حکوومەتی ئێران دەسەڵاتێکی کاولکاری ژینگە

✍ماردین مەریوان

ساڵانە ژینگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هەزاران هێکتار کاولکاری تێدا دەکرێت و ئەکرێتە قوربانی دەستی ناحەزان و نەیارانی ژینگە. زاگرۆس کە لانکەی مرۆڤایەتیە و ئێکۆلۆژیەکی جوانی بۆ زاگرۆس نشینان ڕەخساندووە،  بەردەوام لە لایەنی دەسەڵات و بڕێک لە خەڵکی ناوچەکە تێدا کاولکاری دەکرێت و بۆ بەرانبەر بوونەوە لە گەڵ ئەم کاولکاریە لایەنی دەسەڵات بەو شێوازە کە ئەبێت بەرگری لێوە بکات هیچ دەسکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە و چالاکانی ژینگه و ژینگە دۆستان بە هێز و تێکۆشانی خۆیانەوە و کەمترین کەرەسه بەرانبەری ئاگرکەوتنەوەکان نەبووتایان بەڕاستی ئێستا زاگرۆس بەو شێوازەمان نەدەما.

لەو کاولکاریانەی کە نزیک بە بیست ساڵە ڕوویکردووەتە نێو دارستانەکان زاگرۆس ئاگر تێبەردانە، کە ساڵانە بە هەزاران هێکتار بە شێوازێکی گوماناوی لەو دارستانانە بەر ئەدرێت. تاڵاوی زرێبار کە لە ڕۆژئاوای مەریوان هەڵکەوتووە ساڵانە هەزاران گەشتیار ڕووی تێدەکەن و بووەتە هۆی باش بوونی ئابووری خەڵکی ناوچەکە. زرێبار لە بواری ئێکۆلۆژیدا زۆر بە نرخە و چەنەها گوونە باڵندە و گیانلەبەری تێدا ئەژین.  بەداخەوە زرێبار چەن ساڵێکە مەترسی لەناوچوونی هەیە و بە شێوەهایەک خەریکە ئەبێتە قوربانی کاولکاری جۆرباجۆر، کە لەوانە ئەتوانین ئاگرتێبەردانی قامیشەکان ناو ببەین. بە ئاگردانی ئەو قامیشانە جیا لەوەی کە ئاژەڵەکان و باڵندەکان دەسووتێن، بە سووتانی قامیشەکان ئەبێت سەر لەنوێ بۆ زینوو بوونەوەیان لە ئاستی تاڵاوەکەدا تەغزیە وەربگرێت و ئەمەیش پەرە پێدانی ئەو قامیشانەیە بۆ ئاستی تاڵاوەکە و لە ئاکام دا داپۆشانی ئاوی زرێبارە.

لایەنی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ گرینگی بەم کاولکاریانە نادات و تەنانەت کەرەسەیەکی باش بۆ خامۆش کردنی ئاورەکە دابین ناکات. ساڵانە کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ دەگیرێت کە هیچکامی هەتا ئێستا پراکتیک نەکراوە و هیچ مووچەیەکی بۆ دابین ناکەن و ئەمە لە حاڵێکدایە کە سنووری نێودەوڵەتی باشماخی مەریوان ساڵانە زۆرێک ناردە و هاوردەی تێدا دەکرێت و ئەتوانێت زرێبار لەو قەیرانەدا ڕزگار بکات، بەرپرسیارانی پاراستنی زرێبار هەموویان کێشەکان دەخەنە ئەستۆی یەکتر و گرینگی پێ نادەن.