بەلووچستان، کوردستان و برینێکی هاوبەش

✍ئەسعەد دوروودی

کوژرانی چەندین کەس لە ناوچەی سەراوان لە بەلووچستان بە دەسڕێژی هێزەکانی حکوومەتی ئێران جارێکی دیکە برینێکی کۆنی کولاندەوە. خەڵکی ئەو ناوچەیە لەبەر دۆخی خراپی ئابووری و هەژارییەک کە ئاکامی کاری سیستماتیکی حکوومەتی ئیسلامی بۆ هەژار ڕاگرتنی ناوچەکەیە، ناچارن ڕوو بکەن کاری مەترسیداری گواستنەوەی بێنزین و نەوت بۆ پاکستان و بژیوی ژیانیان لەو ڕێگەیەوە دابین بکەن. سووتەمەنیبەریش وەکوو کۆڵبەری ئاکامی سیاسەتی حکوومەتە شۆڤینیستییەکانی ئێران و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی ناوچەکە و هەژار هێشتنەوەی دووقات و بەئەنقەستی بەلووچستانە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بە دورشمی دابینکردنی ژیان بۆ هەژاران ڕاپەڕینی گەلانی ئێرانی بەتاڵان برد و بەڵێنی دابوو پارەی نەوت بێنێتە سەر سفرەی خەڵک، پاش زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵات بێجگە لە هەژاری و ماڵوێرانی هیچی دیکەی بۆ دانیشتووانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی بەدینەهێناوە و بێجگە لە دەستوپەیوەندییەکانی خۆی و مافیای سیاسی و نیزامیی دەسەڵاتدار و ڕانتخۆرەکان کەم کەس بە ئاسانی ژیانێکی شیاوی بۆ دابین دەکرێ.

هێزە چەکدار و سەرکوتکارەکانی حکوومەت و لە سەرووی هەموویانەوە سپای پاسداران کە خۆیان ڕێکخەر و بەڕێوەبەری سیستمێکی مافیایی ئابوورین و لە دەیان کاناڵی ڕەسمی بەڵام نایاساییەوە بە بێدانی باج و گومرک شتومەک دێنن ناو وڵات یان بە قاچاخ دەیگوازنەوە بۆ دەرەوە و ڕۆژانە بە میلیاردها تمەن تاڵان دەکەن، خەڵکی هەژاری بەلووچستان و کوردستان بە تاوانی ئەوەی لە ناچاری و لە سەرما و گەرمادا بۆ بژیوی ژیانیان سووتەمەنی یان شتومەکی دیکە دەگوازنەوە، دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە.

کوردستان و بەلووچستان و هەموو ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی سەرمایەداریی ئیسلامیی ئێران خوێنی خەڵکەکەیان دەمژێ دەردێکی هاوبەشیان هەیە. بۆ دەربازبوون لەو نەهامەتی و ژیانە تاڵە هەنگاوی سەرەکی لادانی دەسەڵاتی ئیسلامیی زاڵە. هاودەنگی و هاوپشتی بەرانبەر بە دوژمنی هاوبەشی گەلانی ژێردەستە و چینی چەوساوە و هەژار پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری خەباتی ئەمڕۆی خەڵک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

هاوکات ئەو فاکتۆرەی پێویستە لە خەباتی خەڵکی بەلووچستان زیاتر بەرجەستە بێتەوە و دەور و نەخشی زیاتر ببینێ، ڕزگاربوونی ئەو بزووتنەوە مافخوازانەیە بە دەست ڕەوت و بۆچوونی توندئاژۆی ئاینییەوە. هەندێک تاقم و دەستەی وەکوو “جیش العدل” لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵیان داوە بێمافییەکانی خەڵکی بەلووچستان تەنها بۆ سەرکوتی ئایینی بەرتەسک کەنەوە و وای بنوێنن کە خەڵکی بەلووچستان تەنها لەبەر سوننی بوونیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی ناتەبان و زوڵمیان لێدەچی. ئەو تاقمانە بەو شێوەی سەرەنج و پشتیوانیی ژمارەیەک لە خەڵکی بێدەرەتانی ناوچەکەیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و سەرەڕای هەوڵی چەند ڕێکخراوی پێشکەوتنخوازی ناوچەکە هێشتا هژمۆنی و نفووزی ڕێکخراوە ئاینییەکان لە بەلووچستان زۆرە. بەلووچستانیش وەکوو کوردستان پێویستی بە ‌هێزێکی چەپ و پێشکەوتنخوازە کە بەرچاوڕوونی بداتە خەڵکی ئەو ناوچەیە و هەموو ڕاستییەکانی ستەم و چەوسانەوەیان بەدەستی دەسەڵاتی سەرمایەداریی شۆڤینیستیی ئاینیی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرخات.