بچووککردنەوەی جوگرافیای ئیڕانیش لە بەردەستی ئەو ناوەندانەدایە کە بەرەو ئەو ئەنجامە هەنگاو دەنێن، ئێرانی گەورە بەو جۆرەی لە رابردوو ئێستاشدا بوونی هەیە، لە مێژووی 100 ساڵی رابردوو نیشانیداوە کە ناتوانێ وەک بوونێکی ئاسایی لە ناوچەکە و لە ئاستی جیهانیش رۆڵ بگێڕێت.
بەمجۆرە پێدەچێ لە ژوورە ستراتژیکەکاندا پرۆژەی داهاتووی دەسەڵات لە ئێران لە فۆرمێکی بچووکتری جوگرافیدا خۆی وێنا بکات کە چیدی لەوە زیاتر نەتوانێ دەستی بە هەموو پێگەکانی گەشە و فراوانخوازی بگات و ببێتە مەترسی بۆ ناوچەکە و جیهان.
