بە یادی سێ تێکۆشەر، سێ سۆسیالیستی دڵسۆز و سێ برای گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە بنەماڵەی یەسریبی (هاوڕێان حەمەحسەین، ئەردەشیر، رەزا یەسریبی)
شۆڕشی گەلانی ۱۳۵۷هەتاوی لە ئێران جیلێکی نوێ لە گەنجانی تێکۆشەری بارهێنا کە دژی هەموو نەریتی کۆنەپەرستی و دواکەوتوویی بوون. ئەو نەوەی کە ئاگری لە دیکتاتۆری پەهلەوی بەردا و درێژەی هەر ئەم نەوەیە کە ئەمڕۆ لە شەقامەکاندا خرۆشاون و یەکدەنگ دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆری و بژی شۆرشی ژن،ژیان،ئازادی” دەڵێنەوە و بناغەی حکوومەتی ڕەشیی ئیسلامیان هەژاندووە.
ئەم هێڵە شۆڕشگێڕ و بوێرە لە کوردستان دوای ڕاپەڕین پەیوەندییان بە لایەنە چەپەکانەوە کرد و لە بەرەکانی شەڕی تێکۆشەرانی ئاڵای سوری شۆرشی بێبەشاندا لەگەڵ دوژمن کە زۆربەیان چەکدار بوون درێژەیان بە خەباتی خۆیان دا. هاوڕێ ئەردەشیر یەسریبی یەکێک بوو لەو گەنجە تێکۆشەرانە که لە یەکەمین دەستەی پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا لە باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان لە پەلی شەهید سەعید و دواتر لە یەکەیەک لە گوردانەکان بە فەرماندەیی کاک شوان سازماندرا. لە ململانێ و جەولەکاندا بەهای خۆی وەک هاوڕێیەکی پێشەنگ نیشان دەدا. چاڵاکی و هەڵسورانەکانی دڵسۆزانەی ئەم هاوڕێەمان،ئەوی کردبووە خۆشەویستی هەموو ریزەکانی کۆمەڵە و ناوچەکە. هاوڕێ ئەردەشیرلە درێژەی هەڵسوران و چاڵاکی پێشمەرگانەدا لە ناوچەی سنە سازماندرا. لەو ناوچەیەش زۆر زوو توانی ببێتە خۆشەویستی هەموو لایەک. هاوڕێ ئەردەشیر ڕوخسارێکی خۆشەویست و لەبیرنەکراوی هەبوو. بە ئەدەب و لە خێزانێکی ناسراو و بەناوبانگەوە هاتبوو. گەنجێکی زانا و ڕەوشت باش بوو، بە سانایی دەکرا لەگەڵیدا ڕێکبکەویت و هاوڕێیەکی لێو بە بزە بوو. بەداخەوە مەرگی نابەوەخت مەجاڵی بەم خۆشەویستەی کۆمەڵە نەدا کە لەوە زیاتر درێژە بەخەبات و چاڵاکی بدات و سەرەنجام لە شەرێک لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ساڵی ١٣٦٢ی هەتاوی گیانی ئازیزی بەخت کرد. برا گەورەی هاوڕێان ئەردەشیرو ڕەزا بە ناوی کاک حەمەحسەین تێکۆشەرێکی بەئەزموون و ڕووخسارێکی ئاشنای تێکۆشەران و خەڵک و جەماوەری پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی شۆرشگێری کوردستان بوو. ئەو شۆفێری ئوتووبوس بوو.ئەمەش بۆخۆی دەرفەتێک بوو کە بتوانێ لە گەڵ خەڵک و چین و توێژە جۆراوجۆرەکان پەیوەندی سەمیمانە بگرێ و لەگەڵیان بدوێ. هاوڕێ حەمەحسەین تێکۆشەرێکی بەتوانا و خەڵکی بوو. زۆر جێگای متمانە بوو . لە نێو خەڵکدا خۆشەویست و جێی بروا بوو. وەک براکانی چاونەترس و خۆنەویست بوو، بەداخەوە لە هەمان سەرووبەندی گیانبەختکردنی براکانی، بە هۆی ڕووداوێکەوە لەسەر ڕێگای سنە- تاران گیانی لەدەستدا. هاوڕێ ڕەزا یەسریبی برای دیکەیان بوو کە هەڵبەت ناوی ڕاستەقینەکەی حەمید بوو. لە ڕاپەڕینی کۆمەڵانی خەڵک بە دژی ڕژیمی پاشایەتی لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی بەشداری چاڵاکانەی کرد و وەک زۆربەی لاوانی شار لە ریزی پێشەوەی خەبات و خۆپیشاندانەکاندا بوو. بەدوای ڕاپەرین و هاتنە سەرکاری ڕژیمی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامیی لەو مەیدانە لە خەباتدا مایەوە و پاشان لە “جەمعییەتی بەرگری لە ئازادی و شۆڕشی سنە” و دواتر لەگەڵ ڕێکخراوی “خەبات بۆ ڕزگاری چینی کرێکار” درێژە بە خەباتی خۆی دا. لە ساڵی ۱۳۶۲هەتاوی هاوڕێ ڕەزا لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕێکانی پەیوەندییان بە کۆمەڵەوە گرت و ئەو جار وەک پێشمەرگەی کۆمەڵە درێژەی بە چاڵاکی سیاسی و پێشمەرگانەی خۆیدا. هاوڕێ ڕەزا لەناو ریزەکانی کۆمەڵەشدا، هاوڕیەکی خۆشەویست و چاونەترس بوو . زۆر بوو توانى لناو ژاوڕێانی کۆمەڵەدا جێگای خۆی بکاتەوە ببێتە تێکۆشەرێکی خۆشەویست و پێشمەرگەیەکی ئازاو بەئەمەگ.بەداخەوە هاوڕێ ڕەزا لە هێرشێکی ئاسمانی جینایەتکارانی دەوڵەتی بەعسی عێراق بۆ سەر یەکێک لە ئۆردوگا ناوەندییەکانی کۆمەڵە لە “بۆتێ”لە دۆڵی بالیسان لە ساڵی ۱۳۶۷هەتاوی لەگەڵ چەند هاورێیەکی دیکە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە گیانی خۆی لە پێناوی ئازادی و سۆسیالیزمدا بەخت کرد.
یادی برایانی یەسریبی ئازیز بەرز و بەڕێز بێت و ڕێگاکەیان بەردەوام دەبێ.