ڕاگەیاندنی کۆمەڵە به بۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی

شۆڕشی ژینا پێگە و مەوقعییەتێکی بەرزتری بە بزووتنەوەی کوردستان بەخشی، پشتیوانی و سۆز و عەتفێکی جیهانیی بۆ کوردستان ڕاکێشا، که نزیک به نیو سەدەیە له بەرامبەر یەکێک له هارترین رژیمەکانی سەردەم که ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت جیهانیشی وەزاڵە خستبوو، سەرسەختانە و کۆڵنەدەرانە ڕاوەستاوە و تێکۆشان و خۆڕاگریی بووە بە کولتوور و ژیانی ڕۆژانەی.
بزووتنەوەی کوردستان پاش ئەم شۆڕشە بوو بە خاوەنی پێگەیەکی سەقامگیرتر له دڵی نەتەوە ژێردەستەکان، ژنانی زوڵملێکراو و خەڵکی زەحمەتکێش و جیهانی خوازیاری یەکسانی و ئازادی. ئەگەر خۆڕاگری و خەباتی دەیان ساڵەی کوردستان له دژی ڕژێمی داگیرکەری ئێران، کوردستانی کردبوو به سەنگەرێکی لەشکان نەهاتوو، شۆڕشی ژینا پێگە و ناو و ناوبانگی کوردستانی، جیهانیی کردەوە، که نەک هەر له دژی داگیرکاریی و تیرۆریزم و ئێعدام تێدەکۆشێ، بەڵکوو هاوار و بانگەوازی پێشڕەوترین خواستەکانی مرۆڤی سەردەمە بۆ ژیانێکی سەردەمیانە و ئینسانی و بەرابەر.
شۆڕشی ژینا و ژن، ژیان، ئازادی بەرینترین، بەهێزترین و جەماوەریترین بزووتنەوەی ناڕەزایی له دژی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران بووە کە ڕزگاریی له داگیرکاری و نایەکسانی و چەوسانەوە و گەیشتن به ژیانێکی ئینسانی و سەردەمیانەی کرد به داخوازییەکی جیهانی.
شۆڕشی ژینا، شۆڕشێک نییە که له قۆناغێکەوە دەستیپێکردبێت و کۆتایی پێهاتبێت، ئەم شۆڕشە بەردەوامە. باس و لێکۆڵینەوە له سەر لایەنەکانی بەردەوامە، شۆڕشێکی سیاسی و کولتوورییە له دژی داگیرکاری، بۆ گۆڕینی پیاوسالاریی و نەریتە چەقبەستووەکانی کۆمەڵگا، بۆ ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان، و تا بە ئاکام گەیاندنی ئەو هەنگاوە گەورەیەی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان به پێشڕەوترین پێوەرە مرۆڤانەییەکان هەڵگیراوە، درێژەی دەبێت.
شۆڕشی ژینا، شۆڕشێکە ڕوو له داهاتوو، گەشترین چرایە بۆ نەتەوەیەکی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو، بۆ خەباتی ژنانی زوڵملێکراو و یەکسانیی ڕەگەزی، بۆ خەڵکی هەژار و چەوساوەکان و خەڵکی تینووی دادپەروەریی و بەرابەری.
ئێستا که له سێهەمین ساڵڕۆژی ئەم شۆڕشە مەزنەداین، کۆمەڵگەی کوردستان و ئێران و ناوچەکە له جەرگەی قووڵترین گۆڕانکاریی سەردەمدایە که کوردستان و شۆڕشەکەی و داهاتووەکەی خستووەتە بەردەم ئەزموون و تاقیکردنەوەیەکی مەزن، کەم وێنە و بەرین. ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو نیشانیدا که پرسی مافخوراوبوونی نەتەوەی کورد و ڕزگاری له بندەستی چووەتە قۆناغێکی نوێ. له ئاستی جیهانیی هیچکات دەرفەتی ئاوا لەبار بۆ کورد نەڕەخساوە که ناوەندە جیهانییەکان چارەنوسی کوردستان به فاکتۆرێکی سەرەکی هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێک بزانن. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ناوەدا له شۆڕشێکی بەرین بۆ کۆتاییهێنان به داگیرکاری نزیک دەبێتەوە و هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن که ڕۆژهەڵات ئامادەیە و بەرخۆدان و ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی ٤٦ ساڵی ڕابردوو، وانەکانی شۆڕشی ژینا و یەکگرتوویی نەتەوەیی هەوێنی بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی یەکلاکەرەوەیە.
له ساڵڕۆژی شۆڕشە شکۆمەندەکەی ژینادا، یەکگرتوویی حیزبەکانی کوردستان، پێکهێنانی ناوەندێکی سیاسیی کورد و قەوارەیەک که هەم ببێتە هەوێنی یەکگرتوویی خەباتکارانی نەتەوەی کورد، هەم هێزی پێشمەرگە و هەم نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیکی کورد له ئاستی ناوچەیی و جیهانی یەکبخا و هەم کۆمەڵگای مەدەنیی لە هەموو کوردستان لەگەڵ یەک و لەگەڵ خۆی هاوئاهەنگ بکا، مەرجی سەرکەوتنی ڕاپەڕینی ڕۆژهەڵاتە.
ناو و یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا بەرز و بەڕێزە
بەڕێزە ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا
بەرەو یەکگرتوویی بزووتنەوەی کوردستان و سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستان
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٥ خەرمانانی ١٤٠٤
١٦ سێپتامبری ٢٠٢٥