دێمۆکراسی سەرمایەداری ئەمریکا بەرەو هەڵوشانەوە

✍ئاژوان-سنە

لەم ڕۆژانە باسی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و دۆڕانی دۆناڵد ترامپ یەکێ لە سەرەکیترین هەواڵەکانی جیهانە. هەڵبژاردنێک کە تا دوایین کات سەرۆک کۆماری ئەمریکا “دۆناڵد ترامپ” بە ساختەکاری ناوی دەبات و بۆ ڕاستڕەو و ڕاسیستەکانی ئەو ولاتە جێ پرسیارە. لەم بە ناو هەڵبژاردنەدا ترامپ بە ڕەقیبەکەی دۆڕاندی: بەڵام شکستی ترامپ شکستی پەیکەرێکی جیهانی نوێی فاشیزمی سەرمایەداری بوو. دەسەڵاتێک کە  بێ پەردە دەستیدایە هێرش کردنە سەر مافی کرێکاران و تەندروستی خەڵک و ژینگە و زیندووکردنەوە و گەشەپێدانی ڕاسیزم و دەست ئاواڵاکردنی کۆمپانیا و سەرمایەدارانی ئەمریکا بۆ کەڵەکەی سەرمایە لەسەر حسابی ئەم بێ مافیانە، وە نائارام کردنی جیهان تاڕادەی هەڕەشەی ئەتۆمی لەو کۆمپانیا و دەوڵەتانەی کە پێشبڕکێی ئەمریکا دەکەن. هەرچەن کە نوێنەری دیمۆکراتەکان “جۆ بایدێن” ئەو کەسە نییە کە لایەنگرانی چەپ و دێمۆکرات لە ئەمریکا بە تەواوەتی دڵی پێ ببەستن بەڵام لەم سەردەمە و لە کاتێکا کە نەتەوەپرەستی ڕاست و بیرۆکەی فاشیزمی ئەمریکایی خەریک بوو بە سەر ولاتدا زاڵ ببێ، تەنیا هیوای چەپەکان شکستی ترامپ بوو بە هەر شێوازێک. ئەوەش لە بەیاننامەکانی حێزبەکانی ڕادیکاڵی چەپی ئەمریکایی وەک” پارتی کۆمۆنیستی ئەمریکا ” و ” پارتی مارکسیست لنینیست مائۆیستی ئەمریکا ” ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەیە. ئەوان پێیان وایە کە نەمانی ترامپ و سیستمی بیر و کارکردنی دەوڵەتەکەی ڕێگە بۆ هەڵوشانەوەی ترامپیزم و فاشیزمی ڕاسگەرا لەو وڵاتە خۆش دەکات و ئایندەی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی چەپی ڕادیکاڵ لەو ولاتە مسۆگەر دەکا.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بابەتێکی ناوخۆیی تایبەت بەو وڵاتە تەماشا ناکرێت. ئەم هەڵبژاردنە ڕاستەوخۆ پێوەندیی بە کۆمەڵیک دیاردە و هەڵوەیستی دەنگدەرانی ئەمەریکا و پێشوازی کردنی ئەرێنی ناوەندێکی بەرفراوانی ڕای گشتی جیهان و حکومەتەکانی دونیایە لە ئەنجامەکەی، پەیوەستە بە هەڵوێست وەرگرتن بەرانبەر دیاردەی “ترامپیزم”. دیاردەی “ترامپیزم” زەق کردنەوەی چەمکی لیبراڵی نوێ و سەروەریی ڕەهای بازاڕە. “ترامپیزم” یانێ نەهێشتنی بایەخەکان و پرەنسیپ لە سیاسەت و لە پەیوەندی نێودەوڵەتی و زەقکردنی گوتاری ڕق و قینە و بوغز، و فراوانکردنی پۆپۆلیسمی درۆزن، و بەکارهێنانی ناوەۆرکی سووک لە گفتی سیاسی و وەڵامدانەوەی بەرامبەر و سوکایەتیکردن. “ترامپیزم” کە لە سەرەتاو هەوڵی دا دژایەتی گڵوبالیزمی ئەمەریکا بکات، و خۆی وەک ڕزگاریدەری سەرمایەداری نیشان بدات، بەڵام نەزانکارانە قەیرانی سەرمایەداری قووڵتر کردەوە، و ئەمریکایشی تووشی وەها قەیرانیک کرد کە تا چەندین دەیە ناتوانن زیانەکانی بسڕنەوە. قەیرانەکانی سەرمایەداریی لیبراڵی نوێ و پیادەکردنی “ترامپیزم” نەک لە ئەمەریکا لەگەڵ بن بەست بەرەوڕووبوون، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا ئەو سیاسەتە تووشی قەیرانێکی قووڵ بووە، و سەرمایەداری و ناوەندنەکانی لیبراڵیزمی نوێ بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە خۆیاندا بکەنەوە و بە دوای چارەسەری قەیرانەکاندا بگەرێن، ڕەخنەیان ئاراستەی ترامپ دەکرد!

دوای سەرکەوتنی “بایدێن” و دەسپیکردنی بزووتنەوەی راستڕەوەکان و هەوڵی داگیرکردنی بینای کۆنگرە کە نمادی دیمۆکراسی ئەو وڵاتە بوو هێماکانی هەڵوەشانەوەی سەرمایەداری ئەمریکا دەستی پێکردووە. ئەمە وتەی باب ئاڤاکیان لە ڕێبەرانی چەپی ئەمریکایە. بەڵام پەیامی ئەو تەزاد و دژایەتییە کە لە ئەمریکا درووست بوو چییە؟ ئایا پێویستی بە بزووتنەوەیەیکی جەماوەری سۆسیالیستی لە مێژووی ئەمریکا خۆی دەنوێنێت؟

لەم وتارە ئێمە نامانئەوێت هەموو دیاردەکانی ئەم ڕووداوانەی دوایی ئەمریکا هەڵسەنگێنین و باس لە دەرفەتی مێژوویی بۆ بەرەی چەپ لەو وڵاتە دا بکەین. ئەوەی لە نیازە بیزانیین ئەوەیە کە ئایا نەمانی ئەو بیرۆکە لەو ولاتە و لە ئوروپا چ کاریگەرییەکی لە سەر ڕەوتی ڕووداوەکان لە ناوچەی ئێمە دا  هەیە؟

ئایا کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ترامپ چۆن لە گەڵ ئەو بارودۆخە دا  خۆی دەگۆنجینیت؟ ترامپ کە بە گۆشاری زۆرینە دەیویست ئێران بە چۆک بێنێت تا چ ڕادەیەک توانی بگاتە ئامانجەکانی؟ لە بەر ئەوە کە لە ڕاستیدا تەنگژە و دژایەتی نێوان دەسەڵاتدارانی ئه‌مریكا و ئێران ته‌نها قسه‌یه‌كه‌ هه‌رگیز په‌لناهاوێت بۆ كۆتایهێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی خۆی نیزامێکی سەرمایەدارییە و لە زۆر شت دا هاوبەشن و کۆکن، وەک دژایەتی لەگڵ بەرەی چەپ و سۆسیالیستی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

ئەمانە هەمووی پرسیارن و ماوەی ئەوێت تا ڕاسییەکان دەرکەون. ترامپ کە تەنیا گرینگیی بە بەرژەوەندیی ئابووریی وڵاتەکەی دەدا و هێچ کاتێ بۆ پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان گۆشاری نەخستە سەر دەسەڵتدارانی تۆرکیا و ئێران و سووریا. ترامپ تەنیا بەرژەوەندییەکانی نیزامی سەرمایەداری لا گرنگ بوو. تەنانەت لە کاتی ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستانی باشوور و داگیرکرانی بەشێک لە ڕۆژئاوای کوردستان گوێ خۆی کەڕ کرد و دەنگی یارمەتی هاوپەیمانە کوردەکانی نەبیست.

بەڵام ئەوەی لە ئەمریکا ڕوویدا لەوانەیە تەنھا دیاردەیەکی ئەمریکای نەبێت. فاشیزیمی نوێ لە ئەڵمانیا زۆر بەھێز و ڕێکخراو لە سەر شەقامە و زۆر بە جێدی دژایەتی نەتەوەکانی دیکە لەو وڵاتە دەکات. سەرۆکی فەرانسە قەیرانەکەی بە تایبەت لە بواری دابینکردنی ژیانیی خۆشتر بۆ چینی کرێکارلە ئەمریکا قوڵترە. چەندین ساڵە فاشیزم یەکێکە لە ڕکەبەرە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی فەرانسە و بەردەوام لە لوتکەدایە.

لە کاتێکدا خەڵک بە ئەمریکا پێدەکەنین لە ھەمانکاتدا خۆیانیان بیردەکەوتەوە. ئەوەی مەترسیدارە ئەوەی لە ئەمریکا دەبێت ھەر زوو دەبێتە مایەی لاساییکردنەوە لە جێگاکانی دیکە.

ئەم شکستەی ترامپیزم لە دەنگدانێکدا ئاکامی ٤ ساڵ لە خەباتی  چەپ و سۆسیالیستیی کۆمەڵگەی ئەمریکایە کە لە مانگرتن و خۆپیشاندان و زیندووکردنەوەی باڵی چەپ لە نیو حزبی دیموکرات و هێنانە پێشەوەی قسەکەری وەک ساندێرس دا خۆی نواند. دەنگدانی کرێکاران و ژنان و بزوتنەوەی دژی ڕاسیستی و یەکیەتییە کرێکاریەکان دژی ترامپ خۆی هاتنە مەیدانی سیاسی بوو کە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیانەیە. شکست لە هەڵبژرادندا هەرچەند هەنگاوێک بۆپیشەوەی ئەم بزوتنەوە ڕادیکاڵەیە لە مەیدانی ململانێی سیاسیی نێو کۆمەڵگەی ئەمریکیدا دژی نیولیبرالیزم، بەڵام هێشتا بەمانای سەرکەوتن دژی نیولیبرالیزم و ئەو سیاسەتانە نین کە ترامپیزمی گەیاندە دەسەڵات. بەڵێ ترامپ شکا،  شکستێک کە بەرچاوی هەموو فاشیزمی نوێی وەک ترامپ، پوتین لە ڕوسیا و بۆلسۆنارۆ لە برزیل و و لۆپین لە فەرەنسا و وڵاتانی دیکەدا ڕەش کردووە. هەر بۆیە شکستی ترامپ هۆکاری خۆشحاڵیەکی جیهانیە بۆ خەڵکی ئازادیخواز. ئەمە بەرهەمی فاشیزمی نوێ و هەروەها خەباتی کرێکاران و توێژە کەم داهاتەکانە دژی نیولیبرالیزم و فاشیزمی نوێ .

بەڵام کاتێ ترامپ و خامنەیی و ئەردۆغان دەبینین دەزانین کە ئەم سیستەمە ناتوانێ تا ئەبەد بە زوڕنای شەڕ خەڵک فریو بدا. ئەم دیموکراسیە لەگەڵ شکستی سیستەمە سیاسیەکەیدا بەرەوڕووە و ئەگەر ئامادەیی سیاسی و فکری لە خوارەوە لای خەڵکی زەحمەتکێش و ژێردەست هەبێ بۆ گۆڕینی سیستەمی نوێنەرایەتی و پەرلەمانی ئێستا، ئەوا ئەمڕۆ لە هەمو کات زیاتر زەمینە ئامادەیە و ئەم ئازاد بوونە لەم سیستەمە سیاسیە بووەتە پێویستیەک بۆ ڕزگاربوون لەدەست ناچاریی هەڵبژاردن لە نێوان ترامپە توندڕەو و بایدنە میانەڕەوەکاندا. ئاسۆی بەردەم بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی زەحمەتکێشان و توێژە کەمداهاتەکان لە ئەمریکا و دنیای ئەمڕۆدا ئەوەیە کە چۆن بزوتنەوەیەکی سیاسی جەماوەری و چ ئایندەیەکی سیاسی و ئابوری جیاواز لە سەرمایەداری خەریکین سازدەکەین، کە نەک هەر لە دەنگدانەکان و ململانێی سیاسی کاریگەریی خۆی دابنێ بەڵکو دژی هەموو حزب و چینی دەسەڵات مێحوەر بتوانێ ڕیزێکی جیاواز و خەباتێکی سیاسی جیاواز نمایش بکا تا لە مەیدانی دەسەڵات و بەڕیوەبردنی کۆمەڵگەدا شکست بە هەموو نوێنەرانی درۆزنی دێمۆکراسی و ترامپەکانیان بهێنێ.

بەڵام دیموکراسی تووشی قەیران دەبێت، دەسەڵاتەکانی دیکە تووشی داڕمان دەبن. ئەمانە هەمووی ئاگادارین بۆ ئەوەی کە ئەو نەزمەش کە ساڵەهایە بانگەشەی بو دەکرێت تووشی داڕمان بوو و تەنیا یەک ڕێگای تر لە بەر دەم مرۆڤایەتی ماوە ئەویش سۆسیالیزمی دێمۆکراتیک و شووراییە.