دۆخی هەستیاری ناوچەکە و کارەکتەرە ماندووەکانی کورد

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵە شەڕی لێنەبڕاوە و وەکوو ئاخێزگەی سەدان نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز و دەیان گرووپی ئیدئۆلۆژی و ئایینیی توندڕە و حکوومەت و دەسەڵاتدارە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکان و دەستێوەردانی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان و پێشێلکرانی مافی چەندین نەتەوە و ئایین و ئایینزا لە لایەن ئەوانی ترەوە بەردەوام دووگیانە بە لێکهەڵپڕژان و خوێنڕشتن بۆ پەرەپێدانی دەسەڵات، گۆڕینی ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکان، تاڵانی سەرمایەی ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی و سەرکوتی نەتەوە بندەستەکان و گەورەترینیان کورد کە لە دانوستاندنی زلهێزەکان و ململانێی دیکتاتۆرەکانی ناوچەکەدا بە هەموو شێوەیەک سەرکوت کراوە، خاکی داگیر و دابەش کراوە و بە هەموو شیوەیەک چەوساوەتەوە و دەچەوسێتەوە.
هەرچەند دۆخی پارچەکان تا ڕاددەیەک لە گەڵ یەک جیاوازە بەڵام بە گشتیی هیچ پارچەیەک تا ئێستا نە توانیویە سەروەریی سیاسیی خۆی بەدەست بێنێت نە بە شێوەیەکی گونجاو و دێموکراتیک لە چوارچێوەی وڵاتە داگیرکەرەکاندا سەرەڕای چەندین ئاڵۆگۆڕی سیاسی و گۆڕانی دەسەڵات و هەموو جۆرە نەرمی نواندنێک توانیویە بە ئامانجە مرۆیی و سیاسییەکانی بە دڵخوازی خۆی بگات.
دیارە هۆکاری دواکەوتن و مانەوە لە بازنەی داگیرکراویدا بێجگە لە هەوڵی داگیرکەران لە هەموو ڕێگایەکەوە و کاریگەریی هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە و جیهان، گرنگترینیان کاریگەریی هزری داگیرکەر لە مێشکی ڕێبەرانی سیاسی کورد و ڕوانگەیەکی خۆبەکەمزانین و کارکردن بۆ تێکنەدانی بازنەی داگیرکراوەیی و خۆ ناساندن لە چوارچێوەی سنووری ئەوانی تردا (بە هەموو ئایدۆلۆژییەکانەوە)، پەرتەوازە بوون، نەبوونی هزر و ئاسۆیەکی دیاریکراوی یەکگرتوو و نەبوونی هێزێکی سەختی بەهێز و یەکلاکەرەوە، دابەشبوون بەسەر گرووپ و خێڵ و حیزب و ئایدۆلۆژیای جیاواز، دروستکردنی پێشێتیی بچووکەکان و لە بیرکردنی خودی خۆی لەو هۆکارگەلەن کە ئێستاشی لە گەڵ بێت داوێنی گرتووین و سەرەڕای بەردەست بوونی چەندین هەلی گونجاو نەمانتوانیوە کەڵکی بە جێ لێیان وەرگرین و ئێمەش ببینە سەرێک لە ناو سەراندا.
ئەمە ئەوە ناگەیەنێ کە دەستەوەستان بووبێتین و هیچمان نەکردبێت بەڵکوو یان نیوەچڵ بەجێمان هێشتووە و کۆڵمان داوە، یان بڕوامان بەداگیرکەران کردووە و خەڵەتاوین یان نووکی چەکەکانمان کردۆتە خۆمان و لە کاتە هەستیارەکاندا خۆمانمان تووشی بێهیوایی و چارەڕەشی کردووە، یان لە ئایین و ئیدئۆلۆژی و بیرەکانمان نەک هەر نەخستۆتە خزمەتی سەروەریی و سەربەستی خۆمانەوە بەڵکوو کردوومانەتە چەکێک بۆ بەگژداچوونەوە و سەرکوتی خۆمان.
واتە تا ئێستەشی لە گەڵ بێت چاومان تا بەر پێی خۆمان هەتەر دەکا و جیهانبینیمان زۆر بەرتەسکە و خاوەنی ئیرادەیەکی پاقژ و لێبڕاوانە نین بۆ ڕزگار بوون لەم دۆخەی کە تێیداین.پاساو لە دوای پاساو بۆتە بنێشتە خۆشەی زارمان و ئامادە نین تۆزقاڵێک بە خۆماندا بچینەوە و لە دەلاقەی سەربەستیی کوردستانەوە بۆ خۆمان و دوژمنەکانمان و جیهانیش بڕوانین، ئامادە نین سەرەڕای ڕوون و بەرچاوبوونی مەترسییەکان بۆ سەرمان لە گەڵ خۆمان و خەڵکەکەماندا ڕووڕاست بین و پێ لە هەڵەکانمان بنین.
دۆخی باشووری کوردستان پاش ئەوەیکە شێخ مەحموو لەباتی بریتانیا بە هۆی مەزهەبەوە تورکیەی هەڵبژارد و خۆی کردە دوژمنی بریتانییەکان زیانێکی یەکجار گەورەی لە بەرژەوەندیی کورد دا و دواتر لە ساڵی ٢٠٠٣ دەیتوانی ببێتە وڵاتێکی سەربەخۆ و دەرفەتی ئەوەشی هەبوو بەڵام خۆی ماندوو کرد بە دامەزرانی وڵاتی داگیرکەرەکەیەوە، ساڵی ٢٠١٦ بە دووبەرەکێی نێوماڵی خۆیان دەستی دوژمنیان ئاوەڵا کرد کە لە شەوێکدا ٥١ لەسەدی خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات و هەلی سەربەخۆبوونیشیان لەکیس چوو.
دۆخی ئەم پارچەیە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر پارچەکانی تریش هەبووە و هەیە بەداخەوە ڕۆژبەڕۆژ بەرەو ناکۆکی و دوورکەوتنەوەی زیاتری لایەنەکان، زیاتر بوونی مەودای دەسەڵاتی هەرێم و خەڵکەکەی، زاڵبوونی زیاتری حکوومەتی ناوەندیی عیراق بەسەریاندا بە پلانی کۆماری ئیسلامی و ئامادەبوونی زیاتر بۆ دەستێوەردانی ژەهراویی لایەنە شیعەکان و ئیسلامییەکان دەچێ.
ڕۆژئاوای کوردستان دەیتوانی زۆر لەمە بەهێزتر و باشتر بێت و تەنانەت زاڵ بێت بەسەر سووریەشدا و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش بگرێتە دەست بەڵام بەستنەوەی چارەنووسی گەلێک بە چوارچیوەی هزریی حیزبێک و لەوەش خراپتر تاکە کەسێک مەترسیدارە و هیچ داهاتوویەکی ڕوونی نییە و هەر ئان و سات ئەگەری مامەڵە کردنیان لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و تورکیە و حکوومەتە داعشییەکەی سووریەوە هەیە ئەگەر بە ژیریی هەڵسوکەوت نەکەن.
لە باکووری کوردستان پ،ک،ک خەریکی چەکدانان و خۆداماڵینە لە چەک بە بێ ئەوەیکە هیچ گەرەنتییەکی لە لایەنی بەرانبەر وەرگرتبێت.پرۆسەیەک کە ئەمان بە ئاشتی ناوی دەبەن و حکوومەتی تورکیش بە پرۆسەی نەهێشتنی تێرۆر کە ئەویش بە بوونی پیشینەیەکی فاشیستانە و ڕەگەزپەرەستانەی تورکەکان هیچ دڵخۆشییەکی تێدا بەدی ناکرێت.
ئەگەر بە تایبەتی بێمە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارەکتەرە سیاسییەکانمان یان ماندوون و بەپارێزێکی زۆرەوە هەنگاو دەنێن یانهەنگاوەکانیان ئاراستەیەکی گونجاو و گشتگیری تێدا نییە کە شایان و وڵامدەری داخوازی و چاوەڕوانییەکانی خەڵکەکەمان بێت.
دەیانساڵە سیاسەتی چاوەڕوانیمان گرتۆتە بەر و بە بێدەنگی و بێ جووڵەییمان هەم دوژمنمان هارتر کردووە و هەمیش وادیارە بەم دۆخی ئێستا ڕازین و خەبات و تێکۆشانمان کردۆتە قوربانیی و سەری ئاوات و ئامانجەکانمان دەمێک ساڵە بڕیوە.
بەداخەوە نە جووڵەیەکی دیپلۆماسی نە سیاسی و نە پێشمەرگانەی بەرچاو بەدی ناکرێت.
بە بێ ڕوودەربایسی شەڕی ناوخۆیی، پاشەکشەمان بۆ باشووری کوردستان و نەبوونی ئاڵترناتیڤێکی خەباتکارانە لەو سەردەمەدا و بیرنەکردنەوە لە پلانی بی و سی و بەستنەوەی بەرژەوەندییەکانمان بە بەرژەوەندییەکانی باشووری کوردستانەوە(کە ئەویش باسێکی تایبەتی دەوێ و ئەوە نییە کە ئێمە وتوومانە و ئەیژین)، بەفیڕۆدانی چەندین هەل و دەرفەت و بەرچاوترینیان شۆڕشی ژینا و پاش شۆڕشی ژینا و ئێستاش شەڕی ئیسرائیل و ئێران و وەکوو هەمیشە بێدەنگی و نەبوونی هیچ پلانێکی دیاریکراو و یەک لەوانە سەرەڕای هەموو ئەگەرەکان خنە خن و خاوەخاو لە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی و داڕشتنی پلانێکی هاوبەش و تۆگمە بۆ داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێمان دەڵێن کە ئێمە بەرگەی ئەم تەکان و شەکانە ناگرین و دەیان هەلی دیکەشمان بۆ هەڵکەوێ ئێمە ئامادە نین نرخی سەربەستی بدەین و بەداخەوە ڕێگاکەمان ڕێگای هەڵدێرە.
هەموو ئاماژەکان ئەوەمان دەخەنە بەرچاو کە شەڕی ئیسرائیل و ئێران دەستپێدەکاتەوە و ئەو هەیمەنەی کە پێشتریش لە شەڕی ١٢ ڕۆژەدا تێکشکا و لە ڕاستیشدا ئەوە نەبوو کە خۆمان وا لە خۆمان زل کردبوونەوە، ئەمجارە ئیفلیچ دەبێ بەڵام ئەگەر ئێمە لەسەر هەمان ڕێچکەی ئێستامان بڕۆین بە ئیفلیجییش لە جاران زیاتر زاڵ دەبێت بەسەرماندا.
ئەمە دیوێکی ڕاستییەکان بوو کە گەلێک پڕئازارن بەڵام دیوەکەی دیکەی ئەوەیە کە پێویستە بە ئاوڕدانەوە لە ڕابردووی خۆمان و ڕوانینێکی کوردستانی نەک حیزبی و تاکەکەسی بۆ دەرچوون لەم دۆخە دڵتەزێنە لەم سەردەمەدا بە لابردنی ناکۆکییە لاوەکییەکان بیرکردنەوە و تێکۆشان و خەباتمان یەکبخەین و بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی گونجاو ئەگەر هاتە پێشەوە ڕێگای نەوەستان تا سەربەستی و ڕزگاری بگرینە بەر و زیاتریش لە بیری ئەوەدا بین کە خۆمانیش خولقێنەری هەل و دەرفەت بین، پلانی قۆناغ بە قۆناغی بۆ دیاری بکەین و تواناییەکانمان کە گەورەترینیان و بەهێزترینیان پاڵپشتی و پێگەیشتوویی و تێگەیشتوویی و ئامادەبوونی نەتەوەکەمانە بخەینە گەڕ بۆ وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانمان و پاسا و بیانووەکان لە مێشکماندا بسڕینەوە و بە خەبات و تێکۆشانێکی گونجاو و ئەمڕۆیی و ڕوانینێکی ڕادیکاڵ بیکەینە بڕوا و ئیرادەی نەسرەوتن تا سەرکەوتن.