کڕێکارانی کۆچبەر و کۆڵبەری، دوو دیاریی کۆماری ئیسلامین بۆ خەڵکی کوردستان!

لەم ڕۆژانەدا بۆ جارێکی تر لەناو میدیاکانی ناوخۆی ئیراندا بە تایبەت رۆژنامەی ” همشهری” ڕاپۆرتێك سەبارەت بە ده‌ركه‌وته‌كانی هەژاری و رۆژڕەشیی کۆمەڵانی زەحمەتکێش له‌ شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بە تایبەت دوو پارێزگای کرماشان و کوردستان بڵاوکرانەوە کە جێگای ئاماژەپێکردنن. له‌ ڕاپۆرته‌کەی رۆژنامەی ” همشهری” سه‌باره‌ت به ‌شارەکانی کوردستان هاتووه‌ كه‌: كوردستان له‌ كۆتایی ساڵی ١٤٠٣دا له‌ بواری هەژاری و بێکاریدا لە پلەی یەکەمدا بووە، واته‌ كۆی ڕێژه‌ی هەڵاوسانی ئابووری و بێكاری لە کوردستان بە تایبەتی لە شارەکانی وەک سنە و کرماشان گەیشتۆتە ٥٩ لەسەد.

بێگومان وه‌ك هه‌میشه‌ داتاکانی ڕژیم به‌ئامانجی داپۆشینی ڕاستییه‌كان، ده‌ستكاری ده‌كرێن و له‌مباره‌شه‌وه‌ ڕێژه‌ی هەڵاوسان و بێكاری، یان هه‌مان ده‌ركه‌وته‌ی ڕۆژڕەشی له‌م شارانە‌ یه‌كجار زیاتر له‌ ڕێژه‌یه‌كه‌ كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌ندرێ. ئه‌گه‌ر له‌ باس كردنی لیستی دوورودرێژی ئه‌و زیانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كاره‌ساتبارانه‌ی كه‌ له‌ پشت ئه‌م داتانەوە تێپەڕێین، هه‌ر ئه‌م ده‌ركه‌وته‌یه‌ی رۆژڕەشی له‌ کوردستان بە تایبەت لە ناوچە سنورییەکان دوو دیارده‌ی كۆچبه‌ری و كۆڵبه‌ریی له‌ پانتاییه‌كی به‌ریندا لێكه‌وتووه‌ته‌وه. ئێمە تێدەکۆشین بەوردی باسی ئەو دوو دیاردەیەی دیاری دەستی کۆماری ئیسلامیی بۆ خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان بکەین و دەرەنجامەکانی بدەینە بەرباس و لێکۆلینەوە…

یەکەم دیاردەی کۆچبەری یان هەمان کۆچ کردنی بێکاران

دیاردەی کۆچکردنی بێکارانی کوردستان هەر لەیەکەم رۆژەکانی بەدەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامیی لە کوردستان بەشێوەیەکی بەرین دەستی پێکرد. ئەگەر چی ئەم دیاردەیە لە پێش هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی و لەکاتی دەسەڵاتی رژیمی شادا هەر هەبوو بەڵام دوای ڕووخانی ئەو ڕژیمە، دیاردەی کۆچکردنی کڕێکاران و زەحمتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات شکڵ و شێوازی جیاوازی بە خۆیەوە گرت. لەگەڵ هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی بارودۆخی کرێکاران و زەحمەتکێشان و بێبەشانی کوردستان بە هۆی سیاسەتی نامرۆڤانە و هەڵاواردن، رۆژ لەگەڵ رۆژ خراپتر بوو. کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی داگیر کراو بەم پێیە خەڵکی کوردستان بە شارومەندی پلە دوو ئەژمارکران و  بە شێنەیی و بە کردەوە ژێرخانی ئابووریی کوردستانیان داڕماند. بەم شێوەیە باروودۆخی کرێکاران لە کوردستان بە بەراورد لەگەڵ باروودۆخی کرێکاران لە بەشەکانی جۆراوجۆری ئێران، رۆژ بە رۆژ خراپتر بوو.

بێکاری و هەژاری، نەبوونی ئەمنیەتی کاری، حەق دەستی کەم، کاری زۆر و نەبوونی بیمە، نەبوونی دەرفەتی کردنەوەی سەندیکا و ناوەند و هتد، رۆژانە ژیانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی لە کوردستان دەکردە ئامانج و بەم شێوەیە کرێکاران و کاسبکارانی کوردستان زۆرترین زوڵم و زۆریان بەرکەوتوو ژیانیان بە سەختترین قوناغەکاندا تێپەڕ بوو. ئەوان دەبوایە لە ژێر ناوی کرێکارانی کرێگرتە و کاتی روو لە شارە گەورەکانی ئێران بکەن و بەم شێوە شان بدەنە ژێر تاقەت پروکێنترین کارەکانەوە. هەر لە کورەخانەکانەوە بگرە هەتا بەندەرەکان و ناوەندەکانی بەرهەم هێنان و کارگا چکۆلە و گەورەکان، کرێکانی کورد کاریان تێدا دەکرد و دەچەوسێندرانەوە.

كۆچ كردنی كرێكاران و لاوانی خوازیاری كار بۆ كوردستانی باشوور‌

لەگەڵ ئازاد بوونی کوردستانی باشوور، شارەکانی هەرێمی کوردستانیش بوون بە میوانداری کڕێکارانی کوچبەری کوردستان. ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا خێراییه‌كی زیاتری به‌خۆگرتووه. هه‌ڵبه‌ت هه‌میشه‌ كرێكارانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ كار به‌ره‌و كوردستانی باشوور ڕۆیشتوون، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ و چه‌ند مانگی ڕابردوودا كه‌ فه‌لاكه‌تی ئابووری پانتایی به‌رینتری به‌خۆگرت و نرخی تمەن یه‌كجار دابه‌زی، شه‌پۆلی كۆچ كردن به‌رینتر بووه‌ته‌وه‌. كرێكاران پۆل پۆل‌ به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان وه‌ڕێ ده‌كه‌ون. ئه‌وان زیاتر له‌ به‌شی بیناسازییدا خه‌ریكی كار ده‌بن كه‌ كارێكی سه‌خت و پڕ زه‌حمه‌ته.

كرێكارانی كۆچبه‌ر لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی تر دەکەونە بەر ئازار و ئەزییەتەوە. لێرەش ئەم کرێکارانە لە هەموو شتێک بێبەشن نه‌ سه‌ندیكایه‌كیان هه‌یه‌ و نه‌ ئه‌نجومه‌نێكی پیشه‌یی بۆ بەرگری لە مافەکانیان. ئه‌گه‌ر تووشی ڕووداو بن، چ بمرن یان كه‌م ئه‌ندام بن، هیچ باسێك له‌ مووچه‌ وه‌گرتن و خه‌ساره‌ت له‌ گۆڕێ دا نییه‌. به‌ ده‌یان جار حه‌قده‌ستی كرێكاران له‌ لایه‌ن خاوه‌نكارانه‌وه‌ نه‌دراوه‌ و كرێكارانیش نه‌یانتوانیوه‌ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕن. پاشه‌رۆك كردن بۆ كرێكارانی كۆچبه‌ر به‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باروودۆخی ژیانێكی یه‌كجار خراپتر ته‌حه‌مول بكه‌ی تا بتوانی بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌لا نێی و بۆ بنه‌ماڵه‌كه‌ت كه‌ چاوه‌ڕوانی یارمه‌تین، بینێریتەوه‌.

زۆربه‌ی ئه‌م كرێكارانه‌ له‌ بینا نیوه‌كاره‌كاندا دەخەون كه‌ هیچ ئیمكاناتێكی ژیانیان نییه‌ و یه‌كجار له‌ به‌رده‌م مه‌ترسی و نه‌خۆشیی دان.  هەرچەن داهاتی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان باشترە و لەگەڵ ئەو چەوسانەوە بێبەزەییانەی ئێران جیاوازە بە گشتی دەتوانین بڵێن کە هەم هەرێمی کوردستان و هەم ئێران بۆ کرێکارانی کۆچبەری رۆژهەڵاتی کوردستان لانکەی کۆیلایەتین.

دووهەم کۆڵبەری، دەردێکی بێ دەرمان

كۆڵبه‌ری یه‌كێكی دیكه‌ له‌ دواهاته‌ رێكۆردشكێنه‌كانی ده‌ركه‌وته‌ی فه‌لاكه‌ته‌ له‌ کوردستانی رۆژهەڵات. ئه‌وه‌یكه‌ پێی ده‌وترێ كۆڵبه‌ری، له‌ڕاستیدا گیان دانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر پارووه‌ نانێك كه‌ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی به‌ده‌ست هێنانی ته‌نانه‌ت له‌ حاڵه‌تی ئاسایی كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆدا له‌ جه‌ماوه‌ری كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بێبه‌ری كردووه.

بێکاری، گرانی، نائەمنیی شوێنی کار، جەماورێکی هەرچی زیاتری بەرە و کۆڵبەری بردووە. حکوومەتی ئیسلامیی کە توانای دابین کردنی پیشە و ئەمنییەتی خەڵکی نییە، کۆڵبەریشی کردووەتە قەتڵگای خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستان، بەجۆرێک کە هەموو ڕۆژێ و هەموو حەفتەیەک شایەدی گیان بەختکردن و برینداربوونی ژمارەیەکی زیاتری کۆڵبەرانین لە کوردستان. بێکاریی بەرین لە ناوچە کوردنشینەکانی، جەماوەرێکی بەرینی ناچار بە کاری کۆڵبەری کردووە. کۆڵبەران بێجگە لە داهاتی کەم،  لەگەڵ دژوارییەکانی هەڵگرتنی بار، شوێنی سەخڵەت و سەرما و گەرما، لەگەڵ مەیدانەکانی مین و تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی بەرەو ڕوون.

کۆڵبەری کار نییە، کۆیلەتیی مۆدێرن لە باروودۆخی سەدەکانی ناوەڕاست دایە. هەژاری و بێکاریی زیاتر لە دەیان هەزار کەس لە پیاوان، ژنان، پیران و منداڵان و تەنانەت کەسانێک کە نەخۆشن و یان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە ناچار کردووە کە ڕوو بکەنەوە کۆڵبەری. کۆڵبەران لە لایەن چەند توێژەوە زوڵمیان لێدەکرێت: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە دەستی داوەتە کوشتنیان، بازرگانان كه‌ به هیچ یاسایه‌كی كار و مافی ئینسان پێبه‌ند نین، ده‌ڵاڵانی بازاڕ كه‌ به‌شێك له‌ سوودی گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان ده‌به‌ن .

هه‌ڵسووكه‌وتی هێزه‌ نیزامی و ئه‌منییه‌كانی ڕژیم له‌گه‌ڵ كۆڵبه‌رانی كوردستان نموونه‌ی كرده‌وه‌ و هه‌ڵسووكه‌وتی هێزێكی داگیركه‌ره‌ كه‌ ئاگاهانه‌ و به‌قه‌سدی كوشت ته‌قه‌ له‌ كۆڵبه‌ران ده‌كه‌ن، سه‌رمایه‌ و كاڵاكانیان لێ تاڵان ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت ئه‌سب و قاتره‌كانیان لێ ده‌كوژن . دابین کردنی بیمەی بێکاری بۆ کۆڵبەران تا کاتێک کە کاری گونجاو و ئەمن دەبیننەوە دەتوانێ کۆتایی بە کارەساتی کۆڵبەری بێنێت. دیفاع لە کۆڵبەران و مافی ئینسانی، دادگایی کردنی هۆکار و بەرپرسانی تەقەکردن لە کۆڵبەران، دابین کردنی خەسارەت و تێچووی دەوا و دەرمانی کۆڵبەرانی بریندار، دیفاعە لە حورمەت و کەرامەتی ئینسانی و ناڕەزایەتییە دژ بە جەنایاتی حکوومەتی ئیسلامیی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان. زۆر بەداخەوە هەواڵەکانی رۆژانە لەسەر کۆڵبەران لە باشیدا نین. لە ساڵی ١٤٠٣دا، بە کۆی گشتی ١٨٣ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ڕژیم، ڕنوو و سەرما، کەوتنەسەر مین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی و ڕووداوی دیکە کوژران و بریندار بوون.

له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی كۆماری ئیسلامیدا، كۆڵبه‌ری و هه‌نگاو هه‌ڵگرتن له‌ جاده‌كانی مه‌رگ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی نان، “پیشه‌” به‌ ئه‌ژمار دێت. حکوومەتی ئێران کە کوردستان وەکوو وڵاتێکی داگیرکراو دەبینێ و هەرواش هەڵسووکەوتی لەگەڵ کردووە و بە ئەنقەست کوردستانی لە باری ئابوورییەوە لە دواوە ڕاگرتووە و دەست هێزە ئەمنییەتییەکانی بۆ سەرکوت و تەقە لە خەڵک ئاوەڵا هێشتووەتەوە و تەقەکردن لە خەڵک لە کوردستان هیچ لێپرسینەوە و بەدواداچوونێکی یاسایی بۆ ناکرێ. ئەم سیاسەتانی حکوومەت، بێزاری و تووڕەیی چینی چەوساوەی کوردستان لە دژی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران و ئەو ناعەداڵەتی و زوڵمەی لێیان دەکرێ بەرینتر و قووڵتر کردووەتەوە و ڕێکخستنی ئەو هێز و جەماوەرە دەتوانێ بیانکاتە هێزی گەورەی بزووتنەوەی عەداڵەتخوازانە و ڕزگاریخوازانەی کوردستان.

له‌ باروودۆخێكدا كه‌ كوشتنی كۆڵبه‌ران هه‌روا درێژه‌ی هه‌یه، هه‌ڵسووڕاوان و مرۆڤه‌ خه‌باتكاره‌كانی كوردستان پێویسته‌ بە هاوکاری و هاوپشتی یەکتر هەوڵێکی جیددی بۆ پشتیوانیی کۆڵبەران و لەقاودانی تاوانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دژی ئەو توێژە مافخوراو و زەحمەتکێشە، بدەن. خستنە ڕیگەی کەمپەینی جۆراوجۆر و گەیاندنی دەنگی کزی ئەوان بە گوێی ڕای گشتی جیهانی و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی پشتیوان و یارمەتیدەر لە نێوان ڕێکخراو و لایەن و حکوومەتە پێشکەوتنخوازەکان، دەتوانێ دەوری لە چاککردنی ژیان و گوزەرانیاندا بێ.