بزووتنەوەی ژینا لە کوردستان و سێبەری شەڕی ئێران و ئیسرائیل

بزووتنەوەی ژینا کە پاش کوژرانی بە ئەنقەستی ئەم کیژە لاوە کوردە لە تاران بە دەستی دەوڵەتی ئێران ئەنجامدرا خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستان و ئێران. ئەم شۆڕشە ناوەڕۆکی خۆیدا تەنیا دژکردەوەیەک نەبوو بەرانبەر ئەو توندوتیژیە سیستماتیکەی دژی ژنان لە ئاستی ئێران و کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵکوو لە ناوەڕۆکی خۆیدا وەستانەوەیەکی میژوویی بوو دژی داگیرکاریی نەتەوەکان و لەناوبردنی دەنگی ئازادیخوازانەی یەکەم ژنان و دواتر سەرجەم بەرەی ئازادیخوازان لە ئاستی گشتیی ئێران. کوردستان شوێنی لەدایکبوونی ژینا مەکۆی سەرەکیی ئەو شۆڕشە بوو کە وەک ناوەندی سەرەتایی بۆ دەسپێکردنی ئەو شۆڕشە مەزنە خۆی دەرخست و بووە جێ هیوای باقی ئازادیخوازان لە ئێران.
ئێستا سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ لەو شۆڕشە جەماوەریە ناوچەکە و ئێران دووچاری قەیران و ئالۆزیەکی زیاتر هاتووە، کێشەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەک گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی پیکدادانی راستەوخۆ لە لایەکی دیکەوە بەرهەمی ئەم شەڕە کەشێکی تەواو ئەمنیەتیشی لە ناوخۆ بەرهەم هێناوە کە سێبەری خستۆتە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و دیمۆکراتیکەکانی ناوخۆ و بزووتنەوەی ژینای تا رادەیەک بەرەو دواوە پاڵ پێوەن ناوە.
ئەمنیەتیی بوونەوەی کەشی ناوخۆی ئێران و کوردستان
رژیمی داگیرکەری کۆماری ئیسلامیی هۆکاری سەرەکی سەرجەمی ئەو قەیرانانەیە کە بەرۆکی کۆی ناوچەکەی گرتووە بەڵام دەرکەوتنی لایەنێکی بەهێزتر لە خۆی لە بواری نیزامی و ئەمنیەتی واتە ئیسرائیل، لە ناوەندی ئەم شەڕەدا توانی هەیمەنەی رژیم لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بە تەواوی بشکێنێ. بەڵام لایەنێکی بەهێزی نێگەتیڤ لەم پرسەدا لانیکەم لەم کات و ساتەدا ئەوەیە کە رژیمی ئێران کەڵکی لە بارودۆخی شەڕ وەرگرتووە بۆ کپکردن و خولقاندنی کەش و هەوای ترس لە نێو جەماوەری خەڵک بە تایبەت لە کوردستان کە وەک ناوەندێکی سەرەکی بۆ شۆڕش و راپەڕین وێنا کراوە. لەم پێوەندەدا دەیان چالاکی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا دەسبەسەرکراون و زۆربەی هەرە زۆریان تۆمەتی پێوەندی لەگەڵ ئیسرائیلیان دراوەتە پاڵ.
لە کوردستان بەتایبەتی چالاکانی ژنان، خوێندکاران و رۆژنامەنووسان و بنەماڵەی ئەمنیەتی زۆر زیاتر لە جاران بۆ چالاکان و هەڵسووڕاوانی مەدەنی بەرتەسک کراوەتەوە کە رێگە نادات چالاکیەکانیان بەڕێوە ببەن و لەم پرۆسەشدا رژیم لە کوردستان هەوڵ دەدا هەموو جووڵەیەکی مەدەنی بخاتە پاڵ دەست و پێوەندی ئیسرائیل، واتە بەمشێوە تۆڵەی شکست و ریسوایی خۆی لە خەڵکی کوردستان و چالاکان بکاتەوە.
شۆڕشی ژینا پێناسەیەکی کوردستانی بە رێبەرایەتی ژنانەوە بوو کە توانی بەشێکی گرینگی بنەما ئیدۆلۆژیکەکانی رژیم لە ئاستی گشتی بنکۆڵ بکات و رێڕەوێکی نوێ بۆ شۆڕش بدۆزێتەوە کە پرسی ژنان و نەتەوە لە کوردستان بکاتە سەرتۆپی رەوتەکەی، بەڵام لە دۆخی ئێستا لە رژیم پاش شکستی لە بەرانبەر ئیسرائیل دەستیداوەتەوە سەرکوت لە کوردستان، هەوڵدەدا کە چالاکان و هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی بەوە تاوانبار بکات کە کۆی ئەو شۆڕشە پیلانێکی دەرەکیە. بەڵام وشیاریی جەماوەریی لە کوردستان نەک بەو پڕوپاگەندانە بڕوا ناکات بەڵکوو شێلگیرتر لە جاران خەباتی خۆی درێژە پێدەدات.
بەڵام راستیەکی حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە سێبەری شەڕ دەتوانێ تارماییەک بەسەر بواری راگەیاندندا بکێشێت و رێگە نەدات کە رۆژنامەنووسان دەستیان بە رووداوەکاندا بگات بۆ پشتگیری و ورووژاندنی بابەتە جۆراوجۆرەکانی پێشێلکاریی، بۆ وێنە لە ماوەی رابردوودا دەنگی دایکانی دادخوازی کورد، کچانی خوێندکار لە سنە، کرێکارانی بێکار لە سەقز و شارەکانی دیکەی کوردستان زۆر بە کەمی بیسترا و بەربەستەکان و فیلترینگ لە ناوخۆ رێگەی نەدا کە دەنگی ئەو بزووتنەوە جەماوەریانە بە پێی پێویست بگاتە دەرەوە.
دابەشبوونی روانگەکان لە نێو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن
یەکێکی دیکە لە بابەتە گرینگەکانی ئەم رووداوانە و لێکەوتەکانی ئەوەیە کە پریشکی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران کاریگەریی لەسەر هێزەکانی کوردستانیش دانا کە نەتوانن بە گوتارێکی هاوبەش بەرەوڕووی ئەو قەیرانە ببنەوە. بەشێک لە هێزەکان هەموو روانگەی خۆیان خستە داوی سیاسەتی ناوچەیی و چاوەڕوانی بۆ ئەوەی ئاکامی ئەو تێکەهەڵچوونە بە کوێ دەگات و هەوڵدان لە رێگەی خۆنزیککردنەوە لەگەڵ هێزە جیهانیەکان و گەیشتن بە ئەنجامێک، لە لایەکی دیکەوە بەشێکی دیکە لە هێزەکانی کوردستان بە تەواوی دژی ئەو شەڕە بوون و نەیاندەتوانی هەڵسەنگاندن بۆ ئەو دۆخە بکەن کە ئەوان دوژمنێکیان هەیە واتە رژیمی ئێران کە دوژمنێکی بەهێزتری بۆ پەیدا بووەو رەنگە بکرێ لەو بارودۆخە کەڵک وەربگیردرێت بۆ پلانێکی تۆکمە.
لەم نێوەدا ئەگەرچی شەڕ بە گشتی کارەساتە و ناکرێ چاوەڕوانی لێکەوتەیەکی باش بیت بەڵام بۆ دۆخێکە لە دەرەوەی ئیرادەی خەڵکی کورد هاتوەتە ئاراوە دەکرا لێکدانەوەیەکی هەمەلایەنە بۆ ئەم بارودۆخە بکرایەت کە هەم ناوەرۆکی بزووتنەوەی ژینا و بە گشتی شۆڕشی کوردستان هەوێنی سەرەکی بێ هەم گوتارێکی هاوبەشی کوردستانیی کە کەڵک لە دۆخی شەڕ وەربگرێت بۆ بەرژەوەندی و قازانجی خەڵکی کوردستان.
بەڵام بە هەموو ئەو جیاوازی و لێکدانەوە جۆراوجۆر و ناهاوتەریبانەی لە نێوان هێزەکانی کوردستاندا بوونی هەیە بزووتنەوەی ژینا لە راستیدا کۆتایی نەهاتووە وبە دڵنیاییەوە ئەم مۆمە کۆژانەوەی بۆ نیە تا نەگاتە ئامانجی خۆی. ئەزموونی ساڵانی رابردوو نیشانیدا کە ئەم شۆڕشە تۆی وشیاریەکی وەهای لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا چاند کە هیچ شەڕێکی ناوچەیی و جیهانیش ناتوانێ خەڵکی کوردستان لە ئاواتەکانی خۆی کە لە شۆڕشی ژینا گەیشتە لووتکە دوور بخاتەوە. بەڵکوو پێچەوان خەبات و قارەمانەتی ژنان و لاوانی کوردستان لەو شۆڕشە بۆ نەسڵەکانی داهاتوو هەوێنی بەرخۆدان و راوەستانە دژی رژیمی داگیرکەری ئێران بە ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان و دێمۆکرات و عەداڵەتخواز کە تاکی کورد لە سێبەریدا هەست بە ئارامی و سەربەرزی بکات.
بەڵام پاش ئەم قۆناغەش شۆڕشی ژینا پێویستی بە نوێبوونەوەو داڕشتنی ستراتژیەکی تایبەت بە شێوەیەکی وشیارانە و یەکگرتووانە سەرلەنوێ بێتەوە رۆژەڤ.