ئەفسانەی جوانی

✍سولماز دوروودی

ڕۆژانە لە زۆر شوێن  ئەبیستین و ئەبینین کە کچان و ژنان بە هۆی ئەوەی کە شێوەی ڕووخسار و لەش و لاریان لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگا و کولتووری پیاوسالارانە نایەنەوە، زۆر بێرەحمانە ئەکەونە بەر هێرش و ڕەخنە. ئەم دیاردەیە نە نامۆیە و نە شتێکی تازەیە و بەرهەمی ئەو شێوە پەروەردە و بیرکردنەوەیەیە کە شێوازێکی دیاریکراو و پەسەندی ڕوانینی پیاوانە کە سیستمی ئابووری کاپیتالیستی لە خولقاندن و پەرەپێدانیدا دەوری هەیە. کچان هەر لە منداڵییەوە بەردەوام پێیان دەوترێ کە چۆن خۆیان لەگەڵ ئەو شێوەیەی کە بووەتە نۆرم ڕێکبخەن و لێی دەرنەچن. لە کۆمەڵگای کوردستانی چەن دەیە لەمەو پێش هەندێک لە شتە باوەکان کە ژنێک دەبوایە وەکوو نموونەی ژنی جوان قەبوولی کردایە ئەمانە بوون: ژن ئەبێ تۆزێک گۆشتی پێوە بێت، دەم و چاوی قەڵەو بێت، سپی بێت، هیچ موویەکی پێوە نەبێت، برژانگی درێژ بێت، روومەتی بەرزبێت، قژی درێژ بێت و دەیان قاڵبی دیکە کە ژنان بە بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو قاڵبانەیان لاپەسەندە یان نا دەبوایە بچوایەتنە ناویانەوە. ئەو چوارچێوانە ئێستەش هەن و هەرچەن لەوانەیە تۆزێک گۆڕانیان تێیاندا ڕوویدابێ بەڵام دیسان چاوەڕوانییەکانی ڕوانینی پیاوسالارانە و پێویستییەکانی بازاڕی کاپیتالیستی دەیانکاتە باو و دەیانهێڵێتەوە.

تاوانناسێکی سوئێدی باسی چەن کچ ئەکات کە پەیوەندییان پێوە گرتووە و باسی ئەو گێچەڵەیان کردووە کە تێی کەوتوون ئەویش بریتییە لەوەی کە فشاری نۆرمەکان هێندە بەهێزبوون کە ئەوان ڕازی بوون زۆر کاری نابەدڵ بکەن بۆ ئەوەی خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن بۆ نموونە بۆ دابینکردنی خەرجی زۆری نەشتەرگەریی جوانکاری لەگەڵ پیاوانی دەوڵەمەندی بەتەمەن پەیوەندییان گرتووە و دواتر کە وێنەکانیان کەوتووەتە لای ئەو کەسانە کەوتوونەتە ژێر گوشارێکی زۆرەوە کە مل بە داخوازییەکانیان بدەن. دنیای مەجازی و بڵاوبوونەوەی بەرینی ئەو وێنە و فیلمانەی پەرە بە جۆرێکی باوی جوانی دەدەن کاریگەریی خراپی لە سەر کچانی لاو داناوە و بەداخەوە ژمارەیەکی زۆریان ئەو نۆرمانەیان قەبووڵ کردووە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ گونجاندنی خۆیان لەگەڵیان دەدەن.

ئەم دیاردەیە لە زۆربەی وڵاتەکان بووە و هەیە بەڵام چۆنیەتی کارکردن بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی و بەرەنگاربوونەوەی کێشەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە ئەگۆردرێت. لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان هەوڵێکی باش بۆ مەسەلەی فەرهەنگسازی دراوە و بەردەوام هەوڵی کاری هۆشیارکردنەوە لە ڕێگەی خانەوادەکان، خوێندنگاکان و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنەوە دەدرێ.

بەڵام بەداخەوە لە کوردستان ئەوەندە ئەو بیر و باوەڕە دواکەوتووە پیاوسالارانە نۆرمالیزە کراوە کە ڕۆشنبیر، نووسەر و تەنانەت چالاکوانی ژنانیش هەر بە هۆی کاریگەریی ئەو ڕوانینە لەسەریان، ئەو هەوڵەی کە ئەبێ بۆ کاڵکردنەوە و لەناوبردنی ئەو نۆرمانە بدەن، نەیانداوە. و تەنانەت هەندێک جار خودی چالاکوانانی بواری ژنان دەکەونە داوی ئەفسانەی جوانییەوە و هەوڵ دەدەن ڕوخسار و لەش و لاریان لە شێوەی باوی سەردەم بچێ و فیلم و وێنەکانیان لە دنیای مەجازیدا لەگەڵ ئەو نۆرمانە بێتەوە.  بە دڵنیاییەوە هەر مرۆڤێک خاوەن شێوازی ڕوخسار و لەشی خۆیەتی و بۆی هەیە بڕیاری لەسەر بدا بەڵام ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە بزانین جوانی بە قەد ژمارەی هەموو مرۆڤەکان شێوازی جیاوازی هەیە و هەر کەسێک بۆ خۆی و وەکوو خۆی جوانە و پێویست ناکا خۆی بخاتە ناو چوارچێوەیەک کە بۆی دیاری کراوە.

چەن ساڵ لەمەوپێش وێنەیەک لە ئینتێرنێت بلاو بووەوە کە گوایە وێنەی ژنێکی پێرفێکت و بێعەیب بوو. جێگەی سەرەنجە کە ئەو وێنەیە نەک وێنەی مرۆڤێک بەڵکوو وێنەیەکی دروستکراو بوو کە هەر بەشێک لە دەم و چاو و ئەندامانی لەشی لە ژنێکەوە وەرگیرابوو، ئەوە زیاتر لەجاران ئەو ڕاستییەی سەلماند کە بە پێچەوانەی ئەو کولتوورەی کۆمەڵگای پیاوسالار بە پشتیوانیی دەسەڵاتی سەرمایەداریی سازیان کردووە و پەرەی پێدەدەن هیچ مرۆڤێک هەموو شت تەواو نییە و جوانی یەک شێوە و یەک فۆرمی نییە.

بە هیوای ئەوەی کۆمەڵگای کوردستانیش بە کاری جددی و بەردەوام بگاتە ئەو ڕۆژەی کە چیدی ژنان و کچان گرینگی بەو قسە و بێ ڕێزیانەی کە لەسەر جەستە و ڕوخساریان دەکرێت نەدەن و خۆیانیان وەکوو خۆیان پێ جوان بێ و خۆش بوێ. ئەو کاتە خۆیانیان کە دەسەڵاتی بڕیاردانیان دەبێ لەسەر جەستەی خۆیان. بۆیە خۆفێرکردن و هەوڵدان بۆ شکاندنی نۆرمەکان زۆر گرنگە.

پێویستمان بە شۆڕشێکی فیکری هەیە بۆ گەیەشتن بە کۆمەڵگایەکی یەکسان. شۆڕشێک کە نە ئاسانە و نە دۆخ و مەرجی کۆمەڵگا و نە دەسەڵات و دەسەڵاتداران یارمەتیدەری دەبن بەڵکوو هێزی لە بن نەهاتووی مرۆڤ یەکسانیخوازەکانە کە دەتوانێ ئەو شۆڕشە سەر بخات و ئەو زنجیرانەی سەر دەست و پێمان بپچڕێنێ.