بەشداریی هاوڕێ فەریبا محەمەدی ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵە له کۆنفرانسی ئۆنلاین “ڕۆڵی میدیاکار له ستراتیژی ئاسایشی نەتەوییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان”.

رۆژی شەممە ١٦ی ژانویەی ٢٠٢١ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کۆنفرانسێکی ئۆنلاینی لە ژێر ناوی “رۆڵی میدیاکار لە ستراتیژی ئاسایشی نەتەوەییدا، دەرفەت و ئاستەنگەکان” ڕێکخست. لەم کۆنفرانسە پانێلیستەکان لە ڕۆژنامەنووسانی هەر چوار پارچەی کوردستان پێکهاتبوو. هاورێ فەریبا محەمەدی وەک میدیاکارێک بانگهێشتی ئەم کۆنفرانسە کرابوو و لە پانێلی تایبەت بە رۆڵی میدیا لە دیمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵگەدا بابەتی خۆی پێشکەش کرد.

هاورێ فەریبا لە بەشێک لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە میدیا لەبەر ئەوەی لەبەر دەستی هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگادایە وەک ئامرازێک لە نێو هەموو ئامرازە گشتیەکاندا کاریگەریی قووڵ و بەرچاوی لەسەر بیرورای گشتیی هەیە. میدیا لە چۆنیەتی ئەو گۆرانکاریانەی لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا ڕوو دەدەن بە تایبەت لەو کۆمەڵگایانەی کە دیمۆکراتیکن پانتایەکی گەورەی داگیر کردووە و هەروەها بووە بە بەشێک لە کولتووری کۆمەڵگا. رەوتی دیمۆکراتیزە کردنی کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە بیروڕای جیاواز و ڕەخنەکان ببیستێ. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە کاریگەری مێدیا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ژمارە و بەرینیی بەردەنگەکانیەوە هەیە و میدیای کوردی تا ئێستا نەیتوانیوە لەو بوارەدا سەرکەوتوو بێ و بەردەنگێکی بەرینی لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا هەبێ. لە بەشێکیتردا باسی لەوە کرد کە میدیاکار دەبێ خاوەن لێهاتووی و زانستی پێویست و باکگراوندی ڕوشنبیری و سیاسی بێ تا بتوانێ بە شێوەی ئەمڕۆیی خزمەت بەم بوارە بکات. ئەدەبیات و زمانی ئاخافتن و نوسینی میدیا و میدیاکار دەبێ لە ئاستێکی بەرزی مرۆیی و پێشکەوتنخوازانە و دوور لە دەمارگرژی ئایینی و پیاوسالارانە بێت.

هاورێ فەریبا هەروەها وتی ئەگەر سەیری شۆرش و بزاڤی کوردیش بکەین لە هەر چوار پارچەی کوردستان میدیا لە جۆری سەرەتاییەکەی وەک رادیۆ و رۆژنامە، دەوری کاریگەریان بینیوە لە دروست کردنی هزر و بیری ڕوشنبیرانە لە نێو خەڵکدا و هانیانی داوە بۆ خەبات و بەرەنگاری. بەڵام لە ئێستادا میدیای کوردی پیویستی بەوەیە لە ئاستێکی بەرزتردا خۆی دەربخات تا جێی سەرنجی هەموولایەک بێت.

ئەم کۆنفرانسە لە کۆتاییدا بیاننامەیەکی ئامادە کرد بۆ گرنگیدان بە میدیا و میدیاکاران و ڕۆلیان و هەروەها ئاماژەیان بە دۆخی رۆژنامەنووسان لە هەر چوار بەشی کوردستان کرد.