ڕۆڵی ژنانی کۆمەڵە لە بزووتنەوەکانی کوردستاندا: شیکارییەکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و مێژوویی

چیمەن جوانروودی

پوختە

بوونی ژنان لە  (کۆمەڵە)، یەکێکە لە دیاردە دیارەکانی مێژووی سیاسی هاوچەرخی ناوچەکە. ئەم نووسینە بە ڕوانگەیەکی سیاسی، مێژوویی و کۆمەڵناسی، ڕۆڵی ژنانی کۆمەڵە لە پێنج قۆناغی دیاریکراودا دەکۆڵێتەوە: پێکهاتنی ژێرزەمینی (۱۳۵۰)، ساڵانی دوای شۆڕشی ۱۳۵۷، قۆناغی شەڕ و خەباتی چەکداری، قۆناغی دەربەدەری و بنیاتنانەوەی، ڕێکخراوەیی و قۆناغی هاوچەرخ.

دەرەنجامەکان ئەوە دەردەخەن کە ژنانی کۆمەڵە نەک هەر ڕۆڵیان لە ڕووخانی پێکهاتە پیاوسالارییە تەقلیدییەکانی کوردستاندا هەبووە، بەڵکو مۆدێلێکی نوێی ژنانی سیاسی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشیان خستۆتە ڕوو. کە چۆن تێکەڵبوونی ئایدۆلۆژیای چەپ و بارودۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان و ئەزموونی چەوساندنەوەی، ڕەگەزی و چینایەتی سەکۆیەکی بێ وێنەی بۆ دەرکەوتنی ژنان وەک ئەکتەرێکی سیاسی سەربەخۆ ڕەخساندووە.

١. پێشەکی

لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ژنان لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات  دوو بایەخی هەیە:

١) لە ڕووی مێژووییەوە بوونی ژنان لە سیاسەت و خەباتی چەکداریدا دیاردەیەکی نائاسایی بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛

٢) لە ڕووی تیۆریەوە بەشداری ژنان لە بزووتنەوە چەپەکاندا ڕەنگدانەوەی پەیوەندییەکی پێکهاتەیی نێوان خەباتی چینایەتی، خەباتی نەتەوەیی و خەباتی جێندەرییە.

کۆمەڵە لە حەفتاکانی(میلادی) سەدەی ڕابردووەوە وەک ڕێکخراوێکی چەپی کوردی، زەمینەیەکی تایبەتی بۆ ئامادەبوونی ژنان دروست کردووە. ئەم بەستێنە تەنیا دەرئەنجامی داڕشتنی سیاسەتی ئایدیۆلۆژی نەبوو، بەڵکو بەرهەمی هەلومەرجی کۆمەڵایەتی کوردستان و دژایەتیی پێکهاتەیی لە کۆمەڵگەی نەریتیدا و ئەزموونی چەوساندنەوەی جێندەریش بوو.

ئامانجی ئەم نووسینە لێکۆڵینەوەی مێژوویی و شیکارییە لەو پرۆسەیەی کە ژنانی کۆمەڵە لە ڕێگەیەوە توانیان لە پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتییەوە پێگەیەکی  بەر چاو  له خەبات و تیۆریزه، بەدەست بهێنن.

٢. چوارچێوەی تیۆری

بۆ شیکردنەوەی ڕۆڵی ژنانی کۆمەڵە، سێ ڕێبازی تیۆری کەڵک وەردەگرێت:

٢.١. فێمینیزم_سۆسیالیزم

ئەم ڕێبازە ستەمی جێندەری بە پێکهاتە چینایەتییە ئابوورییەکانەوە دەبەستێتەوە و ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن بزووتنەوە چەپەکان دەرفەت بۆ ڕزگاری ژنان دەڕەخسێنن.

٢.٢. تیۆری ئەکتەری بەکۆمەڵ

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کاتێک گەشە دەکەن کە گروپە پەراوێزخراوەکان ببنە ئەکتەری سەربەخۆ. ژنانی  کۆمەڵە نموونەیەکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن.

کۆمەڵە نموونەیەکی سەرەکی سەرهەڵدانی لەناکاوی بزووتنەوەیەکی گەنج بەڵام کاریگەرە لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا. هەرچەندە تووشی لاوازی پێکهاتەیی و کەمی ئەزموون و ناپێگەیشتنی تیۆری بوو، بەڵام ئەم ڕێکخراوە لە ماوەیەکی کورتدا توانی:

جەماوەرێکی فراوانی خەڵک ڕابکێشن؛ هاندانی ژنان و کرێکاران و ڕۆشنبیران بۆ بەشداری چالاکانە لە سیاسەتدا؛ دەوڵەمەندکردن و مرۆڤایەتیکردنی ناوەڕۆکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد؛ و دواجاریش دەبێتە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی گۆڕانکارییە سیاسییەکانی هەرێم.

شیکردنەوەی ئەزموونی کۆمەڵە لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەوە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە لە کاتە مێژووییەکاندا توانای کۆکردنەوەی جەماوەری دەتوانێت بەسەر لاوازییە تەشکیلاتیەکاندا زاڵ بێت و ڕێڕەوی نوێ لە پڕۆسە سیاسییەکاندا بکاتەوە.

٢.٣. شیکاری مێژوویی-کۆنتێکست

ڕۆڵی ژنانی کورد بەبێ تێگەیشتن لە پێکهاتە کولتوورییەکان، پیاوسالاری، شەڕ، سەرکوتی دەوڵەت، شیکاری ناکرێ. ئەم بابەتە جەخت لەسەر پەیوەندی نێوان ئەم توخمانە دەکاتەوە.

.٣~ پاشخانی مێژوویی و کۆمەڵایەتی

تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم کۆمەڵگای کوردی زۆر پیاوسالاری بوو. ژنان تا ڕادەیەکی زۆر لە ڕۆڵی ناوماڵ و کشتوکاڵی و خێزانیدا پێناسە دەکران. دەستڕاگەیشتن بە خوێندن بۆ زۆرێک لە ژنان سنووردار بوو و بەشداری سیاسیش نزیک بوو لە نەبوون. ئەگەر چی، مافی دەنگدانی ژنان لە دوای شۆڕشی سپی بە فەرمی بۆ ژنانی کورد درێژ بووەوە، بەڵام بەشداری سیاسی ژنان لە کوردستان سنووردار مایەوە. بە هۆی گەشەنەکردنی کوردستان و سنووردارکردنی کولتووری و پێکهاتە نەریتییەکان و کۆنترۆڵی توندی ئەمنیی حکومەتی پەهلەوی بەسەر ناوچەکەدا، چاکسازییەکان کاریگەرییەکی زۆر بچووکتریان لەسەر ژنانی کورد هەبووە لە چاو  ناوەندی  ئێران. لە لێواری شۆڕش وپێش شۆڕش١٣٥٧  ژنان لە زۆر شوێنی کوردستان بە تایبەت لە گوندەکاندا ڕ ووبەڕووی کۆت و بەند و بەربەستی پێکهاتەیی بەرفراوان بوونەتەوە:

بەشداریکردنی سنووردار لە کایەی گشتیدا؛ نەبوونی کەناڵی ڕێکخراو بۆ دەربڕینی داواکارییەکان؛

پێکهاتەی کۆمەڵایەتی باوکسالاری و بنەمادار بە نەریت؛ وە نەبوونی دەرفەتی پەروەردەیی و ئابووری یەکسان؛ لە چوارچێوەیەکی  وادا؛ کۆکردنەوەی ژنان لەلایەن کۆمەڵەوە بەرهەمی پلانێکی پێشوەختە نەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی تێکەڵەیەک لە هەلومەرجی مێژوویی، گوتاری ڕزگاریخوازی، بوونی مەیدانی تێکۆشەران و تینوێتی ژن بۆ ڕزگاری بوو. چاکسازییەکان. زەمینەیان بۆ سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی ژنانی کورد خۆش کرد کە لە گۆڕەپانی فەرهەنگی و سیاسیدا هۆشیار و خوێندەوار و چالاک بوون.  لەگەڵ گەشەسەندنی زانکۆ و فەزای سیاسی ژنانی کورد لە بزووتنەوەی خوێندکاری و چالاکییە کولتووری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکاندا چالاکتر بوون.

سەرهەڵدانی بزووتنەوە خوێندکارییەکان، ڕادیکاڵبوونی کەشوهەوای سیاسی ئێران لە حەفتاکانی(زایینی) سەدەی ڕابردوو و بڵاوبوونەوەی بیرۆکەی چەپگەرایی لە نێو لاوانی کوردستاندا، ڕێگەی خۆشکرد بۆ یەکەم ئامادەبوونی ژنان لە کومەلە. لەم هەلومەرجەدا زوڵمی دووانەی ژنان – چ وەک کورد و چ وەک ژن – وای لێکرد کە بەشداری بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان بکەن.

٤. شیکاری مێژوویی بۆ ڕۆڵی ژنانی کۆمەڵە.

٤.١. قۆناغی یەکەم: چالاکیی ژێرزەمینیی (١٣٥٧__١٣٤٧)

لەم قۆناغەدا کۆمەڵە وەک بزووتنەوەیەکی نهێنی مارکسیستی دروست بوو. ژنان لە ئاستێکی سنوورداردا چوونە ناو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵە، بەڵام ئەم بەشدارییە سنووردارە گرنگییەکی مێژوویی گەورەی هەبوو: شکاندنی تابۆی بەشداری سیاسی ژنان. دروستکردنی ناوکی سەرەتایی پەروەردەی سیاسی بۆ ژنان. پێکهێنانی یەکەمین گێڕانەوەی “ژن وەک بابەتی سیاسی” لە کوردستاندا. ئەم قۆناغە لە ڕووی مێژووییەوە ڕۆڵێکی بنەڕەتی هەیە، چونکە بنەما تیۆری و ڕێکخراوەیی بوونی ژنانی لە قاڵب داوە.

٤.٢. قۆناغی دووەم: شۆڕشی ١٣٥٧و فراوانبوونی چالاکیی گشتی (١٣٥٧_١٣٦٢)

دوای ڕووخانی ڕژێمی پەهلەوی، فەزای سیاسی کرایەوە و ژنانی کۆمەڵە چوونە ناو گۆڕەپانی گشتی: خەباتکاران و بانگخوازانی کۆمەڵە لە ساڵانی ١٣٥٧  تا ١٣٦٢. لە شار و گوند و قوتابخانە و تەنانەت دوورترین ناوچەکانی کوردستان چالاک بوون. ئەم “ئامادەبوونی جەستەیی و ڕاستەوخۆ” پەیامی ڕوونی بە ژنان دەگەیاند: شایانی بەشداری سیاسین؛ دەتوانن سنووری ماڵ و نەریتە سنووردارەکان تێپەڕێنن؛ مافی خۆیانە دەربارەی چارەنووسی خۆیان و کۆمەڵگا دەرببڕن و بڕیار بدەن؛ وە بوونی ئەوانیش بەدەر نییە، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی خەبات.

ئەم پەیامانە، لە دۆخێکدا کە زۆرێک لە ژنان تەنانەت دەرفەتی دەربڕینی کێشەکانیان نەبوو، جۆرێک لە متمانە بەخۆبوون و دەزگای کۆمەڵایەتییان تێدا دروستکرد.

پێکهێنانی  یەکیەتی ژنان لە شار و گوندەکانی کوردستان

پەروەردەی خوێندەواری سیاسی و یاسایی و تەندروستی

ڕۆڵگێڕان لە  ڕێکخراوە جەماوەرییەکان و بەرخۆدانی شارەکاندا

پرسی ژنان بوو بە بەشێکی دانەبڕاو لە گوتاری کومەڵە

ئەم قۆناغە یەکەمین “دەرکەوتنی گشتی و فەرمی” ژنانی سیاسی کورد بوو.

٤.٣. قۆناغی سێیەم: شەڕ و پێکهێنانی پێشمەرگەی ژنان (١٣٦٢_تا  حەفتاکان)

ئەم قۆناغە وەرچەرخانێکی مێژووییە بۆ بوونی ژنان. لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی بەرفراوانی حکومەت لە دژی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان پەیوەندییان بە ڕیزەکانی پێشمەرگەوە کرد.

دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغە:

دروستکردنی یەکەی سەربازی و فریاگوزاری و پەروەردەیی بۆ ژنان؛ بەشداریکردن لە شەڕە چەکدارییەکان؛ بوونی ژنان لە ڕیزەکانی فەرماندەییدا؛ شەرعیەتی ژن وەک تێکۆشەری ڕاستەقینە لە کۆمەڵگای کوردیدا.

ئەم قۆناغە زیاتر لە هەر قۆناغێکی تر پێکهاتە پیاوسالارییەکانی شکاند، چونکە ژنان بۆ یەکەمجار “دەسەڵاتی جەستەیی و سیاسی” خۆیان لە شوێنێکی گشتیدا بەکارهێنا.

٤.٤. قۆناغی چوارەم: سەردەمی دەربەدەری و ڕێکخستنەوە و کاری تیۆری(١٣٥٩-١٣٧٠)

لەگەڵ کۆچی زۆرەملێی کومەڵە بۆ کوردستانی عێراق، چالاکییەکانی ژنان فۆرمێکی جیاوازی وەرگرت: پێکهێنانی دامەزراوە تایبەتەکانی ژنان لە حیزبدا. کۆکردنەوەی بەرنامە و بەڵگەنامەی تیۆری لەسەر ڕزگاری ژنان. بەشداریکردنی فراوانتری ژنان لە بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستاندا. ڕاهێنانی نەوەی نوێی کادیری ژن

ئەم قۆناغە “گۆڕانکاری لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ خەباتی کولتووری-سیاسی” بوو.

٤.٥. قۆناغی پێنجەم: قۆناغی هاوچەرخ (٢٠١١ میلادی تا ئێستا)

لە دوو دەیەی ڕابردوودا ژنانی کۆمەڵە  ئامادەیییەکی فراوانتر و فرەڕەهەندتریان بەدەستهێناوە:

ئامادەبوون لە سەرکردایەتی حزب و میدیای فەرمی؛ بەشداریکردن لە بزووتنەوە مەدەنییەکان، هەڵمەتەکانی مافی ژنان و چالاکییە جیهانییەکان؛ ڕۆڵگێڕان لە ڕەوەندی کوردیدا؛ فراوانکردنی خوێندنی سیاسی و میدیایی و یاسایی بۆ ژنانی گەنج. ئەمڕۆ ژنانی کۆمەڵە  وەک بەشێکی سروشتی و دامەزراو لە پێکهاتەی سیاسی کوردستان دەناسرێن.

٥. شیکاری دەستکەوتەکان:

٥.١. گۆڕانکاری لە پێگەی کۆمەڵایەتی ژنانی کورد.

بوونی ژنانی کۆمەڵە مۆدێلێکی نوێی “ژنێکی هۆشیار و سەربەخۆ و سیاسی”ی دروستکرد.

٥.٢. گۆڕان لە گوتاری سیاسی کوردستان.

پرسی ژنان لە پەراوێزەوە بۆ ناوەندی گوتاری سیاسی گواسترایەوە.

٥.٣. پێکهێنانی سەرمایەی ڕەمزی و کولتووری.

ژنی تێکۆشەر و مامۆستا و فەرماندە و ڕۆشنبیر بوون بە ڕەمز بۆ نەوە نوێیەکان.

٥.٤. پەرەسەندنی تیۆری و ئایدیۆلۆژی:

کۆمەڵە یەکێک بوو لە یەکەمین حیزبەکانی کوردستان کە چەوساندنەوەی جێندەری بە بەشێک لە شیکردنەوەی چینایەتی و سیاسی زانی.

٦. تەحەددا و سنووردارکردنەکان

هاوکات لەگەڵ دەستکەوتەکان، سنووردارکردنیش هەبووە:

درێژەپێدانی هەندێک پێکهاتەی پیاوسالاری لە کۆمەڵگا و تەنانەت لە ڕێکخراوەکانیشدا، (هێشتا بیرۆکەی پیاوسالاری لەناو حزبەکاندا هەیە).ئەمەش ناتوانێت لە ناو کۆمەڵە  نە بووبێت. فشارە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر ژنانی چالاک. سەختییەکانی ژیان لە  شار وشاخ یان دەربەدەری. کەلێنی نێوان ئایدۆلۆژیا و ئەگەرە پراکتیکییەکانی یەکسانی.

ئەگەرچی، لەم خەباتەدا ژنانێکی  زۆر بوونەتە  قوربانی،  گیانیان بەخت کردووە  یا تووشی سەرکوت و ئیعدام، زیندانیکردن، و هەڕەشەی حکومەت (تەنانەت لە بنەماڵەی خۆیانەوە)  بوونەتەوە، و لە شەڕێکی نایەکساندا شانبەشانی هاوڕێیانی پێشمەرگە  (ژن  و پیاو) لە سەنگەرەکانی  کۆمەڵە  خەباتیان کردووە و ئەوەش، خوێندنی ژنان زانستێکی تازە سەرهەڵداو و هاوچەرخە. ناوەڕۆکەکەی لە پەروەردەی گشتیدا باو نییە. لە ئەنجامدا یەکێکە لە بەربەستەکانی گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاربوون لە چەوساندنەوەی پیاوسالاری. ئەم تەحەددایانە ئەوە دەردەخەن کە خەبات بۆ ڕزگاری ژنان بەردەوامە، ژنان لە زۆربەی حزبە کوردستانییەکان حوزووری بەرچاویان هەیە و هەر وەک  دیارە دەسپێکی شۆڕشی ژینا  بە دروشمی “ژن. ژیان.  ئازادی ” کە  بە مەرگی ژینا ئەمینی (بە دەستی  جەلادانی ج .ا. ) کچێکی کورد لە  شاری سەقزەوە سەری هەڵدا نموونەیەکی ڕوونی ئەم خەباتەیه که لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و  گەیشتە   زۆربەی  شارەکانی  ئێران تەنانەت لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش دروشمی “ژن  ژیان ئازادی ” بڵاو بوویەوە و پشتیوانی لەم ڕاپەڕینە ئەنجامدرا.

ئەنجام:

ڕۆڵی ژنانی کۆمەڵە لە بزووتنەوە ئازادی خوازی کوردی ڕۆژهەڵات  یەکێکە لە دیاردە گرنگەکانی مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم ڕۆڵە بەرهەمی بڕیارە تەنیا ڕێکخراوەییەکان نییە، بەڵکو دەرئەنجامی پەیوەندیی نێوان ئایدۆلۆژیای چەپگەرایی، هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، چەوساندنەوەی جێندەری و دینامیکی نێوخۆیی کۆمەڵگەی کوردییە. ژنانی کۆمەڵە  بە تێکۆشان لە گۆڕەپانی تیۆری و سیاسی و سەربازی و کۆمەڵایەتیدا توانیان وێنەی ژنی کورد لە “سوبێکتی پاسیڤ”ەوە بگۆڕن بۆ “ئەکتەری  ئەکتیڤ”. ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر مێژووی ژنانی کوردی گۆڕی، بەڵکو کاریگەری لەسەر سووڕی گەورەتری خەباتی ڕزگاریخوازی لە ناوچەکەدا هەبوو.