ئەستێرە سوورەکەی کوردستان (ئاوڕدانەوێک بۆ ٢٦ی ڕێبەندانی ٥٧)

✍ڕەزا کەعبی

چەند مانگ پێش ڕاپەڕینی مەزنی ساڵی ١٣٥٧، کوردستانیش خرۆشا. ڕژیمی شا که سەرکوتگەری کوردستان و هەموو بزووتنەوە نەتەوەیی و جەماوەرییەکان و هەر چەشنە دەنگێکی ناڕەزایەتی و جموجووڵی سیاسی هەر له کودتایی سێی ڕەشەمەی ١٢٩٩ی هەتاوییەوە بوو، کەوت بەر شەپۆلێکی بێوێنە و به هێزی ناڕەزایەتی و هەستانی جەماوەری و بۆ هەمۆان مسوگەر ببوو که کۆتایی ڕژیمی شا نزیکە.

نە تەنیا گەلانی ئێران، چینی کرێکار و ئازادیخۆازان، که هەموو هێزە ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیەکان کەوتنە خۆ که گۆڕانکارییەکانی ئێران و ڕووخانی شا بقۆزنەوە و یا له پێناو بەرژەوەندیی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی خۆیان هیدایەتی بکەن و مەیدان جێ نەهێڵن. هاوکات له گەڵ پەرەسەندنی شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان و مسۆگەربوونی ڕووخانی شا، جموجووڵی جیهانی و ناوخۆیی خێراییەکی بەرچاوتری به خۆوە ئەبینی که ڕاستەخۆ کاریگەری له سەر ئاراستەی هێزەکانی ناوخۆ و ڕیزبەندییان دادەنا.

بۆ کوردستانیش دەفەرتێکی زێڕین خولقا. کۆمەڵگای کوردستان که پاش ئیسلاحاتی ئەرزیی سەرەتای دەیەی چلی هەتاوی بەرەوە گۆڕانکاری قووڵ پەلی دەهاویشت. هێدی هێدی له کوردستانێکی زۆرتر گوندی و ئەرباب و ڕەعییەتی بەرەو کوردستانێکی شارستانی و کەوتنە ناو جەرگەی سەرمایەداری و کاپیتالیستی هەنگاوی هەڵدەگرت. سیمای کۆمەڵگای کوردستان گۆڕانی به سەر دەهات، هێزی نوێی کۆمەڵایەتی سەریان هەڵدەدا و هێزە کۆن و گیان سەختەکان و کولتوور و موناسباتی پێش سەرمایەداری ئەگەر چی به ئەسپایی، ناچار له ناوچوون و تووانەوە دەبوون.

کاتێ که کۆمەڵگای ئێران بەرەو شۆڕشی ٥٧ هەنگاویی هەڵدەگرت، کوردستان گۆڕابوو. هێزی کۆمەڵایەتیی نوێ سەریان هەڵدابوو. ڕزگاری ژنان له کۆت و بەندی نامرۆڤانە بە شێنەیی بەڵام جێکەوتوو و بنەڕەتی بەرەوپێشەوە دەچوو و بەشداربوونی زیاتریان لە بواری ئابووری و سیاسی و خوێندن و ئەدەبیاتدا بەرچاو بوو و کرانەوەی دونیای دەرەوەی کوردستان به ڕوویاندا و گۆڕانی جێگە و پێگەیان له بنەماڵە و کۆمەڵگا بەرچاو دیار بوو. مەوقعییەتی مەزهەب، مەوقعییەتی خوێندەواری (پەرسەندنی ژمارەی خوێندکارانی کورد له زانکۆکانی ئێران و تەنانەت ئورووپا و ئەمریکا)، سیمای شارەکان و سەرجەم کوردستان به تەواوی گۆڕابوو.

لە مەڕ بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازانەی کورد، کوردستان پێشکەوتنی لە ناوەرۆکدا به خۆ دیبوو. وێڕای شکستی کۆمار، پاش چەندین هێرشی گەورە بۆ چەککردنی زۆربەی ناوچەکانی کوردستان له بەدرێژایی چەندین ساڵ، پاش شکستی بزووتنەوەی چەکداریی ساڵەکانی ٤٧-٤٦، کاریگەرییە نێگاتیڤەکانی ڕووداوەکانی باشووری کوردستان به تایبەت له سەر حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و قوڵبوونەوەی ناکوکییەکانی ناویان و دواکەوتنیان له گۆڕانکارییەکانی کوردستان، له هەمو ئەوانە گرینگتر پاش دەیان ساڵ بەرنامەی سیستماتیک و به گەورەترین ئیمکاناتی مادی و مەعنەوی بۆ سڕینەوە گەلی کورد (و نەتەوەکانی دیکە)، بۆ زاڵکردنی زمان و کولتووری نەتەوەی باڵادەست، شێۆاندنی مێژوو و حاشالێکردن له نەتەوەکانی دیکە، له کوردستان به تایبەت شاهیدی گەشەی بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی کورد و خودئاگاهی نەتەوەیی بووین که پاش ڕووخاندنی شا و ڕەخسانی کەش و هەوایەکی ئازاد به خێرا خۆی نواند. سەرکوتی پەنجا ساڵەی پەهلەوییەکان له دژی گەلی کورد سەرەڕای خەسارگەلێکی چەن لایەنە، نە تەنیا شکەستی هێنا بەڵکوو گۆڕانکارییەکان و خۆڕاگریی گەلی کوردستان و خەباتی هەمەلاینەی تێکۆشەرانی کورد له هەمو بوارەکانی، گەلی کوردستانی بۆ حووزورێکی سیاسی و جەماوەری و یەکگرتوانە ئامادە کرد و دیتمان چەندین هەنگاوی مەزنی هەڵگرت.

له ناو گۆڕانکارییەکانی کوردستان و هاتنە مەیدانی هێزی کۆمەڵایەتیی نوێ، هێزی سیاسی نوێش بەستێنی سەرهەڵدانی بۆ ڕەخسا و هاتنە مەیدان. ڕاگەیاندنی کۆمەڵە له ڕۆژی ٢٦ ڕێبەندان به بونەی گیانبەختکردنی کاک محەمەد حوسێن کەریمی وەک یەکێک له دامەزرێنەرانی کۆمەڵە، تەنیا ڕاگەیاندنێکی سازمانی بۆ خەسارێکی گەورە که له ڕێکخراوێک کەوتبوو نەبوو، به هەڵکەوت نەبوو، بەڵکوو هاتنە مەیدانی هێزێکی سیاسی نوێ بۆ گۆڕەپانی خەباتی جەماوەری له کوردستانی ڕاگەیاند و سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. کۆمەڵە وەک ئەستێرێکی گەش، جەوان، به بیری نوێ و به کادر و ڕابەرانی تێکۆشەر و حازر و ئامادە له ڕیزی پێشەوەی خەباتی جەماوەری و لەو دەرفەتە زێڕینە که بۆ کوردستان و بۆ کۆمەڵەش ڕەخسا بوو (که بۆ هێزێکی سیاسی زۆر زۆر پڕ بایەخ و دەرفەتێکە که ئەگەری دووپاتبوونەوەی زۆر کەمە)، کەلکی وەرگرت و بەرپرساییەتی ڕابەریکردنی بزووتنەوەی جەماوەری گرتەئەستۆ و ئەرکێکی قورسی له سەر شانی خۆی دانا. هەر له کۆتایی دەیەی چلی هەتاوی کۆمەڵە وەک ڕەوتێکی چەپ و سوسیالیستی به لێکدانەوە و دەرس وەرگرتن له بزووتنەوەی کوردستان و به تایبەت دوو ڕووداوی زۆر نزیک وەکوو شۆڕشی ئەیلوول له باشوور و بزووتنەوەی چەکداریی ٤٧-٤٦ و گۆڕانکارییەکانی ناوخۆیی حیزبی دێمۆکرات پاش کۆمار و کۆنگرەی دووی ئەم حیزبە، لێکدانەوەی قەیران و گرفتەکانی ناو بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و ئێران و جیهان، توانی خۆی وەک ڕەوتێکی ساحێب فیکر و ڕێبازی سیاسی ڕیک بخات و هێدی هێدی لقوپۆ بهاوێ و له جەرگەی شار و لادێکان وێڕای زاڵبونی ساواکیش ئەندامگیری بکات و سەرمایەی ئینسانی و سیاسی کۆ بکاتەوە. ئەگەرچی زۆربەی دامەزرێنەرانی کۆمەڵه گیران و کەوتنە زیندانەکان، بەڵام کوردستان و گۆڕانکارییەکانی تینوی هێزێکی سیاسی چەپ و سوسیالیست بوو و هەر ئەمە ئیمکانی بۆ کادرەکانی دەرەوەی زیندان فەراهەم دەکرد که کاری خۆیان درێژە پبدەن هەرچەن هاتنە مەیدانی تێکۆشەرانی چەپ که له پەرەسەندا بوو ئەوەندە بەرینبوو کە وەڵامدانەوەی ئاسان نەبوو.

پاش ڕووخاندنی ڕژیمی شا لە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٣٥٧دا تا یەکەمین هێرشی ڕژیمی تازە به دەسەڵات گەیشتوو له ڕۆژی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ و بەرپەرچدانەوەی هێرشی ڕژیم و بزووتنەوەی سێ مانگە، تا شەڕی ٢٤ ڕۆژەی سنە لەم یەک ساڵ و شش مانگە کوردستان گەلێک ڕووداو و خەباتی جەماوەری و سیاسی و جموجووڵی گەورە و بچوکی به خۆوە بینی که قورسایی ڕابەرایەتی سەرەکییەکەی کەوتە سەرشانی کۆمەڵە. له رۆژی ٢٣ی ڕێبەندان پروپاگەندەی ژهراوی دژی کوردستان دەستیپکرد. ڕێکخستنەی بەرگریی جەماوەری له نەرۆزی خوێناوی سنە، پێکهێنانی جەمعییەتەکان که بۆ چەندین مانگ ڕۆڵی گەورەی له کۆکردنەوەی ڕەوتە چەپەکان و هیدایەتی سیاسی شارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ دێهات و کرێکارانی بێکار و…. گێڕا، پێکهێنانی دەیان ڕێکخراوی ژنان و بێکاران و ئەدەبی و سیاسی، بایکۆتی ڕیفراندومی ١٢ی خاکەلێوەی حکوومەتی ئیسلامی، وتووێژی ڕابەرانی کۆمەڵە به نوێنەرایەتی گەلی کورد لەگەڵ هەیئەتی گەورەی ڕژیم کە هاتبوونە کوردستان و شاری سنە، ڕێکخستنی جەماوەری دژی جموجوڵی ئاغاکان و پێکهێنانی یەکییەتی جۆتیاران، گێڕانی دەوری بەرچاو له شەڕی نەغەدە بۆ دامرکاندنی شەڕی تورک و کورد و کەمکردنەوەی ئاسەوارە ماڵوێرانکەرەکانی ئەو شەڕە، کۆچی مێژوویی مەریوان، ڕێپێوانی جەماوەری و گەورە لە سنە و سەقز و بانە بۆ پشتیۆانی له کۆچی مەریوان. دامەزراندنی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و کار بۆسازدانی بەرگریی سەراسەری کوردستان له بەرامبەر ئەگەری هێرشی ڕژیم که رۆژ له دوای رۆژ ئەگەرەکە دەبو به یەقین، نموونە بەرچاو و دیارەکانی ڕۆڵی چارەنووسسازی کۆمەڵە لەو دەورەی خەباتی خەڵکی کوردستندان.

ڕێبازی سیاسی و فکریی کۆمەڵە هەر پاش ئاشکرابوونی و له جەرگەی ڕووداوەکان و خرۆشانی جەماوەری، به خێرایەکی بەرچاو بوون به سیاست و ڕێبازی مەترەح و سەرەکی له کوردستان. هەڵوێستی کۆمەڵە بەرامبەر به کۆماری ئیسلامی، به رێفراندومەکەی، بەشداری چالاکانەی ڕابەرانی له هەموو بڕیارە گرینگەکانی ئەو قۆناخە، سیاستی گونجاو و به تەدبیر و ژیرانە و هاوئاهەنگی له گەڵ مامۆستا شێخ عیزەدین که وەک کەسایەتییکی خاوەن پێگە، شۆرشگێر و ساحێب فکر و سیاسەت سەری هەڵدا، پەیوەندی له گەڵ بەشەکانی دیکە کوردستان له باشوور و له باکوور و به هانا چونیان و بەشداریکردنیان له مەقاومەتی ڕۆژهەڵات و کەڵک وەرگرتن له ئەزموونەکانیان له هەمو بۆارەکان، پەیوەندی گەرم له گەڵ بزووتنەوە و نەتەوەکان و حزبەکانی ئێران به تایبەی ڕەوتی چەپ و سوسیالیست، ڕاکێشانی پشتیۆانی ئەۆان بۆ کوردستان و کۆمەڵە، ئەم ڕەوتە نوێیەی پاش چەند مانگ کردە ڕەوتی سەرەکەی و خاوەن پێگەی بەرینی جەماوەری و دەتۆانین بڵین که ڕەوتەکانی دیکەی به شوێن سیاست و ڕێبازی خۆیدا دەکێشا.

کۆمەڵە، کۆمەڵگای کوردستانی بەرەو چەپ و بەرابەری خۆازی و پێشرەوترین ئەندیشەکانی مروڤایەتی کێشا. سیاسەت و خەباتی سیاسی له پاوانی سەرۆک عەشیرەکان و چینی دارا و تاقمێکی بچووک دەرهێنا و کاریگەری سەرەکی لە ڕاکێشانی سرنجی کۆمەڵانی بەرینی خەڵک بۆ سیاسەت و چارەنوسی خۆیاندا هەبوو، له دڵی خەڵکی زەحمەتکێشدا هیوا به ڕزگاری له هەڵاواردن و چەوسانەوەی دروست دەکرد، ژنانی کوردستان بەروە ڕیزەکانی پێشەوەی بزووتنەوە کۆمەڵاتییەکان هان دا و له موناسباتی ژن و پیاودا گۆڕانی بەرچاوی دروست دەکرد. حیزبایەتی له قاڵبی کۆن و سۆننەتی دەرهێنا و بۆ هەمیشە ئەفسانەی یەک نەتەوە و یەک حزبی کۆتایی پێهێنا. سیمای بزووتنەوەی ڕزگاریخۆازی  کوردستانی مودێڕنتر و ئێنسانیتر و پڕناوەرۆکتر کرد. بزووتنەوەی کوردستانی له قاڵب و قەوارەیەکی نیزامی و پێشمەرگانە دەرهێنا، ڕابەرانی جیاۆازی هێنانە سەر شانوی خەباتی جەماوەری که له ریزەکانی پێشەوەی خەبات ئامادە دەبوون. له دژی ئیرتجاع و کۆنەپەرەستی و ناسیونالیسمی کوێر و سیاسەتی ئیفراتیی زۆر شەفاف بوو. کۆمەڵه له بۆاری هونەر و ئەدەبیات و سروود پێش ئاهەنگ بوو و هوشیارانە تێکەڵ به خەباتی سیاسی دەکرد و له دەوڵەمەندکردن و پڕناوەرۆک کردنی بزووتنەوەی کوردستاندا دەوری مێژوویی گێڕا.

ئەستێرە سوورەکەی کوردستان له قوناخێکی مێژوویی له کوردستان وەها کاریگەریی دانا که دوای ٤٢ سال هێشتا جێی لێکوڵینەوە و فێربوونە. بێگۆمان ئەم مێژووە و ئەم ئەزموونە دەوڵەمەندە بۆ ئەمڕۆ و سبەیی کوردستان و بزووتنەوەکەی پربایەخە و پشتوانەیەکی سیاسی، فکری و خەباتکارانەیە.