مانگرتنی مێژوویی کوردستان و چەند خاڵێکی جێی سەرنج

0
کەیوان دروودی

دوازدەیەمین ڕۆژی خۆپیشاندن و مانگرتنەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ لە ئێران، هاوکات بوو لەگەڵ بڕیاری کوردستان بۆ مانگرتنێکی مێژوویی کە سەرنجی گشت لایەکی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەشداریی لانیکەم ٣٤ شار لە هەر چوار پارێزگاکەی کوردستان، دەرخەری سەرکەوتوویی و مێژوویی بوونی ئەم ئەکتە هاوبەشە سیاسی و مەدەنییە بوو.

لێرە، سێ خاڵی گرینگی ئەم مانگرتنە هەیە کە یەک لە دوای یەک دەیخەینە بەر باس:

یەکەم؛ سنووربەندی لەگەڵ فاشیزم  و ئەقڵانییەتی شۆوینیستی؛ هەر لە ڕۆژی یەکەمی خۆپیشاندانەکانەوە، هەوڵێکی چڕی پرۆپاگاندا دەستی پێ کرد بۆ ئەوەی ناڕەزایی و داواکارییەکان بخرێتە گیرفانی ڕەزا پەهلەوی و هاودەستەکانی کە بە ئاشکرایی دیارە ڕەوتێکی فاشیستییە. مانگرتنی کوردستان لەکاتێکدا کە سەرچاوەی بانگەواز و بڕیارەکە کوردستان بوو، هێڵێکی جیاکەرەوەی دروست لە نێوان گەلی کورد و ئەو لایەنە کە هەوڵی یەکدەستکردن و سڕینەوەی هەر جۆرە سەرچاوەیەکی هێز  دەدەن، جگە لە خۆیان. لە ڕاستیدا ئەم سنووربەندییە، کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر بە هەوڵی تواندنەوە! ئەم هەنگاوە بۆ ناساندن و سەلماندنی فرەییەک بوو کە لەژێر ناوی “یەکگرتوویی” زارەکی، نکۆڵیی لێ دەکرا.

خاڵی دووەم؛ گەیاندنی پەیامی تەبایی و هاوسۆزی بۆ ناوچەکانی خوارەوەی زاگرۆس؛بانگەوازی مانگرتن، لەژێر دروشمی پشتگیری بۆ ئیلام، کرماشان و لوڕستان، توانیی لەلایەکەوە هاوپێوەندیی و هاوسۆزیی کۆمەڵایەتی دروست بکات و لە لایەکی‌ ترەوە  درگایە بکاتەوە بە ڕووی خەڵکی ناڕازی کە له کاتوساتێکی گونجاودا هێزی خۆیان یەک بخەن. هێزێ کە بێ دیاریکردنی کات و ساتی گونجاو، بە پرشوبڵاوی دەمایەوە و ئەوەش لای بەشێک لە خەڵک وەکوو کەلێنێکی دیار لەنێوان ناوچەکان لێک ئەدرایەوە.

خاڵی سێیەم؛ دەرفەتێکی بۆ هاتن بۆ سەر شەقامەکان؛ ئەگەرچی لە ڕاگەیەندراوی مانگرتن، ئاماژەیەک بە خۆپیشاندان نەکرابوو؛ بەڵام هەر دەرکردنی بانگەوازەکە لە خۆیدا، ناڕاستەوخۆ هەڵگری پەیامی هاتن بۆ سەر شەقامەکان. بەجێبوونی دەقی بانگەوازەکەش هەر لەوەدا بوو کە ڕێگەی بۆ چالاکانی نێوخۆ دەهێشتەوە تا بەپێی ئەرزی واقیع، بڕیار بدەن. ئەوە بوو کە لە بەشێک لە شارەکان وەکوو دێولان، سنە، کامێران، قوروە و بۆکان بۆ یەکەم جار لەم ماوە هاتنە سەر شەقام و بەشێ لە شارەکانیش بەپێی پێوانە و تێبینیی خۆیان، خۆیان لە خۆپیشاندانی گەورە و جەماوەری بەدوور ڕاگرت.

بەگشتی، ئێمە لەم بڕگە مێژووییەدا، دەبێ ئەوەمان لەبیر بێ کە ئەگەرچی هێزی ئێمە زۆر و کاریگەرە، بەڵام دەبێ زۆرترین هاوپەیمان و هاوویست بدۆزینەوە تاکوو لە پرۆسەی تێپەڕبوون لەم دەسەڵاتە، کەمترین تێچوو بدەین و لە لایەکی ترەوە، ڕێگە بگرین لەوەی هێزی داگیرکەر، بیر لە هێرشێکی تر و پەلامارێکی تر بۆ سەر خەڵک و خاکەمان بکاتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ وەبیرمان بێ کە ئامادە بین لەپێناو تەبایی، دەستپێشخەر بین. بەو هیوایە کە سەد ساڵ تاریکیی ڕەها لە دەولەت- نەتەوەی سەپێنداو و هیرارشیی جێگرتووی لە باری چینایەتی و ڕەگەزی و ئەتنیکی، بە مانای ڕاستەقینە گۆڕان، بە مانای ئینقلابی سیاسی و پێکهاتەیی و فەرهەنگی بەخۆیەوە ببینێ.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *