با ڕێبەندانی ئەوساڵیش بکەینە ڕێنوێن

✍عومەر ئێلخانیزادە

کۆماری ئیسلامی تا دێ کێشەوگرفتە ناوخۆیی و دەرەکیەکانی پەرە دەستێنێ و لە هەموو بوارەکانی دەسەڵاتداریدا لاوازی و داڕمان بەخۆیەوە دەبینێ و شەشدەری ئۆمێدی لێگیراوە، هەموو هەوڵی خۆی چڕ کردۆتەوە تا وەک پشیلە سیاسەتی چڕنۆک وەشاندن بکاتە پیشە. لە دەرەوەی سنورەکان خۆی و هاوپەیمانە تێڕۆریستەکانی کەوتونەتە بەر زەبر و پەلامار، بەڵام یان خۆیان کەڕ دەکەن یان بە درۆ وفیشاڵ و هەڕەشە دەیانهەوێ قەرەبوی شکستەکانیان بکەنەوە. لە ناوەوەش ناڕەزایەتی گشتیی زیادی کردوە و خەڵک هەم بە دەست پەتای کڕۆناو، هەم لەبەر بێ ئەنوایی ئابوری لە ژیان جاڕز بوون و, چاوەڕوان دەکرێ شەپۆلی توڕەیی و ناڕەزایی سەرکێشتر لە جاران سەرهەڵبداتەوەو، تەخت و بەختیان بکاتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە کوردستان و کۆماری ئیسلامی مێژوێکی پڕاوپڕ لە ناکۆکییان پێکەوە هەیە کە تێیدا ئەو ڕژیمە هەموو چەشنە چەک، سەرکوت و جینایەتێکی دژ بە بزوتنەوەی کوردستان بەکار هێناوەو، کوردستانیش هەموو هونەرەکانی بەرخۆدان، ڕاوەستاوی و ئازایەتی لە خۆی نواندوە و بۆتە مەکۆی سیکۆلاریسم، پێشکەوتویی، خەباتی مەدەنی، کاری هاوبەش و پێکەوەیی. ڕژێم باش لەو پاشخانەی نێوانی لەگەڵ کوردستان تێگەیشتووەو، بۆیە لە هەموو تەمەنی نگریسیدا هەر هەڵچونێکی ناڕەزایەتی و شۆڕشگێڕانە لە ئێران سەری هەڵدابێ یان مەترسییەک بۆ ڕژێم هاتبێتە پێش، یەکەم هێرشی بۆ سەرکوتی کوردستان بووە. چونکوو کوردستان خاوەنی شێواز و ئاڵترناتیوی دێمۆکراتیک و بە پێشەنگی خەبات بۆ مافی نەتەوەیی و پێکەوەژیانی گەلانی ئێران دەناسرێ. زۆرترین سزای ئیعدام لە کوردستانە، هەڵاواردنی ئابوری و بێگەشە راگرتنی ئەو مەڵبەندە، میلیتاریزمی شار و دێ و ڕاوەدونان و گرتنی ئەو دواییانەی دەیان چالاکوانی مەدەنی لە شارەکانی کوردستان ئاماژەن بۆ تەنگاوبوونی رژێم و قورسایی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتودا.

کۆماری ئیسلامی ناتوانێ لەو قەیران و سەرلێشێواویەی تێیکەوتوە ڕزگاری بێت. تا دێ قۆرت و نەهامەتی زۆرتر ڕوی تێدەکات و گرێپوچکەکانی ئابوری، پێوەندی دەرەکی، قەیرانی ناوخۆیی و داڕمانی سەنعەت و سامانی لێ ئاڵۆزتر دەبێ. سیاسەتی چنگ و ددان دەرخستن چ لە دەرەوە و چ لە ناوەوە، نەک هەر نەجاتی نادات، بەڵکوو لەگەڵ تەنگژەی زۆرتر بەرەوڕوی دەکات. بۆیە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە ئێستادا دەرفەت و هەلی گرینگی لەپێشە و ئەرکی سەرشانمانە بە باشی و وشیاری کەڵکی لێوەرگرین. گرینگترین ئەرک پێکهێنانی یەک گوتارییە لەو بزوتنەوەدا لە بوارەکانی: پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، ئیدارەی کاتی وڵات بە شێوەی دێمۆکراتیک تا هەڵبژاردنی ئازاد و دەنگی ڕاستەوخۆی گەلەکەمان، دۆزینەوەی میکانیسمێک بۆ وێکخستنی خەباتی جالیەی کورد لە دەرەوە و خەباتی ناوخۆ و لۆبیگەری و پێوەندی دەرەکی و ناونەتەوەیی بۆ ناساندنی داوا ڕەواکانی کوردستان. پێویستە هەموو چالاکوان و خەباتکارێکی ئەو کوردستانە لەو بوارانەدا هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە و پاڵپشتی هێزە سیاسیەکان بێ بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکانە. ئەوانە گرینگترین کارن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی هەلومەرجی سیاسی ئەوڕۆی ئێران و بناغەدانانی پتەو لە پێشوەچوونی بزوتنەوەی کوردستان. نابێ بە دەسکەوتی بچوک و کرانەوەی کەشوهەوای دوای لاوازبون یان نەمانی کۆماری ئیسلامی رازی بین، ئەزمونی مێژوویی پێماندەڵێ دەسکەوتەکان دەتوانن کاتی بن و لێمان زەوت کرێتەوە،  داگیرکەرانی کوردستان قەت بە هاسان لەکۆڵ نابنەوە، بۆیە دەبێ ئەوجارە کوردستانیش بە یەکگرتویی بیر لە ستراتێژی ڕزگاری بکاتەوە، تەنانەت دوژمنانمان تێگەیشتون کە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ هێنەری دەور و شێوازی نوێ بێ کە ببێتە دەسکەوت بۆ هەموو بزاوتی کورد.