ڕاگەیاندنی کۆمەڵەسەبارەت بە ئاخێزی جەماوەری، سەرکوتی خوێناویی ڕژێم و پێویستیی کۆتایی پێهاتنی کۆماری ئیسلامیی ئێرا

0

ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا ڕوودەدات، ناڕەزاییەکی کاتی یان ئاخێزێکی تێپەڕ نییە، بەڵکوو بەرامبەرکێیەکی بنەڕەتییە لە نێوان کۆمەڵانی ڕاپەڕیو و دەسەڵاتێک کە ڕەوایەتی، توان و شکۆی درۆیینەی خۆی بە تەواوەتی دۆڕاندووە. ئاخێزی خەڵک لە مەڵەکشایی، کرماشان، ئیلام، لوڕستان، هەمەدان، چوارمەحاڵ و بەختیاری و دەیان شار و شارۆچکەی دیکە بە ڕوونی ڕایگەیاندووە خەڵک بە گشتی لە سەر کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ساغن و ئەم کۆتاییە نەک لە ژوورەکانی دەسەڵات بەڵکوو لە سەر شەقامەکان و بە تێچووی قورسی خەباتکاران ڕوودەدات.

لە مەڵەکشایی ئیلامدا حکوومەتی ئیسلامی دیسانەوە جەنایەتی خولقاند. کوشتنی خەڵکی ڕاپەڕیو، بریندار کردنی دەیان کەس و ڕێگرتن لە چارەسەری پزیشکی بۆ برینداران، بەشێک لە سیاسەتی پلان بۆ داڕێژراوی سەرکوتە، سیاسەتێک کە هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامییەوە لە کوردستان بەردەوام بووە و حکوومەتی ئێران وەکوو هەمیشە لەگەڵ کوردستان وەکوو ناوچەیەکی داگیرکراو جووڵاوەتەوە و ترسی لە خەباتی کوردستان و خەباتکارانی قووڵتر و جیددیتر و سەرکوتی توندتر و ئاشکراتر بووە.

ئێمە داوا لە هەموو خەباتکاران و نەیارانی ئەم سیستەمە خوێنڕێژ و دیکتاتۆرە دەکەین بە هانای هاوخەباتەکانیان لە مەڵەکشاییەوە بچن و بەر بە تاوانەکانی دەزگای کوشتاری کۆماری ئیسلامی بگرن.

خەباتکارانی مەڵەکشایی ئەمڕۆ زیاتر لە هەمیشە پێویست و شیاوی پشتیوانی و بەرگریی هەمەلایەنەی هەموومانن. ئێمە هەموو هێز و توان و ڕێکخستنەکانی خۆمان بۆ یارمەتیدان و پشتیوانی لە خەباتکارانی مەڵەکشایی ڕێکدەخەین و خۆمان بە هاوسەنگەریان لە خەبات دژی دیکتاتۆری و داگیرکاری دەزانین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان سەرکوت و گرتنی ڕاپەڕیوان بە توندی مەحکووم دەکات و بە هەموو توانیەوە بەشدار و پشتیوانی ئەم ڕاپەڕینە و ئامانجە مرۆییەکانی دەبێت. ڕێز لە یادی گیانبەختکردووانی دەگرین و پێداگری لە سەر مافی ڕەوای خەڵک بۆ بەرگری لەخۆیان و لە گیان و کەرامەتی ئینسانییان دەکەین. ئەم بەرگرییە دەبێت وشیارانە، ڕێکخراو و لە خزمەت بەرژەوەندیی گشتیدا بێ و ڕێگە نەدات کە خەباتی دادپەروەرانەی خەڵک ببێتە دەرفەتێک بۆ کایەی هەلپەرەستانە و دواکەوتووانە. هیچ بەشێکی دەسەڵات و هیچکام لە پاشماوەکانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری پێشووی ئێران ناتوانن خۆیان بە خاوەن و ڕێبەر و ڕێکخەری ئەم ناڕەزاییانە بکەن.

کۆمەڵەی زەحمەتکێشان هاوپشت و هاوخەباتی خەڵکی ڕاپەڕیوی کرماشان، ئیلام، مەڵەکشایی و هەموو ناڕازیان و خەڵکی ڕاپەڕیوە و ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێت:

  • کۆماری ئیسلامیی ئێران چاکسازیی تێدا ناکرێت، ئەم حکوومەتە نە نوێنەری ئیرادەی خەڵکە و نە مافی ئینسانیی نەتەوەکان و چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان دەپارێزێت.
  • بەرپرسی هەموو ئەم کوشتار و تاوانانەی بەرامبەر خەڵکی ڕاپەڕیو دەکرێت هەموو سیستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندەکانیەتی و ئەم تاوانە وەکوو تاوانەکانی ڕژێمی شا لە زەینی خەڵک و وەکوو بیرەوەرییەکی مێژوویی تاڵ دەمێنێتەوە.
  • ئازادی، یەکسانی، دادپەروەری و سەلماندنی مافی نەتەوەکان بۆ دیاری کردنی چارەنووسی سیاسیی خۆیان دەبێت بنەمای نەگۆڕی سیستەمی سیاسیی پاش کۆماری ئیسلامیی ئێران بن. هەر سیستەمێک کە لەسەر بنەمای ئیرادەی خەڵک نەبێ و خۆی لەگەڵ دەسەڵاتە سەرکوتکارەکانی پێشوو یەکلا نەکاتەوە، دووپاتکردنەوەی ئەو کارەساتانەیە کە لە دەسەڵاتەکانی پیشوودا ڕوویانداوە.

کۆمەڵە وەکوو هەمیشە هاوشان و لەگەڵ خەڵک بەرامبەر بە سەرکوت و بۆ گەیشتن بە ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و مافی چارەی خۆ نووسین، دژی دەسەڵاتی دیکتاتۆری تێدەکۆشێ و خەبات دەکا.

کۆمیتەی ناوەندیی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٤ی بەفرانباری ١٤٠٤
٤ی ژانڤیەی ٢٠٢٦

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *