بەرخۆدانی بەلووچستان و مەسڵەحەت بینیی ئیسلامییە کوردەکان

✍ئاژوان کرماشان

بەلووچستانی چەوساوە و هەژار لەم ڕۆژانەدا بە تەنیا لە حاڵی خۆڕاگری و بەرخۆدانێکی مەزڵوومانەدایە. بە داخەوە بە هۆی کۆمەڵێ کێشەی بنەڕەتی کە لە پەیوەندیی دەروونی و ئاکاری گەلانی بندەستی ئێراندا هەیە، تا ئێستا و کاتی نووسینی ئەم چەن دێڕە هیچ بزاڤێکی بەرچاو کە نیشان لە پەیوەست بوون بەو جووڵە ناڕەزایەتیانە بدات نەبینراوە. سەرهەڵدانی ئەو ناڕەزایەتیانە بە گشتی لە بەلووچستان ئەو ڕاستییەی دەرخست کە دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیی ئێران قەیراناوی  و پڕمەترسییە و هەر سات ئەگەری ئەوە هەیە کە جووڵانەوە و بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە هەر ناوچەیەکی ئەو وڵاتە هەڵگیرسێت و بە هەر چۆنێک بێت کاریگەری لە سەر دیکەی ناوچەکان دا بنێت. کاریگەریەکە لەوانەیە وەک بۆغزێک لە گەڕووی خەڵک دا پەنگ بخواتەوە و ڕۆژێک ببێتە هاواڕێک بەرانبەر بە نابەرابەری و ئەو هەموو گۆشار و چەوسانەوەیە.

ئەگەر سەیرێکی ڕووداوەکانی ئەم چەن ساڵەی ڕابردوو بکەین خاڵێکی گرینگ لە هەموویان هاوبەشە، ئەویش گرفتی ئابووری و دۆخی نالەباری ژیانی خەڵکە کە لە ڕاستی دا تەنگی بە هەموو کۆمەڵانی خەڵکی هەژار لە سەرانسەری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی هەڵچنیوە. لە ئاخێزەکەی بەفرانباری 96ەوە بگرە تا ناڕەزاییەکانی سەرماوەزی 98 و ڕێپێوان و مانگرتنەکانی بزووتنەوەی کرێکاری، هەر هەموویان هەستانەوەی ئاپوورەی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش بووە لەبەرانبەر گرانی و هەڵاواردن و نابەرابەریی ئابووریدا.

کۆشتنی جەنایەتکارانەی زەحمەتکێشانی سووتەمەنیبەر لە بەلووچستان و کۆڵبەرانی کوردستان ڕاستییەکی دیکە دەر دەخات، ئەویش بێ بایەخ بوونی گیانی تاکەکانی نەتەوە ژێردەستەکان لە ڕوانگەی شۆڤینیستیی داگیرکەرانەوەیە.

لە کاتێک دا هەژاری و لەدواوەڕاگیرانی بەلووچستان لە هەموو بوارەکاندا بۆ دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێسلامی ڕوون و ئاشکرایە، دەزگا سەرکوتکارەکانی حکوومەت هەر چەشنە ناڕەزایەتییەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بەرانبەر بەو ناعەداڵەتی و ستەمانە، بە زەبر و زۆر و سەرکۆت وەڵام ئەدەنەوە.

بیانووی کارەبەدەستان بۆ ئەو سەرکوت و زەبر و زەنگە ئەوەیە کە دۆژمنێکی دەرەکی دەستی لەم ناڕەزایەتیانەدا هەیە و تەنانەت حێسابێک بۆ پەرچە کرداری کۆمەڵگا ناکەن و بە پێی سیاسەتێکی دۆژمنکارانە و داگیرکەرانە بەرپەرچیان ئەدەنەوە. ئەوەی کە چۆن دەبێ لە بەلووچستان و کوردستان ئەو هەموو خەڵکە ڕوو لە کۆڵبەری و سووتەمەتبەری بکەن لای ڕژیم ڕوونە و خۆی دەزانێ کە چ هۆکارێک وای کردووە کە خەڵک ئاوا هەژار بن و ئەمە سیاسەت و بەرنامەی حکوومەت بووە کە بە شێوەی سیستماتیک ئەو ناوچانەی هەژارتر لە شوێنەکانی دیکە ڕاگرتووە. ئەوان لە هەر ناوچەیەکی ئێران سیاسەتێک پەیڕەو ئەکەن کە بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی ڕژیم بپارێزێن و بە پێچەوانەی پێشهات و پێشبینیەکان بتوانن لە ساتێکی کەم جووڵانەوەکە سەرکۆت بکەن. ڕژیم وا ڕا هاتووە کە لە هەر مەقتەعێک دا چاوەڕوانی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی بکات و بە پێ ئەزموونی خۆی کە ئەزانێ ئەگەری بە سەراسەری بوونی وەها بزاڤێک لەم دۆخەی وا خۆیان ڕەخساندوویانە زۆر نییە و جۆرێک زەنجیرەی پەیوەندایەتی کۆمەڵگایان پچراندووە کە بە دەگمەن بتوانێ یەک بگرێتەوە.

بۆیە هەر جارێک کە لە شوێنێک دەس بە سەرکۆتی ناڕەزایەتیەکان ئەکەن بە جۆری هێز و دەسەڵاتی داپڵوسێنانەی خۆی بۆ دیکەی گەلان و ناوچەکان مسۆگەر دەکات و بێ هیواییەکی زۆرتر لە کۆمەڵگادا بڵاو دەکاتەوە.

ئەتوانین بێژین کە کۆماری ئیسلامی، ڕژیمی دەسەڵات و بەکاربردنی هێز و سەرکۆتە و لەم چل و دوو ساڵەدا ئەو سیاسەتەی پەیڕەوکردووە. بارودۆخی بەلووچستان لە چاو کوردستان زۆر جیاوازە، لە نەبوونی بزووتنەوەیەکی مودێڕن، چەپ و سێکۆلار لەو ناوچە، هەندێ لایەنی بناژۆخوازی ئایینی و ناسیۆنالیست سەریان هەڵداوە و بە دید و گۆفتمانێکی مەزهەبی توانیویانە لە نێو لایەگەلێکی کۆمەڵگا بە تایبەت خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی گۆند و شارەکان جێی خۆیان بکەنەوە و پشتیوانیی خەڵک بۆ لای خۆیان ڕاکێشن. جەخت کردن لە سەر هەڵاواردنی  مەزهەبی و نزیکایەتی بەشێک لە ڕێبەران و رێکخراو و گرووپەکان بە ئەلقاعێدە و داعش، هۆکارێکن کە کۆماری ئیسلامی لەو خاڵە نێگاتیڤ و لاوازانە بۆ خراپ کردنی هەر بزووتنەوەیەک لە بەلووچستان کەڵک وەرگرێت و بە زیادکردنی کێشەی مەوادی مۆخەدر ئەوە چەن بەرابەر بکات. بەڵام هەلومەرجی کوردستان زۆر جیاوازە. ئێستاش بەر لە جەرەیاناتی ئیسلامی کە زۆر لافی برایەتی و نزیکیی ئایینی لێئەدەن، چالاکانی چەپ ئاڵا هەڵگری یارمەتی ئەو خەڵکەن و لە ناوچە جۆربەجۆرەکان و لە لایەن هەموو ئەحزابی کوردستانەوە ئەو پەلامارانەی ڕژیم بۆ سەر خەڵکانی هەژار و زەحمەتکێش لە بەلووچستان سەرکۆنە کراوە.

لێرە ئەشێ خەڵکی کوردستان لە جەرەیاناتی فکری ئیسلامی و مەکتەب قۆرئانی بپرسێ کوانێ ئەو هەموو ئێدیعا و پڕۆپاگەندەتان و کۆانێ ئەو حەشیمەتە زۆرەتان؟ فەرموو ئەوەتا خەڵکی سۆنی بەلووچ لە ژێر زەبری کۆماری ئیسلامی بە دڕانەترین شێوە سەرکۆت ئەکرێن و وەرنە مەیدان و بێ دەنگی پڕ لە مەسڵەحەتتان بشکێنن.

بە دڵنیاییەوە ئەوان هیچ کات لە دژی مسڵەحەتی ڕژیمی ئیسلامی نایێنە مەیدان و ئەوە دیسان بزووتنەوەکانی چەپ و دیمۆکراتیکن کە بە هەموو توانای خۆیانەوە پشتیوانیی عەمەڵی لە خەڵکانی ڕاپەڕیو و هەژار لە هەر شوێنێکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەکەن و وەکوو هەمیشە لێبڕاوانە هاوپشت و هاوخەباتی خەڵکی هەژار و چەوساوەن.