سەفەرێک بۆ سابڵاغ و سۆزێک بۆ جەماڵ مووفتی…

هونەرمەندی گیانبەختکردوی ناو ریزەکانی کۆمەڵە کاک جەماڵ مووفتی...
هونەرمەندی گیانبەختکردوی ناو ریزەکانی کۆمەڵە کاک جەماڵ مووفتی…

سابڵاغ لەکۆیە؟

دڵ هەڵوەدای سەفەرێکی ئەو مەڵبەندەی کردووە. شەوە و شەیدایانی سەوداسەر عەزمی سەفەریان هەیە. عاشقانی ژین دەستەدەستە و بەتاک لەکۆڵان و کوچەی شارا بۆ دوور، بۆ ئاسۆی بۆنی باران گرتوو دەڕوانن. ئەوان گوێبیستی هاتنی میوانێکی دوورەوڵات و سۆزی گۆرانیەکی نەرم و نیانن کە سوکنایی بەخشێتە دلی ناسۆرێان. شەوێکی ئەنگووستە چاوە، ڕێبواران و بێدارانی شەو بۆ دیتنەوەی هەوارێک دەگەرێن کە تێدا بۆ چەن ساتێک ئارام بگرن.

ئەوین سەرکەشە و کەس ئۆقرە ناگرێ. هەنگاوەکان جمەیان دێت و گەرەکیانە بەقەد پاڵی داشامەجیدا سەرکەون و جێژوانێک لە شاخی زاوابووک بگێڕن.

سەفەرە سەفەر!

سەفەر بۆ چیای هونەر و بۆ سابلاغی ئاشقی مەم و زین و جێژوانیک لە کانی کۆتەر و باغی میکایلی جێژوانی هونەردۆستان و یادێکیش لە ئەستێرەیەکی ئاسمانی هونەری کوردی مامۆستا محەممەدی مامڵێ…

بە شوێن هەنگاوەکانی یاددا رێ ئەکەین، بە شوێن جێ پێەکانی هونەری یاغی، لە شەوەزەنگ دەسکەنەی رۆحی ماندووی نیشتمان دەکەین. وا بەرێوەین پۆل پۆل دەمانهەوێ دەسلەملانی عاشقانی سەوداسەری کووچەوکۆڵانی تەندراو بە سۆزی گۆرانیەکانی “ماملێ” و “عەزیز شاڕۆخ” بین و خۆمان ئاوێتەی دەنگە بۆ سۆزەکەی هونەرمەندی شۆرش “جەماڵ موفتی” بکەین.

وەرزەکانی لای ئێمە زۆربەیان کورت و ئێوارەکانی نارنجی و بەیانییەکانی گەش و بەتینن. کاتژمێرەکان زۆر زوو دەجووڵێن و چرکەساتەکان -تیک تاک- زەمەنی یادەوەرییەکان دەکوژن. شەوگارانی ئەستەم یەک لە دوای یەک تێدەپەڕن و ماڵئاوایی لەیەکتری دەکەن و کراسی رەش تەندراویان دادەماڵن و باوەش بەخۆری تیشک هێنەردا دەکەن و بەرەو کۆتایی ساڵ ملی رێ ئەگرنەبەر.

بوونەوەرەکان هەرکامە و بەجۆرێک باڵی سەفەر لێدەدەن و بەرەو مەڵبەندی تامەزرۆیی ئاشقانی ژین کۆچدەکەن.

یارانی شۆڕش سواری ئەسپەشێ بوون و کڵاوی شۆڕشیان کردووتە سەر و گەرەکیانە تاوڵی بیرۆکەی شۆڕش لە ناو دڵی سابلاغی شاری عاشقان هەڵدەن.

لەو ساتەوەختانەدا و لەوەها ڕۆژانیک و لەبەرەبەیانێکی گەش و ڕووناکدا، یەکەمین بوولبوولی باڵ نەخشاو باوێشکی خەوی ٩ مانگ و ٩ڕۆژەی دەشکینێ و گۆرانی سەمفۆنیای دیاری غوربەتی ئاشقانی دەکاتە میوانی شەیداکانی سەوداسەری دەشتی کاکی بەکاکی و چریکەیەک پڕبەگەروی سابڵاغ دەچریکێنێ و موژدەی وەرزێکی بەگوڵ نەخشاو و توانەوەی بەفر و بەستەڵەکی زستانی ئەو ساڵەی بەئاشقانی وەرزە تەنیاکانی ڕابردو دەدا و هەستە ناسکەکان و ئەوینە بێگەردەکانی بن دیاری غوربەتی کارمامزەکانی سنەو بۆکان و سابڵاغ دەکاتە هاوسەفەرو سوار باڵی ئەسپەشێیان دەکات و موژدەی گۆرینی زەمەن بە گوێی ئاشقانی دەشتی کاکی بەکاکی دا دەچرپێنی و لەخەوی زستانا هڵیان دەچڵەکێنێ و بەرەو ئامێزی گەرمی کیژی کافرۆشی تەمەن ١٦ساڵان وەباڵ ڵێدانیان دەخات.

کور و کچانی سابڵاغ بە داوێنی کێوی قامەت بەرزی” داشامەجید “دا شۆڕدەبنەوە و هەودای سەفەر دەگرن و لەدایکبوونی هەتاوی ئاواتەکانیان جێژن دەگرن و بە وتنەوەی گۆرانی “ئەوگوڵەی مەشهوری هەموو عالەم بوو کوا، یادت بەخێر “ی هونەرمەندی دەنگ خۆش مامۆستا محەممەدی ماملێ، لە ئاسۆی روونی ئاواتەکانیان دەروانن و سابڵاغ بە هەموو جوانییەکانییەوە لە ئامێز دەگرن.

مامان پرێسکە بەسەرەوە قۆڵی هەلدەمالێ و بەدەستی من نەبێ بەدەستی ئایشەو فاتمان بێ، عارەقەی ناوچاوانی دەسرێ و پێرۆزبایی لەدایک بوونی کۆرپەیەک دەکات کە دواتر بە ناوی جەماڵ موفتی ناوبانگ دەردەکات.

سابڵاغی هەوێنی شۆرش و دایکی ماملێ کان و عەزیز شاڕۆخەکان و مامۆستا هەژارو مامۆستا هێمنی موکریانی، ئەمجار لاوێکیتری خۆین گەرم لەئامێز دەگرێ…

جەمال بەدارەدارە و گاگۆڵکێ تەمەنی ساوایی دەنێتە پشت سەر و پێی دەنێتە سەردەمی مێرمنداڵی. جەماڵ ئیتر ئەو لاوە تازە پێگەیشتوەیە کە بەگۆرانی و قسەخۆشەکانی کۆری هەڤاڵانی گەرم و گەرمتر دەکاو گۆرانی بۆ هۆگرانی دەڵێتەوەو.

ویرەویری سەر لێوەکانی، جوانی و رۆخساری بێگەردی و دەنگە خۆش و بەسۆزەکەی تیکەڵ بە شەپۆلی دەریا و هەناسەی ڕەشەبا دەبێ و لەچەشنی پەیکێکی تیژڕەو خۆی دەخزێنێتە ماڵی بێ بەشان و هۆگرانی ئاوازو گۆرانی ڕەسەنی کوردی.

ئێوارە -تەمەن کورتەکانی- چیاسەرکەشەکانی شارە جوانەکەی سابڵاغ، هەموو رۆژێ دەنگی “جەماڵ”یان لە ئامێز دەگرت و بەم جۆرە ئەم شارە ببووە هەوارگەی شەیدایانی ئاوازەکانی جەماڵ و گۆرانیە دڵنشینەکانی و خۆیانیان پێ دەلاواندەوەو غەمی کورتی داغی دڵدارانی هەتاویان ئاوپرژێن دەکرد.

لەبیران ون نابن ئەو رۆژانەی چریکەی گۆرانی “سەیری زەمان گۆراوە ئاشقان دڵیان براوە”، بێدەنگی شەوگارانی ئاشقانی دەشکاند و دەیکردنە میوانی ئاخرین لوتکەی خۆشەویستی. گۆرانییەکانی جەماڵ ئیتر یەک لەدوای یەک شەتڵی خۆشەویستی لەناو دڵی هەموو شەیدایانی دەنگی ڕواند و گۆرانی کێژەکەی کافرۆشی کردە دیارییەک بۆ هەموو ئاشقانی کوردستان.

هۆنەرمەندی ماڵ بەکۆڵ و دەربەدەر، شاری سابڵاغ بەجێ دێلێ و باری سەفەر دەپێچێتەوەو ڕوو لە حەوتەوانانی شۆرش دەکات و ئاوات و ئارەزوەکانی بڵێسە دەر دەکەن و شارو ناوچەکانی تری کوردستان و چیا سەرکەشەکانی کێلەشین، ناڵەشکینەو ئارباباو کوچکەرەش و ئاویەری هەمووکات سەربەرز، دەکا بە پێخەفی خۆی و لەگەڵ یارانی وەک کاک کەریمی بلووری خۆشەویستی ناو ڕیزەکانی شۆڕش و بەرخۆدان، باڵایان بە ڕەخت و فیشەک دەڕازێننەوە و بەدەنگ و بەچەک و بەهیوا بە ئارمانی سووری چەوساوەکان دێوەزمەی مەرگ دەپێکن و شەتڵی نەونەمامی شۆڕشێکی ئاگرین لەهەموو بن بەردێک و چیایەک دەڕەوێنن و بەئارەقی پاکی ناوچاوانیان، گوڵی سووری تینووی شۆرش و ڕزگاری تێرئاو دەکەن.

ئیتر ئەمڕۆ جەماڵ بووەتە هەڵۆیەک لە چیاکانی کوردستان و بانگی ئازادی سەردەداو لەچەشنی هەتاو لەشەوی ئەنگۆستەچاودا دەپشکۆی. بۆتە ئاهی ئاپوڕەی قین گرتووی شاری هەڵمەت و قوربانی و ئاهی جەرگ سووتاوی دایکانی نەورۆزی خۆێناوی سنە دەبا بۆ جێژوانی ئاویەر و لە داوێنی شاخە خۆشەویستەکەی کاک شوان، دەیکا بە بڵێسەی ئاگر و لە کوانوی هەرگیز نەکوژاوەی ئەم ئاگرە، سروودی کاک شوانی قارەمان، پێشەنگی پێشمەرگەکان دەڵێتەوەو موژدەی وەخەبەر هاتنی پۆلیک لە ڕەنجدەرانی کوردستان بە گوێی خەڵکدا دەچرپێنێ.

بەڵێ هەناسەکانی جەماڵ تێکەڵ بە سروودی مام ڕەحمان دەبن و هەزاران ئەستێرەی لە چەشنی مام ڕەحمان پیری ناو ڕیزی شۆڕش زێرەوشان دەکا. هەناسەکانی لەناو قوڵایی دەریاوە هەڵدەستێت و هەتا خۆری رزگاری ئەستێرە دەچینێ و شەیدایانی دونیای ئازادی و یەکسانی و جوانی بەدووای خۆیدا ڕاکێش دەکا. لەو ڕۆژانەی سرودی ڕێی خەباتمان بەدەنگی جەماڵ سەمفۆنیای رزگاری لێدا، هاوارە قەتیس ماوەکان سنوریان شکاندو سەنگەری بەرخۆدانیان ئاوەدان ڕاگرت.

ئیوارەی یەکێک لە رۆژەکانی مانگی پوشپەری سالی ١٣٦٠ی هەتاوی، فەرماندەی هێز، بەرپرسی مەقەر ئاگادار دەکا کە کۆبۆنەوە هەیە. پێشمەرگەکان دوان دوان و سیان سیان، خۆیان گورج و گۆڵ دەکەن و بەرەو مەقەڕی ” قزڵجە ” وەڕێ دەکەون.

فەرماندەی هێز ڕادەگەیەنێ هاوڕێان مەئموریەتێکمان لەناو شاری مەهاباددا هەیە. پێشمەرگەکان هەموویان باڵایان بە ڕەخت و چەک و فیشەک دەرازێنەوەو بەرەو شاری مەهاباد وەڕێ دەکەون.

شاری مەهاباد دەمێک بوو بە تاسەی بینی “جەماڵ”ەوە بوو، دەمێک بوو خولیای سەڕلە نوێ گۆیگرتنەوەی دەنگی جەماڵ بوو. هەر بۆیە “جەماڵ”ی لەئامێز گرت.

شۆڕەکچان و ئاشقانی مەهاباد ئێستا بەتەواوەتی تاسەیان لە جەماڵ نەشکابوو کە بەداخەوە بە تیری دوژمن دەپێکرێ و ماڵاوایی لەخەڵک و لەشارەکەی و لە ئێمە و لە شەیدایانی دەنگە بە سۆزەکەی کرد.

بەرەبەیانی رۆژی دوایی غەمێکی قوورس باڵی بەسەر ئاوایی ” قزڵجە” دا کێشا.

هەواڵێکی کورت و جەرگبڕ بە کۆڵانەکانی ئاواییدا گەڕا. هەموولایەک کاس ببوون، پیرو لاو بە پەرۆشەوە دەیان روانیە یەکتر… تۆ بڵێی چی بووبێ؟

پێشمەرگەکان بۆ نیگەرانن؟ ئاوایی بۆ وا مات و غەمبارو بێدەنگە؟

خەڵکی ئاوایی چاوەڕوانی هەواڵ بوون. دووان-دووان و سیان-سیان بەرەو مەقەڕی کۆمەڵە کەوتنەڕێ و خوازیاری پرسینی ئاخرین هەواڵەکان و دەسکەوتەکانی عەمەڵیاتی دوێنێی شاری سابڵاغ بوون… بەڵام بەداخەوە هەواڵی مەرگی جەماڵ هەموویانی تاساندو ئەوانی خستە غەم و پەژارەیەکی یەکجار زۆرەوە.

بەڵی هەواڵەکە زۆر کورت بوو جەماڵ رۆێشتبوو.

لەدوورەوە دەنگ دەبیسترا.. ژنان و پیاوانی ئاوەدانی لەدەوری ئەم غەمە تازەیان کۆ ببوونەوەو هەر یەکەو بە جۆرێک لەم ئازارە پڕلەژانە دەدوا.

پیری ئاوەدانی لەبەر خۆیەوە دەیووت: حەیف جەماڵ، حەیف بۆ ئەودەنگە…

ئەی کێ ئەمجارە سروودی “کاک شوان”مان بۆ بڵێ؟

کێ گۆرانی کیژی کافرۆش بۆ ئاشقانی ژین بڵێتەوە؟ کڕێکاران دەبێ بەدەنگی کێ کازیوەی بەرەبەیانیان بە سروودی ” هەستن ئەی هۆزی بەشمەینەتان ” لە خەو هەستن و قووڵنگ لە پەیکەری سەرمایە بدەن؟

بەڕاستی حەیف جەماڵ زۆر حەیف…

جەماڵ گیان ڕاستە دڵەگەورەکەت لەسەنگەری چیاکانی کوردستاندا لە لێدان کەوت، بەڵام دەنگی بەسۆزو و چریکەی هەرگیز کپ نەبووت، ئێستاش لەئاپوڕەی جەماوەردا پەنگ دەخواتەوەو وێردی سەرزمانی هەژاران و چەوساوەکانە..

یادت بەخێر یادت بەخێر…

عەزیز ئجیکەند