ئایا ئەمریکا بەرەودوا دەگەرێتەوە؟

✍ئا: محەمەد حەکیمی

جەو بایدن” سەرۆک کۆماری وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە سیاسەتەکانیدا بەرەودوا دەگەرێتەوە.  “بایدن” لە یەکەم وتەکانیدا وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا وتی: دەگەرێتەوە بۆ سیاسەتی هاریکاریکردنی هاوپەیمانەکانیان لە یەکیەتیی ئورووپا و هەروەها پێبەند دەبێت بە ڕێکەوتنە نێونەتەوەییەکان لە پشتیوانی لە ژینگە و … لەلایکی دیکەشەوە زۆر بە توندی ڕخنەی لە ڕووسیە و چین گرت. “بایدن” لە یەکەمین وتەکانیدا زۆر بە ڕوونی خۆی لە سیاسەتی “ترامپ” دوور کردەوە و بە درۆشمی گەڕانەوە بۆ دیپلوماسی و مێزی دانوستان وتی کە ئەمریکا دەیەوێت پەیوەندیی کۆنی خۆی ڕابگرێت و بگەرێتەوە بۆ لایی هاوپەیمانە کۆنەکانی و هەروەها لە سیاسەتی جیهانیدا شان بە شانی هاوپەیمانەکانی خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی گرژی و ئالوزییەکانی جیهان و هەروەها وتیشی ئێمە پەیوەندییەکانی خۆمان چاک دەکەینەوە و دەیەوێت لە وڵاتانی ڕووسیە و چین دوور بکەوێتەوە. بەڵام لە هەموو قسەکانیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ئێران و ڕژیمی ئیسلامی نەکرد، ئەوەی تا ئێستا لە سیاسەتی “بایدن” دەردەکەوێت ئەوەیە کە کۆمەڵیک چرا سەوزی بە ڕژیمی ئیسلامی نیشان داوە بۆ ئەوەی بگەرێتەوە بۆ سەر میزی دانوستان و “بایدن” دەیەوێت جارێکی دیکە گرۆپی پێنج زێدە یەک زیندوو بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستە لە یەکەم چرا سەوزی خۆیدا پشتیوانی لە شەڕی یەمەن ڕاگرت و هاوپەیمانانی ئەو شەڕی بە تەنها جێهێشت بەڵام ئایا ڕژیمی ئیسلامی پابەند دەبێت بە بەلێنەکانی؟ ئەوەی تا ئێستا لە سیاسەتی ئەو ڕژیمە دەرکەوتوە هیچ کات پابەند نەبووە بە بەلێنەکانی خۆی و هەمیشە لە ژێرەوە کارەکانی خۆی لە رێگەی گرۆپە نیابەتی و سیخورییەکانەوە درێژە پێداوە و لە ڕێگەی نایاساییەوە سەرچاوەی ماڵی بۆ بەرەوپێشچوونی بەرنامەی ناوکی دابینکردووە و گەمارەکانی شکاندووە. هەر ئێستا ڕژیم خەریکی پێتاندنی ئورانیومە و ناردنی مووشەک بۆ بۆشایی ئاسمانە و ئەوە نیشان داوە کە ڕژیمی ئیسلامی دەتوانێت مووشەکی دوورهاوێژ دروست بکات و ئەوەش یەکێکە لەو ڕێگرانەی بەردەم بایدنە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر وتووێژەکان و ڕێکەوتننامەکانی ئەمریکا لەگەڵ حکوومەتی ئێران لە قالبی بەرجامدا.

لەلایکی دیکەوە ڕژیم بە دانوستان لەگەڵ تالیبان و ئەلقاعیدە و تەنانەت داعش لە تاران نیشانی داوە کە بۆ گەیشتن بە مەبەستی خۆی هەموو ڕێکارێک تاقیدەکاتەوە و هەر چەن ئەو ڕژیمەش خۆی هیچی لە ئەلقاعیدە و داعش کەمتر نییە و بگرە لە زۆر شویندا لەوان دڕندەتر و خراپتر بووە و هەیە و هەروەها گرتنی چالاکانی سیاسی و مەدەنی و ژینگەی کورد و ئێعدام کردنی لاوانی بەلوچ و شکنجەکردن و گرتنی لاوانی عەرەب وایکردوە کە “بایدن” لە بڕیاردان سەبارەت بەوەی چون لەگەل ڕژیمی ئیسلامی سیاسەتی دەست پێبکاتەوە برێک سڵ بکاتەوە و هەر بۆیەش لە یەکەم لێدوانیدا بە هیچ شێوەیەک باسی ئێرانی نەکرد و دیارە ڕاوێژکارەکانی سەبارەت بەو پرسە پێیان وتووە کە زووە و نابی جارێ هیچ قسەیەک لەو بارەوە بکەیت لەبەر ئەوەی سیاسەتی ڕژیمی ئێران دیار نییە و ڕژیمی ئیسلامی ئێستا داوای باج لە ئەمریکا دەکات و بە بردنەوەی ئەو سکالای دادگای لاهەش زۆر سوورتر بوە لەسەر داواکانی و لابردنی هەموو گەمارۆکانی سەر ئێران کە ئەوەش تەنها “بایدن” ناتوانێت بریار بدات لەسەری و هەموو ئەمانە وایکردوە کە نەتوانێت بڕیار بدات لەسەر ڕژیمی ئیسلامی کە چ سیاسەتێک پەیڕەو بکات، بەڵام ئەوەی ڕوونە رۆژهەڵاتی ناوین بەرەو ئاڵوگۆڕ دەچێت.

ئەمانە لەلایکەوە و لە لایکی دیکەشەوە وڵاتانەی ئورووپایی چاوەروانیی زۆریان لە “جەو بایدن” وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەیە و ولاتی ئالمان پێشوازی لەو سیاسەتە کرد و ئەوان خوازیاری پشتگیری ولاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان لەسەر پرسەکانی ئەفغانستان، ئوکراین، روسیە، چین و لەلایکی دیکەش هەڵبژێردرانی “رابیرت مەلی” وەک نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە کاروباری ئێران، بووەتە هۆیی ناڕزایەتیی دەوڵەتی ئیسراییل لە “بایدن” و ڕژیمی ئیسلامیش هەڵبژێردرانی “مەلی”ی زۆر پێ خۆش بوو چونکا بە دۆستی نزیکی خۆیانی دەزانن و ئەمانە هەمووی بوونەتە هۆی ئەوەی کە “بایدن” لە ڕۆژهەڵاتی ناوین توشی کێشە و گرفتی جیددی بێتەوە و دەبێت چاوەڕوان بین بزانین “جەو بایدن” سەبارەت بە ڕژیمی ئیسلامی ئیران چ هەڵوێستێکی دەبێت.