دانانی سپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستی و قۆناغی کۆتایی قەیرانی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی
چیمەن جەوانڕوودی
بڕیاری نوێی یەکێتی ئەوروپا بۆ دانانی سپای پاسداران ئینقلاب ئیسلامی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، خاڵێکی گۆڕانکاری گرنگە لە مامەڵەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دا . ئەم هەنگاوە تەنیا جوڵەیەکی نمادی نییە، بەڵکو نیشانەی چوونی سیستەمی سیاسیی ئێرانە بۆ قۆناغێکی نوێ لە قەیرانی ڕەوایی، کارامەیی و مانەوەی. ئەگەر چی، یەکێتی ئەوروپا سەرەڕای زانیارییەکی تەواو سەبارەت بە ڕۆڵی بنەڕەتی سپای پاسداران لە سەرکوتی ناوخۆیی، ئۆپەراسیۆنە دەرەوەییەکان و نائاسایی مەنتەقەیی، خۆی دوور دەگرت، لە دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان.
هۆکاری سەرەکی ئەم خۆ لادانە، نفووزی فراوانی سپا بوو لە ناو ساختەی سیاسی، ئابووری و ئەمنی کۆماری ئیسلامیدا، نفووزێک کە لیستکردنی سپا وەک تێپەڕینی هێڵی سورەی «ناوەندی ڕەقی دەسەڵات» دادەنرا.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: بۆچی لە ئێستادا ئەم هێڵە سورە شکێندراوە؟
مەنتقی بڕیاری ئەوروپا: لە مماشات بۆ ڕووبەڕووبوون
لە سیاسەتی نێودەوڵەتی:
بڕیارەکان زۆربەی جار نە لەسەر بنەمای هۆشیاری ئەخلاقی، بەڵکو لەسەر بنەمای سوودە ئەمنی و ستراتیژییەکان وەردەگیران.
مافەکانی مرۆڤ تەنها ئەو کاتە دەبنە ئەولەویەت کە پەیوەندییان بە سەقامگیری سیاسی، ئەمنیەتی مەنتەقەیی یان سوودە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتانەوە هەبێت. بڕیاری دوایین یەکێتی ئەوروپا هەروەها لە هەمان چوارچێوەدا تێدەگەڕێت.
ئەگەرچی ئەمریکا ساڵانێک پێشتر سپای پاسدارانی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دانابوو، بەڵام ئەوروپا تا نزیکەی ئێستا ستراتیژی هۆشیارموحافزەکاری و مماشات پەیڕەو دەکرد. تەنانەت دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرانیا و هاوکاریی درۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ڕووسیا، وڵاتانی گرنگی ئەوروپا وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا هەوڵیان دا پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ تاران بپارێزن. گریمانی سەرەکی ئەم سیاسەتە، هێشتنەوەی جۆرێک «جێگیرییەکی نزم» بوو لە ئێران؛ سەقامگیریەک کە بتوانێت لە تێکشکانی کوتووپڕی!،کە دەبێت بە هۆی زۆر بوونی شەپۆلی پەنابەری ( نائاسایی سنوور تێپەڕان) خۆی دووربکاتەوە.
تێکشکانی گریمانی سەقامگیری،
کوشتنی بەر فراوان و بێڕەحمانەی خۆپیشاندەران لە هەژدە و نۆزدەی مانگی ڕەشەمە، ئەم فەرزەی بە شێوەیەکی بنەڕەتی تێکشکاند. سەرکوتی خوێناوی خۆپیشاندەران کە بە شێوەی ئاشتیخوازانە بوو، ئەم پەیامە ڕوونەی ڕاگەیاند ،کە بۆ چاودێران ناوخۆیی و نێودەوڵەتی کە سیستەمی سیاسیی حاکم نەک تەنها ڕەوایی خۆی لەدەست داوە، بەڵکو توانایی دروستکردنەوەی سەقامگیری و حوکمڕانی کاریگەرشی نەماوە. حکومەتێک کە مانەوەی خۆی تەنیا بە فیشەک دڵنیا دەکات، لە مەنتقی سیاسەتی مۆدێرندا وەک سیستەمێکی ناپایدار و لە ڕێگای لەناوچوون دادەنرێت.
لەو بارودۆخەدا، دانانی سپای پاسداران لە لیست، نابێت وەک وەڵامێکی هەستیارانە ببینرێت، بەڵکو وەک ئەنجامی پێداچوونەوەیەکی ستراتیژیی ئەوروپا لە هەڵسەنگاندنی داهاتووی کۆماری ئیسلامی.
ئەنجامەکانی تێکردنی سپا لە لیست
دانانی سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەنجامەکانی چەندئاستی هەیە:
یەکەم، لە ئاستی دیپلۆماسیدا، ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی فەرمی ڕێگای هەر جۆرە گفتوگۆیەکی کاریگەر لەنێوان کۆماری ئیسلامی و ڕۆژئاوا – لەوانە گفتوگۆ نێوەراستەکان لەنێوان ئێران و ئەمریکا – دادەخات. دیپلۆماسییەک کە پێشترش شکانراو بوو، ئێستا گەیشتووە بنبەست.
دووەم، لەئاستی دەرەوە–ئەمنیەتیدا،
داخستنی دارایی و تۆڕە دارایییەکانی سپا، پشتگیریی هێزە نیابەتییەکان و پڕۆژە هەرێمییەکانی کۆماری ئیسلامی بە قەیرانێکی توند ڕووبەڕوودەکاتەوە.
سێیەم،
لە ئاستی ناوخۆدا، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆکاری توندکردنەوەی ڕق و تووڕەیی گشتی، بەهێزکردنی یەکگرتوویی خۆپیشاندەران و زیادبوونی ترس و بێباوەڕی لەنێوان فەرماندە پلەبەرزەکانی سپا. ترسی تێکچوونەوە، و مامەڵەکردن بۆ لەناوچوونی ڕژیم و لە ناو چوونی متمانەی ناوخۆیی(فەرماندە کانی خۆی)، ئەو شکافانە توندتر دەکات کە پێشترش بوونیان هەبوو. شکاف لە ناو جەستەی سپا ئیتر تەنیا گریمانەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو پڕۆسەیەکی بەکردار و بەرفراوانە.
گۆڕانی هاوسەنگی هێز وداڕمانی ناوەندی ڕەقی دەسەڵاتە
بەڵگەکان نیشان دەدەن کە ناوەندی سەرەکیی تێکۆشان لە ئێستادا، لەسەر گۆڕینی هاوسەنگی هێز چڕبووەتەوە
