یاساکانی ڕژیم پێشل کەری مافەکانی ژنان

✍پەری.م – سنە

لە گەڵ هاتنە سەر کاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران، هەورێکی ڕەش بەرە بەرە هەموو ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتەوە و لە هەموو بوارێک دا تەنگ و چەڵەمەی خستە نێو کۆمەڵگاکان. دیسان زیندوو کردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی ئایینی ئیسلام کە لە بنەڕەت دا بە پێچەوانەی هەموو یاساکانی مرۆڤایەتی بوو، یەکێ لەو دیاردە نەگریسانەی هاتنی ئەم ڕژیمە بوو. داسەپاندنی یاسای دینی و بەکارهێنانی شەرح و ئایین وەکوو بناغەی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران زەخت و گۆشارێکی ڕادە بە دەری سختە سەر هەموو خەڵک و بە تایبەت ژنان. یاسایەک کە بە هەموو شێوازێک دژ بە ژنانە و لە بەند بەندی یاساکەی دواکەوتوویی و پێشل کردنی مافە سەرەتاییەکانی ئێنسان بەدی دەکرێت، ئەوەش لە سەردەمێکدا کە جیهان  ئه‌و هه‌موو پێشکه‌وتن و گۆڕانکارییه‌ی ‌ له‌ بواری زانست و شارستانییه‌تدا به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران مافی ژنان و ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌میانی لە ژیانی ڕۆژانە و کار و خوێندندا زیاتر و بەرینتر کردووە و  “ژن” وەک شارۆمەندی دەرەجە سێ سەیری دەکرێت. به‌شداری ژنان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی وڵاتدا، به تایبه‌تی له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداربوونی له‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و حقۆقی زۆر نالەبارە و ئیجازە نادرێت کە ژنان خۆیان مافەکانیان بنووسنەوە و یاساکان بە پێ خواستەکانیان دابڕێژن. لێرە بە ڕوانییێکی ڕەخنەگرانەوە سەیری هەندێ لە یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئەکەین کە تیایاندا مافەکانی ژنان پێشل کراون و لە گەڵ ڕێساکانی مافی مرۆڤی ئەم سەردەمە ناگۆنجن و دژایەتی دەکەن:

١_ لە پێشەکیى قانونى ئەساسیی کۆمارى ئیسلامى بۆ باس کردن لە مافەکانى ژن باس لە یەکەى بنەماڵە دەکات ڕۆڵى ژن لەو یەکەیەدا بە گرنگ و کاریگەر دەزانێت و دەڵی ئەو قانونە هەوڵ دەدات کە ژن لەو یەکەیەدا بە باشی ڕۆڵى خۆى بگێڕێت.

لێڕە دا مەبەستى لەو پێشەکیە ئەوەیە کە ڕۆڵى ژن لە کۆمەڵگا دا بۆ چوار دیوارى ماڵ دابەزێنێ و کەمیکاتەوە لە حاڵێکدا بەشداریی ژنان لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا ڕەمزی بەرەوپێشچوون و گەشەی کۆمەڵگایەکی ئەمڕۆژیە و هەموو ئەو وڵاتانە کە تێیاندرا کەڵکی زۆرینە لە هێز و هزری ژنان وەرگیراوە لەباری دموکراسی و ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتییەوە لە باشترین ئاستدان. دیاری کردنی چوارچێوە بۆ ژیانی مرۆڤ و بەرتەسک کردنەوەی مەیدانی چالاکییەکانی پێشێل کردنی مافی سەرەتایی مرۆڤە هەر یاسایەک بیەوێ کەس یان چین و توێژێک لە مافی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شێواز و شوێنی چالاکییەکانیان بێبەش بکا دواکەوتووانە و دژە مرۆییە.

٢_ لە ئەسلى دەیەم دا دیسان باسی پاراستنى بنەماڵە لە چوارچێوەى ئیسلام دا و پاراستنى ماف لەو چوارچێوەیەدا دێتەوە گۆڕ.

٣_ لە ئەسلى بیستەم دا دیسان پاراستنى مافەکان دەبەستێتەوە بە ڕەچاوکردنی یاسا ئیسلامییەکانەوە.

٤_ لە ئەسلى بیست و یەکەم  دیسان پاراستنى مافى ژنان بە هەندێک کارى وەک دایکایەتى و یا چوارچیوەى بنەماڵە دەبەسترێتەوە.

٥_لە ئەسلى سەد و پانزدە ژن لە خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار مەحروم دەکات کە بە گەورەترین پێشلکارى بۆ مافى چالاکیی سیاسیی ژن دەزانرێت.

ژن لە قانونى مەدەنى حکوومەتی ئێراندا دیسان بێماف و زوڵملێکراوە. نموونەکانی ئەمانەن:

۱_ بە گوێرەى مادەى ٩٤٩ یاسای مەدەنى ژن و پیاو لە وەرگرتنى میرات نایەکسانن واتە پیاو دەتوانێت هەموو میراتى ژنى مردووى وەربگرێت بەلام ژن تەنیا بەشێک لەو میراتى پیاوى وەبەردەکەوێت.

 

٢_بە گوێرەى مادەى ١٠٠٢ یاسای مەدەنى شوینى نیشتەجێ بوونی ژن لە لایەن هاوسەرەکەیەوە دیاری دەکرێت.

٣_بە گوێرەى مادەى ١١٠٥ یاساى مەدەنى سەرپەرەشتیاریی خانەوادە ئەرکی پیاوە و پیاو بەرپرسی ماڵە.

٤_بە گوێرەى مادەى ١١٢٢ یاساى مەدەنى ژن تەنها کاتێک مافی جیابوونەوەی بۆ سەلماوە کە هاوسەرەکەی لە باری جنسییەوە گرفتی هەبێ و هەر ٣ بەندەکەی لەسەر توانای جینسیی پیاوە بەڵام لە مادەی ١١٢٣ دا تەنانەت کوێربوونیش دەگرێتەوە و ٦ هۆکاری بۆ دیاری کراوە.

٥– بە گوێرەى چەندین مادەى یاسای بە ناو مەدەنی پیاو هەر کات بیهەوێت دەتوانێت لە ژنەکەی جیابێتەوە.

٦_ بە گوێرەى مادەى ١٢٣٣ ژن ناتوانێت بە بی ڕەزامەندیى هاوسەرەکەی مافى سەرپەرەشتی کردنی منداڵی هەبێت

٧_ دادوەر تەنیا لە نێو پیاوەکانى خاوەن مەرج هەڵدەبژێردرێن کارکردنی ژن لە بەشەکانى دیکەى دادگادا یا بوونیان بە دادوەرى تایبەتى تەنیا بە ڕەزامەندى بەرپرسی دەزگاى قەزایی دەکرێ.

٨_ پارەی خوێنی ژن (دیە) نیوەى پیاوە

٩_ بە پێی یاساکانی حکوومەتی ئێران ژنان بە بێ ئیزنی هاوسەرەکانیان مافی سەفەریان نییە.

هەمووی ئەم ناڕێکیانە لە یاساکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە و ژنان ڕێگایەکی وا یان لە بەر دەمدا نییە کە خۆیانی لێ ڕزگار بکەن غەیری ئەوە نەبێت کە هەموو یاسا و نیزامەکە لە بنەوە هەڵتەکێنن و یاسای نوێ لە سەر باوەڕی مۆدێڕن و یەکسانیی ماف و دەرفەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و و ئابووری و سیاسی لە سەر بنەمای دمۆکراتیک دابمەرزێنن.