رووخانی رژیم دەرفەتی زێڕینی مێژووییە

0

لە کاتێکدا کە رژیمی داگیرکەر دوایین هەناسەکانی خۆی دەکێشێ و قەیرانە جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆییەکان تەنگی پێ هەڵچنیوە، باسکردن لەسەر ئاڵترناتیڤی داهاتوو مێشک و زەینی خەڵکی چ لە کوردستان چ لە ئێران بە خۆیەوە سەرقاڵکردووە. شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانەکان و بەردەوامبوون و پەرەسەندنی، هەر جۆرە ئاراستەیەک بە خۆیەوە بگرێ بێگومان لە کوردستان لێکەوتەی جیاوازیی لێ دەکەوێتەوە. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان نەک هەر ئێستا بەڵکوو لە بنەڕەتتدا و هەر لە سەرەتاکانی داسەپاندنی دەسەڵاتی ئەو رژیمە بە وەستانەوەی بوێرانەو دەرخستنی خۆی وەک یەکەیەکی سیاسی یەکگرتوو، ئەو زەرفیەتەی لە خۆی نیشاندا کە دەتوانێ وەک نەتەوەیەکی پێشکەوتوو لە ناو دڵی ناوچەیەکی دواکەوتوو، جۆی وەک ئۆلگوویەکی دیمۆکراتیک وێنا بکات.

بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا و بە دەسپێکردنەوەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتیەکان چاوەکان هێشتا بە گرینگیەوە لە کوردستان دەڕوانێ کە سەرلەنوێ وەک ئەکتەرێکی بەهێز خۆی دەرخاتەوە. لەم نێوەدا ئەڵبەتە زۆر ئاساییە لە شەپۆلی خۆپیشاندانەکان لە ئەگەری بەردەوامبوونیدا بگەنە کوردستان و بەمجۆرە شاهیدی دەورێکی نوێ شۆڕش لە کوردستان بین، بەڵام ئەوەی بە دیاریکراوی و لە روخساری ئاخێزە جۆراوجۆرەکان لە ماوەی ساڵانی رابردوو بینراوە، ئەوەیە کە کوردستان خاوەنی گوتارێکی بەهێزو رێکخراو گشت پەسەندە بەو واتای کە پێش لە چارەنووسی ئێران چارەنووسی خەڵکی کوردستان گرینگترین ناوەرۆکی خوێندنەوە گشتیەکەیە.

وشیاریەکی سیاسی بەهێز لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا گەشەی کردووە کە بە دەرکەوتنی خۆی لە ئاخێزە جۆراوجۆرەکان هەرجارە پەیامێکی گەورەی سیاسی روو بە دەرەوەی خۆی دەگەیەنێت. کوردستان چیدی ژێردەستەیی و داگیرکاریی قبووڵ ناکات وە ژیمی داگیرکەریی کۆماری ئیسلامی، دوایین دەسەڵاتی ناڕەوایە کە لە دوای مێژوویەکی دوورودرێژی خەباتی بێوچانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوە دەنرێت. کوردستانی پاش رژیمی ئێران چیدی پادگانی نیزامی و شوێنی چەوسانەوەی خەڵک و داسەپاندنی حیجابی ئیجباری و داسەپاندنی هەژاریی نیە، بەڵکوو خەڵکی کوردستان بەرەو سەرپێخستنی ئەزموونێکی نوێ دەڕوات کە وەک پێکهاتەیەکی دیمۆکراتیک و ئازاد لە رەوتی گۆڕانکاریەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی نیشان بدات.

بەم پێیە بوونی پلانێکی تۆکمەی یەکگرتووانە بە مەبەستی پاراستنی کوردستانی پاش رۆیشتنی رژیم ئەرکێکی سیاسی، مێژوویی و ئەخلاقی هەموو لایەنێکە کە تێیدا پابەندی پاراستنی کوردستان بێ لە دژی سەرلەنوێ زیندووبوونەوەی راسیزم و فاشیزمی ناوەندخواز کە تا ئەمکاتەشی لەگەڵ بێ نایانەوێ دان بە کوردستاندا بنێن. بەڵام رەوتی گەشەی خەباتی سیاسی، کلتووری و جەماوەری لە هەموو ئاستەکانی کۆمەڵگای کوردستان، تا رادەیەکی زۆر پاشەکشەی بە بیری ناوەندخواز و پاشاگەردانی کردووە، بۆیە کوردستان لە بەردەم داهاتوویەکی باشتردایە کە وەک ئەکتەرێکی کاریگەر و بونیاتنەر لە گۆڕانکاریەکانی داهاتوو خۆی دەربخات.

پەرویز رەحیمزادە
03/01/2026

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *