دەنگی سروود، دەنگی ئازادی: “چیرۆکی مامۆستایانی ڕێگای خەباتی پەروەردە”

0

دواڕۆژ

ئاسۆی نیشتمان بە هەبوونی ئەم مامۆستایانە ڕوونە کە لە ڕێگەی زانست و هەڵوێستێکی بەرپرسانەوە، بە هەوڵ و چالاکییەکانیان بوونەتە هۆی پەرەپێدانی پەروەردەی گشتی و بەتایبەتی نەوەی نوێ. ئەوان بێدەنگییان شکاند و سەلماندیان کە دەتوانن تابۆکانی کۆمەڵگە بشکێنن. ئەم ڕچەشکێنییە سەلمێنەری ئەوەیە کە ناسنامەی کوردایەتی لەناو خەڵکدا ون نەبووە و لە بووژانەوە دایە. ئەم مامۆستایانە ھەم لە خەباتی ڕۆژانە و ھەم لە گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی و بەرگری لە مافەکانی کۆمەڵگەشدا پێشەنگن. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە مێژووی چەند هەزار ساڵەی خۆی و چەشنی بەهێزی خەڵکەکەی ناسراوە، ئەم کەسانە بوونەتە درێژەدەری خەباتێک بۆ هۆشیاری و ئاگاداریی نەتەوەیەک کە هەمیشە لە ژێر گوشار و سەرکوتدایە.

قوڕ بەسەر دوژمنانی ئازادی! 

ئەو دوژمنانەی کە بە یاساکانی نایەکسان و سیستەمێکی سەرکوتکەرەوە هەوڵ دەدەن مرۆڤە ئازادەکان بکەنە ئامرازی کۆنترۆڵ. بە دڵنیاییەوە گوشارەکان ناتوانێت ئەو ئازادییەی کە لە ناخ و ڕۆحی مرۆڤەکاندایە بسڕێتەوە. لە هەموو ئەم فشارانەدا، مامۆستاکانی کورد لە ڕۆژهەڵات بوونەتە هێمای بەرگری لە هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری. ئەوان جگە لە مامۆستای قوتابخانە، خەباتکارانی پەروەردەن کە هەوڵ دەدەن بۆ هۆشیاری و بەرژەوەندی نەوەی نوێی کوردستان. 

بە داخەوە بەهۆی هەوڵی فێرکردنی نەوەی نوێ و بزووتنەوەی هەستی نەتەوەیی بڕیاری سەرکوتکەرانە لە چوارچێوەی یاسادا بۆیان دەردەکرێت. لە نموونەیەکی تازەدا لە شاری جوانڕۆ، زەیتوون کۆهزادی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فێردۆس، و مێهری خوسرەوی‌زادە، مامۆستای پەروەردەیی، لەبەر ئەوەی کچە خوێندکارەکان سروودی “ڕێی خەبات” و سروودی “بە تەنیا جێم مەهێڵن”یان خوێند، لە کارەکانیان دوورخرانەتەوە. ئەم سروودانە کە بەشێکن لە میراتی مێژوویی و هەستی ئازادیخوازی و یادەوەری کارەساتەکانی کورد، بوونەتە هۆی بانگهێشتکردن و تۆمەتبارکردن بە “دژی نیزام”.

 هەواڵە بڵاوکراوەکان نیشان دەدەن کە ڕژێمی ئێران لە چوارچێوەی سیستەمە سەرکوتکەرەکەی، هەموو دەرخستنێکی بچووکی هەستی نەتەوەیی و هۆشیاری وەک جووڵەیەکی دژەدەوڵەتی دەبینێت. بەرچاوە کە سیستەمی حوکمڕانی ڕژیم نەوەکوو دژی چالاکییە پیشەییەکانە، بەڵکوو دژی هەر چەشنە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی و مافەکانی نەوەی نوێ.

ئەم بڕیارە سەرکوتکەرانە لە ناوچەی کوردستان لە دوای شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” زیاتر بووەتەوە. مامۆستایانی کوردیش بوونەتە بەشێک لەو ئامانجانە. بەڵام وەک لە مێژووی کوردەکاندا دەبینرێت، ئەم گوشارانە تەنها بووەتە هۆی بەهێزتربوونەوەی ئیرادە و خەباتی ئەم مامۆستایانە.

ئەم مامۆستایانە کە بە دڵسۆزی بەرگری لە مافەکانی خۆیان و نەتەوەیان دەکەن، سەرەڕای هەموو گوشارەکان هەر بەردەوامن لە خەباتەکەیان. گوشار و سەرکوتکردنەکان و دوورخستنەوەیان لە کارەکانیان ناتوانێ ورەی ئەم خەباتکارانە بڕووخێنێ و ئەم خەباتە بەردەوامە…

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *