تێبکۆشین بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە…!
ڕێکەوتی ١٠ی ئۆکتۆبر ، رۆژی جیهانی خەبات لە دژی سزای سێدارە بوو. رۆژێک کە هەموو لایەنگرانی مافەکانی مرۆڤ شەقامەکانی پایتەختەکانی وەڵاتانی زلهێز بە دروشمەکانی نا بۆ سێدارە و هەلوەشاندنەوەی ئەم سزایە نامرۆیانەیە ، دەهێنە لەرزین.١٠ی ئۆکتۆبری ئەمسالیش دروشمەکان لە چەشنی ساڵانی ڕابردوو بوون و مەحکووم کردنی وڵاتانی لایەنگری کووشتنی بە ئەنقەستی ئینسانەکانەکان.
ئەمساڵیش لە رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبردا جارێکی تر وڵاتی ئێران لە سەرەوەی دروشمەکانی نەیارانی سزای سێدارە هاتە ئەژمار. ئەمجاریش مەرگ بۆ دیکتاتۆرو مەرگ بۆ خامنەیی جەڵاد تەنیا لە شەقامەکانی تاران پایتەختی سێدارەو بەندیخانەکان وگۆشەو کەناری شارە جۆربەجۆرەکانی ئێراندا قەتیس نەمایەوەو بەلکوو بوو بە دروشمی ڕاستەوخۆی هەموو مرۆڤدۆستەکانی ڕێپێوانی ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمسالیش. ئێستا کە کۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ٢١تێپەر دەکەین، هێشتاکەش هەروا پتر لە ٥٠ وڵاتی جیهان نوقمی حوکمی سێدارەیە. وەها ڕاستێک نە تەنیا نیشانەی کارەساتێکی گەورەی مرۆییە بەڵکووهاوکات گیان سەخت بوون و پانتایی مێژوویی و جیهانیی ئەم دیاردەیەمان پێ نیشان دەدات. وڵاتی ئێران بە بەردەوامی لە ریزی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە بەجۆرێک کە لە ماوەی حەوت مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤زایینی تا ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لانی کەم سزای سێدارەی ۸۵۳ بەندکراو لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراون کە ١٨ کەسیان ژن و ٣ کەسیشیان منداڵ بوون.لەدوای مردنی گوماناوی ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران وشکست پێهێنانی پرۆژەکانی ڕژیم بۆ بەرێوەبردنی شانۆی گاڵتەجارانەی هەڵبژاردنی چواردەیەمین خوڵی سەرۆک کۆماری لەڵایەن خەڵکەوەو هەروەها کوژرانی بە ئەنقەست و بەرنامەبۆدارێژراوی ئیساعیل هەنییە بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی تیرۆریستی حەماس لە ناو دلی شاری تاران و لە پەنا گوێچگەی خامنەیی، بەخێرایی وبەکردەوە کەشوهەوایەکی تۆقێنەرو پڕلەمەترسی بەفەرمانی خامنەیی و سپا تیرۆریستەکەی بەسەر ئێراندا زاڵ بوو. خامنەیی بۆدەرباز بوون لەم دۆخە و لەو سەر شۆریی و شەرمەزارێیەی کە دوای کوشتنی گەورەتیرۆریستی حەماس تووشی هاتبوو،خۆیی و سپاکەی رووبە جەماوەر شەمشێر لە پێشەوە دەبەستن و زەلیلانە بەمەبەستی دیاریکراوی خۆێان وەک هەمیشە دەچنە گیانی بێ دیفاغ تەرین مرۆڤەکان لەو دیوی تەڵبەندەکانی بەندیخانەوەو بە سەدان کەسیان لە سێدارەدا. جێگای تێرامانە کەلەماوەی یەک مانگ و نیوی ڕابردوودا ١١٠کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون . یانی بەلانی کەمەوە رۆژی شەش کەس لە ئێران لە سێدارەدراون . لە نیوەی دووهەمی مانگی پووشپەری ئەمساڵدا لانی کەم سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکردەوە دەرهات. ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای مانگی پووشپەڕ کە ١١ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٤٤ حاڵەت واتا ٤٠٠لەسەد زیادی کرد. لە ماوەی مانگی خەرمانایشدا لانی کەم سزای سێدارەی ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد لەگەڵ مانگی پووشپەڕکە ٥٥ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٣٩ حاڵەت واتا ٧١ لەسەد زیادی کردووە. هەروەها ٢١لەسەدی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەو مانگەدا هاووڵاتییانی کورد بوون.
لە ماوەی رۆژەکانی ١٧و١٨و ١٩و ٢٠ی ئەم مانگەو تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ١٤ کەس لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی لە سێدارە دراون کە شەش کەسیان کورد بوون .
بەو حالەشەوە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی سەدان کەس لە مەحکومانی دادگا عادیەکانی، ساڵانێکە لە چاوەڕوانی بە کردەوە دەرهێنانی سزای سێدارەدا راگرتووە، تا هەر کاتێک و بە هەر هۆکارێک هەستی کرد کە دەبێ سەرجەم کۆمەڵگا بترسێنێ، ژمارەیەک لەم مەحکومانە بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی سێدارەوە بکات. دەزگا تەبلیغاتیەکانی ڕژیمی ئیسلامیی، فریوکارانە، دەرکردن و بەڕێوەبردنی سزای سێدارە لەژێرناوی ئامرازی هێنانە خوارەوەی ڕێژەی تاوان و جەنایەت، بردنەسەرەوەی ئاستی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتی و دابین کردنی عەداڵەتی ناو کۆمەڵگا، پاساو دەکەن. بەڵام ئەزموونی هەموو کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و ئەزموونی خودی ئێران و ئامار و داتاکان پێمان دەڵێن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سزای سێدارەو کوشتنی سیستماتیکی دەوڵەتی، ناتوانێ ڕێژەی تاوان و جەنایەت کەم بکاتەوە.
سەرانی کۆماری ئیسلامیی لە ماوەی زیاتر لە چواردەیەی رابردودا لە هەمانحاڵدا کە بەشێوەی سیستماتیک لە سزای سێدارە وەک شگردێکی سەرکوت لەدژی نەیارانی سیاسی خۆی کەڵکی وەرگرتوە، لە لایەکی دیکەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی، سزای سێدارەی وەک رێگای بەرەنگار بوونەوەی ئەم نابەسامانی و تاوانه کۆمەڵایەتیان پیشانداوە.
ئەگەر ئینسان پەروەردەی ژینگەی خۆیەتی، ئەم ژینگەیە دەبێ بە شێوەیەکی ئینسانی پێک بێ. ئەگەر ئینسانێک بە شێوەی سروشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، کەوایە سروشتی راستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگاداپێدەگەیێنێ و توانایی سروشتیی ئەو نەک بە هێزی کەسانی تایبەت، بەڵکو لەگەڵ هێزی کۆمەڵگەدا دەبێهەلسەنگێندرێ.
رژیمی کۆماری ئیسلامیی تا ئێستا بە هەزاران کەسی بە تاوانی قاچاق و سەوداکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە سێدارە داوە. قوربانیەکانی ئەم سزایە زۆرتر وردە فرۆشان و گیرۆدە بوانن. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەموان دەزانن سەری هەودای تۆڕێک کە دەتوانێ بەبێ پەروا لە ئەمری بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مهوادی موخهدردا دەوری هەبێت، بە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەستراوە و گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرلە قەبارەی سەدان تۆنیدا، بەبێ بەشداری ئەوان ناکرێ. بەمجۆرە تا ئێستا هیچ فەرماندەیەکی نیزامی سپا و هیچ مەئمورێکی ئەمنیەتی رژیم، بە تاوانی قاچاق و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیر و زیندانی نەکراوە.سیستمی قەزایی ئەم رژیمە لەسەر قەساس و تۆڵە سهندنهوه دامەزراوە. پێویستە ئەم کردەوە قێزەونانە لەدەست رژیم دەربهێندرێن. ئەم رژیمە تەنیا بە خەباتی جەماوەری دەکرێ وادار بکرێت دەست لە کردارە جەنایەتکارانە و سازماندراوەکانی هەڵبگرێت و بە قینی شۆڕشگێڕانە بروخیندرێت.
١٠ی ئۆکتۆبرو هەموو ڕۆژەکانی تر بکەینە خەباتی بێ پسانەوەمان بۆ هەڵوەشاندنەوی سزای سێدارە.