یادێک لەکوشتاری بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی لە ئێران ( ١ )

✍️دواڕۆژ

ئەم ڕۆژانە یادی ٣٧مین ساڵی به‌ڕێوه‌چوونی فه‌رمانی خومه‌ینییە بۆ كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی به‌ندكراوانی سیاسی لە ئێران. كە ئەم کوشتارە بەکۆمەڵانە له‌ یه‌كه‌مین ڕۆژه‌كانی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییەوە دەستپێدەکات و له‌ ماوه‌ی مانگه‌كانی گه‌لاوێژ و خه‌رماناندا بەو پەڕی خۆی گەیشت. دوای نۆشینی جامی ژەهر لە لایەن خۆمەینیەوە و پاش کۆتایی هاتن بە شەڕی ماڵوێرانکەری ٨ ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لە پلان و بەرنامەێکی داڕێژڕاو و بۆ پێشگرتن به هەستانی شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک که سەرانی ڕژیم پاش جامی ژەهر لێی دەترسان، هەزاران ئازادیخۆاز و تێکۆشەر بە بیروباوەڕی جیاوە که دەسبەسەر و ڕاپێچی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی کرابون و زۆرەبەی هەرە زۆریان حوکمەکەیان تەواو ببوو  وە دەبو ئازاد بکرێن، کوشتاری بە کۆمەڵیان دەسپێدەکەن و ئەم کوشتارەش لە ١١٠ شاری ئێران و بە فەرمانی خومەینی جەلڵاد بە کردەوە دەرهات. لەو ماوەیەدا تەواوی بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی پڕ بوون لە زیندانی سیاسی، له ناکاو زیندانییەکان خرانە حاڵەتی قەرەنتینە، هەموو چاوپێکەتنەکانی زیندانیان و بنەماڵەکانیان ڕاگیران. ڕادیۆ و تلەفزیۆنەکان لە بەندەکان دەرهاتن. پاسەۆانانی ناو زیندانەکان گۆڕان و پاسدارانی جینایەتکاری سپا جێگایان گرتنەوە. بەندکراوەکان چوار چوار و لە گروپی شەش کەسیدا بەرەو لای پەتی سێدارە کە لە پێش سالۆنی کۆبونەوەکاندا هەڵاوەسرابوون، ڕەوانە دەکران و لە چەن چرکەدا هەموو شتێک کۆتایی پێدەهات….

ژنان و کچانی لە سێدارە دراو 

زۆربەی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە پەیوەند لەگەڵ کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە دەییەی شەستی هەتاویدا، باس لە ژومارەیەکی سەرسووڕهێنەر دەکەن کە زۆر جار ژومارەی ڕاستی کوشتارەکان نەزانراوە بەڵام باس لە  ١٢٠ هەزار کەس دەکرێ کە یان لە سێدارە دراون و یان تیرباران. لەم ڕێژەیە ناو و ژیانی ٢٠ هەزار کەس زانراوە و وێنە و ژیان نامەیان لە بەر دەس دایە و لە سایتە جۆراوجۆرەکانی سەر بەلایەنە سیاسییەکان بەرچاو دەکەون. لەناو سەرجەمی قوربانیادا ناوو وێنەی پێنج هەزار کەس لە ژنان و کچان بەرچاو دەکەوێ کە پێش لە سێدارەدانیان بە سەخترین ئەشکەنجەکان و دەستدرێژی جنسی ئازار دراون و پاشان کۆتایی بە ژیانیان هێندراوە…

بە پێی سەرژمێرییەکان :

 ٦٨١ ژن تەنیا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەس داوە و٥٣  ژنیان دوگیان بوو. ٧٨٩ کچی تەمەن ١١ بۆ ١٨ ساڵان بوون کە زۆربەیان پێش کوشتاریان دستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. ٢٣٠ کەسیان خۆیندواریان لەئاستێکی بەرز هەبووە. ٧٣٤ کەسیان لیسانس و٤٠١ کەس خاوەنی دیپلۆم بوون. ٣٨١ ژن کارمەند و ٧٣ کەسیان هونەرمەند. پێویستە بوترێ کە ژنان و کچانێکیش بوون کە لە شەقامەکان و کۆڵانەکان بەدەستی کۆماری ئیسلامیی تیرۆر کراون.

ناو و وێنەی ٦٤ تازەلاوی کەمتر لە ١٨ ساڵانیش بەرچاو دەکەون کە زۆر دڕندانە تیرباران کراون. لە نێو ئەو ژومارەیە لە تازەلاوان دوو ١١ ساڵە و سێ تازەلاوی ١٢ ساڵە بەرچاو دەکەوێ. هەروەها  ٨ تازەلاوی ١٣ ساڵە و ١٩ تازەلاوی ١٤ ساڵە لە نێو تیربارانکراوەکاندا هەن. ٣٢ کەس لە ئێعدامکراوەکانیش تەمەنیان لە نیوان ١٥ و ١٦ و ١٧ ساڵان دابوە…

ژنانی کــــــــورد

لەدوای روخانی رژیمی پاشایەتی و هاتنەسەرکاری رژیمی دژە ژنی کۆماری ئیسلامیی، ژنانی کوردستان له ئاستێکی زۆر بەرین و بێ وێنە هاتنە مەیدانی خەباتی سیاسی و جەماوەری و لەهەموو مەیدانەکانی خەباتدا بەشدارو چاڵاک بوون. بێگومان کۆمەڵە وەک هێزێکی نوێ و چەپ و سوسیالیستی له کوردستان بو به هێزی بزوێنەر و هاندان و پشتیۆانی ژنان له کوردستان. 

هێرشی کۆماری ئیسلامیی بۆ سەر کوردستان لە ٢٨ی گەڵاوێژی سالی ١٣٥٨دا،  ئەگەر هێرشێک بوو بۆ ئەستاندنەوەی دەسکەوتەکانی شۆرش لە کوردستان لە ناو جەرگەی بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی کوردستاندا، لە راستیشدا هێرشێکیش بوو بۆ سەر ژنانیش. لەبەر ئەوەی ژنان شان بەشانی پیاوان هاتبوونە مەیدانی خەبات بە دژی رژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتوو. هاتنە مەیدانی ژنان و هاوشان لەگەڵ جەماوەری کوردستان بۆ رژیم تەحەموول نەدەکرا. ژنان لە کوردستان ڕاپیچی زیندان دەکران و دەخرانە بەر توندوتیژترین ئەشکەنجەکان و سزای ئێعدامیان بەسەردا دەسەپا. بە پێی ئەو راپۆرتانەی لە پەیوەند لەگەڵ ژنانی کوردی لە سێدارە دراو بڵاو بۆتەوە دەری دەخەن کە لە سەدا نەوەد و نۆی تەمەنی ئەم ژنانە لە نێوان ١٨ تا ٢٥ ساڵاندا بووە. بە پێی سەرجەمی ئەو توێژینەوانەی کە لە پەیوەند لەگەڵ ژنانی کوردا کراوە دەری دەخەن کە :

٦١ ژنی کورد لە نێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ تا ١٣٦٧ بە تاوانی چالاکی سیاسی لە سێدارە دراون. ئەم ژنانە لە کاتێکدا کۆتایی بە ژیانیان هاتووە کە ١٧ لەسەدیان ژێر ١٨ ساڵ، ٥١ لە سەدیان لە نێوان ساڵەکانی ١٨ تا ٢٥ ساڵان، ٢٥ لەسەدیان لە نێوان ٢٦ تا ٣٠ ساڵان دابووە کە رێکەوتی لە سێدارەدراوی ٢٨ لە سەدیان لە نیوان ساڵەکانی ١٣٦٠ تا ١٣٦٢ی هەتاویدا بووە. ٢٢  لەسەدەکەی تریشیان لە نێوان سالەکانی ١٣٦٣ تا ١٣٦٧هەتاویدا بووە.

لە نێوان شارەکانی مەهاباد، رەزایە، تەورێز، تاران، سەقز، شیراز، قەزوین، کامیاران و مەشهەد، زۆربەی ئێعدامکراوەکان لە شاری سنەدا ڕوویان داوە. ژنانی شاری سەقز زۆرترین قوربانیانی ئەم شەپۆلە لە ئێعدامکراوەکان لە خۆیان دەگرن کە ٥٦ لە سەدیان تا دەورانی دواناوندی دەرسیان خۆیندبوو.

ئاخرین ڕاپۆرتەکان دەری دەخەن کە لە گەڵ هاتنی خەڵخاڵی بۆ کوردستان و دەسپێکردنی سەرەتاییترین ئێعدامییەکان لە کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ تا ساڵی ١٣٧٠ ( ٨٣٢ )کەس بوون کە هەموییان تیرەباران کراون .

 لە ساڵی ١٣٦٠دا ( ١٦٣ ) کەس و لە سالی ١٣٦٢ ( ١٦٠ ) کەسی تریش ئێعدام کراوە کە هەمویان تایبەت بە ژنان و پیاوانی کوردن.

لە سێدارەدان و زیندانی کردنی دایکانی زیندانی سیاسی …

ژومارەیەکی یەکجار زۆر لە دایکانی زیندانیانی سیاسی کە تەمەنیان لە سەروی ٥٠ ساڵەوە بوو، بە دەستی جەڵادانی کۆماری ئیسلامیی یان تیرەباران کراون یان لە سێدارە دراون یان خۆ بۆ درێژ ماوە لە سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامیدا ماونەتەوە.

ژومارەی ئێعدامەکان 

بەشیکی هەرە زۆری ئامارەکان باس لە ٣٠ هەزار کەس دەکەن کە لە سالی ١٣٦٧دا بە فرمانی خۆمەینی لەسێدارە دراون. دەسپێکی ئەم شەپۆلە لە کوشتارە بە کۆمەڵەکان لە سەرەتاوە لە زیندانەکانی ئەوین و گەوهەردەشتن و پاشان لە دەرفەتێکی زۆر کەمدا دەگوازرێنەوە بۆ زیندانەکانی تریش کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا.

مونتەزری لە کتێبی بیرەوەریەکانیدا بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانەی کە بە دەستی گەیشتبوون، ژمارەی کوژراوەکان  ٢٨٠٠ تا ٣٨٠٠ کەس باس کردوە و لەلایەکی تریشەوە لەسەر بنەمای هێندێک لە ڕاپۆرتەکان کوژراوەکان لە نێوان ٥ تا ٦ هەزار ئینسانی تێکۆشەر دایە کە لەم جەنایەتە سامناکەدا گیانیان لە پێناو خۆڕاگری و لەسەر بیر و بۆچوونەکانیان لەدەستداوە.

ڕێكخراوی دیدەبانی مافی مرۆڤ، لە ساڵێ ١٣٨٤ لە ڕاپۆرتێکدا لەژێر ناوی “وەزیرانی مەرگ”، دەوری راستەوخۆی مستەفا پورمحەممەدی، لە جەریانی ئێعدامی بە هەزاران کەس لە زیندانیانی سیاسیدا بەڵگەمەند کردوە. لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا، موستەفا پورمحەممەدی، ئەندامی هەیئەتێک بوو کە بە هەزاران زیندانی سیاسی دوای بازجویی دو سێ خولەکی بەرەو جوخەکانی مەرگ ڕەوانە کرد. سزای مەرگی زیندانیانیەکان لە حاڵیکدا دەردەکرا کە دادگاکانی “شۆڕش” پێشتر ژمارەیەکی زۆر لەم کەسانەیان بە زیندان مەحكوم کردبوو وە دەورەی زیندانیان تێپەڕ کردبوو.